II

از کتاب:
بزەی ژیان
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 31 دقیقه  964 مشاهده

دایکم بەرەو دەرکەی چوو، سەرم هەڵێنا چاوم بە گزینکی کەوت، فرمێسکی لە چاوان دەڕژانە خوارێ، لەگەڵ ئەوەش بزەی لە سەر لێو بوو. هەستام لە ئامێزم گرت، یەکترمان ڕامووسی، زیاتر لە جاران خۆشم لێی هات، دەتکوت دەیان ساڵە پێکەوەین، هەستم کرد هێزێکی نهێنی بۆ لای یەکترمان ڕادەکێشێ، تا ئەودەم ئاوا لێی خورد نەببوومەوە، زۆرم ئاشنا هاتە بەر چاو، ویستم لێی بپرسم: گزینگ! ئەتۆ کێی، لە کوێم دیوی؟ لە پڕڕا دایکم هەرای ژیرۆی کرد و گوتی:

- ژیرۆ! زوو وەرە دەمەوێ مزگێنییەکت بدەمێ.

ژیرۆ وەژوور کەوت، وەک جاران مەند و هێدی لەسەرەخۆ بوو، دایکم گوتی:

- ژیرۆ وەرە دانیشە.

ژیرۆ سەری سووڕ مابوو، لە دایکی پرسی:

- دایە گیان! ئەوە بۆ گریاوی؟

دایکم گوتی:

- ڕۆڵە لە خۆشیان، ئەگەر تا ئێستا بە سەدان جار فرمێسکی خەمباریی منت دیون لەمەولا نایبینییەوە، ئەمە فرمێسکی شادیمە.

ژیرۆ حەبەسابوو، نەیدەزانی چ قەوماوە، بە سەرسووڕمانەوە دانیشت و چاوێکی لە من و گزینگ کرد، هەموومان چاو بە فرمێسک، بەڵام دەم بەبزە بووین، دایکم گوتی:

- ژیرۆ گیان! زۆر جاران پێم گوتووی کچێکم هەبوو لە دەستم دا، زۆر جاران بۆ لەدەستچووەکەم گریاوم و هەناسەم هەڵکێشاوە، گەلێک جار بوومە هۆی خەمباریی تۆ، ڕەنگە پێت سەیر بێ کە بڵێم ئەمڕۆ کچەکەی خۆم دۆزیوەتەوە!

ژیرۆ چاوی لێ زەق بوو و گوتی:

- ژوان...!؟ نەکا ئەم ژوانە....

دایکم گوتی:

- با، هەوە، ئەمە خوشکتە....

ژیرۆ چاوی لە من بڕیبوو، خۆم پێ ڕانەگیرا و لە ئامێزم گرت و گوتم:

- ژیرۆ... ژیرۆ... برای خۆشەویستم....

ژیرۆش بە گەرمی لە باوەشی گرتم و گوتی:

- ژوان...! تاکە خوشکەکەم... بۆ زووتر نەدەهاتی؟ نازانی دایکم لە دووری تۆ چی کێشاوە....

دانیشتن، گوتم:

- خودایە زۆر شوکور... نۆزدە ساڵان بە بێکەسی ژیام، بەڵام ئێستا دایکیشم هەیە و براشم هەیە.

لەو دەمەیدا وەبیر دایە شەم و کاک پیرۆت کەوتم و گوتم:

- هەرچەند لە ئێوە دوور بووم، بەڵام گۆڕیان پڕ بێ لە نوور، دایە شەم و کاک پیرۆت جێگەی ئێوەیان لە ژیانمدا پڕ کردبۆوە، دیارە ئێوە شتێکی دیکەن.

دایکم هەستا شیرنی و شەربەت و میوەی هێنان داینان و بە ژیرۆی گوت:

- ژیرۆ هەستە سازەکەت بێنە، ئەمڕۆ گەورەترین جێژنی ژیانمانە، هەوایەکی شادمانیمان بۆ لێدە.

ژیرۆ هەستا سازێکی هێنا و هەرچەندە تەمەنی نەببووە هەژدە ساڵ، زۆر بە کارامەیی و لێزانییەوە دەنگی سازەکەی بەرز کردەوە و هەوایەکی شادی لێدا. گزینگ بە بیانوویەکی بۆ لای هۆدەکەمان چوو و بێ ئەوەی دایکم و ژیرۆ تێبگەن بە سەر ئەمنی بانگ کرد، چووم، گوتی:

- ژوان گیان پێم خۆشە بە شادی ئێوە گۆرانییەکی بڵێم، بەڵام پێم شوورەیییە.

دەستم لە سەر شانی دانا و گوتم:

- بۆ شوورەیییە گزینگ گیان، هونەر نابێ بشاردرێتەوە، دەبێ هەموو کەس کەلکی لێ وەرگرێ، تازە ئەمڕۆکە خۆشترین ڕۆژی ژیانمانە، ئەوەش بزانە تا دەمرم دەست لە تۆ هەڵناگرم و مان و نەمانمان پێکەوەیە، وەرە دانیشە، خۆم پێشنیار دەکەم و داوات لێدەکەم بۆمان بڵێی.

هاتینەوە، ئەو هەوایەی کە ژیرۆ دەستی پێکردبوو تەواو ببوو، گوتم:

- دایە گیان! گزینگ دەنگی خۆشە، دەمەوێ داوای لێ بکەم بە گۆرانییەک شادترمان کا.

دایکم بە بزەوە گوتی:

- زۆرم پێخۆشە، گزینگ گیان ئەتۆش کچی خۆمی، ئەمڕۆ خودا تۆڵەی بۆ کردوومەوە، لە جیاتی کچێک دوو کچی داومێ، ئێرەش ماڵە خۆتە، ئەگەر بە گۆرانییەک میوانمان بکەی زۆرت سپاس دەکەم.

گزینگ لە شەرمان سوور هەڵگەڕابوو، سەری بەردابۆوە، بۆ ئەوەی شەرمی بشکێ گوتم:

- گزینگ گیان چمان بۆ دەڵێی؟

- نازانم... چ بڵێم؟

- چت پێ خوشە بیڵێ.

گزینگ چاوێکی لە ژیرۆی کرد و گوتی:

- بازی بێریان خۆشە؟

ژیرۆ بە بزەوە گوتی:

- زۆر خۆشە...

دەنگی ئاسمانی و دڵنشینی گزینگ تێکەڵی دەنگی سازی ژیرۆ بوو، چ دەنگێک! زایەڵەی لە دڵ و گیان دەنیشت، مرۆڤی دەبردە دنیای خەیاڵەوە، دەنگی بێوێنە بوو... هەموومان پێمان سەیر بوو، ژیرۆ تەواوی بیر و هۆشی خستبووە سەر سازەکەی، بە چازانییەوە هونەروەری دەکرد، دوو هونەروەر گەیشتبوونە یەک، گۆرانییەکە تەواو بوو، سپاسمان کرد، دایکم پێی گوت:

- وا بە هاسانی دەستت لە یەخەی ناکەینەوە، ئەم جار چمان بۆ دەڵێی؟

گزینگ گوتی:

- لە شادیی ئێوەدا گۆرانی چ نییە، گیانیشم فیدا دەکەم.

