I

از کتاب:
بزەی ژیان
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 36 دقیقه  1991 مشاهده

نازانم بۆ یەکەم جار وشەی «بیژوو»م لە کێ بیست! هەر ئەوەندە دەزانم منداڵێکی چوار پێنج ساڵانە بووم. ئەودەم لە مانای ئەو وشەیە نەدەگەیشتم. کاتێ گەورەتر بووم، تازە دەچوومە خوێندنگە، ڕۆژێک لەگەڵ کچێکی هاوتەمەنم بە شەڕ هاتم، کچەکە بە گریان چۆوە ماڵێ. هەر ئەوەندەم زانی «بەسێ ڕەش»، دایکی دەم هەراشی بە جنێودان لەو لایڕا هات و پێی گوتم:

- کچەتیوە بیژووە ئەوە بۆ لەم کچۆڵەت داوە؟ تەماشای سەروسەکوتی! کەس نازانێ دایک و باوکی کێیە، «خودا کێوان دەبینێ بەفران دەبارێنێ»، باش بای بە دایک و باوک گەورە دەبووی و لەبەر دەرکی مزگەوتێیان فڕێ نەدەدای.

ئەو قسانە وەک ئاسنی سوورەوەبوو دە مێشکم ڕۆدەچوون و لەنێو خۆمدا دەتوامەوە. دنیا لە بەر چاوم تاریک بوو، خۆم پێ ڕانەگیرا و لە ئاستی خۆم دانیشتم. پاڵم وە دیوارێکەوە دا و بەخوڕ فرمێسکم لە چاوان هاتە خوار، لە بەر چاوم ژنەکە بوو بە دێو. ددانی لێ گڕ بوون، چاوانی زەق بوون. لەنێو پرچی ئاڵۆز و قژنی، دوو شاخ ڕوان. جەستەی گەورە و گەورەتر دەبوو. دەیگوڕاند، دەینەڕاند، ئەمنیش لە دنیایەکی بێ ڕۆشناییدا تاکی تەنیا مابوومەوە. داماو و کڵۆڵ بووم، لەپڕڕا دەنگێکی ئارامیدەری ئاشنام بە گوێ گەیشت.

یای «ئاسکۆڵ»ی هاوسێمان دەیگوت:

- کچێ بەسێ! بۆ وا لەو گێژە بەستەزمانەی دەکەی، بۆ لە خودای ناترسی، دوو منداڵ پێکەوە بە شەڕ هاتوون، دەبێ ئەتۆ وا بکەی، چ خودا بەردارە؟

ئەوەی گوت و پیلی گرتم و گوتی:

- هەستە کچم، هەستە بچۆوە، قەیدی نییە جارێکی دیکە شەڕێ مەکە.

چاوم هەڵێنایەوە، بەسێ ڕەش بە پرتەوبۆڵە دوور دەکەوتەوە، ئەمنیش بە گریانەوە بەرەو ماڵ بوومەوە.

«دایە شەم» هەر کە چاوی بە من کەوت، بە پەشۆکاوییەوە بۆ لام هات و گوتی:

- ڕۆلە «ژوان»ێ ئەوە بۆ دەگری؟

چاوم لە چاوی کرد، ڕوانینی پڕ بوو لە خۆشەویستی.

دەنگی زایەڵەی وەفا بوو. خۆم لە ئامێزی هاویشت و بەدەم هەنیسک دانەوە گوتم:

- دایە شەم! شتێکت لێ دەپرسم ڕاستم پێ دەڵێی؟

- بۆ ڕاستت پێ ناڵێم، دایە شەم بە قوربانت بێ.

- ئەمن کچی کێم؟

- جا ئەوە قسەیە؟ دیارە کچی من و پیرۆتی، بۆ دەپرسی؟

- بیژوو چییە؟

- ئەو قسانە چییە دەپرسی ڕۆڵە؟ هەستە بچۆ دەست و دەموچاوت بشۆ و وەرە نانی بخۆ درەنگە.

- هەتا پێم نەڵێی نایەم.

- چت پێ بڵێم؟

- بیژوو یانی چی؟

- بۆ دەپرسی؟

- تا ئێستا زۆریان پێ گوتووم بیژوو، دەمەوێ بزانم بیژوو چییە و بۆ وام پێ دەڵێن؟

- ڕۆڵە ڕۆژێ هەزار کەس جنێو بە یەکتر دەدەن، بیژووش جنێوێکە وەک ئەوانی دیکە. جا هەستە درەنگە با بچینە ژوور.

- باشە بیژوو بە چی دەڵێن؟

- بیژوو... بیژوو...، چووزانم؟ بە کەسێک دەڵێن کە باوکی دیار نەبێ.

- ئەمن بیژووم؟

- بۆ بیژووی ڕۆڵە گیان، ئەوە نییە ئەمن دایکتم و پیرۆتیش باوکتە.

هەر چۆنێک بوو دایە شەم ئەمنی بردەوە ژوور. لەو ڕۆژەوە ئاڵوگۆڕێکی سەیرم بە سەردا هات. هەر لە نێو خۆمدا بووم، بیرم لە خۆم دەکردەوە، دەمزانی ڕازێک هەیە کە دایە شەم لێم دەشارێتەوە و پێم ناڵێ. ئێوارێ کە لە خوێندنگەی گەڕامەوە، یەکڕاست چوومە ماڵە یای ئاسکۆڵێ. یای ئاسکۆڵ ژنێکی سەروڕوو خۆش بوو، ئەمنیشی زۆر خوش دەویست، ڕۆژباشم کرد، وەڵامی دامەوە و خوڵقی کردم، دانیشتم گوتم:

- یای ئاسکۆڵ، قسەیەکت لێ دەپرسم ڕاستم پێ بڵێ.

- باشە ژوانێ گیان ڕاستت پێ دەڵێم.

- ئەمن کچی کێم، دایک و باوکی من کێن؟

- پێم سەیرە ئەوەی دەپرسی! دایە شەم و کاک پیرۆت. جا ئەوە قسەیە؟

- ئەدی بۆ هەموو کەس بە من دەڵێ بیژوو؟ ئەمڕۆکەش بەسێ ڕەش پێی گوتم «کەس نازانێ دایک و باوکت کێیە، ئەگەر باش بای لەبەر دەرکی مزگەوتێیان فڕێ نەدەدای.»

- ڕۆلە، کاتێک دوو کەس پێکەوە بە شەڕ دێن خۆ بە یەکتر هەڵناڵێن، نێونرکان لێک هەڵدەدەن. بەسێ ڕەشیش قەڵس بووە قسەیەکی بە دەمدا هاتووە، گوێی مەدەیە. خودا دایە شەم و کاک پیرۆتت لێ نەستێنێ، کەس دایک و باوکی ئاوا باشی نییە.

شەوێ باوکم درەنگ هاتەوە، هێندە وەڕەز بووم زوو ڕاکشام، بەڵام خەوم لێ نەدەکەوت. کاتێک باوکم هاتەوە خۆم دە خەو کرد. دایە شەم کەوڵی نانی لەپێش ڕاخست و دوای شێو کردن بە باوکمی گوت:

- بانگی شێوان لە سەر کانی یای ئاسکۆڵم دی، دەیگوت ئەمڕۆ بەسێ ڕەش لەگەڵ ژوانێ بەشەڕ هاتووە و پێی گوتووە بیژوو، کەس نازانێ دایک و باوکت کێیە، باش بای لەبەر دەرکی مزگەوتێیان فڕێ نەدەدای.

باوکم گوتی:

- جا چی پێ بڵێم، سەڵیتەیەکە تای نییە، خۆ ژنە و بۆ ئەوەی نابێ بچم تێیهەڵدەم.

دایە شەم گوتی:

- ئەمڕۆ کچەکەم هەر خەمبار بوو، لە منی دەپرسی بیژوو یانی چی. دایک و باوکی من کێن؟ ئێوارەش چووە هەر ئەو قسانەی لە یای ئاسکۆڵی پرسیوە، ئەویش گوتوویە ڕۆڵە ئەو قسانە چییە، دیارە ئەتۆ کچی دایە شەم و کاک پیرۆتی.

