سەرهەڵدانی کوردی ئێران

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  797 مشاهده

نزیکەی مانگێک بوو کە ئینقیلاب سەرکەوتبوو. داخی داخانم، بارزانی - کە زۆر لەمێژ بوو نەخۆش بوو - لە ئەمریکا وەفاتی کرد (١٩٧٩/٣/١) و جەنازەیان هێنایەوە. جەنازەکەیان بردە شنۆ. بە سەدان هەزار کوردی داخ لە دڵ، لە ناشتنیدا بەشدار بوون، منیش لەوێ شیعرێکم خوێندەوە.

زۆر کەس لە مەهابادەوە بە ناوی خۆیان هاتبوونە شنۆ، کە یەکیان «مەلا کەریم شاریکەندی»» بوو. ئەویش وتارێکی خوێندەوە. زۆر لە شاعیران و نووسەرانی تریش شینیان بۆ بارزانی کردبوو، بەڵام لە لایەن حیزبەکانی کوردی ئەمدیوەوە کەس نەهاتبوو.

ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەی مەرگی بارزانی بۆ من لە هەموو کەس پتر مایەی غەمخۆری و تازیەتباری بوو. بەڕاستی باوکی هەرە دڵسۆزم سێبەری لە سەرم لاچوو. بارزانی بۆ من هەموو کەسوکارێک بوو. لەو ڕۆژەوە کە لە ڕووسیاوە هاتەوە عێراق و منی دیتەوە، سایە و مایەم بۆ پەیدا بوو. ئەوانەی کە هەموو هونەری منیان بە کایەک نەدەویست، لە سایەی خۆشەویستیی بارزانییەوە، زۆر ڕێزیان لێ دەنام. واتا وەک لە زۆر یادبوودەکانیدا گوتوومە: من هەر هیچکارە نەبووم و ئەگەر ئەو باڵی بە سەر نەکێشابام، هەرگیز کەسێکی نووسەری کورد بە ناوی هەژار لە ئارادا نەدەبوو. خوا جەزای بەخێری بداتەوە. لە پاش نەمانی ئەویش کوڕەکانی ئەو: «ئیدریس» و «مەسعوود» هەر بە وەفاداری بۆ باوکیان، زۆریان حورمەت گرتووم. پارەی لە چاپ دانەوەی «هەژار بۆ کوردستان» ئەوان دایان؛ لە چاپ کردنەوەی «شەرەفنامە» زۆریان یاریدە کردم. هەر تێگیراویەکم هەبێ، ئەو دوو کوڕە بە هاوار و بانگمەوە دێن.