دایکم گوتی:

- گیانت سڵامەت بێ، پێم خۆشە «سەوزە های سەوزە» یەکیشم بۆ بڵێی.

- بە چاوان.

دیسان ئێمە بووین و خودای دەنگ و مۆسیقا... ئێمە بووین و دەنگی سازی بلاوێنی ژیرۆ و زایەڵەی دەنگی دڵڕفێنی گزینگ. ئەو ڕۆژەم قەت لە بیر ناچێ، هیچمان خەممان نەبوو، لە بەر چاومان دەرک و دیوار پێدەکەنین، لە ئاسمان شادی دەباری، لە دڵماندا گوڵی ئاوات خەمڵیبوو. لای ئێوارێ دایکم بە ژیرۆی گوت:

- ژیرۆ گیان! ماشێنەکەت هەڵکە دەچینە بازاڕی.

لە بازاڕی دایکم بۆ من و گزینگ یەکی دوو دەست جل - وبەرگ و یەکی ملوانکەیەکی زێڕی کڕی و دوای گەڕان و پیاسە گەڕاینەوە ماڵێ. ویستم لە بارەی باوکمدا لە دایکم پرسیار بکەم، بەڵام نازانم بۆ نەمپرسی، دوای دوو ڕۆژان خۆم پێ ڕانەگیرا و لە دایکم پرسی:

- دایە گیان! ئەدی باوکم...، باوکم کێیە...، ماوە...؟

دایکم هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی:

- نازانم ڕۆڵە....

- ئەدی بۆ پێکەوە نین، لێک جیا بوونەوە؟

- پێکەوە نەبووین تا لێک جیا بینەوە!

- چۆن...؟

- چت لێ بشارمەوە، هەر دەبێ ڕۆژێکی هەموو شتێکی بزانی، لە ئێستا باشتر نییە.

بە تاسەوە چاوم لە دەمی دایکم بڕیبوو، ژیرۆ لە ماڵ نەبوو، گزینگ لە لامان دانیشتبوو، دایکم گوتی:

- ئەمن کچی پیاوێکی جووتبەندە بووم، وەکوو دەیانگوت زۆر جوان بووم، ئەو زەوییەی بە دەست باوکمەوە بوو هی ئاغاکەمان بوو، ئاغا پیاوێکی زۆردار و بە دەسەڵات بوو، بیروڕای دەرەبەگانەی هەبوو، تەنیا کوڕێکی هەبوو بە ناوی ڕێبوار.

ڕێبوار وەک باوکی نەبوو، کوڕێکی هێدی و تێگەیشتوو بوو، بە تەمەن پێنج ساڵ لە من مەزنتر بوو، چاردە ساڵانە بووم کە گیرۆدەی یەکتر بووین، یەکترمان زۆر خۆش دەویست، ڕۆژێک چاومان بە یەک نەکەوتبا ئۆقرەمان لێ هەڵدەگیرا، هەرچی زەمان ڕادەبرد ئاگری ئەوینی ئێمە توندتر دەبوو، ڕۆژ بە دوای ڕۆژ تێدەپەڕی و ئێمە بە هیوای ژیانێکی تێکڕایی بووین. حەڤدە ساڵم بوو کە ڕێبوار پێی لە بیست و دوو ساڵەی تەمەنی نابوو، باوکی پێشنیاری پێدەکا کچی برای خۆی بۆ بخوازێ، ڕێبوار مل نادا و ڕادەسپێرێتە لای باوکی کە ئەگەر ژنم بۆ دێنێ کەژاڵم بۆ بخوازێ. باوکی کە ئێمەی هاوشانی خۆی نەدەدی، تووڕە دەبێ و دەڵێ هەر ئەوە مابوو لە لای ئاغاوەتان سەرشۆڕ بم!

ماوەیەک بێدەنگی لێ دەکەن، لەو ماوەیەدا ئێمە زیاتر لە جاران گیرۆدەی یەکتر ببووین تاکوو ڕۆژێک بە دەرفەتمان زانی و لە نێو مێشەی ماڵە ئاغای لەگەڵ ڕێبوار دانیشتین و خەریکی ڕازونیاز کردن بووین، هەردووکمان لاو و سەرمەستی ئەوین و خۆشەویستی، هەردووکمان گیرۆدەی یەک، ئەوین و خۆشەویستی وەها چاوی کوێر کردبووین کە دواڕۆژمان نەدەدی، ئەوە بوو کە بەداخەوە ئەوەی نەدەبوو بقەومێ قەوما... کاتێ زانیم منداڵم وەزگی کەوتووە، ئەمنیش و ڕێبواریش شێواین و شەمزاین، بەڵام کار لە کار ترازابوو، ڕێبوار دیسان تکاکاری ناردە لای باوکی کە ئەمنی بۆ بخوازێ، باوکی ملی هەر نەدا. لەو ماوەیەدا باوکم بەسەردا مرد و تەنیا ئەمن و دایکم ماینەوە، دایکی کڵۆڵم کاتێ زانی زگم پڕە، بە چەپۆکان وەرگەڕا سەروگوێلاکی خۆی. دایکم بۆ ئەوەی ئابڕووی نەچێ ئەمنی ناردە شاری، ماڵە دەستەخوشکێکی خۆی بە ناوی یای پیرۆز. ڕێبوار هەر هاتووچۆی دەکردم و پێی لێ نەدەبڕیم. لە مانگ و ڕۆژی خۆمدا بووم کە بۆ دوایین جار دەنێرێتە لای باوکی دڵڕەقی کە ئەمنی بۆ بخوازێ. باوکی ئەم جار تووڕە دەبێ و دەڵێ ئەگەر جارێکی دیکە ئەو قسەی ببیسمەوە بە دەستی خۆم ڕێبوار و کەژاڵی دەکووژم. باوکی قسەی یەک بوو نەدەبوو بە دوو، پیاوکوشتن و ئاوخواردنەوەی بۆ یەک بوو. دوای چەند ڕۆژان ئەتۆ لە دایک بووی، ناومان نای ژوان.