باوکم گوتی:

- شەمێ! ئەتۆ دەزانی ئەمن ژوانم لە قەبری باوکەکەم خۆشتر دەوێ، هۆی دڵخۆشیی من لە ژیاندا تەنیا و تەنیا ژوانە، بۆ ئەوەی خەڵک ئازاری نەدەن دەڕۆم، لەم شارە بار دەکەم، لە هەر کوێ بم خودا پارووەنانێکی دەنێرێ.

- ئەمنیش لێرە وەڕەز بووم، بڕۆین باشترە، بەڵام...

- بەڵام چی؟

- شەوانی هەینی...، چۆن دەبێ؟

- خودا گەورەیە... سبەینێ دووکانەکەم دەفرۆشم و دەمودەزگاکەم تێکەوە دەپێچم و ماڵێ تێکدەنێین و بەرەو شاری «س» وەڕێ دەکەوین.

- بە هیوای خودای....

- خودا ئەوندەی داوینێ هەتا دەمرین پێی بژین، لێی بەزیاد بێ.

بە قسەی باوکم ئۆخژنم هاتێ، باوکم ئەمنی خۆش دەویست. لە خۆشەویستیی دایکیشمدا شکم نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەش وەک کەسێکی کە شتێکی لێ ون بێ، بیری منداڵیم بۆ ئەم لا و ئەو لا دەفڕی و بێئاکام دەگەڕایەوە.

لەوەتی بیرم کردبۆوە هەر لە ماڵە دایە شەم و کاک پیرۆت چاوم کرابۆوە و گەورە ببووم، بە دایکم دەگوت دایە شەم، بەڵام نازانم بۆ ئەگەر بە شەڕ دەهاتم، منداڵان پێیان دەگوتم بیژوو، بۆ ئەو وشەیەیان بە کەسێکی دیکە نەدەگوت؟ خۆ بەسێ ڕەش منداڵ نەبوو، بۆ ئەویش هەر ئاوای پێ دەگوتم، بڵێی بەسێ ڕەش ڕاستی گوتبێ ئەمن بیژوو بم، بڵێی لەبەر دەرکی مزگەوتێ فڕێیان دابم و دایە شەم و باوکم هەڵیانگرتبێتمەوە، ئەگەر وا بێ ئەدی دایک و باوکی خۆم کێن؟ ئەو شەوە و شەوانی تر هەر بەو پرسیارانەوە خەوم لێ دەکەوت.

باوکم وەکی گوتبووی دووکانەکەی فرۆشت و بارگەوبنەی تێکەوە نا و بەرەو شاری «س» وەڕێ کەوتین. کاتی ماڵئاوایی یای ئاسکۆڵ لە باوەشی گرتم و زۆرم بۆ گریا.

لە شاری «س» ماڵەکەمان چووک و خاوێن بوو، هەر بۆ سبەینەکەی باوکم ناوی لە خوێندنگەیەک نووسیم. ئەو شارەم زۆر پێ خۆش بوو، شارێکی گەورە بوو، کەس پێی نەدەگوتم بیژوو.

باوکم دووکانێکی بە کرێ گرت و وەک چەلان خەریکی ساز کردنی چەقۆ و مەقەست و چەکوچ و... بوو، ژیانێکی ئارام و خۆشمان دەست پێکرد. لە دەرس خوێندندا زۆر زیرەک بووم، هەموو ساڵێ پلەی یەکەمم وە دەست دەهێنا. ماڵە حاجییەکمان هاوسێ بوو کە ژنێک و کوڕێک و کچێکی بوو، لەگەڵ کچەکەی بوومە ئاواڵ، پێکەوە دەمانخوێند، ناوی زێڕن بوو. پۆلی دووەمی ناوەندیمان تەواو کردبوو کە زێڕن شووی کرد و لە شارەکەمان ڕۆیی، زۆری پەرۆش بووم. مانگێک لە شووکردنی زێڕن تێدەپەڕی کە کوڕێک ناردییە خوازبێنیم، بەڵام ئەمن وا هۆگری دەرس خوێندن بووم کە هەر بیرم لە شووکردن نەدەکردەوە، بۆیە ڕەدم کرد، دایک و باوکیشم بێدڵیی منیان نەدەکرد.

ژیانی ئاساییمان هەر ئاوا درێژەی بوو تا ڕۆژێک باوکم، باوکی خۆشەویستم، باوکێک کە وێنەی پیاوەتی و لەخۆبوردوویی و مرۆوایەتی بوو، دوای حەوتوویەک لە جێگادا کەوتن کۆچی دوایی کرد.

بە لەدەستدانی باوکم زۆر شەمزام. بە هیوا بووم زوو خوێندنەکەم تەواو بێ و لە جێگەیەک دامەزرێم و دایک و باوکم بەخێو بکەم کەچی باوکم لە دەست دا. لە پۆلی سێیەمی ناوەندی بووم کە باوکم من و دایکمی بە جێ هێشت. تازە پرسە و سەرەخۆشی تەواو ببوو کە ڕۆژێک دایە شەم بانگی کردم و پرێسکەیەکی لەپێش دانام و گوتی:

- ڕۆڵە خەمێ مەخۆ، ئەوەندەمان دراو هەیە بەشی سێ چوار ساڵمان دەکا، لە دوایەش خوا گەورەیە.

دیسان ژیانی ئاساییمان دەست پێکردەوە، وەک جاران بە زیرەکی و لێوەشاوەیییەوە دەرس خوێندنەکەم درێژە پێدا. پۆلی سێیەمی ناوەندیشم بە سەرکەوتوویییەکی بەرچاو تەواو کرد و چوومە پۆلی چوارەم کە دوایین پۆلی ناوەندی بوو. دوو ڕۆژ بوو خوێندن دەستی پێکردبوو کە بۆ یەکەم جار مامۆستایەکی تازەمان بۆ دەرسی فەلسەفە هاتە سەر. پیاوێکی مەند و دەم بە بزە بوو، تەمەنی لە چل ساڵان تێدەپەڕی. هێندە بە زمان خۆشییەوە دەرسی پێ دەگوتین کە لە خودام دەویست هەموو ڕۆژێ فەلسەفەمان هەبا. چەند مانگێک ڕابرد، ڕۆژێک مامۆستای فەلسەفە، دوای دەرس لێ پرسینەوە گوتی:

- ئەمڕۆ دەمهەوێ لەبارەی «ژیانەوە» یا «تناسخ»دا قسەتان بۆ بکەم. نازانم تا ئێستا وشەی «ژیانەوە» یا «تناسخ»

تان بە گوێ گەیشتووە یا نا؟ زۆر کەس لە زانایانی فەلسەفە بڕوایان بە ژیانەوە هەیە، ئەوان پێیان وایە کە گیانی ئێمە بەر لە هاتنە دنیا لە لەشی کەسێکی دیکەدا بووە. دەڵێن «گیان» نەمرە و هەر دەمێنێ، ئەوەی کە دەمرێ لەشە نەک گیان. گیان دەگەڕێ، کاتێک ئێمە مردین دەچێ دە بەر لەشێکی دیکەوە، ڕەنگە بچێ دە لەشی ژنێک یا پیاوێکەوە، ئەوەندە ئەو کارە دووپات دەبێتەوە تا گوناهەکانمان پاک دەبنەوە، واتا ئەوەندە لە ژیان یا ژیانەکانی داهاتوودا تووشی سەخڵەتی و چەرمەسەری دەبین کە گوناهەکانی ژیانی پێشوومان پاک بنەوە، کاتێک بە تەواوی لە گوناهان پاک بووینەوە، ئەمجا گیان ئازاد دەبێ، دەگەڕێ، کات و شوێن بەرهەڵست و بەرگری نابێ، وەک بیری پیاو تیژپەڕ دەبێ، بۆ تەواوی دنیا دەچێ، تەنانەت بۆ تەواوی ئەستێرەکان. هەرکات لە هەر شوێنێک بیهەوێ حازر دەبێ. بە بڕوای ئەو زانایانە بەهەشتی ڕاستی ئەو دەمە، دەنا هەتا گیان دەچێ دە بەر لەشێکی دیکەوە، هەر لە جەهەننەمدایە.

