وەفاتی بارزانی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  826 مشاهده

بێ جێی نازانم باسی ئەو مەلا حوسێنە بکەم:

مەلایەکی یەکجار سەرمردوولەی شڕوشڕۆڵ لە حاجی ئۆمەران هاتە لای بارزانی. ئەوەندەی خۆ بە پیاوچاک و بێتەماح نیشان دا نەبێتەوە. بارزانی پارەی دایە، وەرینەگرت؛ تەنیا گوتی کتێبی دینیم بۆ بکڕی دەمەوێ. وای خۆ شیرین کرد، بارزانی کردیە ئامیرهێز لە بادینان. تا لێقەومان نەمدەزانی چ دەکا. لە نەغەدە بە پەناهندەیی دیتمەوە؛ هەرای بوو دەگەڵ بارزانی کە بۆ چی پووڵی باشم نادەنێ! کوڕەکەی دەگەڵ ئێمە لە خزمەت بارزانیدا هاتە تاران کە گۆیا چل ماڵی خزمیان لە تورکیان و نانی شەویان نییە؛ بارزانی بینێرێتە تورکیا. دوو هەزار دیناری دایە و قەرار بوو هەتیو بچێ. دەگەڵ حەرەسێکی بارزانی چووینە بازار. کوڕی مەلا، چەخماخی دووسەد تمەنی و تەزبیحی گرانبایی و کراواتی سەد تمەنی دەکڕی!

- کاکە ئەوە بۆ چیتە؟ تۆ ناڵێی خزمم لە برسان دەمرن!

- ئەوانە بۆ دیاریی دەکڕم!

ڕێگە نەدرا بچتە سەفەر و پارەش خورا. مەلا حوسێن ماڵی هاتە کەرەج. دوای حوکمی مەلایان زۆر زوو بوو بە دۆستیان. ناردیانە حەج. ئاخری خۆی کرد بە پاسدار و ئێستا لە دۆڵی چالووس مەقەڕی پاسدارانی هەیە و دوژمنی بەرەی ماڵە بارزانییە. بۆ عەقڵ و کەماڵیش ئەگەر بڵێم مێشکی گووی تێدایە ڕەنگە درۆ نەبێ!