V

از کتاب:
بزەی ژیان
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 22 دقیقه  932 مشاهده

کە ڕۆیی دەستم لەگەڵ لێداوە و بە نەرمی دەستی کوشیم و چاوی دە چاوی بڕیم. ڕوانینی دەتگوت ئۆخژنی پێدام. کاتێک ڕۆیی تا لە بەر چاوم ون بوو هەر چاوم لێ کرد. دەمەویست بگەڕێمەوە ژوورێ کە ژیرۆ و گزینگ پێکەوە بەرەو فێرگە دەچوون. ژیرۆ لە باغچەی حەوشە گوڵێکی سووری لێکردەوە. لە ژوورێ بە دایکم گوت سبەینێ ئازاد دێتە خوازبێنیم، دایکم گوتی:

- ئەتۆ گەورە و ژیری، خۆت دەبێ هاوبەشی ژیانت دیاری بکەی، ئەمن قسەیەکم نییە، ئێوارێ کە ژیرۆ و گزینگ گەڕانەوە، گزینگ گوڵە سوورەکەی لەسەر دڵی خۆی دابوو، لە بیستنی خوازبێنی ئازادی هەردووکیان شاد بوون، سبەینێ ئازاد هاتەوە، دایکم پێی گوت:

- کاتێک خۆتان ڕازین ئەمن قسەیەکم نییە و بەختەوەریتان بۆ بە ئاوات دەخوازم، بەڵام خۆت دەزانی دوای نۆزدە ساڵ ژوانم دیتۆتەوە، دەبێ بەڵێنیم پێ بدەی لێم دوور نەکەیەوە و زۆریشم پێ خۆشە بێیە سەر ماڵێ.

ئازاد سەری بەرداوە و گوتی:

- هەرچۆنێک ئێوە پێتان خۆشە وا دەکەم.

بە تێکڕایی وەدەر کەوتین و چووینە زێڕینگەرییەک. دایکم ئاڵقەیەکی بۆ ئازاد کڕی و ئازادیش ئاڵقەیەکی بۆ من کڕی. ژیرۆ و گزینگ لە سووچێک ڕاوەستابوون و چاویان لە زێڕەکان دەکرد، بە ئانیشکم دە دایکم کوتا و گوتم:

- کەنگێ بۆ ئەوانەش ئاڵقەی بکڕین؟

- ژیرۆ ساڵێکی ماوە خوێندگەی ناوەندی تەواو کا.

- دەکرێ ئەو یەک ساڵەی دەسگیران بن.

- جارێ هیچیان نەگوتووە.

گەڕاینەوە ماڵێ، لە ماڵێ لەگەڵ ئازادی ئاڵقەکانمان گۆڕینەوە، گزینگ لە پێش دایکم و ژیرۆی پیرۆزبایی لێ کردین، دایکم گوتی:

- ژوان لەگەڵ گزینگی هەستن بۆ نیوەڕۆ شتێکی ساز کەن.

نان و چای نیوەڕۆمان خوارد و دوای نیوەڕۆیە دایکم گوتی:

ئەمن بڕێک بە ماڵێدا دێم و دەچم، ئێوارە چوار بە چوار سووڕێکی بدەن و بگەڕێنەوە.

هەموومان لە خودامان دەویست. لە دەرێ ئەمن و ئازاد وە پێش کەوتین و گزینگ و ژیرۆش دوا بە دوای ئێمە دەهاتن. ئاوڕێکم لێ دانەوە، دەستیان لە نێو دەستی یەکدا بوو، لە ڕێگادا باسی باوکم بۆ ئازادی دەگێڕاوە و گوتم:

- ئێستا گەورەترین ئاواتم ئەوەیە هەواڵێکی لە باوکم بزانم.

سبەینەکەی ئازاد بە ماشێنی ژیرۆی، شمەکەکانی بۆ ماڵی ئێمە گوێستەوە. شەو دایکم کیکێکی گەوەی ساز کردبوو. گزینگ ڕازاندییەوە و لەگەڵ میوە و شەربەت بۆی داناین و گوتی:

- ئەمن و ژیرۆش ئەمشۆ بە چەند گۆرانی میوانداریتان لێ دەکەین.

گزینگ بە گۆرانی هۆی داوە و دایکم بە ژیرۆی گوت:

- ژیرۆ گیان! خۆ ئەتۆش دەنگت خۆشە، بۆ گۆرانییەکمان بۆ ناڵێی؟

ژیرۆ بە بزەوە گوتی:

- بە چاوان.

دەنگی گەرم و دڵنشینی ژیرۆ لەگەڵ ناڵەی سازەکەی تێکەڵ بوو:

- چەندی گەڕام لە شاران، نەمدی کەس وەک تۆ جوان بێ....

شەوێکی خۆشمان ڕابوارد، دەرفەتێکمان بۆ هەڵکەوت لەگەڵ ئازادی دەستمان بە قسە کرد، ئازاد پرسی:

- کەی مارەت بکەم؟

- پێش مارە کردنێ یاریدەیەکم بدە!