دیارە ئەوانەی وا بیر دەکەنەوە، بۆ قسەی خۆیان بەڵگەشیان هەیە. زۆر کەس دیتراون کە ژیانی ڕابردووی خۆیان وەبیر دێ، ئەمجا هیپنۆتیزم خزمەتێکی گەورەی بەو بیروڕایە کردووە، بەم چەشنە کە بە دەخەو کردنی کەسێک هێندەی دەبەنەوە پشتەوە تا دەگاتە ژیانی پێشووی.

مامۆستاکەمان زۆر لەسەر بیروڕای «ژیانەوە» ڕۆیی. قسەکانیم زۆر پێ خۆش بوون و لە دڵم دەنیشتن، لەدوای ئەو ڕۆژە هەر بیرم لە ژیانەوە دەکردەوە، لە خۆم دەپرسی، ئاخۆ من کێ بووم، چ ژیانێکم بووە؟ چەند جاران لەو بارەوە لەگەڵ مامۆستاکەم دوام و ئاگادارییەکی زۆرترم لەبارەی «ژیانەوە» لێ وەرگرت.

بیری ژیانەوە ئاوێتەی ژیانم ببوو، دەتکوت شتێکی بەنرخم دۆزیوەتەوە، بە هیچ چەشنێک لە خۆم دوور نەدەخستەوە. لەگەڵ ئەوەش چەند پرسیاری بێوەڵام، کە لە کاتی منداڵییەوە لە گەڵم بوون، ئازاریان دەدام: ئاخۆ بە ڕاستی من کچی دایە شەم و خوا لێ خۆش بوو کاک پیرۆت بووم، ئاخۆ ئەوان منیان لەبەر دەرکی مزگەوتێک هەڵگرتبۆوە؟ ڕازی شەوانی هەینی چ بوو کە لە شاری «ک» دایە شەم لە باوکمی دەپرسی شەوانی هەینی چۆن دەبێ...؟

چەند جاران ویستم لەو بارەوە لە دایە شەم بپرسم، بەڵام نازانم بۆ نەمپرسی، ڕۆژ بە دوای ڕۆژدا تێدەپەڕی، دوو مانگێک مابوو بۆ ئەزموونی ئاخری ساڵ کە دایە شەم لە جێدا کەوت، دوکتۆرم هێنایە سەر، دوکتۆر بە ناهومێدییەوە دەرمانی بۆ نووسی و لە کاتی ڕۆیشتندا گوتی:

- بەداخەوە کار لە کار ترازاوە، ئەو دەرمانانەی بدەنێ بەشکەم یەگ دوو ڕۆژی دیکە بژی.

بە قسەی دوکتۆر دنیام بە سەردا ڕما، بەر چاوم لێڵ بوو، فرمێسکم هاتنە خوار، بە هەلینگدان چوومە ماڵە حاجیژنی هاوسێمان. بە دەم گریانەوە قسەی دوکتۆریم بۆ گێڕاوە و دوایە گوتم:

- ئەوە دەچم دەرمانەکانی بۆ دەکڕم.

حاجی ژن کوتی:

- خودا گەورەیە کچم، ئەمنیش ئەوە دەچم بۆ لای دایکت.

دەرمانەکانم هێنانەوە و بە ناهومێدییەوە دەرخواردم دا. حاجیژن و چەند ژنی دیکەی هاوسێمان تا درەنگانێک لە لای دایکم دانیشتن و دڵخۆشییان داوە. دەتکوت دایە شەم مەرگی خۆی بە چاوان دەبینێ، بە ژنەکانی گوت:

- ئەمن دەمرم، ژوان بێکەسە، بە ئێوەی دەسپێرم.

ژنەکان، بەتایبەتی حاجیژن، زۆریان دڵخۆشی داوە کە ئیشاڵڵا بە زوویی چاک دەبییەوە، خودا نەکا خودا نەکا، شتێکیشت لێ بێ، ژوان کچی خۆمانە و وەک چاوی خۆمان ئاگامان لێی دەبێ. دوای ڕۆیشتنی ژنەکان، دایە شەم بانگی کردم و دەستمی لە نێو دەستی خۆی گرت و گوتی:

- ڕۆڵە ژوانێ! ئەمن دەمرم، بەڵام شوکری خودای بە جێ دەهێنم کە ئەتۆ کچێکی ژیر و تێگەیشتووی و دەتوانی بەڕەی خۆت لە ئاوێ دەربێنی، دەبێ زۆرت ئاگا لە خۆت بێ، ئەمنیش لە خودای دەپاڕێمەوە کە بەختەوەر بی و بەردی سارد و گەرمت نەیەتە سەر ڕێگای. ئێستاش دەمەوێ ڕازێکت پێ بڵێم، ڕازێکی کە هەژدە ساڵان لە نێو سینگی خۆمدا ڕامگرتووە، هەرچەند دەزانم ئەتۆ کچێکی ژیری و بە بیستنی ئەم ڕازە سەخڵەت نابی، بەڵام پێم خۆشە بەڵێنییەکم پێ بدەی، پێم خۆشە لە دەمی خۆت ببیستم کە بە بیستنی ئەو ڕازە ناشەمزێی.

- دایە شەم دڵنیا بە خۆم سەخڵەت ناکەم، خۆشم شکم بۆ چووە کە دەتەوێ چ بڵێی، لەبارەی دایک و باوکی ڕاستیمدایە، وا نییە؟

- کچم هەر کەسە چارەنووسێکی هەیە، ژیان سەیرە، هەر خودا خۆی دەزانێ چ دەکا! بەڵێ کچم، ئەمن و خودا لێ خۆش بوو پیرۆت منداڵمان نەدەبوو، زۆرمان ئەم دوکتۆر و ئەو دوکتۆر کرد ناهومێد بووین، تا ڕۆژێکی تاریک و ڕوونێ پیرۆت بۆ نوێژکردن دەچێتە مزگەوت، دەبینێ لەسەر خواجانەی بەر دەرکی مزگەوت مەلۆتکەیەکی لێیە، دەزانێ کە لە وێیان داناوە تا یەکێک بیباتەوە و بیکاتە منداڵی خۆی، هەڵیدەگرێ دەیهێنێتەوە. ئەمن کە بەو کارەم زانی زۆر شاد بووم، مەلۆتکەکەم کردەوە، دوو دەست جلی منداڵان و دە سککەی زێڕ و کاغەزێکی تێدا بوو. کاغەزەکەم هەر ڕاگرتووە، ها خۆت بیخوێنەوە.

دایە شەم دەستی دە باخەڵی نا و دەسرۆکەیەکی دەرهێنا و دایە دەستم، دەسرۆکەکەم بە پەلە کردەوە، کاغەزێکی قەدکراوی تێدا بوو، کردمەوە. ئاوای تێدا نووسرابوو: ناو: ژوان، ناوی باوک: «ر»، ناوی دایک «ک».

کە نامەکەم خوێندەوە کوڵی گریانم هەستا، بەڵام لەبەر ئەوەی کە بەڵێنیم بە دایە شەم دابوو خۆم سەخڵەت نەکەم، بزەیەکم هێنایە سەر لێوم و گوتم:

- دایکی من ئەتۆی... باوکیشم هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی بێ کاک پیرۆت بوو. دایک و باوکی من ئێوەن کە بۆ من بوون و ئەمنتان گەورە کرد، خۆشتان ویستم، دڵتان نەشکاندم.

دایە شەم دەستمی بردە سەر دەمی و ماچی کرد و گوتی:

- تا ئەو ڕۆژەی کە لە شاری «ک» بووین، هەموو شەوانی هەینی یەکێک کە ئێستاش نەمانزانی کێیە، بەسەر دیواردا پرێسکەیەکی بۆ لە حەوشەی داویشتین کە هەموو جارێ دراوێکی زۆری تێدا دەبوو. شکمان بۆی چووبوو کە ئەو دراوە دەبێ لە لایەن دایکت یا باوکتەوە بێ، وا دیار بوو زانیبووی کە ئێمە تۆمان هێناوەتەوە، بەو جۆرە یارمەتی داوین، هیوادارین ڕۆژێکی بتوانی بیاندۆزییەوە، تا ئێستاش بۆیە ئەو ڕازەم نەدرکاند، گوتم با پێی تێک نەچی.

