ئەنستیتۆی کورد لە پاریس
لە ساڵی ١٩٨٦دا تەواو نەخۆش کەوتم. کەوتە بیرم کە بۆ چی تا ماوم کارێک دەگەڵ مەم و زینی خانی نەکەم؟ چوار نوسخەی لێک جیای چاپیم هەبوو کە «حەمزە» ساڵی ١٩١٩ لە ئەستەمبوول و «سیدا ڕودینکۆ» ساڵی ١٩٦٢ لە لنینگراد و «بوزئەرسەلان» ساڵی ١٩٦٨ لە ئەستەمبوول بە لاتین و «مام گیو» لە هەولێر چاپی کردبوو لە بەر یەکم ڕاگرتن. نوسخەیەکی ڕاستم لێ نووسینەوە و خەیاڵم کرد کە دەگەڵ مەم و زینە تەرجەمە موکریانییەکەی خۆمدا لە چاپیان بدەم. بەڵام تا ئێستا بۆم نەلواوە. با بزانین چۆن دەبێ. کە وا بوو لێرەدا بێ جێی نازانم هەموو نووسراوەکانم- چاپ کراو و چاپ نەکراو- ئەوی تا ساڵی ١٩٨٧ نووسیومن بۆتی بنووسم:
١- «ئاڵەکۆک»: کۆمەڵە شیعرێکی زەمانی «کۆمەڵەی ژێ-کاف»، لە تەورێز ساڵی ١٩٤٥ لە لایەن «ڕەوابیتی فەرهەنگیی ئێران و شۆرەوی» لە تەورێز چاپ کراوە و بە ئازەری و ئەرمەنی و هێندێکی بە ڕووسیش تەرجەمە کراوە.
٢- «بەیتی سەرەمەڕ و لاساییی سەگ و مانگەشەو»: کۆمەڵە شیعرێکی هەزار بەیتییە. لە «شام» بە قاچاغ چاپ کراوە.
٣- «مەم و زینی خانی» بە موکریانی: ساڵی ١٩٦٠ لە بەغدا چاپ کراوە و ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی (١٩٧٩ی زایینی) ئۆفسێت کراوەتەوە.
چوار نامیلکەی «دوکتور عەلی شەریعەتی»، لە فارسییەوە کردوومە کوردی و لە تاران چاپ کراون:
٤- «یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێبڕانەوە».
٥- «ئارێ برا، وا ڕابرا».
٦- عیرفان، بەرامبەری، ئازادی».
٧- دایە! باوە، کێ خراوە؟».
٨- «تاریخی سلێمانی»: لە عەرەبیەوە بۆ فارسی. چاپ نەکراوە.
٩- «ڕەوابیتی فەرهەنگی ئێران و میسر»: لە عەرەبییەوە بۆ فارسی. چاپ نەکراوە.
١٠- «هۆزی لەبیر کراوی گاوان»: لە عەرەبییەوە بۆ کوردی. ساڵی ١٩٧٣ لە بەغدا لەسەر ئەرکی کۆڕی زانیاری چاپ کراوە.
«شەرەفنامە» بە کوردی: کۆڕی زانیاری ساڵی ١٩٧٣ بڵاوی کردۆتەوە.
١٢- «دیوانی مەلای جزیری» بە شەرحەوە: ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی (١٩٨٢ی زایینی) لە تاران لە چاپخانەی سرووش چاپ کراوە.
١٣- «فەرهەنگی فارسی بە کوردی». چاپ نەکراوە.
١٤- «فەرهەنگی کوردی بە کوردی». چاپ نەکراوە.
١٥- «تاریخی ئەردەڵان»: لە فارسییەوە بۆ کوردی. چاپ نەکراوە.
١٦- «آثارالبلاد و اخبارالعباد»: لە عەرەبییەوە بە فارسی. چاپ نەکراوە.
١٧- نامیلکەیەک بە ناوی «پێنج ئەنگوست دەبنە یەک مست»: لە فارسییەوە بۆ کوردی، بۆ مناڵانە. دوو جار: ١٣٥٩ و ١٣٦٢ی هەتاوی (١٩٨٠ و ١٩٨٣ی زایینی) لە تاران، لە «مەکۆی ڕاهێنانی هۆش و بیری مناڵ و ڕۆڵان» چاپ کراوە.
١٨- «چوارێنەکانی عومەر خەییام بە کوردی»: لە شۆڕش چاپ کراوە و لە ئێران بە دزیی منەوە چوار جار چاپ کراوەتەوە!
١٩- «هەژار بۆ کوردستان»: دیوانی شیعرە. لە عێراق دوو جار چاپ کراوە و لە ئێران تەجدید کراوەتەوە.
٢٠- «قانون در طب»: (تەرجەمەی لە ئەبووعەلی سیناوە بە فارسی)، جزمی یەکەم، کە تا ئێستا سێ جار چاپ کراوە.
٢١- «قانون در طب»: (تەرجەمەی لە ئەبووعەلی سیناوە بە فارسی)، جزمی دووهەم، کە دوو جار چاپ کراوە.
٢٢- جزمی سێهەم.
٢٣- جزمی چوارەم.
٢٤- جزمی پێنجەم لە «قانون در طب» کە هێشتا چاپ نەکراون.
٢٥- «مەم و زینی خانی»: عەسڵەکەی بە ماناکردنەوەی وشە گرانەکان و ئیستلاحە موشکیلەکانیەوە لە نوسخەیەکی دروستدا.
جگە لە مانەش زۆرم مەقالات و شیعر لە زۆر ڕۆژنامە و گۆڤاراندا چاپ کراون و نازانم لە کوێن. کە لەوانە دەکرێ بڵێم لە ڕۆزنامەکانی: «خەبات»، «کوردستان»ی زەمانی قازی، «کوردستان»ی برای «خەبات»، مەجەللەی «هەڵاڵە»، گۆڤاری «رووناهی» لە بەغدا، «هێوی»، ڕۆزنامەی عومەر جەلال کە وا بزانم «چرای کورد» بوو، «کومسە مولسکی پراڤدا»، گۆڤاری «لیتیراتور ئی ژیزن»، کە بە ناوێکی تر چاپ کرا. «ڕێگەی گەل»، «نووسەری کورد» و زۆری تریش کە ئێستا لەبیرم نەماون. لە سروەشدا چەند مەقالێکم هەیە، لە پێشەنگیشدا هەر وەها. هەر وەک وتووێژێکیشم دەگەڵ «پێشەنگ» هەیە و چاپ کراوە.