- یاریدەی چی؟

- یاریدەم بدە وەشوێن باوکم کەوین بزانین چی بەسەر هاتووە.

- چم لە دەست دێ؟

- لەگەڵ دایکم قسان بکە.

- ئەتۆ دایمەزرێنە، ئەمنیش لەسەری دەڕۆم.

- هەر ئەو شەوە بە دایکم گوت:

- دایە گیان! تکایەکت لێ بکەم ڕەدی ناکەیەوە؟

- ڕۆڵە گیان هەر چییەکت دەوێ بیڵێ.

- دەڵێم سەفەرێکی شاری «ک» بکەین، هەواڵێکی باوکم بپرسین، بزانین ماوە، نەماوە، چی بەسەر هاتووە!

دایکم سەری بەرداوە و هیچی نەگوت، ئازاد گوتی:

- پێشنیارێکی جوانە، کاک ڕێبوار باوکی ژوانە، ژوان هەقی هەیە وەشوێن باوکی کەوێ، ئێنجا بە ڕای من کاک ڕێبوار گوناهێکی نییە، ئەتۆش بێ تاوانی، چارەنووس وا بووە.

گزینگ گوتی:

- یای کەژاڵ! ئەمن و ژیرۆش زۆرمان پێ خۆشە، دڵمان مەشکێنە دەنا نا ژیرۆ؟

ژیرۆ بە بزەوە گوتی:

- نا...، زۆرم پێ خۆشە، بەتایبەتی ئێستا کە ژوان گیانمان دیتۆتەوە نابێ دڵی بشکێنێ.

دایکم بە چاوێکی خەمبارەوە سەری هەڵێنا و گوتی:

- چۆنتان پێ خۆشە وا بکەن.

گشتمان شاد بووین، ئازاد گوتی:

- بۆ کاری باش نابێ دوو و سێی لێ بکەی، ئەمن دەڵێم بەیانی زوو وەڕێ کەوین.

دایکم هێشتا قسەیەکی نەکردبوو بە ژیرۆم گوت:

- ژیرۆ گیان، هەستە لەگەڵ گزینگی ئەو شتانەی پێویستمانن سازی کەن، بەیانی زوو وەڕێ دەکەوین.

دەتکوت گزینگ چاوەڕێی ئەو قسەیەی من بوو، هەر کە وام پێ گوت، ڕاستەوە بوو و بە ژیرۆی گوت:

- هەستە! با وە درەنگی نەکەوین.

بەیانی نانوچامان خوارد و ڕێمان داگرت. ژیرۆ ماشێنی لێخوڕی، دایکم لە پێشەوە دانیشتبوو، گزینگ و ئەمن و ئازادیش لە پشتەوە بووین، لە دایکم پرسی:

- دایە گیان! دەبێ لە کێ هەواڵی باوکم بپرسین؟

- نازانم، سەرێکی ماڵە یای پیرۆزێ دەدەین، ئەگەر خودا بکا مابێ ڕەنگە ئەو هەواڵی بزانێ.

کاتێک گەیشتینە شاری «ک» شەو بوو، چووینە هۆتێلێک، بەیانی دوای نانوچای وەڕێ کەوتین، دایکم گوتی:

- نۆزدە ساڵە ئێرەم نەدیتۆتەوە، ئەگەر ماڵە یای پیرۆز ببینمەوە باشە.

لە چەند شەقام و کۆڵانان ڕەد بووین، دایکم گوتی:

- ئەم شارە چەند گەورە بووە، ئەودەم ئێرە قەراغ شاری بوو.

لە کۆڵانێک ماشێنەکەمان ڕاگرت و دابەزین، دایکم یەک دوو ماڵی ناسییەوە، ماڵێک تازە ساز کرابوو، گوتی:

- ئێرە بوو، بەڵام وا دیارە تێکیان داوە و سەرلەنوێ سازیان کردۆتەوە.

دووکانێک لە تەنیشت ماڵەکە بوو، دایکم لە دووکاندارەکەی هەواڵی ماڵە یای پیرۆزی پرسی، کابرای دووکاندار گوتی:

- چەند ساڵێکە لێرە نەماون، ئێرەیان فرۆشتووە، چوونەتە گەڕەکی «سەراوێ».

سوار بووینەوە و وەڕێ کەوتینەوە، گەڕەکی سەراومان دیتەوە، بە پرسیار ماڵە یای پیرۆزیشمان دۆزییەوە. لە دەرکەمان دا، پیرەژنێک دەرکەی کردەوە، ئازاد پرسی:

- ئەتۆ یای پیرۆزی؟

- ئادی باوانەکەم، فەرموون....

دایکم لە ئامێزی گرت و ماچی کرد و گوتی:

- یای پیرۆز نامناسییەوە؟

- ناوەڵڵا، پیر بووم و هۆشم نەماوە.

- ئەمن کەژاڵم....