دڵم پڕ بوو لە دەرد و جەخار، دەمەویست بگریم، هاوار بکەم، کوڵوکۆی دەروونم هەڵڕێژنم، بەڵام بۆ ئەوەی دایە شەمی خۆشەویست لە سەرەمەرگدا سەخڵەت نەبێ، ددانم بە جەرگی خۆمدا گرت.

شەو لە لای دایە شەم دانیشتم، دەستم هەر لەنێو دەستیدا بوو، جارجار چاوی وێکدەنا، بەڵام خەوەکانی کورت بوون، جارجار قسەی لەگەڵ دەکردم، قسەکانیم لە جاران پێ خۆشتر بوون، تاریک و ڕوونی بەیانی بوو کە داوای ئاوی لێ کردم، بۆم هێنا، قومێکی خواردەوە و شادەوئیمانی هێنا و ملی لار بۆوە... بانگم کرد:

- دایە شەم! دایە شەم!

بەداخەوە مەلی گیانی هەڵفڕیبوو، هەستام بە هەلینگدان خۆم گەیاندە ماڵە حاجی و لە دەرگام دا، حاجی لە ژوورەوە هەرای کرد:

- کێیە؟

بە گریانەوە وەڵامم داوە:

- ئەمنم مام حاجی، هاتووم لە دوای حاجیژن، دایکم... دایکم ئەتۆ سڵامەت.

گوێم لێبوو حاجی گوتی:

- انا للە و انا الیە الراجعون

هێندەی پێنەچوو حاجی و حاجیژن هاتنە دەر، بەخۆم نەبوو بە گریانەوە خۆم لە باوەشی حاجیژن هاویشت، حاجیژن وێڕای من دەگریا، مام حاجی لە بەر لێوییەوە دوعای دەخوێند. دوای تاوێک مام حاجی گوتی:

- با بڕۆین...

وەڕێ کەوتین، مام حاجی گوتی:

- ئێوە بچن، ئەمنیش بە هاوسێیەکان ڕادەگەیەنم.

هێندەی پێنەچوو ماڵە ئێمە پڕ بوو لە ژن و پیاو، یەک دوو ژن خەریکی نان و چا بوون، چەند ژن ئاویان وەسەر نا تا دایکم بشۆن، چەند کچ دەرک و بانیان ئاوپڕژێن کرد و ماڵییان. هەر چۆنێک بوو دایە شەمیان شوشت و لە کفنیان پێچا و دارمەیتیان هێنا و بردیانە مزگەوت. خەڵکی گەڕەکەکەمان بە تێکڕایی بۆ ناشتنی چوونە سەر قەبران. سێ ڕۆژان نان و چێشت لێندرا و لە مزگەوتێ بۆی دانیشتن.

دوای تەواو بوونی سەرەخۆشی، حاجیژن بە زۆری ئەمنی بردە ماڵە خۆیان و گوتی:

- کچم! جوانکیلەی، باش نییە بە تەنیایی لە ماڵێ بمێنییەوە.

بە قسەم کرد، مام حاجی و حاجیژن زۆریان ڕێز لێ دەنام و وەک کچی خۆیان ئاگایان لێم بوو.

کوڕەکەیان ناوی «برزوو» بوو. لە خراپە و بەدفەڕیدا تای نەبوو، حاجیژن دەیگوت زۆر شەوان بە مەستی دێتەوە، ئەمن و حاجی کە چاومان پێی دەکەوێ دەتوێینەوە، بەڵام چمان پێ ناکرێ. لە یەکەم ڕۆژدا لە بزە و ڕوانینی قینم هەستا، زانیم مەبەستێکی بێشەرمانەی هەیە، بە خۆم گوت دەبێ ئاگام لە خۆم بێ.

حاجیژن هۆدەیەکی پێ دام و گوتی:

- کچم ئەوە هۆدەی تۆیە، ئەگەر پێت خۆش بوو قفڵی بکە.

یەکەم شەو خەونم بە دایە شەمەوە دی، لەنێو زەنوێرێکی خۆشدا بوو، هەنارێکی گەورەی بە دەستەوە بوو، بۆ لای ڕاداشتم و گوتی:

- ژوانێ! کچم! ئەوە دایکت بۆی ناردووی، چاوەڕێتە... بە تاسەوە پرسیم:

- دایکم...! لە کوێیە...؟

- لە شاری «ب»یە، بچۆ دەیدۆزییەوە، یەکێکی دیکەش هەر چاوەڕوانتە.

- کێ...؟

- دۆستێکی زۆر کۆن... ناتوانم ناوی بێنم...

لە خەو ڕاچەنیم، تا بەیانی خەوم وەچاوان نەکەوتەوە، لە خۆم دەپرسی:

- دایکم؟ شاری «ب»؟ دۆستێکی کۆن؟ ئەوە دەبێ چ بێ؟

تا تەواو بوونی تاقیکردنەوەی ئاخری ساڵ هەر لە ماڵە مام حاجی بووم، جارجار سەرێکی ماڵە خۆمانم دەدا و بە دڵێکی خەمبارەوە دەگەڕامەوە.

وێڕای ئەو هەمووە خەم و پەژارەیەی کە هەمبوو، لە تاقیکردنەوەی ئاخری ساڵ بە باشی سەرکەوتم، لەو ماوەیەدا چەند جاران خەونم بە دایە شەمەوە دەدی، هەموو جارێ پێی دەگوتم بەرەو شاری «ب» وەڕێ کەوم دایکم دەبینمەوە....

برزوو زۆر جاران دەیەویست لێم نزیک بێتەوە، هەمیشە بۆ دامەزراندنی قسە بیانووی هەبوو، بەڵام ئەمن ڕووم نەدەدایە، ئەو ڕۆژەی کە هەواڵی سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەم بۆ حاجیژنێ هێنا، حاجیژن زۆری پێ خۆش بوو و پیرۆزباییی لێ کردم، برزووش لە لامان بوو، گوتی:

- جا ئاوا لە کۆڵت نابینەوە، دەبێ شیرنیمان بدەیەی.

حاجیژن مۆڕەیەکی لێ کرد و ئەمن چم نەگوت، بۆ ئەوەی وەڕەزیم بشکێ تاوێک وەدەر کەوتم. سەرێکی پارکی گەورەی شارەکەمانم دا. تووشی بەفرینی ئاواڵم بووم. لەگەڵ بەفرین لە پۆلێکدا دەمانخوێند. بەفرین خەڵکی لادێ بوو، بۆ خوێندن هاتبوو بۆ شار و لە ماڵە خزمێکیان دەژیا. بەیەکەوە هێندێکمان پیاسە کرد، لەپڕڕا بەفرین گوتی:

- ژوان! سبەینێ ئەمن دەچمەوە گوندەکەمان، بۆ لەگەڵم نایەی؟ هاوینێ بەیەکەوە ڕایدەبوێرین، گوندەکەمان ناوی «گ»یە و زۆر خۆشە، دەحەسێیەوە.

زۆرم پێخۆش بوو، بەتایبەتی کاتێ زانیم گوندەکەیان لەگەڵ شاری «ب» نێوانێکی وای نییە، بەڵێنیم پێدا لەگەڵی بچم. گەڕامەوە ماڵێ، لە درگام دا، برزوو درگای کردەوە، هەر کە وەوژوو کەوتم درگای پێوەدا و بۆ لام هات. ویستی لە ئامێزم گرێ، پێمەڕەیەک لەوێ بوو، پڕم دایە و یەکبەخۆم لە سەریم ڕاکێشا، خوێن فیچقەی کرد، برزوو دەستی بە سەریەوە گرت و ئەمنیش بە هەلم زانی، درگام کردەوە و ڕامکردە دەر، چەند هەنگاوێک نەڕۆیشتبووم تووشی حاجیژنێ بووم کە بەرەو ماڵ دەگەڕایەوە. کە چاوی بە من کەوت گوتی:

- ژوانێ، ڕۆڵە ئەوە بۆ وا پەشۆکاوی، ڕەنگت بۆ بزرکاوە؟

ئەمنیش هەموو شتێکم بۆ گێڕاوە، حاجیژن گوتی:

- دەستت خۆش بێ، خۆزگە وات لێ دەدا ڕاست نەدەبۆوە. چی لێ بکەم، دارێکم بە دەستەوە هەرتک سەری پیسە، دەری دەکەم ناکرێ، ڕایدەگرم ناکرێ، خودا جوانەمەرگی کا....