چمان پێدەکرا، تا کەی دەمتوانی لە ماڵە یای پیرۆزێ هەڵکەم؟ ڕێبواریش ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر تێکدەچوو و دەتوایەوە، خەمی خۆم نەبوو، خەمی ڕێبواریم بوو، دایکم لەگەڵ یای پیرۆزێ سرتەیان کرد و لە ئاکامی وتووێژەکەیان بە من و ڕێبواریان گوت پێمان باشە ئەو منداڵەی ڕانەگرن چونکە دەبێتە هۆی ئابڕووچوونی کەژاڵ، لە بەر دەرکی مزگەوتێی دانێن خێرخوایەک بیباتەوە... ئەمنیش و ڕێبواریش دەستمان کرد بە گریان، بەڵام چار چ بوو، دەبوایە ئەو کارەمان کردبا. ڕێبوار دە سککەی زێڕی لە نێو مەلۆتکەکەی نا و ئەمنیش دوو دەست جلکی منداڵانم لەگەڵ خست، ڕێبوار لە سەر کوتەکاغەزێک ناوی تۆ و پیتی هەوەڵی ناوی خۆی و منی نووسی و لە سەر سینگی دانای و بەیانییەکی زوو بردی لە سەر سەکۆی بەر دەرکی مزگەوتی گەورەی دانای و خۆی حەشار دا و چاوی لێ دەکردی تا کاک پیرۆت دێ و هەڵتدەگرێتەوە. ڕێبوار وەشوێنی دەکەوێ و ماڵەکەی فێر دەبێ، هەموو شەوی هەینییان بەستەیەک دراو لە ماڵە کاک پیرۆت داوێ.

لە دوای یەک دوو مانگان دایکم و یای پیرۆز هەر لە گوێیان دەخوێندم کە ڕێبوار ناتوانی تۆ بێنێ، بێت و کاری وا بکا لە تەشقی ئاسمانیش بێ، باوکی هەر دووکتان دەکووژێ. باشتر ئەمەیە لێرە بڕۆین، بچینە شارێکی دی تا بزانین خودا چمان بە سەر دێنێ، خودا هەڵناگرێ ڕێبواریش گوناهێکی نییە، هەر کە چاوی بە تۆ دەکەوێ دەمرێ و دەژیتەوە. چارم نەبوو، گەیشتبوومە خاڵی دوایی ئەوینێکی ناکام. لەو لاشەوە بەزەییم بە دایکی چارەڕەشمدا دەهات، هەر چۆنێک بوو ڕازی بووم، هاتینە شاری «ب»، لە قەراغ شار هۆدەیەکی فەقیرانەمان بە کرێ گرت و لەگەڵ دایکم کاری ماڵانمان دەکرد و خۆمان بە ڕێ دەبرد. هەواڵی ڕێبوارم لێ بڕا، مانگێک تێپەڕی، ڕۆژێک پیاوێکی مەند و وێچوو هاتە ماڵەکەمان و گوتی:

- ناوم کاوەیە، لە کەسێک دەگەڕێم کە ببێتە بناوانم، ئێوەیان پێ ناساندووم، ئەگەر پێتان خۆشە وەرن ئاگاتان لە ماڵەکەم بێ، ئەمن بە مانگ نایەمەوە ماڵێ و کارەکەم جۆرێکە کە زۆرتر لە شاران دەگەڕێم.

دایکم ڕازی بوو، گوێستمانەوە. کاوە وەکوو دەیگوت سی - وهەشت ساڵی بوو و ژنەکەی تازە لە دەست دابوو، پیاوێکی دەوڵەمەند و ناوبەدەرەوە بوو، دوای حەوتوویەک پێشنیاری پێ کردم شووی پێ بکەم. ئەمن وەها دەستاڕی زەمان هاڕیبوومی کە گێژ و کاس ببووم، سەرم بەردایەوە و چم نەگوت، کاوە لەگەڵ دایکم قسەی کرد، دایکیشم بە منی گوت:

- ڕۆڵە چارەنووس وا بووە، ئێستاش نابێ خۆت فریو دەی، بە قسەی من دەکەی شووی پێدەکەی، پیاوێکی باشە، مەند و لەسەرەخۆیە، سۆرەوتۆرەشت نییە.

ملم دا و شووم پێکرد، دوای ساڵێک خودا ژیرۆی پێداین، ژیرۆ پێڕەوکە ببوو کە دایکم بەسەردا مرد، هێشتا خەمی ژینی ڕابردوو و لە دەستدانی دایکم وازی لێ نەهێنابووم کە ڕۆژێک بە داخەوە هەواڵی مەرگی کاوەیان بۆ هێنام. ماشێنەکەی هەڵدێرابوو و خۆشی وە ژێر ماشێنەکەی کەوتبوو... ئەمن مابوومەوە و ژیرۆ و چارەنووسی نادیار. کاوە مڵک و ماڵێکی زۆری لە پاش خۆی بە جێ هێشت، بە سەریان ڕاگەیشتم و ژیرۆم گەورە کرد. لە ماڵی دنیایە هیچم کەم نەبوو، بەڵام هەمیشە بە یادی تۆ بووم، هەمیشە دەگریام و دەسووتام تا خودا بەزەیی پێمدا هات و تۆم دیتەوە.

- ئەدی باوکم چی بە سەر هات؟

- نازانم، هەوڵم دەدا فەرامۆشی کەم، هەر بۆیەش ئەمە نۆزدە ساڵە نەچوومەوە شاری «ک».

هەر چەند دڵم بۆ باوکمی لێدەدا و بۆی دەسووتام، بە دایکم گوت:

- ئیدی دەورانی ناخۆشی و چارەڕەشیمان تەواو بوو، لەمەولا ڕوو دەکەینە خۆشی، دەبێ کارێکی بکەین کە خەمی ڕابردوومان لە بیر بچێتەوە، ڕابردوو ڕابرد، دەبێ چاو لە داهاتوو ببڕین و بەرەو حەسانەوە بچین.

دایکم گوتی:

- شوکری خودا بە ئاواتم گەیشتم، تۆم دیتۆتەوە، هیچ خەمێکم نییە، بەڵام پێم خۆشە تۆش بەسەرهاتی خۆتم بە وردی بۆ بگێڕییەوە.

گوتم:

- ئەوەندەی لە بیرمە ژیانم لە شاری «ک» و لە ماڵە کاک پیرۆت دەست پێدەکا. دایە شەم و کاک پیرۆت بە ڕاستی دوو فریشتە بوون، ئەمنیان لە چاوی خۆیان پتر خۆش دەویست، دوای ماویەک ماڵمان چوو بۆ شاری «س».

پێم خۆش نەبوو باسی ئازاری منداڵان و بەسێ ڕەشێ بۆ دایکم بگێڕمەوە، گوتم با نەشەمزێ. بێجگە لەوە هەموو شتێکم بە وردی بۆ گێڕاوە تا کاتێ لەگەڵ ئازادی ئاشنا بووم، دایکم قسەکانی ئازادی لێ بیستم گوتی:

- بڵێی ئازاد شێت نەبێ...؟! چۆن گوتوویەتی سێسەت ساڵ لەمەوپێش پێکەوە بووین؟

دایکم هەرچەند زۆر ژیر و تێگەیشتوو بوو و زیاتر لە پێویستی تەمەنی، زانستی هەبوو، بەڵام لەگەڵ فەلسەفەی ژیانەوە (تناسخ) ئاشنا نەبوو، بە وردی و بە شێنەیی هەموو شتێکم بۆ گێڕاوە و ئەوەندەی پێویست بوو تێمگەیاند، بە تاسەوە گوێی دابووە قسەکانم و بە شکەوە بیری لە ژیانەوە دەکردەوە، لە دوایەدا گوتم:

- سبەینێ ئازاد دەگەڕێتەوە.

