لە چاپدانەوەی «هەژار بۆ کوردستان» و «شەرەفنامە»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 1 دقیقه  805 مشاهده

هەر کە ئینقیلاب ڕووی دا و گەرماوگەرمی بوو، دیوانی «هەژار بۆ کوردستان» و «شەرەفنامە»م ئۆفسێت کردەوە. دیوانەکەم لە ماوەی دوو مانگدا هەموو فرۆشرا. شەرەفنامەش تا ئێستا زۆری لێ فرۆشراوە و کەمی ماوە. کە شەرەفنامەکەش باری گرانی کەوتە سەر شانی ماجید ڕۆحانی. لە ماڵە باوکی جێگەی کردەوە و بۆ فرۆشتن و ناردنی بۆ دەرەوەی تاران هەموو زەحمەتی خستە سەر خۆی. قسەی خۆمان بێ، بە لای منەوە ئەو ماجیدە ڕەنگە تۆزێک شێت بێ کە هێندە بە دەرد و مەرگی منەوەیە و خۆم پێوە ماندوو دەکا! چونکە تا ئێستا نەمبیستووە کەس لە سەر قەدر گرتنم و خۆ بۆ ماندوو کردنم میداڵێکی درابێتێ! هەر چۆنێک بێت زۆر بە خزمەتمەوە ماندووە و هەر کارێکم دەبێ، زۆر بە ڕووی خۆشەوە دەیکا. ڕەنگە بە پیاوی گەورەم بزانێ؛ کە بۆیە لام وایە شێتە! پێم وایە ئەگەر ڕابردووی ژیانەکەم بخوێنێتەوە، لێم پەشیمان ببێتەوە. تا ئەوساش خوا کەریمە. هەتا ئێستا لە هەموو کەسم لێ نزیکترە.