لەگەڵ حاجیژنێ گەڕامەوە، برزوو خەریک بوو دەست و چاوی دەشوشت، دەسرەیەکی خوێناوی لەسەر سەری بوو، حاجی ژن کە چاوی پێکەوت تفێکی لێ کرد و گوتی:

- تف لە ڕووت بێ، بێشەرمی بێنامووس! هەر مابوو لە لای ئەم کچە سەرشۆڕم کەی، هەی خوێڕی...؟

برزوو قسەی نەکرد و سەری بەرداوە و وەدەرکەوت. لە ژوورێ بە حاجیژنم گوت کە سبەینێ لەگەڵ بەفرینی دەچینە دێ. حاجی ژن گوتی:

- کچم ئەتۆ گەورەی، شوکور زۆریش تێدەگەی، بۆ ئەوەی نابێ پێت بڵێم چ بکە و چ مەکە، چۆنت پێ باشە وا بکە، بەڵام زۆرت ئاگا لە خۆت بێ، ئەوەشت پێ بڵێم: ئێرە بە ماڵە خۆت بزانە، کە گەڕایەوە پێم خۆش نییە بۆ هیچ کوێ بچی، برزووش ناتوانێ هیچ بکا، خۆم ئاگام لێت دەبێ.

بەیانی کتێب و شمەکەکانم دەست دایە و چوومەوە ماڵە خۆمان. ماڵەکەمان خەمی لێ دەباری. جێگای دایە شەمێ دیار بوو. بە ماڵدا گەڕام، خەنجەرێکی دەبانی باوکم دیتەوە، هەڵمگرت و لەگەڵ دوو دەست جلوبەرگ دە جانتایەکم نا. هەر وەها بەرموورێکی دایە شەمم هەڵگرت و دەرکەکانم داخستن و وەدەر کەوتم. دیسان چوومەوە ماڵە مام حاجی و کلیلەکانم دان بە حاجیژن. مام حاجی هێشتا وەدەر نەکەوتبوو، ماڵئاواییم لێ کردن و بەرەو کاراژ ڕێم داگرت.

لە کاراژێ بەفرین چاوەڕێم بوو، سوار بووین و وەڕێ کەوتین. دوای سەعاتەڕێیەک گەیشتینە شوێنێک کە ئیتر ڕێگای ماشێنی نەبوو، دابەزین و چارەگەسەعاتێک بە پێیان ڕێمان بڕی.

گوندەکەیان لە داوێنی بەرزەچیایەکدا هەڵکەوتبوو، مەڵبەندێکی سەوز و بژوێن بوو، کەمێک دوورتر ڕوانگەی لێڕەوارێکی دڵڕفێن هێندەی دی ئەو مەڵبەندەی خەمڕەوێن کردبوو. ئاوی ڕوونی چەند ساردەکانی لە داوێنی چیاوە دەهاتنە دەر و بەسەر لێژاییدا لوور دەبوونەوە. لەم بەر و ئەو بەری جۆگەلەکان گوڵی نێرگیز و وەنەوشە و گوڵەزەرد و گوڵانی دی سەریان پێوەنابوو و بۆنی پنگە و خاو و کەما، عەتری لە هەوادا بڵاو دەکردەوە.

باوکی بەفرین بە سەفەر چووبوو، تەنیا دایک و خوشک و برایەکی چووکەی لە ماڵ بوون، زۆریان ڕێز گرتم. ڕۆژانە لەگەڵ بەفرین دەگەڕاین، وە چیای هەڵدەگەڕاین، لە دەم کانیاو و جۆباران گوڵمان دەچنی، لەسەر تەرتان دادەنیشتین و سەیری ئەو مەڵبەندە هەست بزوێنەمان دەکرد، گوێمان لە بلوێری شوانێ هەڵدەخست، دەچووینە نێو بەرخەلان. پێم خۆش بوو سەرانسەری هاوین لەو گوندەی مابامەوە، بەڵام دڵم ئۆقرەی نەدەگرت، دەمەویست بە شوێن چارەنووسێکی نادیاردا بچمە شاری «ب»، لە خۆم دەپرسی خۆ کەس ناناسم، بچمە لای کێ، ئاخۆ چ پێش دێ؟ شەوێک دیسان دایە شەمم هات لە خەونێوە، بە بزەوە گوتی:

- باشت کرد هاتییە ئێرە، لە دایکت نیزیک بوویەوە، دڵنیا بە بچییە شاری «ب» دەیدۆزییەوە، لە هیچ مەترسە، ئەمن ئاگام لێتە....

بەیانی لە بەفرینم پرسی:

- تا شاری «ب» چەندە ڕێگایە؟

- زۆر دوور نییە، تا سەر جادەی بە پێیان بە شێنەیی بڕۆی، نیوسەعاتێک ناکێشێ. جادە بە پشت ئەو کێوەدا ڕەد دەبێ. هۆو ڕێگایەت دیوە؟ بە نێو لێڕەواردا ڕاست دەچێ بۆ سەر جادە. هەمیشە ماشێن وە دەست دەکەوێ. تا مانگێکی دی ڕێگای ماشێن بۆ ئێرەش دەکێشن.

- سبەینێ دەڕۆم.

بەفرین واقی وڕ ما و پرسی:

- بۆ کوێ؟

- بۆ شاری «ب».

- بۆ؟

- دەچمە ماڵە خاڵم.

- کوێڕا؟ جارێ هەر نەبێ مانگێکمان لە لا بە.

- زۆر سپاس، خاڵم چاوەڕێمە.

سبەینێ بەفرین تا دەرەوەی ئاوایی لەگەڵم هات و بەڕێی کردم. کە لە بەفرینێ هەڵبڕام رێگام داگرت. هێندەی پێ نەچوو گەیشتمە نێو لێڕەوارێکی چڕ و پڕ، ڕێگا بە نێو داراندا دەڕۆیی، کەس دیار نەبوو، لە خۆوە ترسم ڕێنیشت. جانتاکەم کردەوە و خەنجەرە دەبانەکەم دەرهێنا و لەبەر پشتێندم نا و وەڕێ کەوتمەوە. ڕێگا پڕ پەناوپەسیو بوو، هێندێکی دی ڕۆیشتم، لە ناکاو گوێم لە دەنگێک بوو، ڕاوەستام و گوێم هەڵخست، کچێک دەپاڕاوە و دەیکوت:

- کاکە مامەند! لە ڕێی خودایدا، کاری کردنێ نییە، ئەمن کچم، لێم گەڕێ بڕۆم، ئابڕووم مەبە.

یەکێک لە وەڵامیدا گوتی:

- لەو قسانە گەڕێ، لە مێژە لە ڕۆژێکی وا دەگەڕام، بە خۆشی بە قسەم دەکەی باشە، دەنا ئەنجن ئەنجت دەکەم.

دەستم لەسەر خەنجەرەکەم دانا و بە ئەسپایی لە دەنگەکە نیزیک بوومەوە و خۆم لەپشت دارێکی ئەستوور مات کرد، پیاوێک کچۆڵەیەکی لە ئەردی دابوو و کراسەکەی تیتۆڵ تیتۆڵ کردبوو و دەیەویست ئەتکی بکا. کچەکەش دەلەرزی و دەپاڕاوە و دەیگوت:

- کاک مامەند! پیاوی چاک بە، ئەمن لە کچەکەی تۆ چووکترم، کوڕە لە ڕێی خودایدا وازم لێ بێنە.