دایکم گوتی:

- پێم خۆشە کە هاتەوە تەلەیفوونی بۆ بکەی بێ بۆ ئێرە لەگەڵی ئاشنا بم.

سبەینێ کە تەلەیفوونم بۆ ئازاد کرد لە ماڵێ بوو، دوای ڕۆژباش و لێکپرسین گوتی:

- زۆرم پێ خۆش بوو کە تەلەیفوونت بۆ کردم، سەعاتێکە هاتوومەوە و هەر چاوەڕێ بووم تەلەیفوونم بۆ بکەی.

گوتم:

- دەتوانی بێیە ئێرە؟

- لە کوێی، لە ماڵە خاڵتی؟

- نا لە ماڵە خۆمانم.

- ماڵە خۆتان؟ ئەتۆ دەتگوت ماڵمان لە شاری «س» یە و دەچمە ماڵە خاڵم...؟

- بێیە ئێرە هەموو شتێکت بۆ ڕوون دەبێتەوە.

ئازاد هات، هەموومان دانیشتین و دەستمان بە قسان کرد. ئازاد گوتی لە زانستگەی فەلسەفە دەخوێنێ و لە بارەی بیروڕای ژیانەوەدا بە زمانێکی ساکار دوا و دایکم و ژیرۆ و گزینگ بەوردی گوێیان بۆ هەڵخستبوو. ئازاد زۆری نموونە هێناوە کە سووری دەکردەوە ژیانەوە ڕاستە و گیانی ئێمە لە پێشدا لەبەر لەشێکی دیکەدا بووە و دوای مردنیش گیانی ئێمە نامرێ و دەچێتە نێو لەشێکی دیکەوە.

کاتێ قسەکانی ئازاد تەواو بوون پێم گوت:

- ئەو ڕۆژەی کە تۆم دی بە منت گوت خەیاڵ... گوتت ژیانی ڕابردوومان تێکەڵاو بووە، دەکرێ لەو بارەوە هەرچی دەزانی پێم بڵێی؟

- هەر دەبێ پێت بڵێم، وەکوو ئەو ڕۆژە پێم گوتی، سێسەت ساڵ لەمەوپێش من هەبووم، تۆش هەبووی، تۆ کچی دەرەبەگێکی لای سنە بووی، باوکت زۆر بە دەسەڵات و خاوەن دەستوپێوەند بوو، لە مەڵبەندێکی گەورەدا حوکمڕانی دەکرد، کەس نەیدەوێرا خۆی لە قەرەی بدا. ئەمن خەڵکی هەورامان بووم، فەقێ بووم، ڕۆژێکی تۆ لەگەڵ بنەماڵەکەت هاتی بۆ ئەو گوندەی ئەمنی لێ بووم، مڵکی خۆتان بوو، تۆ زۆر جوان بووی، وەک ئێستا، هەر ئەم ڕواڵەتەت بوو. ئەمنیش بە جارێکی ئاشقت بووم، تۆش کە چاوت بە من کەوت وەک ئاسکۆڵێک سڵێکت کرد و بە بزەیەک هەستی دەروونت دەربڕی، تۆش حەزت لێم بوو. ئەمن تەمەنم بیست و سێ ساڵ بوو، ئەتۆش حەڤدە ساڵت بوو، چەند جاران یەکترمان دی و ڕازی نهێنیی خۆمان بۆ یەکتر درکاند. من فەقێیەک بووم و تۆ کچی گەورەترین دەرەبەگ و حاکمی کوردستان بووی. گەلێک لێک دوور بووین، بەڵام ئەوین و ئەوینداری هێڵ و سنووری چینایەتی ناناسێ. بەڵێنیمان بە یەکتر دا کە مردن و ژیانمان پێکەوە بێ. نەدەکرا بنێرمە خوازبێنیت، باسی سەر بوو. دەمانزانی باوکت مل نادا، بێ شک سەریشم تێدا دەچوو. چۆن دەبێ فەقێیەکی ڕووتەڵە بنێرێتە خوازبێنی کچی حاکم و گەورەترین دەرەبەگی کوردستان؟ لە لایەکی تر زێدە لە ڕادە یەکترمان خۆش دەویست و هیچمان نەماندەتوانی بێ یەک هەڵکەین. لە تۆم پرسی:

- چارە چییە؟

بە بوێرییەوە گوتت:

- دەڕۆین... لەم شارە هەڵدێین دەچینە تەورێز و سەر پێکەوە دەنێین. دوای چەند ڕۆژان گەڕایەوە بۆ سنە. بە پێی قەرارێکی داماننابوو وەشوێنت کەوتم. نیوەشەوێک بە سواری هەڵاتین و بە تەقڵەکوت لە شاری سنە دوور کەوتینەوە. ڕۆیشتین، هەر ڕۆیشتین، ئەتو خورجینێک جلوبەرگ و خواردەمەنی و زێڕ و دراوێکی زۆرت لەگەڵ خۆت هێنابوو، خۆمان لە ئاوایییان نیزیک نەدەکردەوە، دەمانزانی باوکت شاتران دەنێرێتە هەندەران و ڕادەسپێرێ بمانگرن.

دوای چەند ڕۆژان گەیشتینە مەڵبەندی گەڕووس و درێژەمان بە ڕێی خۆمان دا تا گەیشتینە ناوچەی هەوشار، دڵنیا بووین تازە دەستی باوکت وێمان ڕاناگا. ئێوارەیەکی لاماندا ئاشێکی، ئاشەوانەکە پیاوێکی ڕەشتاڵەی ڕەزاگرانی چاوسوور بوو، دوای ڕۆژباش گوتم:

- کاکە میوانان ڕادەگری؟

- میوان بەخێر بێ، فەرموون دابەزن.

دابەزین و ئەسپەکانی لێ وەرگرتین و گوتی:

- ئێوە فەرموونە ژوور ئەمن دەچم دایاندەکەم.

ئاشەکە دوورەئاوایی بوو، کۆخێکی لە تەنیشت بوو، چووینە نێو کۆخەکە. ئاشەوانەکە کە ناوی قوباد بوو بە پرسیاران گێژی کردین: لە کوێوە هاتوون، بۆ کوێ دەچن، چۆنە ڕێتان لێرە کەوتووە؟ نەماندەزانی چی لە باراندایە. شەو نان و ژاژییەکی لە پێش ڕۆناین و ئاوخۆرییەکیش دۆی لە لا دانا و گوتی:

- ببوورن هەر ئەمەم هەیە.

بە سپاسەوە نان و ژاژی و دۆیەکەمان خوارد و دەستمان کرد بە قسان، ڕێگام لێ پرسی، گوتی:

- لێرەوە سایینقەڵا دوور نییە، لەوێوە باریکەڕێیەک هەیە ڕەنگە بە دوو ڕۆژ و دانێکی بگەنە مەراغەی. بەر لە خەوتن قوباد گوتی:

- دەچم سەرێکی ئەسپەکان دەدەم.