- کەژاڵ...! کەژاڵ گیان ئەتۆی...؟

یای پیرۆز دیسان دایکمی لە باوەش کرد و ڕایمووسی و گوتی:

- هەک بەخێر بێن سەر چاوەکانم، چاوم ڕوون بۆوە، دە فەرموونە ژوور....

لە دوایە ئەمن و گزینگی ماچ کرد، چووینە ژوورێ و دانیشتین، یای پیرۆز گوتی:

- بە خودای بە هاتنی ئێوە خەمم ڕەوییەوە، ئەمانە کێن؟

دایکم گوتی:

- ئەمە ژوانە.

- ژوان...؟

- ئا، هەر ئەوەی کە لە بەر دەرکی مزگەوتێمان دانا....

یای پیرۆزی دڵسۆز هەستاوە و ئەمنی لە ئامێز گرتەوە و گوتی:

- خودایە شوکور، ئێوە بە یەک گەیشتنەوە و ئەمنیش بە دیتنەوەی ئێوە شاد بووم.

دایکم گوتی:

- ئەمەش ئازادە، زاوامە، ئەمەش ژیرۆیە، کوڕمە، ئەمەش گزینگە.

- گزینگ کچتە؟

دایکم حەبەسابوو، نەیدەزانی چ وەڵامێکی بداتەوە، بۆیە ئەمن گوتم:

- نا... گزینگ دەسگیرانی ژیرۆیە....

گزینگ سوور هەڵگەڕا و سەری بەرداوە. ژیرۆش چاوێکی لە گزینگی کرد و هیچی نەگوت.

یای پیرۆز هەستا چای بۆ ساز کردین و هاتەوە و دانیشت و گوتی:

- دەی کەژاڵ گیان! ئەو ماوەیە چۆنت ڕابوارد، لە کوێ بووی، چۆنت ژوان دیتەوە؟

دایکم بە شێنەیی هەموو شتێکی بۆ گێڕاوە و لێی پرسی:

- ئەدی یای پیرۆز ئێوە چۆنن؟

- نەشمیلی کچم بە شوو داوە، شووەکەی زۆر پیاوی چاکە، خودا کوڕێکشی داوەتێ، هەژاری کوڕیشم ژنی هێناوە و ئەویش کوڕێک و کچێکی هەن، لێمان جیایە، خۆم پێم خۆش بوو جیا بێتەوە، هەموو ڕۆژی هەینییان دێ سەرم دەدا. ئێستا ئەمن ماوم و وسوو، وسووش دووکانێکی کوتاڵفرۆشیی هەیە.

خۆم پێ ڕانەگیرا و پرسیم:

- ئەدی یای پیرۆز باوکم چی، ماوە؟

- ئادی شوکور ماوە، بەڵام...

- بەڵام چی؟

- جا بڵێم چی، لە وەتی لە دایکت دوور کەوتۆتەوە دڵی بە دنیاوە نەماوە، هەر سەڵتە و ژنی نەهێناوە. دایک و باوکی، ئێوە سڵامەت، مڵک و ماڵێکی زۆری بۆ بە جێ ما، گوندەکەی فرۆشت، ماڵی هاتە شاری. لێرە خانوویەک و حەمامێک و سەهۆڵخانەیەکی کڕیون و لە سایەی خوداوە ژیانێکی خۆشی هەیە، بەڵام قەت دڵی خۆش نییە، زۆر دێتە ماڵی ئێمە، هەمیشە باسی دایکت دەکا و لە بیری نەکردووە. ئاخ زەمانە! تا نەمری نازانی چت بە سەر دێ! ئێستا کاک ڕێبوار ئێوە ببینێ دەبێ چ بکا؟ ژیانی دەگۆڕدرێ، خەم و پەژارەی نۆزدە ساڵەی وەلا دەچێ و دەرکی شادی و بزەی لێ دەکرێتەوە.

- چۆن دەتوانین بیدۆزینەوە؟

- زۆر دوور نییە، هەر ئەو شەقامەی کە لاتاندا بۆ کۆڵانی ئێرە، بە دەستی چەپدا هێندێک دەڕۆن دەگەنە چوارڕێیانێکی، ئەو چوارڕێیەی بە جێ دێڵن. لە چوارڕێی دووەم، لە سووچی دەستی ڕاست حەمامێکی لێیە بە ناوی حەمامی ڕێبوار، لە تەنیشت ئەویش سەهۆڵخانەیەکە، یا لە حەمامەکەیە یا لە سەهۆڵخانەکەی.

ڕاست بوومەوە و گوتم:

- ئەمن لەگەڵ ئازادی دەچم دەیهێنم. بە ماشێنی ژیرۆی دەچین و زوو دەگەڕێینەوە.