پیاوەکە وا دیار بوو ناوی مامەندە و لە تەمەنی ٤٥ ساڵیدا بوو، کچۆڵەکەی، کە هەر ١٤ ساڵ دەبوو، وە بەر زللان دا. کچەکە قیژاندی. مامەند دەستی بە دەمی گرت و بە دەستەکەی دیکەی خەریک بوو ڕووتی دەکردەوە. خەنجەرەکەم بەدەستەوە گرت و هەڕڕام کردێ، بەڵام هێشتا دوو هەنگاو نەچووبوومە پێش کە لەنێو داراندا پیاوێکی باڵابەرز بە خەنجەرەوە بۆی چوو. بەر لەوە کە مامەند بتوانێ هەستێ، یەکبەخۆی خەنجەرێکی لە پشتەوە لە سەر دڵی ڕاکرد. مامەند ناڵەیکی کرد و بە لادا کەوت و دەنگی لی بڕا، ئیستێک بێدەنگ ڕاوەستام، کچەکە بە دەستەکانی سینگ و مەمکی شاردەوە، پیاوەکە ڕووی لێ وەرگێڕا. لەو دەمەیدا چاوی بە من کەوت، بە دیتنی من قوشقی بوو و گوتی:

- خەیاڵ! ئەتۆ؟ بۆخۆتی؟

ڕواڵەتی زۆر ئاشنا بوو، سپیلکەڵە، چاو و برۆ ڕەش، ڕەنگ پیاو و دەنگ پیاو. بەر لەوەی وەڵامی بدەمەوە و زیاتری لێ خورد بمەوە جانتاکەم کردەوە و دەستێکم جل بۆ کچۆڵەکەی دەرهێنا و بۆم برد و گوتم:

- ها ئەم جلانە لە بەر کە.

ئاوڕێکم لە پیاوەکەی داوە، پشتی لە ئێمە کردبوو و سەری لەنێو دوو لەپی دەستی گرتبوو، دەتگوت بیر دەکاتەوە. چاوێکم لە مامەندی کرد، ئەویشم ئاشنا هاتە بەر چاو، یەکی ڕەشتاڵەی ئێسک قورسی خوێنتاڵ بوو، هەرچی بیرم لێ کردەوە نەمزانی لە کوێم دیوە. سەیر قینم لێی هەستابوو، دەمەویست بە مردووییش وەبەر خەنجەرانی بدەم. کچەکە هەر دەلەرزی و ڕەنگی سپیی هەڵگەڕابوو. بە یارمەتیی من جلەکەی لە بەر کرد و خۆی لە باوەشی هاویشتم، پێم گوت:

- مەترسە هەموو شت تەواو بوو، بە سزای خۆی گەیشت.

لەو دەمەیدا پیاوەکە ڕووی وەرگێڕا و بۆ لامان هات. چاوی لە من نەدەترووکاند. ئاکاری مەند و پیاوانە بوو. نیگامان تێک ئاڵقا. زۆر ئاشنا بوو، دەتگوت چەند ساڵ پێکەوەمان ڕابواردووە. هەرسێکمان بێدەنگ بووین، هەر چۆنێک بوو پیاوەکە گوتی:

- هەستن لێرە بڕۆین تا کەس نەهاتووە.

هەستاین، جلکە دڕاوەکانمان لەنێو جانتاکەی نان و وەڕێ کەوتین، پیاوەکە گوتی:

- مەپەشۆکێن، بە ڕۆیشتنی ئاسایی پێ هەڵێننەوە و وا بزانن هیچ نەبووە. هەقی خۆی بوو، دەبوایە بە دەستی من بکووژرێ. ئەمجا بە ئەسپایی ورتەی لێ هات:

- ئاخر ئەو ئەمنی جارێک ناپیاوانە کوشتبوو....

کچۆڵەکە یا لەو قسەیەی نەگەیشت یا خۆی گێل کرد، بەڵام بۆ من سەیر بوو. چۆن جارێک ئەوی کوشتبوو؟ نەکا لە ژانی پێشوویدا...، بۆ ئەوەی پیاوەکەی بدوێنم گوتم:

- پێم وا بێ تۆ ئەمنت بە یەکی دی شوبهاندووە، پێت گوتم خەیاڵ...

پیاوەکە بە بزەوە چاوێکی لێ کردم و گوتی:

- هیوادارم هەڵەم نەکردبێ....

پیاوێکی سەیرم هاتە بەر چاو. هەرچی بیرم لێ دەکردەوە نەمدەزانی لە کوێم دیوە، دڵنیا بووم لە جێگەیەک دیومە، مامەندیشم دیبوو، بەڵام نەدەچوومەوە سەری....

گەیشتینە ئەو کێوەی کە بەفرین نیشانی دابووم. دەبوایە کێوەکە دەور لێ بدەینەوە، پیاوەکە گوتی:

- لە لای ئەو بەردە کانیاوێکی خۆشی لێیە، پێتان خۆشە بچین ئاوێکی بخۆینەوە و ماندوویەتی دەرکەین؟

ئەمن چاوێکم لە کچۆڵەکەی کرد و گوتم:

- ئەمن پێم ناخۆش نییە.

کچەکەش گوتی:

- با بچین.

کانیاوێکی خۆش بوو، لەسەر تاتەبەردێکی دانیشتین، پیاوەکە گوتی:

- ئەوەندەی پێکەوە بووین یەکترمان نەناسی، با خۆمان بە یەکتری بناسێنین، ئەمن ناوم ئازادە.

ئەوەی گوت و چاوی لە من بڕی، ئەمنیش گوتم:

- ئەمن ژوانم.

کە من وام گوت، ئازاد لە بەر خۆیەوە گوتی:

- ژوان؟

کچەکەش گوتی:

- ئەمنیش ناوم «گزینگ»ە.

ئازاد وا سرنجی دابووە من کە دەتگوت گزینگی نەدیوە و هیچیش نەقەوماوە. بۆ ئەوەی لە ژێر باری گرانی ڕوانینی ڕزگار بم، ڕووم لە گزینگ کرد و پرسیم:

- گزنیگ ئەوە کێ بوو؟

- کاک مامەند بوو، چووبووم سەری پوورم بدەم، پوورم براژنی کاک مامەندە، ماوەیەک لەوێ بووم، هەر بە دەورمدا دەگەڕا، ئەمنیش ئەمڕۆ گەڕامەوە تا لە چنگانی ڕزگار بم، نەمزانی وەدوام کەوتووە، خودا ئێوەی بۆ من نارد.

پرسیم:

- ماڵتان لە شاری «ب»یە؟

سەری بەردایەوە و هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی:

- بەداخەوە ماڵم نییە، کەسم نییە لە پوورم زیاتر، لە شاری «ب» لە ماڵە کابرایەکی کارم دەکرد و شەوانەش دەمخوێند، خوێندنی سەرەتاییم تەواو کردووە، بەڵام لە بەختی ڕەشی من ژنەکەی دە ڕۆژ پێش مرد و کابرا بە تەنیا ماوەتەوە، ئیدی ناتوانم لەوێ بم.

- ئەدی دەتەوێ چ بکەی؟

- بۆخۆشم نازانم.

ئازاد لە منی پرسی:

- ئەدی ئەتۆ کێی ژوان؟

- ئەمن ماڵم لە شاری «س»ێیە، دەچمە شاری «ب»، بۆ ماڵە خاڵم.

- خاڵت کێیە؟ ئەمن خەڵکی شاری «ب»ێم.

سەیر پێوە ببووم، نەمدەتوانی ڕاستیی ژیانمی بۆ بگێڕمەوە، لە شاری «ب»ێش کەسم نەدەناسی بیکەمە خاڵی خۆم، لە سەر خودای گوتم:

- خاڵم ناوی «باپیر»ە، تازە ماڵیان چووە بۆ شاری «ب».

- لە کامە گەڕەکن؟

- بۆ دەپرسی؟

- دەمەوێ بتبینمەوە.

- ئەتۆ ناو و نیشانی خۆتم بدەیە ئەمن دەتبینمەوە.

- قەولم پێدەدەی بمبینییەوە؟

- پێویستە؟

- ئا...

- بۆ...؟

- لەمێژە لێت دەگەڕێم....

- بۆ دەمناسی؟

- زۆر باش.

- لە کوێت دیوم، کەنگێت دیوم؟

- ناتوانم پێت بڵێم.

- بۆ...؟

- چونکە بڕوام پێ ناکەی.

- بڕوات پێ دەکەم.

- بڵێم سێسەت ساڵ پێش بڕوا دەکەی؟

قسەکانی مامۆستای فەلسەفەم وە بیر هاتنەوە. بڵێی ئازاد ڕاست بکا، بڵێی لە ژیانی پێشوومدا لەگەڵم بووبێ؟ لێی خورد بوومەوە، چاوەکانی درۆیان نەدەکرد، وەڵامم داوە:

- بڕوا دەکەم، بڕوام بە ژیانەوە هەیە.