ئەمنیش گوتم:

- ئەمنیش لەگەڵت دێم.

زۆرتر مەبەستم ئەوە بوو جێگای ئەسپەکان بزانم. ڕۆیشتین، ئەمنی بە نێو دۆڵ و خڕێکیدا برد، مانگەشەو بوو، تریفەی مانگ ڕێیەکەی ڕووناک کردبووین، هێندێک ڕۆیشتین، گەیشتینە بەردێکی گەورە، قوباد پرسی:

- دەی کاکی زاوا! زێڕ و دراوێکی زۆرتان پێیە؟

ئەو پرسیارەم زۆر پێ سەیر بوو، شکم بۆی چوو کە دەبێ مەبەستێکی خراپی هەبێ، ڕاوەستام، پاڵم وە بەردەکەی دا و گوتم:

- بۆ دەپرسی؟

قاقایەکی کێشا و گوتی:

- جا چۆن وا دەبێ، تۆ ژنێکی جوانت هەبێ و زێڕ و دراوێکی زۆر و ئەمنیش هیچم نەبێ؟ لە هەمووان بەشم دەوێ....

بە تووڕەییەوە گوتم:

- ئەتۆ لە لای خۆی پیاوی، دەبێ شەرمێ بکەی، تازە ئێمە میوانی تۆین....

قوباد خەنجەرێکی لە باخەڵی دەرهێنا و هەڕای کردمێ و گوتی:

- زۆریش دەمڕاستی، وای ناخۆی....

پێش ئەوەی بتوانم خۆم بپارێزم خەنجەرەکەی تا دەسکان لە سینگم ڕۆکرد، ناڵەیەکم کرد و بە لادا کەوتم، بەزەیی پێمدا نەهات و وەبەر خەنجەرانی دام. بۆ هەمیشە چاوم وێکنا و ئاگام لە تۆ و لە دنیا بڕا. نازانم ئیدی چی بە سەر تۆ هێنا...! ئەوەی دەبێ بۆخوت ڕوون کەیەوە....

ئازاد تاوێک بێدەنگ بوو و گوتی:

- دەزانی قوباد کێ بوو؟

- مامەند...؟

- ئا،... مامەند بوو. ماڵە باوکم لە دێیەکی نیزیک گوندی ماڵە مامەندە، منداڵ بووم کە چاوم پێی کەوت، ئاشنام هاتە بەر چاو و لە خۆوە ڕقم لێی هەستا، ئەودەم نەمدەزانی بۆ خۆشم لێی نەهاتووە. کاتێک گەورەتر بووم، وردەوردە وەک خەونێک ڕابردووم وە بیر هاتەوە، بەڵام دڵنیا نەبووم، نەمدەزانی خەون و خەیاڵە یا ڕاستە، تا لەگەڵ بیروڕای ژیانەوە ئاشنا بووم. ڕۆژێک لە مامۆستاکەمان، کە هیپنۆتیزمی دەزانی، داوا کرد دە خەوم بکا و بمباتەوە ژیانی پێشووم تا بزانم کێ بووم و چم بە سەر هاتووە. هەموو شتێکم بۆ ڕوون بۆوە و مامەندم ناسییەوە، تۆم وە بیر هاتەوە، هەر چاوم لە کچان و ژنان دەگێڕا تا بەشکم تۆ ببینمەوە، تا خۆت هاتی بۆ لام.

- ئەو دەم ناومان چ بوو؟

- ئەمن ناوم سەردار بوو، ئەتوش خەیاڵ.

- ئەمنیش دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ دوایە؟

- بۆ ناتوانی، هەموو کەس دەتوانێ، دەتگەڕێنمەوە، هەموو شتێکی ڕوون دەکەمەوە.

- چۆن؟

- هیپنۆتیزمت دەکەم، دە خەوت دەکەم و دەتبەمەوە دواوە بۆ سێسەت ساڵ پێش.

- ئەتۆ هیپنۆتیزم کردن دەزانی؟

- ئا، هیپنۆتیزم هێزێکە کە لە چاوی هەموو کەسدا هەیە، بەڵام دەبێ کاری لە سەر بکرێ. تەنیا هیپنۆتیزم نییە، مانییەتیزمیش هەیە، ئەوەش هێزێکە کە لە لەشی مرۆڤدایە، بەتایبەتی لە سەری قامکەکانیدا، بە یارمەتی هیپنۆتیزم و مانییەتیزم مرۆڤ دەخەو دەکرێ.

- کەی دەخەوم دەکەی؟

- ئەمڕۆکە بە ڕێگادا هاتووم، ماندووم، یەک دوو ڕۆژی دی.

دایکم و ژیرۆ و گزینگ بە تاسەوە گوێیان دابوو بە وتووێژی من و ئازاد، دوای تاوێک دایکم بە ئازادی گوت:

- بەو قسانە سەرم سووڕ ماوە، زۆرم پێ سەیرە.

ئازاد وەڵامی داوە:

- ئەم دنیایە شتی سەیری زۆر تێدایە، دەبێ چاو و گوێمان بکەینەوە و بە سرنجەوە بڕوانینە ڕووداوەکان تا زۆر ڕازی نهێنیمان بۆ ڕوون ببنەوە. ئەگەر هەر لە ڕکەی بیروڕایەکی تەسکدا خۆمان بەند بکەین و هەوڵ نەدەین پێمان لە جەغزی ژیانی ئاسایی واوە بنێین، وەک خولخولە هەر لە دەوری خۆماندا دەسووڕێینەوە و هەر بەرانبەری خۆمان دەبینین و هیچی دی. بیر کردنەوە و هەوڵ و تەقەلا بۆ پتر فێر بوون و زیاتر زانین گوناهـ و تاوان نییە، زۆریش پێویستە. ڕەنگە ئێستا بە شکەوە ئەم قسانەم لێ وەرگرن، بەڵام با ژوانی دە خەو کەم و خۆتان لە دەمی ببیستن کە کێ بووە و ژیانی ڕابردووی چۆن بووە، ئەم جار بڕوام پێدەکەن، نەک بە من، بە بیروڕای ژیانەوە.

دایکم گوتی:

- زۆرم پێ خۆشە، ئەمڕۆ سێشەممۆیە، ڕۆژی هەینی هەر سەر لە بەیانییەوە وەرە لە دەوری یەک دادەنیشین و ئەودەم ژوانی دە خەو بکە.

ئازاد ڕۆیی و ئێمە ماینەوە، دایکم بە گزینگی گوت:

- گزینگ گیان! دەنگی تۆ لە دڵ و گیانمدا کارییە، پێم خۆشە بە گۆرانییەک بمانخوێنییەوە.

گزینگ بە شەرمەوە گوتی:

- بە چاوان، چتان بۆ بڵێم؟

- خۆت دەزانی، هەر چی بڵێی پێمان خۆشە.