لەگەڵ ئازادی وەڕێ کەوتین، ناو و نیشانەکەی سەرڕاست بوو، زوو دیتمانەوە. لە حەمامێ نەبوو، گوتیان لە سەهۆڵخانەیە، کە چووین کابرایەکی چل و دوو-سێ ساڵانەی باڵابەرزی جوان، کە سەری ماشوبرینجی ببوو، لە حەوشەی سەهۆڵخانەکە ڕاوەستابوو، چەند کرێکاریش سەهۆڵیان لە ماشێنێکی دەنا. دڵم بۆی لێی دا و زانیم باوکمە، چووینە پێش ڕۆژباشمان کرد، بە گەرمی وەڵامی داینەوە و پرسیم:

- ئەتۆ کاک ڕێبواری؟

- ئا....

- ئەتۆ کچێکت هەیە لە تەمەنی مندا بە ناوی ژوان؟

چاوانی پڕ بوون لە فرمێسک و گوتی:

- ئا....

- پێت خۆشە بیبینییەوە؟

باوکم قوشقی مابوو، چاوێکی لە ئازادی کرد و ڕووی لە من کرد و گوتی:

- جا چۆن پێم خۆش نییە؟

- ئەگەر ژوانت پێ نیشان بدەم مزگێنی چم دەدەیەی؟

- سەروماڵم... هەرچی هەمە.

- ئەمن ژوانم... کچەکەت....

- ئەتۆ...! ژوان؟

خۆم لە ئامێزی باوکم هاویشت، هەردووکمان دەگریاین و یەکترمان ڕادەمووسی، دەمگوت:

- باوکە، باوکی خۆشەویستم!

- ڕۆڵە...! ژوانێ...! تازە لە دەستت نادەم... قەت لێت جیا نابمەوە....

هەردووکمان دەگریاین و پێدەکەنین. دوای نۆزدە ساڵان لەگەڵ باوکم گەیشتبووینەوە یەک، ئازادم پێ ناساند و گوتم:

- ئەمە ئازادە، دەسگیرانمە.

باوکم ئازادی لە باوەش گرت و یەکتریان ماچ کرد. کرێکارەکان سەریان سووڕ مابوو، باوکم لە خۆشیان سەری لێ شێوابوو، پێم گوت:

- با بڕۆین یەکی دیکەش چاوەڕێتە.

- کێ؟

- دایکم....

- دایکت...! کەژاڵ؟

- ئا....

باوکم هەرای کوڕێکی کرد و گوتی:

- سیروان! ئەمن دەڕۆم تا دێمەوە ئاگات لێرە بێ، سەری حەمامیش بدە.

سیروان گوتی:

- کاک ڕێبوار خێرە ئیشاڵڵا؟ قەتم ئاوا دڵخۆش نەدیبووی.

- ئەمە کچمە، بە منداڵی لێم ون ببوو، ئەوە خودا پێی دامەوە.

سوار بووین، دەستی باوکم توند لە دەستی گرتبوو، پرسی:

- بۆ کوێ دەچین؟

- بۆ ماڵە یای پیرۆزێ....

گەیشتینە بەر دەرکی ماڵە یای پیرۆزێ، بە دەنگی ماشێنەکەمان یای پیرۆز و ژیرۆ و گزینگ هاتنە دەر، یای پیرۆز گوتی:

- کاک ڕێبوار! چاو و دڵت ڕوون، ئیدی دەوری خەم و پەژارە وەلا چوو، لەمەولا ڕوو دەکەینە خۆشی و شادی.

ژیرۆ و گزینگم بە باوکم ناساندن و گوتم:

- ئەمە ژیرۆیە، برامە، ئەمەش گزینگ دەسگیرانێتی.

باوکم هەردووکیانی ماچ کردن و داوای بەختەوەری بۆ کردن، یای پیرۆز گوتی:

- جارێ لەوانە گەڕێ، وەرە ژوورێ یەکێک چاوەڕێتە.

ئەمن نەمهێشت ژیرۆ و گزینگ و ئازاد بچنە ژوور، بە یای پیرۆزیشم ئیشاڕە کرد کە زوو بگەڕێتەوە. لە دەرێ ڕاوەستاین، ئازاد و گزینگ و ژیرۆ چاوودڵ ڕوونیان پێ گوتم، دوای نیو سەعاتێک دایکم هاتە دەر و گوتی:

- ئەوە بۆ نایەنە ژوور؟

چووینە ژوورێ، دایکم و باوکم چاویان سوور هەڵگەڕابوو، بۆ تاوێک هەستم کرد منداڵ بوومەوە، ویستم بچم لە نێوان دایکم و باوکمدا دانیشم، بەڵام لە بەر گزینگ و ژیرۆ کە هەر دووکیان بێ باوک بوون خۆم ڕاگرت. دانیشتین، شادی و بزە لە دەرک و دیوار دەباری، یای پیرۆز چای لە پێش داناین و گوتی:

- ئۆخەی نەمردم و دیتم ئێوە پێک گەیشتوون.

