ئیدارەی سرووش و چەند لاوی کوردی ڕیش تەنک!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  695 مشاهده

ڕۆژێک «ئەنوار» بردمیە ئیدارەی «سرووش» کە نەشریاتی دەوڵەتە. سەید ئیبراهیمی ستوودە و چەند لاوێکی کوردی ڕیش تەنک لەوێ بوون. باسی مەجەللەی کوردی کرا، دەنگ لە دار و بەردەوە هات لە من نەهات. ڕاستت دەوێ هەموویانم زۆر ناخۆش ویست. کە هاتینە دەر، ئەنوار گوتی: بۆ هیچ قسەت نەکرد؟ گوتم: برا! من کارم بە کاری کەسەوە نییە. خۆم بە تەنیایی هەرچییەکم بۆ بکرێ دەیکەم. نامەوێ کەس دەگەڵ مندا کار بکا. ئەوانەشم کە دیت، من لام وایە هەر بۆ خۆ خۆشەویست کردن خۆ نیشان دەدەن...

لە ئیدارە کەوتمە تەرجەمە کردنی نووسراوەکانی «شەریعەتی». یەکەمیان چاپ کرا نازانم لە کوێ. دووهەمیش چاپ کرا. سێهەمی دەبوو لە سرووش چاپ کرێ. چوومەوە لای یەکێک لەو گەنجانەی کە ئەو ڕۆژە زۆر بە خوێنتاڵم هاتە بەرچاو؛ بە ناوی «ماجد ڕۆحانی». دیتم «خەربزە بە ڕەنگ نییە!» نە هەر کەسێک خزمەت بەو ئیسلامە بکا و ڕیشی هێشتبێتەوە، تەواو خراپ و منافقە. زۆر کوڕێکی باشم هاتە بەر چاو؛ زۆرم خۆش ویست. ئەویش زۆر بە دڵ دەیەویست یاریدەم بدا. پاش چاپی سێهەم و چوارەمی شەریعەتی، ویستم شەرحی مەلای جزیری چاپ بکەم. ماجید زۆر موافق بوو. پێشنیارم بە «زەورەق» کرد کە سەرپەرستی «سرووش» بوو. گوتم کتێبی عیرفانییە و ئەگەر عیرفانتان بوێ بۆم چاپ کەن. «زەورەق» لەسەر تاریفێ کە ماجید لە منی کردبوو؛ وا بزانم زۆریشی موبالەغە پێوە نابوو. گوتی باشە؛ ئەگەر خۆت پەسندی دەکەی چاپی دەکەین.

گوتم: نا! تاقەتی ئەوەم نییە سبەینێ مەلایەکی سەرویشک یەخەم بگرێ: ئەمە چییە؟ مەیخانە و پیری موغان و ڕەقس و یاری قەدباریک و باڵابەرز و تەرزی تێدایە و هەمووی حەرامە!

- دەیسا کوردی نازانین و کێ بۆت تماشا کا؟

- عەرەبیم هەیە بیبە نیشانی مەلایانی بدە! ئەوسا ئەگەر قبووڵ کرا چاپی کەن!

شەرحە عەرەبییەکەی «زفنگی»م بۆ هێنا. لام وایە نیشانی «بەهەشتی» درابوو؛ گوتبووی: ئەم دیوانە وەک دیوانی حافز دەچێ. ئیمام حافزی بەلاوە پیاوی چاکە. باشە چاپی بکەن! پیاو هەق بڵێ، ماجید زۆر لە خۆمی پێوە ماندووتر بوو تا چاپ کرا و ئارەزووی چەند ساڵەم پێک هات.