مەلا حوسێنی ماریوونسی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  729 مشاهده

وا بزانم تا ئێرە بە غارێک و بە پەلە، ژیاننامەیەکی خۆم تێگەیاندی کە ئەگەر بەوردی لێی ورد بیەوە، بۆ خۆت دەتوانی پانتری لێ بڕوانی و بزانی چۆنم ژیان دۆڕاندووە...

ئەمانەم لە ساڵی ١٩٨٣ز (١٣٦٢ ک)دا نووسیون. وا ئێستا کە سەرەتای ساڵی ١٩٨٧ی میلادی (١٣٦٥کۆچی)یە، سەری ژیاننامەکەم دەدەمەوە:

من کە لە ئیدارەی «پەژووهشی ئێران زەمین» بووم، شا هەڵات و مەلا حوکمیان کەوتە دەست، لە چەند جێیەک ئیشارەم بەو ئاڵوگۆڕە کردووە. کە ئینقیلابی ئیسلامی سەری گرت، کەس نەیدەزانی کاری ئێران بە کوێ دەگا. هەموو کەس بە هومێد بوو کە دنیا زۆر لە پێشوو خۆشتر بێ. جحێڵان لە هەموو گەڕەکان شەوانە کێشکیان دەکێشا و تا ڕۆژ نەدەهاتنەوە ماڵ. شەوێک ماشێنێک لەبەر دەرکی مەلایەکی کورد بە ناوی مەلا حوسێن دابەزیبوو. گوتیان مەلا حوسێن ڕەنگە فارسیی نەزانێ، تۆ بچۆ بەڵکوو تەرجمانی بکەی. بە فزوولی چوومە ژوور. ئایەتوڵڵا دزفوولی ناوێک، جحێڵ و بە ڕیش و پەشم لەوێ بوو. عەرەبیی دەزانی و کار بە تەرجمانی من نەبوو. لەناو قساندا لە مەلا حوسێن ماریوونسی پرسی: حاڵت چۆنە؟ گوتی: زۆر خراپین. گوتی: ئەم ئینقیلابە هەر بۆیە کراوە ئێمە تەبەقەی ڕووحانی خۆشی ڕابوێرین... دڵم لەو قسە ترسا.