پاش تاوێکی باوکم ئێمەی بردە ماڵە خۆیان. ماڵێکی خۆش بوو، نێوماڵێکی خۆش و ڕێکوپێکی هەبوو، حەوشەی گەورەی بە گوڵ و گیای جوان و بۆنخۆش ڕازابۆوە، لەگەڵ گزینگی هەستاین خەریکی نان و چێشتی نیوەڕۆ بووین. باوکم لە خۆشیان نەیدەزانی چ بکا، دوای شێو کردن بە باوکم گوت:

- دەی باوکە گیان! دەتەوێ چ بکەین؟

- دەڵێی چ بکەم ژوان گیان؟

- هەرچی هەتە بیفرۆشە و بارگەوبنەکەت تێک نێ و وەرە بۆ شاری «ب»، سەر پێکەوە دەنێین و ژیانێکی خۆش ڕادەبوێرین.

- باشە ڕۆڵە گیان، لەگەڵ دایکیشت قەرارمان داناوە هەر وا بکەین، بەڵام ماوەیەک دەکێشێ تا ماڵ و حەمام و سەهۆڵخانەکەم بفرۆشم. جارێ نایەڵم ئێوە بڕۆنەوە، ئەمنیش هەر لەمڕۆکەوە خەریکی فرۆشتنیان دەبم.

دوای حەوتوویەکی ئێمە گەڕاینەوە و چاوەڕێی باوکم بووین. ئەو ڕۆژەی دەگەڕاینەوە دایکم دیارییەکی باشی بۆ یای پیرۆزێ کڕی و چووین ماڵئاواییمان لێ کرد. لە ماڵە خۆمان خەمی ژیانم لە بیر کردبوو، دنیا لە بەر چاوم ڕەنگ و دیمەنێکی جوانی هەبوو، هەموو شت تازە بوو، هەموو دەنگێک لە گوێمدا خۆشترین مۆسیقا بوو. گشت جووڵەیەک دڵنشینترین بزە بوو... دوای نۆزدە ساڵان دایک و باوکم دیتبوونەوە، برایەکی باش و ژیر و تێگەیشتووم هەبوو، خودا ئازادی پێدابووم کە لە سێبەریدا بحەسێمەوە. گزینگیش لە خوشکان بۆم باشتر و خۆشەویستتر بوو، ژیرۆ دەیگوت:

- لە وەتی ئێوە هاتوون ژیانمان گۆڕاوە، جاران بێدەنگییەکی قورس و گران خەمی بە سەر ماڵەکەماندا دادەبێشت، بەڵام ئێستا گیانێکی نوێی هاتۆتە بەر. دایکم جاران گوڵێکی ژاکاو بوو، بەڵام ئێستا گەشاوەتەوە و بووژاوەتەوە.

جارجار دەنگی خۆش و لە دڵان ئاشنای گزینگ و ژیرۆ ژیانی شیرینتر دەکرین. ڕۆژێک پێکەوە دانیشتبووین و گوڵبێژیمان دەکرد کە تەلەیفوون زەنگی لێدا. باوکم بوو، مزگێنی پێداین کە هەموو شتێکی فرۆشتبوو و سبەینێ دێ بۆ لامان. لە شاری «ک» ناو و نیشانی خۆمان پێدابوو. بەیانی کە لە دەرگایان دا هەموومان بەرەو دەرکی حەوشە لینگمان دا، باوکم بوو، ماشێنەکەی هێنا نێو حەوشە و لەگەڵ دایکم دەستیان لێداوە و هەموو ئێمەی ڕامووسی. چووینە ژوور، شریتی محەممەدی ماملێ، گۆرانی «هاتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ»ی بڵاو دەکردەوە. هۆدەکەمان بە گوڵی ڕەنگاوڕەنگ و تابڵۆی جوان ڕازابۆوە، بۆن و بەرامێکی خۆش لە هەوادا بڵاو ببۆوە. ژیرۆ جانتا و هەگبەی باوکمی لە سووچێکی دانان، دایکم باوکمی خوڵق کرد دانیشێ، هەموومان شاد و دڵخۆش بووین، گزینگ شەربەتی هێنا و لە پێش باوکمی ڕاگرت، باوکم پێی گوت:

- ڕووت سپی بێ بووکەکەم!

دایکم بزەیەکی هاتێ و سەری بەرداوە، گزینگ لە شەرمان سوور هەڵگەڕا و لە بنەوە چاوێکی لە ژیرۆی کرد. ژیرۆ لێوی خوارەوەی گەست و سەری داخست. دەستمان کرد بە قسان، نەمانزانی چۆن سەعات فڕی و کات ڕابرد، دوای شێوی نیوەڕۆ بە گزینگم گوت:

- گزینگ گیان! ئەمڕۆ لە ژیانماندا ڕۆژێکی تایبەتییە، جا بزانم لەگەڵ ژیرۆ گیانی چمان بۆ دەکەن؟

ژیرۆ چوو سازەکەی هێنا و بە دووقۆڵی دەستیان پێکرد:

وەرە یارم وەرە ئەی تازەیارم
وەرە ئەستێرەکەی شەوگاری تارم
وەرە ئەی شاپەڕی باڵی خەیاڵم
وەرە ئەی شەوچرای ڕووناکی ماڵم
وەرە ئەی نەونەمامی باغی ژینم
وەرە ئەی شاگوڵی مێرگی ئەوینم
وەرە سوور بە لەسەر وادە و بەڵێنی
وەرە کورد بە و مەکە پەیمان شکێنی
وەرە ماچم دەیە ماچی خودایی
کە بێزارم لە ماچی سینەمایی