گزینگ بە دەنگی ئاسمانییەوە دەستی بە گۆرانی ڕاوچییان کرد، دوای تەواوبوونی گۆرانییەکە دایکم پێی گوت:

- گزینگ گیان ئەتۆ دەنگت زۆر خۆشە، هونەر نابێ بکوژرێ، پێم خۆشە لە لای مامۆستایەکی فێری گۆرانی گوتن بە شێوەیەکی زانستی بی، ژیرۆش دەچێتە فێرگەی مۆسیقا، بۆ ئەتۆش ناچی؟

گزینگ بزەیەکی هاتێ و چاوێکی لە ژیرۆ کرد، ژیرۆ چاوی لە دەمی بڕیبوو، گزینگ گوتی:

- ئێوە ڕێتان داوم، بە خێوم دەکەن، دەشمنێرنە فێرگەی، چۆن جوابی چاکەی ئێوەم پێدەدرێتەوە؟

دایکم گوتی:

- ئەم قسانە چییە؟ خۆ پێم گوتووی ئێرە ماڵە خۆتە و ئەتۆش بۆ من کچێکی وەک ژوان، پێم خۆش نییە جارێکی دی ئەم قسانەت لێ ببیستم، ئێستاش هاوینە و دەرفەتی باشە، هەر سبەینێ لەگەڵ ژیرۆی بچۆ ناوت بنووسە و فێرە مۆسیقا بە.

لە ژێر چاومەوە چاوێکم لە ژیرۆی کرد، وەک گوڵ گەشابۆوە، گزینگیش بزەی لە سەر دەمی وەلا نەدەچوو، بیرم کردەوە گزینگ کچێکی باشە، بەڵام جارێ کەم تەمەنە، ژیرۆش تەمەنێکی وای نییە دەنا....

لە سبەینێوە گزینگ و ژیرۆ بە یەکەوە دەچوونە فێرگەی مۆسیقا و لە ماڵیش ژیرۆ کە لە مۆسیقادا لێزانتر بوو، فێری دەکرد. بە زوویی وا ئۆگری یەکتر ببوون کە دەتگوت ساڵانی ساڵە پێکەوە ژیاون.

ژیانێکی خۆشمان دەست پێکردبوو، وردەوردە کاروباری ماڵێم وە ئەستۆ گرت، ڕۆژی هەینی ئازاد هات، لە جارانم جوانتر و ڕێکوپێکتر هاتە بەر چاو، باڵابەرز و سپیکەڵە، چاو و برۆ ڕەش، ئاکاری پیاوانە، مەند و لەسەرەخۆ. لە دڵی خۆمدا گوتم دەبێ لە ژیانی پێشووشدا ئاوا بووبێ کە ئەمنی گیرۆدەی خۆی کردبوو. دانیشتین چایەکمان خواردەوە، بە تاسەوە چاوەڕوان بووم کە ئازاد پێم بڵێ وەرە دە خەوت بکەم، بە دڵ بڕوام پێی هەبوو، هەر چۆنێک بوو گوتی:

- ئەمن ئامادەم.

ئەمن لە بەرانبەریدا دانیشتم و دایکم و ژیرۆ و گزینگ بە بێدەنگییەوە چاویان تێبڕیبووین. من چاوم لە چاوی ئازادی دەکرد، تا ئەودەم ئاوا چاوگەلیم نەدیبوون، دەتگوت چاوی مامزە، نوورێکی سەیرم تێدا بەدیکرد، هەستم کرد تیشکێک لە چاوانییەوە دێتە نێو چاوانم و لەوێوە دەچێتە نێو مێشکم. زۆری پێ نەچوو خۆم پێ ڕانەگیرا و خەوم لێ کەوت، لە دەنگی ئازاد زیاتر چم نەدەبیست، گوتی:

- پێکەوە دەگەڕێینەوە دواوە، ئەمنی بردە مانگێک پێشتر، پرسیاری لێ کردم:

- چ دەبینی؟

- لە شاری «س» ێم، لە ماڵە مام حاجی، لەگەڵ حاجیژنێ دانیشتووین و چای دەخۆینەوە.

ئەم جار بردمییە ساڵێک پێشتر و هەرچی دەمدی بۆم گێڕاوە، بردمییە دە ساڵ، پازدە ساڵ، نۆزدە ساڵ لەمەوبەر و پرسی:

- چ دەبینی؟

- مەلۆتکەیەک لە بەر دەرکێکی گەورە لە سەر خواجانەی ڕۆنراوە، کابرایەک لێی نزیک بۆوە و هەڵیگرت و ڕۆیی..

- دەرکەکە دەرکی کوێیە؟

- دەرکی مزگەوتێیە.

- پیاوەکە کێیە؟

- کاک پیرۆتە.

- مەلۆتکەکە کێیە؟

- ئەمنم.

- ئەم جار بۆ دواوەتر بچۆ، بۆ ساڵێک پێشتر، چ دەبینی؟

- هەموو لایەک تاریک و تنووکە چم لێ دیار نییە....

- پەنجا ساڵی دیکە بچۆ بۆ دواوە، چ دەبینی؟

- هەر دنیایەکی تاریکی تاریک، هیچ دیار نییە....

- ئەوەندە بەرەو دواوە بچۆ تا شتێکی دەبینی.

- ئەمنیان لە قەبری ناوە و خەریکن فاتیحەم بۆ دەخوێنن.

- ئەتۆ مردووی؟

- ئا...

- تەمەنت چەندە؟

- شێست و دوو ساڵ.

- چل و پێنج ساڵی دیکە بچۆ بۆ دواوە، چ دەبینی؟

- دوو کەژاوە بە ڕێیەدا دەڕۆن، سی چل سواریشیان لەگەڵە.

- کێ لە کەژاوەی پێشەوەدایە؟

- باوکم و دوو کەسی دیکە.

- کەژاوەی پشتەوە کێی تێدایە؟

- ئەمن و دایکم و دوو خوشک و برای لە خۆم چووکتر.

- ئەتۆ ناوت چییە؟

- خەیاڵ.

- تەمەنت چەندە؟

- حەڤدە ساڵ.

- هەر وا بچۆ پێش بزانە چ دەبینی؟

- گەیشتینە گوندێک، خەڵکێکی زۆر بە پێشوازمانەوە هاتوون، مەڕێکیان لە پێش کەژاوەی باوکم لە ئەردی دا و سەریان بڕی، کابرایەک هاتە پێش، باوکمی بەخێرهاتن کرد، باوکم و دوو پیاوەکان دابەزین. ئێمە ڕۆیشتین، گەیشتینە ماڵێک کە لە بەر قەدی کێوێکی بەرز ساز کراوە. ماڵەکانی ئێرە هەمووی بە لاپاڵی چیاوە دروست کراون، لە دوورەوە دەڵێی لەسەر یەکترین، چووینە ماڵێ، یەک دوو ژن هاتن ئێمەیان بەخێرهاتن کرد، بە زاراوەی هەوارمی قسان دەکەن، ئەمن باشی تێناگەم.

