سێ خۆشەویستم لە عێراق

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  697 مشاهده

لە بەغدا ڕووت و پێخواس و کەس نەناسێک بووم؛ نەخۆش کەوتم چوومە لای دوکتورێک بە ناوی «دوکتور نووری فتووحی». مەسیحی و کوردی خەڵکی سولەیمانی بوو؛ لە بەغدا دوکتوریی دەکرد. موعایەنەی کردم؛ دەرمانی دامێ؛ پووڵی نەستاند. قەولیشی لێ ساندم کە هەتا کارم بە دوکتور بێ بچمە لای. نەک هەر بۆ من، بۆ هەموو فەقیرێک - عەرەب با یان کورد - باوکێکی دڵسۆز و خێرەومەند بوو. هەر ئەو دەگەڵ زۆر دوکتوری تری کردمە ئاشنا کە یەک لەوانە «دوکتور کەمال حوسێن» ناو بوو. کارتێکی دامێ بچمە لای. ئەویش کە پارەی نەستاند هیچ، تەنانەت مەعسوومیشی لە بیمارستانی «خەییال» عەمەلیات کرد و پارەی عەمەلیاتیشی نەستاند. من کە خەجاڵەتیان دەبووم، دەمەویست تۆڵەیان بۆ بکەمەوە و تەبلیغاتیان بۆ بکەم. جارێک کارتێکم بۆ کاک ئەمیری قازی بۆ دوکتور کەمال نووسی کە ئەوە دۆستی منە و پووڵیشی هەیە. تکایە تماشای بکە و پووڵیشی لێ وەرگرە! ئەمیر کە دەبوو شەو بێتەوە ماڵ، نەهاتەوە. تا سێ ڕۆژ هیچ خەبەرم نەزانی. لە بیمارستانەوە تەلەفۆنی کرد کە دوکتور کەمال بێدەنگ بردوومی عەمەلی کردووم و گوتوویە بە هەژار مەڵێ! پووڵیشی ناوێ.

ڕۆژێک بە دوکتور نووریم گوت: من ئەوسا کە تازە هاتمە لات، ڕووت و لات بووم. ئێستا پووڵم زۆرە. تکایە لێم وەرگرە!

گوتی: هەژار! بۆ لات وایە پووڵ هەموو شتێکە لە ژیاندا؟ ئەدی پیاوەتیی قەدری نییە؟ من ئینسانییەتم پێ لە پووڵ چاکترە...

لە دوایەش کە بە شاعیر کورد ناسرابووم، هیچ دوکتورێکی کورد پووڵی لێ نەدەستاندم. کە لەوانە: «دوکتور سەلام بالەتە»، «دوکتور ئیبراهیم»، «عومەر دزەیی»، «تەیب عەقراوی»، «دۆغرەمەچی» و زۆری تریش بوون.

لە هاتنە تارانیشمدا ڕاستی دوکتورە کوردەکان زۆریان قەدر گرتووم: «دوکتور ئەعلەم»، «دوکتور فەیزنەژاد»، « دوکتور مۆرەکی»، « دوکتور شافعی»، « دوکتور حەیدەری».

لە هەمووان سەیرتر ئەوە بوو کە جارێک سەربەخۆ چوومە لای دوکتورێک لە کەرەج بە ناوی «پاشا مشکاتی»؛ فارسە. گوتی پووڵم ناوێ.

- دوکتور! دەمناسی؟

- دەتناسم؟ یانی چی؟! هەر خۆشم لە تۆ هاتووە و دەمەوێ دۆستت بم. گوتم: پووڵم لێ وەرنەگری نایەمەوە لات! ئێستاش هەر زۆر دۆستمە.

جارێک لە بەغدا کاک محەممەد مەمولوود (مەم) نەخۆشیی زراوی بوو. چووینە لای دوکتور کەمال حوسێن. گوتی عەمەلت دەکەم. کاک مەم ڕازی نەبوو؛ گوتی دەچمە بولغاریا.

- کاکە من لە هەموو جەڕاحی بولغاری دوکتورترم!

- نەخێر، نایکەم!

بە منی گوت: لە هەولێر بچۆ لای دوکتور مەزهەر. ئەگەر ئەو پیاوە زوو عەمەلیات نەکرێ خەتەرە! کە بە دوکتور مەزهەرم گوت، گوتی: تۆ دەگەڵ خۆت بۆم بێنە بیمارستان و حەقت نەبێ. بەو ناوە کە خۆم نەخۆشم، «مەم» لەگەڵم هاتە بیمارستان. لەناو کۆریدۆردا دوو کەس تێی نووسان و هەرچی هاواری کرد بردیان و بێهۆشیان کرد و عەمەل کرا و هێنایانە سەر تەختێک ڕایانکێشا! کاکە مەم لە نەخۆشیی ڕزگاری هات.

***