دەنگیان ئارامیدەری دڵی بە کوڵ و گیانی بە تاسە بوو. کاتێک گۆرانییان دەگوت باوکم سەری هەڵێنابوو و ڕووی دە حەوای کردبوو، هەستم کرد نایەوێ ئێمە چاوی بە فرمێسکی ببینین، کە گۆرانییەکە تەواو بوو باوکم پێی گوتن:

- نەمرن! لە درێژایی تەمەنمدا هیچ گۆرانییەک ئاوا کاری لێ نەکردبووم.

هەستام میوەم گێڕا. ئازاد مەند و هێدی لە لای باوکم دانیشتبوو. چاوەکانی وەک جاران جادوویان دەکرد. نەموێرا زۆر لە چاوانی بنواڕم، ترسام بکەومە نێو تەلیسمی خەیاڵەوە. دایکم وەک پەیکەرەیەکی جوان داتاشراو لە بەرامبەر باوکمدا دانیشتوو، لە تەمەنی سی و شەش ساڵیدا لەوپەڕی جوانی و خوێنشیرینیدا بوو، باڵا بەرز، کێل گەردن، چاوبەڵەک، سپی و موو ڕەش. چاوێکم لە باوکم کرد، هەرچەند ئەو نۆزدە ساڵ تێکشکان و ناکامی هاڕیبووی، بەڵام ڕواڵەتێکی پیاوانە و ڕوومەتێکی جوان و ئاکارێکی مەندی هەبوو. دوای تاوێک بۆ پیاسە کردن وەدەر کەوتین. باوکم و دایکم لە پێشەوە دەڕۆیشتن، ئەمن و ئازاد لە دوای ئەوان بووین و ژیرۆ و گزینگیش پێکەوە وەدوایە کەوتبوون. وردەوردە نێوانمان زیاتر بوو، گوێمان لە قسەی یەکتر نەدەبوو، ئازاد گوتی:

- لەوانەیە دایکت و باوکت شەرممان لێ بکەن، دەبێ لە فکریاندا بین.

- با سبەینێ مەلای بێنین مارەیان کەین، ئێستاش بیانبەین دوو ئاڵقەیان بۆ بکڕین لە قامکیان بکەین.

- زۆر باشە.

پێمان شل کرد تا ژیرۆ و گزینگ گەیشتنێ. پێم گوتن کە تەمایەکی ئاوامان هەیە. زۆریان پێ خۆش بوو. لەگەڵ ئازاد باوی شەقاومان خۆشتر کرد و گەیشتینە دایک و باوکم. پێم گوتن:

- با بچینە بازاڕی زێڕینگەران.

دایکم پرسی:

- بۆ...؟

- دەمانەوێ دوو ئاڵقان بکڕین یەک بۆ باوکی خۆشەویستم، یەک بۆ دایکی نازدارم.

دایکم و باوکم چاوێکیان لێک کرد و بزەیەکیان هاتێ.

ئازاد گوتی:

- ئێوە زۆرتان خەمی دووری چێشتووە، بۆ ئەوەی شادییەکەمان بگاتە ئەوپەڕی خۆی، سبەینێ مەلای دێنین و....

ئەمن قسەکەم تەواو کرد:

- لێکتان مارە دەکەین.

لە گەڕانەوەیدا شیرنی و شەربەت و میوەشمان کڕین و هێناماننەوە. ماڵەکەمان سەرڕێژ لە شادی بوو. لە دەرک و دیوار ئەوین و خۆشەویستی دەباری. چارەنووس لاپەڕەیەکی نوێی لە ژیانماندا هەڵدابۆوە. ئازاد گوتی:

- سبەینێ دەچم لە دوای مەلا مینەی، لە کێ دەڵێن بگێڕینەوە.

دایکم گوتی:

- دوو سێ دەروهاوسێمان هەن، ژیرۆیان لە دوای دەنێرم.

باوکم گوتی:

- ئەمن لێرە کەس ناناسم.

ئەمنیش گوتم:

- ئەمنیش هەر وا.

ژیرۆ گوتی:

- ئەمن دوو هاوڕێی خۆشەویستم هەن، پێیان دەڵێم بێن.

ئازاد گوتی:

- ئەمنیش تەنیا ئاواڵێکم هەیە، بانگی دەکەم.

گزینگ گوتی:

- ئەمنیش کەسم نییە بانگی کەم.

باوکم بە ئازادی گوت:

- سبەینێ مەلا هەر دێ، پێم خۆشە بە یەکجاری کاری تۆ و ژوانیش تەواو بێ.

گزینگ گوتی:

- لە هەمووتان پیرۆز بێ.

گوتم:

- گزینگ گیان نەخشە لە تۆ و ژیرۆش بێ.