- لەو ڕۆژەی گەڕێ، بچۆ بۆ سبەینێ، چ دەبینی؟

- نانی بەیانیمان خوارد، ئەمن دێمە دەر، شۆڕ دەبمەوە بۆ لای خوارێ، ئێرە دۆڵێکە، چۆمێکی ڕوون بە ناخیدا دەڕوا. دەرەوەی ئاوایی هەمووی لێڕەوارە، وردەوردە دەچمە پێش، کانیاوێکی خۆش دەبینم، دەچمە پێش، کوڕێکی لێیە، دەسرۆکەیەکی سپی لە سەری بەستووە، کتێبێکی بە دەستەوە، زۆر جوانە، چاوانی مەستی مرۆڤ مەست دەکا، ڕۆژباشی لێدەکەم، بەبزەوە وەڵامم دەداتەوە و بەخێرهاتنم دەکا، لێی دەپرسم:

- ناوت چییە؟

- سەردار

- خەڵکی ئێرەی؟

- نا... لێرە فەقێم، ئەدی تۆ ناوت چییە؟

- خەیاڵ....

- چ ناوێکی خۆشە.

پێکەوە قسان دەکەین، خۆشمان لە یەکتری هاتووە، سەعاتێک زیاترە پێکەوەین، قەرار دادەنێن سبەینێ دیسان یەکتر ببینینەوە، ئەمن دەگەڕێمەوە بۆ لای ماڵێ.

- چەند ڕۆژان لەو گوندەی دەمێنییەوە؟

- مانگێک زیاتر.

- هەموو ڕۆژێ سەرداری دەبینی؟

- دەتوانم بڵێم ئا.

- دوایین ڕۆژ کە لەگەڵ سەرداری، چۆنە؟

- لە نێو لێڕەوار شوێنێکمان دیاری کردووە، دەچم، سەردار چاوەڕێمە.

- چی پێ دەڵێی؟

- بە گریانەوە دەڵێم، سەردار سبەینێ دەڕۆم، سەردار سەری بەرداوەتەوە و دەڵێ:

- لە دوای تۆ شێت دەبم، بەداخەوە ئەتۆ لە ئاسمانی و ئەمن لە ئەردی، دەستم پێت ڕاناگا، ئەتۆ کچی حاکمی و ئەمن فەقێیەکی ڕووتەڵە.

- چ دەڵێی وا بکەم....

- جا چ بڵێم؟

- بۆ نایەی هەڵمگری و پێکەوە بڕۆین؟ بچینە جێیەک کە کەس نەمانناسێ، بچین و پێکەوە ژیان ڕابوێرین، ئەمن ئامادەم دەست لە دایک و باوکم هەڵگرم و ڕەگەڵت کەوم.

- بەڕاستیتە؟

- بۆ کام لا دەچن؟

- بەرەو مەڵبەندی گەڕووس.

- لە گەڕووسەوە بۆ کوێ دەچن؟

- بە ناوچەی هەوشاردا دەچینە مەراغە.

- لە هەوشار دەچنە کوێ؟

- دەچنە ماڵە ئاشەوانێک.

- ناوی چییە؟

- قوباد.

- ئێستا نانی شەوتان خواردووە، چ دەقەومێ؟

- قوباد لەگەڵ سەرداری وەدەر دەکەون کە سەری ئەسپەکان بدەن، بەڵام دوای سەعاتێک قوباد بە تەنیایی دەگەڕێتەوە و دەڵێ:

- پیاوی حاکمی هاتن سەرداریان گرت و لەگەڵ خۆیان برد، ئێستاش لە تۆ دەگەڕێن، هەر کە گوێت لە دەنگی سمی ئەسپان بوو بچۆ بن ئەم پێرگە و خۆت بشارەوە....

ئازاد وە خەبەری هێنامەوە، کە هەستام دەگریام، ئازاد بە بزەوە چاوی لێکردم، گزینگ شان و پیلی دادەماڵیم، دایکم و ژیرۆ حەبەسابوون و چاویان تێبڕیبووم.

ئازاد دوای ئیستێک گوتی:

- بە گێڕانەوەی هەواڵی گرتنی من تێکچووی و لە هۆقەی گریانت دا.

نەمدەتوانی چی دیکەت لێ بپرسم، ئەمڕۆکە بەسە، دوایییەکەی با بمێنێ بۆ ڕۆژێکی دی.

ئەمن وەک لە خەوێکی قورس و گران هەستابم، کاس و خەواڵوو بووم، دوای ماوەیەک هاتمەوە سەرەخۆ و گوتم:

- زۆرم پێ خۆش بوو ڕابردووی خۆم بە چاوی خۆ دیتەوە، خۆزگە زووتر دەمزانی چ بەسەرهاتێکم بووە و ژیانی ڕابردووم بە کوێ دەگا؟

ئازاد بە بزەوە گوتی:

- پەلەی مەکە هەموو شتێکی دەزانی.

چاوم لە ئازادی نەدەترووکاند، سەرداری سێسەت ساڵ پێش هەر ئەم ئازادەی ئێستا بوو، کەڵەگەت، ڕەنگپیاو، جوان و دڵڕفێن، چاوانی هەر ئەم چاوە مەستانە بوون کە بە ڕوانینی مرۆڤ مەست دەبوو، دەنگی هەر ئاوا پیاوانە و دڵلەرزێن بوو... دەمەویست لە ئامێزی گرم و هاوار بکەم:

- ئازاد... سەردار... سەرداری دڵ و گیانم، چی دیکە بە جێم مەهێڵە، سێسەت ساڵ لە یەک دوور بووین بەس نییە؟

خۆم پێ سەیر بوو، تەمەنم گەیشتبووە نۆزدە ساڵ، تا ئێستا بیرم لە ئەوینداری و دڵداری نەکردبۆوە، بەڵام ئێستا... هەستم دەکرد ئازاد هاوبەشی ژیانی ڕابردوو و داهاتوومە، دوای سێسەت ساڵ ونبووەکەی خۆم دیتبۆوە... تازە نەمدەتوانی بە هیچ چەشنێک دەستی لێ هەڵگرم. وا چووبوومە نێو دنیای خەیاڵەوە کە گوێم لە وتەی دایکم و ژیرۆ و سەردار و گزینگی نەبوو، هەر بیرم لە خۆشەویستەکەی خۆم دەکردەوە، لە ناکاو دەنگی دایکم گوێ لێبوو:

- کاک ئازاد ژنت نەهێناوە...؟

بەو پرسیارەی هەودای خەیاڵم لێک پچڕا و تا ئازاد وەڵامی داوە دڵم داخورپا، بیرم لە هەموو شتێکی کردبۆوە لەوەی نەبێ، نەکا ئازاد ژنی هەبێ؟ بەڵام بەختەوەرانە زوو وەڵامی دایکمی داوە و گوتی:

- نا....