بزەیەکی ڕەزامەندانەی هاتە سەر لێو و چاوانی وێکنان و هەڵیهێنانەوە و گوتی:

- کە وا بوو قەولم پێ بدە بمبینییەوە.

- قەول دەدەم، بەڵام تۆ لە کوێ دەزانی ئەمنت دیوە، بۆ پێت وایە ئەوی دیوتە ئەمنم؟

- ئەمن دەزانم، ژیانی ڕابردووی خۆمانم لە بەر چاوە، هەڵەم نەکردووە، ژیانمان تێکەڵاوی یەک بووە، بە چاوی تۆ ئاشنا نایەم؟

- با....

- ئەدی مامەند...، پێت وا نییە لە جێیەکت دیبێ...؟

- با...

- ئەو ژیانی ئێمەی تێک دا... ئەمنی کوشت، ئەتۆی لێ ئەستاندم، نازانم ئیدی چت بە سەر هات، بەڵام بە دیتنەوەی تۆ هەموو شتێک ڕوون دەبێتەوە. دەتبەمەوە سێسەت ساڵ لەمەوبەر.

- چۆن...؟

- زۆر بە هاسانی، هیپنۆتیزمت دەکەم، دەتگەڕێنمەوە دواوە، بەو مەرجەی یەکتر ببینینەوە.

قسەکانی ئازادم زۆر پێخۆش بوون، پێم خۆش بوو هەر قسەم بۆ بکا، پێم خۆش بوو هەر لە لای دانیشم و باسی ڕابردووم بۆ بکا. بیرم لێ دەکردەوە دەبێ ژیانی پێشووم چۆن بووبێ، ئازاد کێ بووە، مامەند کێ بووە؟ ئازاد هەودای خەیاڵمی پساند و گوتی:

- چیرۆکی ژیانمان دوورودرێژە، ئەگەر یەکترمان دیتەوە بۆت دەگێڕمەوە.

گزینگ حەبەسابوو، نەیدەزانی ئێمە لە چی دەدوێین، ئازاد ژمارە تەلەفوونەکەی پێدام و گوتی:

- سێ ڕۆژی دی دەگەڕێمەوە بۆ شاری «ب».

هەستاین گەڕاینەوە سەر ڕێگا. ئازاد ماڵئاوایی کرد و گەڕاوە. من و گزینگیش بە ڕێی خۆماندا ڕۆیشتین. بە گزینگم گوت:

- گزینگ گیان! ئەمنیش وەک تۆ هیچ کەسم نییە، لە شاری «ب»ێش کەس ناناسم و یەکەم جارە دەچمە ئەو شارە.

گزینگ بە سەرسووڕماوییەوە چاوێکی لێکردم و پرسی:

- ئەدی بۆ گوتت دەچمە ماڵە خاڵم و ناوی خاڵم باپیرە؟

- ئازادم نەدەناسی، پێم خۆش نەبوو لە ژیانم بگا.

- ئەدی ئێستا دەچییە کوێ؟

- نازانم... خودا گەورەیە....

بەرزەکێوەکەمان لە پێش بوو، دەورمان داوە و چووینە لای نیسارەکەی. جادەیەکی پان و دوورودرێژ دیار بوو. ماشێن هاتوچۆیان دەکرد. تا دەگەیشتینە سەر جادەی سەرەوژێرییەکمان لە پێش بوو. گزینگ دەستی بۆ لای ڕاست ڕاداشت و گوتی:

- شاری «ب» لەو لایەیە.

سەرەوخوار بووینەوە و بە گزینگم گوت:

- هێندێکم دراو هەیە، هۆدەیەکی بە کرێ دەگرین، ماڵێکی پێکەوە دەنێین و هەوڵیش دەدەین کارێکی بۆ خۆمان بدۆزینەوە.

گزینگ گوتی:

- ئەمنیش بڕێکم دراو هەیە.

گزینگ کەم دەدوا، لێم پرسی:

- گزینگ بۆ هیچ ناڵێی؟

- جا بڵێم چی؟ کارەساتی ئەمڕۆ وا کاس و وڕی کردووم، قسەشم پێ نەماوە.

- بیری لێ مەکەوە، لە ژیاندا شتی وا زۆر دەقەومێ.

گەیشتینە سەر جادەی، لە بن دارێکی پڕ لکوپۆ لەسەر دوو بەردان دانیشتین و چاوەڕێی هاتنی ماشێن بووین. یەکەم ماشێن بۆی ڕانەگرتین. ماشێنێکی سواریی ڕەنگ سوور لە دوورەوە پەیدا بوو، دەستمان هەڵێنا، بۆی ڕاگرتین، کوڕەلاوێک لەتەنیشت ژنێکی ٣٧ - ٣٨ ساڵانە ماشێنی لێدەخوڕی، چووینە پێش ڕۆژباشمان کرد و ئەمن گوتم:

- ببوورن، دەکرێ ئێمە تا شاری «ب» هەڵگرن؟

ژنەکە بزەیەکی هاتە سەر لێو و گوتی:

- فەرموون سوار بن.

- زۆر سپاس

ئەمن سوار بووم و گزینگیش لەتەنیشتم دانیشت. وەڕێ کەوتین، ژنەکە ئاوڕێکی داوە و چاوێکی لێ کردین و پرسی:

- خوشکن؟

وەڵامم داوە:

- نەخێر ئاواڵین.

- ناوتان چییە؟

- ئەمە ناوی گزینگە، ناوی منیش ژوانە....

- ژوان...؟! چ ناوێکی خۆشە، گزینگیش خۆشە.

بە بزەیەکی سپاسم کرد، ژنەکە چاوی لە من نەدەترووکاند، پرسی:

- دایکت هەیە؟

- هیچ کەسم نییە....

- چۆن...؟

- هەردووکیان ئەتۆ سڵامەت.

- خودا لێیان خۆش بێ. خەڵکی کوێی؟

- خەڵکی شاری «س»ێم.

- ئەمنیش ناوم کەژاڵە، ئەمەش کوڕمە، ناوی ژیرۆیە....

دوای ئیستێک بە کوڕەکەی گوت:

- ژیرۆ! لە لای کانییەڕوونی ڕایگرە کەمێک ئاو بخۆینەوە.

- باشە دایە گیان.

کانییەڕوون لەتەنیشت جادەی بوو، کەمێکمان ئاو خواردەوە و تاوێکی دانیشتین، دیمەنێکی دڵڕفێنی هەبوو، کەژاڵ پرسی:

- ماڵتان لە کوێیە...؟

گوتم:

- بەداخەوە ماڵمان نییە و لە شوێن کار دەگەڕێین.

چاوی زەق بوو، گوتی:

- ئەدی دەچنە کوێ...؟

- نازانم...، بەڵام بە تەماین ماڵێکی بگرین.

- کە وایە دەچینە ماڵی ئێمە، بەم دەمودەستە ماڵ ناگیرێ، تا ماڵێکتان وەچنگ دەکەوێ و کارێکی دەبیننەوە لە لای من بن. ئەمنیش لەگەڵ ژیرۆم، کەسی دیکەمان لەگەڵ نییە.

سپاسمان کرد، زۆرم خۆش لێ هاتبوو، پێم شوورەیی نەبا خۆم لە باوەش دەهاویشت و ڕامدەمووسی. وەڕێ کەوتینەوە، لە زینوویەک وەسەر کەوتین، دیمەنی شاری «ب» خۆی نواند. شارێکی زۆر مەزن نەبوو، بەڵام خۆش و دڵگر بوو. لەنێو شار یەک دوو شەقاممان جێ هێشت و چووینە نێو کۆڵانێکی گەورەوە. ژیرۆ لەبەر درگایەکی ئاسنیی مەزندا ماشێنەکەی ڕاگرت و دابەزی دەرگای کردەوە و ئێمەی بە ماشێنەوە بردە نێو حەوشەیەکی گەورەی پڕ گوڵ. خانووبەرەیەکی سپیی زۆر خۆش لە نێوەڕاستی حەوشەکەدا بوو و چوار دەوری باخچەی گوڵ بوو. بۆن و بەرامی گوڵ و گیای بۆنخۆش پیاوی مەست دەکرد. حەوزێکی گەورەی شین هێندەی دیکە حەوشەکەی ڕازاندبۆوە. ئەمن ماتی دیمەنی دڵڕفێنی حەوشەکە بووم کە کەژاڵ گوتی:

- با بچینە ژوور بحەسێنەوە، ماندوو بوون، ڕەنگە برسیشتان بێ.

