لیستەیەکی هەموو نووسراوەکانم

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  739 مشاهده

لە عومرمدا بۆ یەکەم جار ئەم ناوەم لە پێشمەرگەیەکی کوردی عێراقی بیست، گوتی:

- لە شاری کەرەج قەتارەکەمان هێندێک ما.

- لە کوێیە؟

- چل کیلۆمیتر لە تاران دوورە.

- لای غەربی تاران یان شەرق؟

- لە شەرق(!)

وەک باس کرا، لە پاش شکانی شۆڕش هاتمە تاران. لە کەرەج خانوویێکی شێر و خورشیدی ئەوسا یان هیلال ئەحمەری ئێستایان بۆ دەسنیشان کردم و چوومە تێی. کارێکم لە «پەژووهشی ئێران زەمین - فەعالیەتهای فەرهەنگی» درایە. لە سەر پێشنیاری دوکتور فەرەهوەشی سێ ڕۆژ دەچوومە تاران و سێ ڕۆژ بە تەرجەمەی قانوونی ئیبنی سیناوە سەرگەرم بووم. جزمی یەکەمی ساڵی ١٣٥٧ی شەمسی لە دانشگا چاپ کرا. جاری دووهەم دام بە سرووش و تا ئێستا سێ جرا چاپ کراوە. ئیتر تەرجەمەی قانوونیش هەر بوو بە ئەرکی ئیدارەی «فەعالیتەهای فەرهەنگی». جزمی دووهەمیش چاپ و تەجدید چاپ کرا. جزمی سێهەمی وا ئێستا لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٧دا، ساڵ و نیوێکە لە چاپ دەرنەچووە! دەڵێن کاغەزمان نییە! جا نازانم بۆ جزمی چوارەم و پێنجەم - کە من تەواو تەرجەمەم کردوون - چۆن دەبێ، یا عومر!

فەرهەنگێکی فارسی بە کوردیم نووسی بە خەتی لاتینی باوی ئێران، لە پاشان گوتیان فەرهەنگی کوردی بە فارسی بنووسە. ماوەی چوار ساڵێک دەگەڵیا ماندوو بووم. فەرهەنگێکم نووسیوە پتر لە ٥٥ هەزار وشەی کوردییە و لە ئاخریاندا فارسیەکەم نووسیوە. ئەویش لە سەر تاقە داندراوە و سرووش دەڵێ چاپی دەکەم و من بڕوام نەکردووە. تاریخی ئەردەڵانم لە چەند تاریخێکی بە فارسی نووسراو کردۆتە کوردی و ئەویش چاپ نەکراوە. وەک باسیشم کرد دوو کتێبی عەرەبی بە ناوی «تاریخی سولەیمانی» و «ڕەوابیتی فەرهەنگی ئێران و میسر»م لە عارەبیەوە کردە فارسی و چاپ نەکران و هەر وا بێکەس مانەوە. تەنانەت «ڕەوابیتی فەرهەنگی» یەکەم هەر زیراکسیشم دەس نەکەوتەوە!

لە کتێبی «آثارالبلاد و اخبارالعباد» تەئلیی «محەممەد مەحموود ئەلقەزوینی» کە جوغرافیای تاریخی دنیایە و لە زەمانی خەلیفەی عەبباسیدا نووسرایە، هەرچی دەربارەی ئێران بووە کردوومەتە فارسی و ئەویش لەبەر بێ کاغەزی! چاپ ناکرێ.

«چوارینەکانی حەکیم عومەر خەییام»، دووسەد و پەنجام لێ کردوونە کوردی، هەر لە سەر کێشی فارسییەکە. جارێک لە عێراق لە چاپخانەی شۆڕش لە چیا چاپم کرد. لەو دەمەوە لە ئێران لە لایەن «سەیدیانی مەهابادی» کە قەدیم بە «ابن الشیطان» مەشهوور بوو، دوو جاران بەبێ پرسی من چاپ کراوە. دوو جاریش لە سنە هەر بێ پرسی من لە چاپ دراوە و بڵاو کراوەتەوە. بەڵام دەوڵەت ئیجازەی بە خۆم نەداوە چاپی بکەمەوە!