گزینگ سەری بەرداوە و گوتی:

- زۆر سپاس.

دایکم هەڵیدایە:

- با ژیرۆ خوێندنی ناوەندییەکەی تەواو بکا، جا کێی بوێ بۆی نیشانە دەکەم، ساڵێکی ماوە.

گزینگ و ژیرۆ چاوێکیان لێک کرد و بزەیەکی مەندیان هاتێ و سەریان بەرداوە. سبەینێ دوای نیوەڕۆ مەلا و میوانەکان هاتن، دوای بەخێرهێنان و شەربەت خواردنەوە، ئازاد گوتبووی:

- کاک ڕێبوار باوکی ژوان و ژیرۆیە، ماوەی چەند ساڵێک لە یای کەژاڵ و ژیرۆی دوور بووە و لەگەڵ ژوانی کچی ئەمڕۆ دەیانەوێ پێوەندیی ژیانیان نوێ بکەنەوە.

میوانەکان گوتبوویان:

- پیرۆز بێ.

بەو جۆرە ئازاد وەڵامی پرسیارە نەبێژراوەکانی میوانەکانی دابۆوە. هەموو شتێک بە خێروخۆشی دوایی هات و دایکم لە باوکم مارە کرا و ئەمنیش لە ئازادی.

دوای مارە کردنی من، گزینگ لە سووچێکی لە ئامێزی گرتم و گوتی:

- ژوان گیان! لێت پیرۆز بێ! داوای بەختەوەریتان بۆ دەکەم.

پێم گوت:

- گزینگ گیان نەخشە لە تۆش بێ! لە تۆ و لە ژیرۆی.

- زۆر سپاس.

- ژیرۆت زۆر خۆش دەوێ؟

- نازانم....

- ئەتۆم بۆ ژیرۆی داناوە، وەکوو دایکم گوتی ژیرۆ ساڵێکی ماوە خوێندنی ناوەندی تەواو کا، ئیشاڵڵا ئەودەم لێکتان مارە دەکەین، بەڵام کچێکی ژیر بە و لەو ماوەیەیدا ئاگات لە خۆت بێ، هەر دووکتان لاون.

- ژوان گیان دەزانم، هەموو شتێکی دەزانم، نیگەران مەبە.

دایکم بانگی کردین و گوتی:

- ڕۆڵە ئەوە بۆ نایەن دانیشن؟

باوکم بە ئازادی گوت:

- ئەمن بە ئاواتی ڕۆژێکی بووم کە ژوانێ ببینمەوە، ئێستا کە خودا یار بووە و دۆزیومەتەوە و ژیانێکی نوێی لەگەڵ تۆ دەست پێکردووە، دەمەوێ دیارییەکتان بۆ بکڕم، ساز بن بچینە دەر.

باوکم دایکمی سواری ماشێنەکەی خۆی کرد و ئەمن و ئازادیش سواری ماشێنی ژیرۆی بووین، ئازاد گوتی:

- ژوان! ئێمە چی بۆ دایک و باوکت بکڕین؟

- نازانم، با بچینە بازاڕی بزانین چ هەیە؟

باوکم یەکڕاست ئێمەی برد بۆ فرۆشگایەکی ماشێن و ماشێنێکی جوانی کڕی و سویچەکەی دا بە ئازاد و گوتی:

- پیرۆزتان بێ.

سپاسمان کرد و هاتینە دەر، بە دایک و باوکم گوت:

- من و ئازاد تا بازاڕی گەورە دەچین.

دایکم گوتی:

- خوداتان لەگەڵ بێ، ئەمنیش دەچمەوە بۆ شەو چێشتێکی ساز دەکەم.

ژیرۆش گوتی:

- من و گزینگیش دێینە بازاڕ.

لە بازاڕ ژیرۆ و گزینگ لێمان هەڵبڕان. چاوم بە تابڵۆیەکی گەورە و جوان کەوت، دیمەنی چیا و بژوێنێکی خۆش و دڵڕفێن بوو، کانیاوێکی ڕوون لە داوێنی چیاکە دەهاتە دەر، یەک دوو کیژ خەریکی گۆزە پڕکردنێ بوون، بە ئازادیم گوت:

- ئەمە چۆنە؟

- زۆر باشە.

تابڵۆکەمان کڕی و گەڕاینەوە. تازە وەژوور کەوتبووین کە گزینگ و ژیرۆش هاتنەوە، دوو بەستەیان بە دەستەوە بوو، لە سەر یەکیان نووسرابوو «پێشکێش بە دایک و باوکی خۆشەویستمان بە بۆنەی ژیانی نوێیان»، لە سەر ئەوی دیکەش نووسرابوو «بۆ ئازاد و ژوانی خۆشەویست لەگەڵ ئاواتی بەختەوەرییان»، بەستەیەکیان دا بە باوکم، کردییەوە، کتێبی «تاریک و ڕوون»ی مامۆستا هێمنی تێدابوو. دایکم و باوکم زۆریان پێ خۆش بوو، سپاسیان کرد و هەر دووکیان ڕامووسی. بەستەکەی دیکەشیان دا بە ئێمە، دیارییەکەیان بۆ ئێمە جێ سویچێکی یەکجار جوان بوو. ئێمەش سپاسمان کردن و ئەمن هەر دووکیانم ماچ کرد. دایکم و باوکم تابڵۆکەی ئێمەشیان زۆر پێ جوان بوو. دانیشتن، ژیرۆ شریتێکی هاویشتە سەر.