ئەوەی گوت و وەپێش کەوت. من و گزینگ وە شوێنی کەوتین. ژیرۆ خەریکی ماشێنەکەی بوو. کە دەرکەکەی کردەوە چاوم بە ماڵێکی کەوت لە ئەوپەڕی جوانی و ڕازاوەییدا. مافوورەی جوان، تابڵۆی سرنجڕاکێش، گوڵی ڕەنگاوڕەنگ، بۆن و بەرامێکی خۆش و... لەنێو هاڵێکی گەورەدا دەستێک موبڵی زۆر جوان ڕۆنرابوو. لە سووچێک تەلەویزیۆنێکی گەورەی چەرخدار لەتەنیشت دێکۆڕێکی زۆر جوان کە بە شتی ئەنتیکە ڕازابۆوە خۆی دەنواند. کەژاڵ دەرکی هۆدەیەکی کردەوە و بە ئێمەی گوت:

- تا لێرەن ئەم هۆدەیە بۆ ئێوە.

هۆدەکە زۆر گەورە نەبوو، لە لای سەرەوە دوو تەخت بۆ خەوتن داندرابوون و مافوورەیەکی چووکە لەسەر مۆکێتی سەر ئەردی سووچاوسووچ ڕاخرابوو، دوو تابڵۆی جوان کە یەکیان دیمەنی چیا و لێڕەواری نیشان دەدا و ئەوی دیکە دیمەنی گوندێکی کوردەواری بوو، لەم لا و ئەو لای هۆدەکە هەڵواسرابوو، لە لای خوارەوە کۆمۆدێکی گەورە دە دیواریدا بوو. کەژاڵ گوتی:

- حەمامەکەمان ئامادەیە، ئاوێکی بە خۆتاندا کەن با ماندووییتان دەرچێ. حەمامی پێشان داین و دوو لفکە و دوو خاولیی تازەشی بۆ هێناین و گوتی:

- سابوون و شامپۆ و شانەش لە ژووری حەمامەکەدان.

خۆمان شوشت و هاتینە دەر، کەژاڵ نان و چێشتێکی خۆشی ساز کردبوو، بە ڕووخۆشییەوە خوڵقی کردین بخۆین.

کەژاڵ چاوی لە من بڕیبوو، لە چاوانی پڕشنگێکی خۆشەویستیم بەدی دەکرد، بزەی مەندی لەسەر لێو لانەدەچوو، ئاکاری هێدی و لەسەرەخۆ بوو، هەر پرسیاری جۆراوجۆری لێ دەکردم:

- خوێندەواریت هەیە؟ چەند ساڵە دایک و باوکت کۆچی دوایییان کردووە؟ چۆن هاتییە ئێرە و... و....

ئەمنیش وەڵامم داوە، نانەکەمان خوارد، ئەمن و گزینگ هیربارەکانمان شوشتن و چامان تێکرد، خەریکی چاخواردنەوەی بووین، دیسان کەژاڵ پرسیاری لێ دەکردم و ئەمنیش وەڵامم داوە. ژیرۆ وەدەر کەوت و سێ بە سێ ماینەوە. کەژاڵ پرسی:

- ماڵتان لە هەوەڵەوە لە شاری «س» بووە؟

- نا لە پێشدا لە شاری «ک» بووین.

- شاری «ک»! لە کام گەڕەک بوون؟

- لە گەڕەکی مزگەوتی گەورە....

- مزگەوتی گەورە... ناوی دایک و باوکت چ بوو؟

پێم سەیر بوو کەژاڵ ئەو پرسیارانەی لە من دەکرد، لە ناکاو بیرێکم بە مێشکدا هات: نەکا کەژاڵ دایکم بێ...!؟ ناوەکەی بە پیتی «ک» دەست پێدەکا. ئەو کاغەزەم وەبیر هاتەوە کە دایە شەم لە سەرەمەرگیدا پێیدام و تێیدا نووسرابوو: ناوی باوک «ر»، ناوی دایک «ک»...، گوتم:

- باوکم ناوی پیرۆت بوو و دایکیشم ناوی دایە شەم بوو.

کەژاڵ فرمێسکی لە چاوان گەڕا و لێوی خوارەوەی گەست و گوتی:

- زۆر ببوورە دەکرێ سینگت ئاواڵە کەی؟

- بۆ... لە بەر چی دەفەرمووی؟

- دەمەوێ بزانم نیشانەیەکت لەنێو مەمکاندا هەیە، خاڵێکی ڕەش.

شکم نەمابوو کە کەژاڵ دایکی ڕاستیمە، بەڵام خۆم ڕاگرت و بە ئەسپایی بەرۆکم کردەوە، هەر کە چاوی بە خاڵی نێو سینگم کەوت، دوو تنوک فرمێسک لە چاوانی هاتنە خوار و گوتی:

- کاک پیرۆت و دایە شەم دایک و باوکی خۆت بوون؟

پرسیم:

- ئای کەژاڵ بۆ دەگری...؟

- کچم، ئەمن ونبوویەکم هەیە، بەو ناو و نیشانانەی کە دەڵێی ئەتۆ دەبێ کچی من بی، تکات لێ دەکەم هەرچی لە بارەی خۆتدا دەزانی بەڕاستی بۆم بگێڕەوە.

- کە وایە هەموو شتێکت بۆ دەگێڕمەوە: کاک پیرۆت و دایە شەم دایک و باوکی خۆم نەبوون، ئەمنیان لەبەر دەرکی مزگەوتی گەورەی شارەکەمان هەڵگرتبۆوە، لەنێو مەلۆتکەکەمدا دوو دەست جلک و دە سککەی زێڕ و ئەم نامەیەیان دانابوو.

ئەوەم کوت و دەستم لە باخەڵم نا و کاغەزەکەم دەرهێنا و دامە دەستی. کەژاڵ هەر کە چاوی بە نامەکەی کەوت بۆ لام هات و بە گریانەوە لە ئامێزی گرتم و گوتی:

- ئەمن دایکتم... ژوان... گیان، کچەکەم...؟

ئەمنیش بە باوەشمەوە گوشیم و گوتم:

- دایە... دایکی خۆشەویستم... بۆ... بۆ لێم دوور بووی...، بۆ ئەمنتان فڕێدا... ئەدی باوکم...، باوکم کێیە...، ماوە...؟

دیمەنێکی سەیر بوو، دایک و کچێک دوای ١٩ ساڵان گەیشتبوونە یەک و یەکتریان لە باوەش گرتبوو و دەگریان. گزینگ سەری سووڕ مابوو، لەتەنیشت ئێمە ڕاوەستابوو، دەستێکی لەسەر شانی من دانابوو، دەستێکیشی لەسەر شانی دایکم، نەیدەزانی دەبێ چ بکا و چ بڵێ...، نازانم چ ماوەیەک لە ئامێزی یەکتردا بووین، نازانم چەند جاران یەکترمان ڕامووسی، هەر ئەوەندەی دەزانم کاتێکی خۆش بوو... ڕۆژێکی نوێ بوو... لەو دەمەوە لاپەڕێکی تازە لە ژیانمدا هەڵدرایەوە، ئەمنیش و دایکیشم لە خۆشیان نەماندەزانی چ بکەین. تاوێکی یەکترمان لە ئامێز دەگرت، دەمێک بە بێدەنگی لە یەکترمان دەڕوانی، جارجار هەستی دەروونمان بە وشەی دایە گیان... ڕۆڵە گیان... خوایە شوکور... دەردەبڕی. تەقەی دەرکەی هات، دایکم هەستا و گوتی:

- ژیرۆ هاتەوە، مزگێنی دەدەمێ، دڵنیام ئەویش شاد دەبێ....