گوفتوگۆ لەنێوان دەوڵەت و حیزبەکانی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  770 مشاهده

لە پاش سەرکەوتنی ئینقیلاب، کوردەکانی ئێران سەریان هەڵێنا و داوای ئازادی و خودموختارییان دەکرد. لە مەهاباد پادگانی دەوڵەت ڕووت کرا، چەک و سیلاح دەس کوردان کەوت. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرۆکایەتیی قاسملوو دامەزرا. بە پەنا ئەوانیشەوە دەمبیستەوە پتر لە ٢٥ حیزب لە شاری مەهاباد هەبوو کە هەر یەکەی سەبەخۆ فکرێکی لێک جیای دەکردەوە و دژی یەکتر بوون. بیستمەوە کە مەلا کەریم شاریکەندی ترۆر کراوە. دەگەڵ دەوڵەت کەوتنە وتووێژ. قاسملوو دەگەڵ چەند کەسێک هاتنە تاران کە مەلا شێخ عیززەدینیشیان دەگەڵ بوو. ڕۆژێک دەگەڵ ئەو دەستەیە - جگە لە شێخ عیززەدین - لە ماڵێک نەهارمان خوارد. قاسملوو گوتی: تۆ یارمەتیی ئێمە دەدەی؟

گوتم: پووڵم نییە؛ بەڵام کتێبەکانم چاپ بکەنەوە؛ چی لێ پەیدا بوو بۆ خۆتان.

حەمەدەمین سیراجی گوتی: بەو شەرتەی ناوی بارزانی لە نووسراوەکانت فڕێ دەی باشە!

- جا ئەگەر ناوی بارزانی دە نووسراوەکانمدا نەبێ، چیم دەمێنێ؟ کاک سیراجی پەشیمانم؛ ناتاندەمێ. بەڵام بۆ خۆم چاپیان هەر دەکەمەوە. وەک باسم کرد چاپیشم کردنەوە و کاریشم نەکەوتە سیراجی و میراجی.

هەر لەو ڕۆژانەدا بە قاسملووم گوت: من بە لامەوە سەیرە ئێوە حیزبێکتان هەیە! نازانم چۆن ڕەحیمی قازی کە ئێوە لە من چاکتری دەناسن، فەوزیەی قازی هەر چونکە کچی قازی محەممەدە، نەویدی موعینی هەر چونکە برای فایقە، غەنی بلووری کە ٢٤ ساڵ لەسەر توودە گیراوە و تازە بەڕەڵدا کراوە، لە خۆتان کۆ کردۆتەوە؟! بەلامەوە سەیرە... دەی ئەدی یووسفی ڕیزوانی کە ئێوە لە من باشتری دەناسن چۆن بۆتە هەواڵتان؟ زۆرتری ئەو پرسانە بێ جواب مانەوە...

حیزب لە مەهاباد کاروباری گرتە دەست. گفتوگۆ لەنێوان دەوڵەت و حیزب دامەزرا. بەیانێکی هەشت مادەیی درا بە دەوڵەت کە یەکیان دەڵێ: «دەبێ ئەو کوردە پەنابەرە عێراقییانە هەموویان لە ئێران دەربکرێن». نامەیەکم بۆ قاسملوو نووسی:

برا دەبوایە هەموو پێشنیارەکانتان بە دەوڵەت وا بوویایە کە هەتا سەدان ساڵیش هەر بەهرەی بۆ کورد بدایە. نووسیوتە پەنابەران دەرکەن. فکرتان لێ کردۆتەوە پتر لە بیست هەزار ماڵ کوردی پەناهندەی عێراقی هەیە و لە ئێراندا بڵاو کراون؟ ئەوا گریمان دەوڵەت بۆ دڵخۆشیی ئێوە گوتی دەریان دەکەم. چۆنیان دەردەکا؟ خۆ ئەو هەمووە خەڵکە بە تەیارە نانێرێتە ئورووپا. لە ئورووپا کام دەوڵەت وەریان دەگرێ؟ چەندی مخارج تێدەچێ؟ تەنیا ڕێگەی ئەوەیە لە سنووریان کا بەو دیودا و لە ترسی سەدام لە سەر سنوور بمێنن. ئەوسا دوژمنایەتیی ئێوە بکەن و هیچ نەبێ دە هەزار پیاوی شەڕکەر لە خۆتان دەهارووژێنن. بە دەرکردنی ئەوان ڕوکنێک لە باسی مافی کورد لەناو دەچێ. بەلامەوە ئەم کارە، کاری سیاسەتمەداری عاقڵ نییە...

گۆیا قاسملوو گوتبووی: ڕاست دەکا! بەڵام خەتای سەلاحی موهتەدی و شێخ عیززەددین بووە ئەو کارەیان بە سەردا سەپاندووین...

ئێران هێرشی بردە سەر مەهاباد و سەقز و سنە و گەلێک شەڕ و کوشتار ڕوویدا. حیزب لە شاران دەرکەوتن و دایانە چیا. وردە وردە هەڵقرچان تا بە سەر حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەدا ساغ بۆوە. ئەو دوانەش ملیان لە یەکتر کوشتن نا کە ئێستاش لەم سەرەتای ساڵی ١٩٨٧دا هەر شەڕیانە!