کۆبوونەوەی لاگرانی ئەنستیتۆ لە پاریس

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  894 مشاهده

لە ئاخر و ئۆخری پاییزی ساڵی ١٩٨٦ دەگەڵ «مەعسووم» چووینە پاریس، بووینە میوانی ڕەسووڵی برام کە ئێستا ژنێکی ئێرانی و کوڕێکی هەیە چوار ساڵان بە ناوی «دیاکۆ». سەفەر پاریس بۆیە خۆش بوو کە دەگەڵ «ئەنستیتۆی کوردی پاریس» و کاک کەنداڵی مودیری بوومە ئاشنا، ڕۆژانە هاتوچۆی ئەو شوێنە پیرۆزەم دەکرد. ئەو شوێنە لە پاریس بە هاوکاریی «یەڵماز گۆنەی» و «کاک کەنداڵ» دامەزرا. «یەڵماز گۆنەی» بڕیاری داوە کە هەرچی داهاتی فیلمەکانیەتی لەوێی خەرج بکا. کەنداڵیش کە یەکێکە لە زانایانی مەشهووری فیزیک، هەموو هێزی خۆی لەو بارەوە سەرف بکا. بەڵام داخی گرانم «یەڵماز گۆنەی» مردن مەودای نەداوە و جوانەمەرگ بووە.

شوێنەکە لە چاکترین جادەی پاریس واتا «لافایێت» دامەزراوە. بە هەزاران کتێب، بلاڤۆک، ئەفلامی ویدیۆ، کاسێتی وەرگێڕاو لە هەموو بابەتەکانی سەر بە کوردستانی تێدا کۆ کراوەتەوە. دەوڵەتی فەرەنسەی سۆسیالیست زۆر یارمەتیی ئەو شوێنەی داوە. جگە لە ئەساسیە، ساڵانە هەشسەد هەزار فرانکی یارمەتیی کردووە. بەڵام دوای ئەوە کە دیگۆڵیە دەستە ڕاستییەکان هاتوونە سەر کار، پاش دیدارێکی وەزیری دەرەوەی تورکیە، ئەو کۆمەکەیان بڕاوە و کەوتوونەتە بێپووڵی ودەستتەنگی. ملیۆنێری کورد لە ئورووپا و شوێنی تر یەکجار زۆرن؛ بەڵام کورد فێری ئەوە نەبووە کە سەری خۆی بەو شتانەوە بێشێنێ! یارمەتیی ناکەن. هەر چۆنێک بێت چاکترین جێگەی کۆکردن و ڕاگرتنی کلتووری کورد لەو شوێنەیە.

لە سایەی هاتوچۆم بۆ ناو ئەو مەرکەزە گرینگە، دەگەڵ زۆر کوردی دڵسۆزی فیداکار بوومە ئاشنا. بەتایبەتی کاک شەوقی، تەیموور و زۆری تریش. بەر لەوە بڕۆم بۆ پاریس، مەم و زینە عەسڵیەکەی خانیم بە مانا لێدانەوە لە تایپ دا. نوسخەیەکم نیشانی کاک ئیدریس بارزانی دا؛ خوێندبوویەوە. قەراری دا لە ئورووپا چاپ بکرێ. نامەیەکی بۆ مامۆستا پیرۆت لە «ڤیەن» نارد و کتێبەکەشی بۆ نارد کە بە زووترین کات - بە هەر نرخێک بێ بە چاپی بگەیەنێ. پاش ١٧ ڕۆژ تەئخیر توانیم تەلەفۆنی پیرۆت وەرگرم. قەرار درا پێکەوە حەولی لە چاپدانی بدەین. بە هۆی کاک کەنداڵ کەوتمە پرس و ڕا، گوتیان زۆر جوان چاپ بکرێ، دووسەد و چل هەزار فرانکی تێ دەچێ. کە لێکم دایەوە بە پووڵی ئێران دەیکردە سێ ملیۆن و ئەوەندە تمەن. دەمزانی ئەو پووڵە بۆ ئیدریس هەڵناسووڕێ. کەنداڵ گوتی ئێمە ماشینێکی چاپی کامپیوتر دەکڕین بە حەوت هەزار دۆلار، مەشغووڵی دەبین بەڵام جارێ پووڵ نییە.

وەختێ هاتمەوە کەرەج، بە ئیدریسم گوت با ئەو حەوت هەزار دۆلارە تەرتیب کەین. گوتی شەرتە ئەگەر حیزبیش موافەقەت نەکا، من خۆم تەرتیبی دەکەم. بەڵام دوو ڕۆژ دوای ئەم وتووێژە، ئیدریس بە سەکتەی قەلبی مرد و ڕیسەکەم بۆوە بە خوری.