دەرفەتێک هەڵکەوت، ئازاد پێی گوتم:

- کەنگێ زەماوەندێکی ساز کەین؟

- جا کێمان هەیە بانگهێشتنی بکەین؟

- بەزمێکی چووکە چۆنە؟

- خۆت دەزانی.

- سبەینێ ڕادەسپێرم دایک و باوکم و خزم و کەسم بێن، ئەتۆش بە دایکت بڵێ بۆ ڕۆژی هەینی ئامادە بن.

- زۆر باشە، چوار ڕۆژتان ماوە هەیە.

دوای دوو ڕۆژان دایک و باوک و دوو خوشک و دوو برای ئازادی لەگەڵ مام و خاڵ و خێزان و منداڵەکانیان هاتن. بە دابی کوردەواری سێ مەڕ و سێ چەلەنگ ڕۆنیان هێنابوو، بە گەرم و گوڕییەوە بەخێرهاتنمان کردن و ئەوەی لە دەستمان هات کردمان تا خۆشیان لێ ڕابرێ. زۆرمان ڕێز گرتن و دایک و باوکم زۆر بە ئازادیان هەڵکوت. ئەوانیش گوتیان خزمایەتی لەگەڵ ئێمە جێگای شانازییە.

بۆ ڕۆژی زەماوەند چەند ماڵی دراوسێ و چەند ناسیاوی دایکم و ئازاد و ژیرۆمان بانگ کردن. لە حەوشەکەماندا جێگەی هەڵپەرکێ هەبوو. چەند گۆرانیبێژ و سازلێدەر هۆیان داوە. لە سەرانسەری زەماوەنددا گزینگ هەر دۆی ژیرۆی بوو، ئەمنیان جوان کردبوو و تارای سووریان پێدادابووم. ئازاد ڕانکوچۆغەیەکی شینکی لە بەر کردبوو کە زۆر جوانی لێ دەهات. ئێوارەیەکی درەنگ شایی و هەڵپەڕکێ دوایی هات. بێجگە لە خزمەکانی ئازادی و یەک دوو دەستەخوشکی دایکم، میوانەکان ڕۆیشتن. پێمان گوتن بۆ سبەینێ، بۆ سێ ڕۆژانەی بێنەوە. لە دوای ڕۆیشتنی ئەوان دایکم جێگای گزینگی لە هۆدەکەی من ڕاگوێست و ئازاد هاتە جێگای. بۆ سبەینێ باوکی ئازادی ملوانکەیەکی زێڕی جوانی بۆ کڕیم و مام و خاڵیشی هەر کامیان پارچەیەکیان زێڕ خەڵات کردم. دوای نیوەڕۆیە کردمانە سێ ڕۆژانە. وردەوردە میوانەکان هاتنەوە، تا ئێوارەیەکی درەنگ هەر بەزم و هەڵپەڕین بوو. ژیرۆ و گزینگ دیسان هەر لە دەستی یەکتریدا هەڵدەپەڕین. ئەمنیان بردە نێو دەستی ئازادەوە و بۆ یەکەم جار پێکەوە هەڵپەڕین. لای بانگی شێوان سێ ڕۆژانە دوایی هات و بڵاوەیان کرد. تەنیا خزم و کەسی ئازادی مابوونەوە، بۆ بەیانی ئەوانیش بە جێیان هێشتین و بەڵێنییان لێ ئەستاندین کە لە یەکەم دەرفەتدا سەرێکیان لێ بدەین. ئێمە مابووینەوە و دنیایەک دڵخۆشی و هیوا بە داهاتوو.

لەگەڵ ئازاد و ژیرۆ و گزینگ قەرارمان دانا گەڕانێکی بکەین. پێم گوتن دەبێ سەرێکی شاری «س» بدەین و بچینە سەر گڵکۆی دایە شەم و کاک پیرۆتی و فاتیحایەکیان بۆ بخوێنین و سەرێکی ماڵە مام حاجیش بدەین. لە وێشەوە چەند ڕۆژێکی دەچینە ماڵە باوکی ئازادی و سەرێکیش لە ماڵە بەفرینی هەڵدەهێنینەوە. دوای دوو ڕۆژ وەڕێ کەوتین. ئەمن لە تەنیشت ئازادی دانیشتبووم، لە ماشێنەکەی پشتەوەش گزینگ لە لای ژیرۆی بوو. هەر چوارمان بزەمان لە سەر لێو بوو، بزەی ژیانێکی نوێ.

 

دوایی