کاک ئەحمەدی موفتیزادە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  950 مشاهده

«کاک ئەحمەدی موفتیزادە» خاڵی ماجید، وەک دەڵێن «نازی شاگرد بە هونەر دەگاتەوە مامۆستا» دیارە ئەخلاقی کاک ئەحمەد کاری زۆر کردۆتە سەر خوارزا و خوشکی و خزمی.

لە هەرای ئازادیخوازیی کوردستانی دوای ئینقیلابی ئیسلامیدا، زۆر کەس لە کوردەکانی سابڵاغ و سنە خراپەی ئەحمەدی موفتیزادەیان دەگوت. بەڵام کە دەگەڵی بوومە ئاشنا، زانیم لە غەرەزێکی نەزانانەوە خراپەی دەڵێن. گوناهی هەر ئەوە بووە کە موسوڵمانی بەڕاستییە و ئەم بڕوایەش بۆ کۆمۆنیست و زۆر لە لاوانی ئەمڕۆمان قوت ناچێ. موفتیزادە بە دڵ ویستویە ئازادی بۆ کوردستان بستێنێ؛ زۆریش ماندوو بووە. نەشیزانیوە مەلای حاکم درۆیان لە لا گوناح نییە؛ فریوی بە قسەیان خواردووە و لای وا بووە کە قەولی ئازادیی کوردستانی پێ دەدەن، ڕاست دەکەن. خۆی کە بێ درۆ و دڵپاک بووە، لای وا بووە قەولدەرەکانیش دڵپاکن! وا ئێستا کە ئەم ڕووپەڕانە دەنووسم، کاک ئەحمەد لە زینداندایە و زۆر جزیا دەدرێ و بە سەدان لە هاوکارانی - کە زۆریان تازەلاون - لە سووچی زیندان توند کراون و هیچیان لە پەیڕەویی کاک ئەحمەد پاشگەز نین و لەسەر بڕوای خۆیان سوورن. لەو ساوە خۆم ڕووبەڕوو کاک ئەحمەدم دیوە و سەفەرم بۆ شیمال دەگەڵ کردووە، زۆر وەبەر دڵم کەوتووە. لام وایە بە مردووییش هەزاران کۆمۆنیستی نەزانی دەبێ بە قوربان بکرێ...