ئەوەی گوت و چاوێکی لە من کرد، ئەمن گەشامەوە، بە خۆم نەبوو بزەم هاتە سەر لێو، لە هەموو بارێکەوە دواین، ئازاد باسی ژیانی خۆی کرد و گوتی:

- دایک و باوکم لە گونددا دەژین، ئەمنیش ساڵێکم ماوە زانستگە تەواو کەم، ئێستا بە تەنیا دەژیم.

لە ئازادیم پرسی:

- کاک ئازاد! کەنگێ دیسان دە خەوم دەکەیەوە؟

لە وەی کە پێم گوتبوو «کاک» قینم لە خۆم هەستا، بەڵام چارم نەبوو، ئازاد گوتی:

- هەر کاتێک ئامادە بی.

- ئەمن هەمیشە ئامادەم.

- ئەمڕۆ تازە نابێ.

- سبەینێ چی؟

- دەکرێ.

ئازاد ڕۆیی و ئێمە لە بارەی ژیانەوەدا گەلێک دواین، لە دوایە لەگەڵ گزینگ بۆ پیاسە کردن وەدەر کەوتین، لە ڕێگایە لە گزینگم پرسی:

- فێرگەت پێ خۆشە؟

- زۆر...

- پێت وایە شتێک فێر بی؟

- ئا...، بەتایبەتی ژیرۆ زۆرم لەگەڵ خەریکە، بە باشی تێمدەگەیەنێ.

- ژیرۆ کوڕی چاکە، وا نییە؟

- با... کەسم نەدیوە وەک ئەو مەند و هێدی....

- زۆریش جوان و خوێنشیرینە.

- ئا....

چاوێکم لێ کرد، لە شەرمان سوور هەڵگەڕابوو. تاوێک گەڕاین و گەڕاینەوە، تا سبەینێ هەر بیرم لە ئازادی دەکردەوە، کاتێک لە دەرکەی دا زانیم ئەوە. بە پیرییەوە چووم و خوڵقم کرد بێتە ژوور، مەند و پیاوانە بوو، چاوەکانی کە دەتگوت چاوی مامزن، هەر گەش و مەستیهێن بوون. دەنگی، دڵی وە لەرزین خستم. لە ژوورێ دانیشتین و دوای خواردنەوەی چا و خواردنی میوە بە تاسەوە گوتم:

- ئەمن ئامادەم.

سەردار بزەیەکی هاتێ و گوتی:

ئەمنیش ئامادەم.

لە بەرانبەر یەکتریدا دانیشتین و بە شێوەی دوێنی دە خەوی کردم و گوتی:

- ئێستا تۆ لە سێسەت ساڵ پێش دای، لە هەوشاری و لە ئاشی قوبادی، قوباد هەواڵی گیرانی منی پێدای، ئێستا قوباد چ دەکا؟

- قوباد وەدەر دەکەوێ و دەڵێ:

- دەچم بزانم چ باسە؟

- ئەتۆ چ دەکەی؟

- ئەمن بە هەلم زانی، زێڕ و دراوەکەم شاردنەوە، قوباد گەڕاوە، لە تەنیشتم دانیشت، دەڵێ:

- تازە چاوت بە سەرداری ناکەوێ، ئەتۆش وەچنگیان کەوی لەت لەتت دەکەن، کەسیش ناناسی و هیچ کوێشت نییە بچی، جا کە وایە بۆ شووم پێ ناکەی؟

- ئەتۆ ناوی خۆت ناوە پیاو، شەرم ناکەی قسەی وا دەکەی؟

- دەی هەرچی دەبێ بیگێڕەوە.

- هەر کە وا دەڵێم قوباد وەک پڵینگی ئەنگێوراو خۆم پێدا دەدا. هاوار دەکەم، دەنگم بە هیچ کوێ ڕاناگا. وەک دێوەزمە کەوتۆتە سەرم، بەربەرەکانی لەگەڵ دەکەم، بەڵام دەرەقەتی نایەم. ئەمن کچێکم و ئەویش پیاوێکی فیلەتەن. وردەوردە هێزم لێ دەبڕێ، دەست و پێم توانایان نەماوە، ناتوانم دەستم هەڵێنمەوە. قوباد بە ئاواتی خۆی دەگا و چارەڕەشیی من دەست پێدەکا. قوباد دەچێ بۆ لای خورجینەکان، هەڵیاندەڕێژێ، گیرفانی جلوبەرگەکان دەگەڕێ، لە گیرفانی مندا پێنج سککە زێڕ دەبینێتەوە، دەڵێ:

- هەمووی ئەوەندەت پێیە؟

وەڵامی نادەمەوە، بە شادییەوە دە گیرفانی دەنێ.

- لە ڕۆژانی دوایی چ دەبینی؟

- قوباد پیاوێکی بێ نامووسە، شەو و ڕۆژێ هەر لە لامە و لەگەڵم ڕادەبوێرێ. ئەم شۆ دۆستێکی لێ وەژوور کەوت، ناوی حەمۆیە، حەمۆ چاوی بە من کەوت پێکەنی، ئێستا لەگەڵ قوبادی گاڵتەی بێتام و قسەی سووک دەکەن، حەمۆ دەڵێ:

- قوباد! دوو شووشە ئاوی حەیاتم پێیە، ئەم شۆ دیکەینە کەیف و نەهەنگ.

ئەوەی دەڵێ و لە هەگبەکەی دوو شووشە شەڕاب دەردێنێ، قوباد بە من دەڵێ:

- هەستە سێ چوار هێلکەمان بۆ دە ڕۆنی کە.

هێلکەوڕۆنیان بۆ ساز دەکەم، لە پێشیان دادەنێم، بە زۆر دامدەنیشێنن، جامێکم بۆ تێدەکەن و پێم دەڵێن:

- بیخۆوە!

- ئەمن قەتم شتی وا نەخواردۆتەوە، ناخۆمەوە.

قاقا پێدەکەنن و ڕامدەکێشن و دەستم دەگرن و دەمم دەکەنەوە و جامەکەم بە قوڕگیدا دەکەن، سەرم لە گێژەوە دێ و هۆشم لێ دەبڕێ و خەوم لێدەکەوێ.

- دەی دوایە چی؟

- بەیانە لە خەو هەڵدەستم، ڕووت و قووتم، حەمۆ لە لام خەوتووە، دەچم جلان دەبەر دەکەمەوە، حەمۆ خۆم پێدا دەدا و لە ئەردیم دەدا. حەمۆ دەچێتە دەر، هێشتا جلم دەبەر نەکردووە قوباد وەژوور دەکەوێ و نایەڵێ هەستم، ئێستا نانی بەیانیمان خواردووە، قوباد دەڵێ:

- هەستە خۆت ساز کە دەڕۆین؟

- بۆ کوێ؟

- بۆ گەرمێنێ.

- بۆ...؟

- دەتفرۆشم، دراوێکی باشم وە دەست دەکەوێ.