لە عەزیمییەی کەرەج، بەناو پەناهەندە
هەر چەند لێم وەک ڕۆژی ڕووناک بوو کە دێرانی دە سەرمەوە ناچن و قەت دە ڕۆژ نابا دەمگرن و هیچ نەبێ لە زینداندا دەمڕزێنن، خۆم ئامادەی هاتنەوەی ئێران کرد.
مام عەلی عەجەمم دیت، فرمێسکی بە ڕیشە سپییەکەیدا هاتە خوار...
- مام عەلی بۆ دەگری؟
- خەمی تۆمە. منیش دێم بۆ ئێران.
- کاکە دێیە چی؟ پیرەمێردێکی وەک تۆ عەمەلەییشت دەس ناکەوێ، عەرەبیش باوەڕ ناکەم کاریان بە پیرێکی وەک تۆ هەبێ بۆ خۆت لە زینوێ بمێنەوە... مام عەلی لەبیرم چوو: دوو شووشە ئارەق لە ماڵی سولەیمانی پێشمەرگەیە؛ پێی دەڵێم بتداتێ!
بە چەند ڕانندەیەکم گوت بمباتە چۆمان؛ هێندێک کێتبم لەوێن بیانهێنم. کەس نەیدەوێرا بێ؛ لە ترسی پێشمەرگەی ناهومێد کراو. «حوسێن کاوانی» گوتی من دەبتەم. لە ڕێگە لە چەند جێ پێشمەرگە ڕایانگرتین، دەیانگوت: مام هەژار! تۆ پیاوی چاک بووی؛ دز نەبووی. ئێمە دڵمان نایە تۆ بکوژین... گەیمە چۆمان، ڕانندە گوتی برسیمە. گوتم با بچینە لای کاک سولەیمانی پێشمەرگەم، نانێکت بۆ پەیدا کەم. ئەگەر چووم چەندم پێ سەیر بوو: مام عەلی بە عیشقی دوو بوتڵ ئارەقەوە، لەو خەتەرە نەترسابوو، هاتبوو وەریگرتبوو! بە ناو دەنگی تەقە و گریانی پێشمەرگەدا هاتمەوە حاجی ئۆمەران. هەر وا کاروانی ماڵ بوون دەڕۆیشتن. گوتیان پیاوی ئێرانی لەسەر سنوور چەک و کتێب دەگێڕنەوە. دەمانچەکەم دا بە مام عەلی، کتێبەکانیشم بەجێ هێشت. لەگەڵ ترومبیلێکی ماڵە بارزانی هاتمە نەغەدە. لەم هەرا و ناخۆشییەدا لە بیریان نەچووبوو ڕادیۆکەم بدزن!
لە ناو فەلەکەی نەغەدەدا دەگەڕام، «کوڕی ڕەش» (عەلیی کوڕی پێشەوا قازی محەممەد) دابەزی و یەکترمان ماچ کرد. عەلی گوتی: زۆر بەداخەوەم کە ئێوە تازە هاتنە ئەو دیوە من لە ئەڵمان بووم. زۆری بەخێراتن کردم و ڕۆیشت. پاش ماوەیەکی زۆر، ڕۆژێک لە کەرەج هاتە لام، گوتی بمبە لای «شیرازی». لە ڕێگەدا گوتی: حەیف کە هاتیە سابڵاغ لەوێ نەبووم.
گوتم: کاکە! لە نەغەدە دیتمی، گوتم منێکی کە زۆر لە بابی ئەو نزیک بووم و ئەویش ئەوەندە دەستی دەڕوا، هیچ نەبێ دەڵێ بچنە ناو خانوویێکی منەوە لە سابڵاغ تا فکرێکتان بۆ دەکرێتەوە. تۆ ئەو پیاوەتییەشت لە دەست نەهات. ئەگەر ئێستاش پێت دەڵێمەوە بۆیەیە کە هیچ چاوم لە چاکەت نییە. بەڵام کولیجی توانی ئەو کارە پیاوانەیە بکا. حەزم دەکرد تۆش زۆر پیاو بای!
گوتی: هەژار! دەوڵەت منی کردە دەسماڵ کاغەزی؛ چڵمی خۆی پێ سڕیم و ئیتر قەدرم نەما!
- کاکە! پیاو بای نەدەکرای بە دەسماڵ کاغەزی؛ فەرموو با بچین شیرازیت نیشان دەم!
دوای چەند ڕۆژ، لە نەغەدەوە ڕەگەڵ بارزانی کەوتم و هاتمەوە تاران. ئەمجارە لە مەیدانی تەجریش لە ماڵێک بووین کە ئەویش هەر سەر بە ساواک بوو. ڕۆژانە دەگەڵ «حەمەی عەزیز» شەش سەعات بە پیادە خەیابانی تارانمان گەز دەکرد. نە کار و نە بار... ئیجازەم وەرگرت بچمەوە سەری ماڵ و منداڵم بدەمەوە. «ئەمانی»ی گوتی لە مەهاباد شوناسنامەی خۆت وەرگرەوە! دەفتەرچەی پەناهندەگیت لێ دەستێنمەوە. چوومەوە سابڵاغ.
دەڵێن شاعیران بە خەیاڵ کۆشک لەپشت هەوران دروست دەکەن؛ بەڵام ناتوانن تیا بژین.
من ئەگەرچی هەموو ژیانی خۆم دۆڕاندبوو، بەڵام دەمگوت خەڵکی سابڵاغ لێم ڕوونە ئەو هەموو ماندووبوون و ژیان بەفیڕۆ چوونەی منیان هەر لەبەر چاوە و ڕەنگە زۆرم حورمەت بگرن. بەڵام تەواو پێچەوانە بوو. هیچ کەس نەیدەوێرا تەنانەت جوابی سڵاویشم بداتەوە. چەند کەسێک وەک «سەعیدخانی هوماوین»، «خاڵەمین»، «یووسف ئەورامی» جاری وا بوو دەهاتن سەریان دەدام. کە لە ماڵیش دەردەچووم، دەچوومە دەواخانەی «ئەییووبیان» کە خزمم بوون، یان سەرم لە کتێبخانەی «خەلیل موەفەقی» دەدا. تەنیا دوو کەس هەبوون کە منیش و سەعید ناکامیش دەچووینە دووکانیان و بە ڕووی خۆشەوە دەیاندواندین: «حاجی موتەللیب» و «وەستا محەممەدی شووشەفرۆش». یەک دوو جاریش چوومە دووکانی «سدیق حەیدەری». لە شار و خەڵکەکەی تەواو بێگانە بووم. ناچار هەر لە بەیانییەوە تا ئێوارە لە سەربانی ماڵی سەیید عەوڵای کولیجی دادەنیشتم و دەمڕوانییە کۆڵان و دەم چەم.
پیاو هەق بڵێ، «حەمەدی کەریمی» باش بوو؛ هاتوچۆی دەکردم و منداڵەکانمی بە ترومبیلی خۆی دەگێڕا. شەوێک دەهاتمەوە ماڵی کولیجی، لە پشتەوە یەکێک بانگی کردم؛ «جەعفەری کەریم» بوو کە لە زەمانی کۆمەڵەدا زۆر ئاشنای نزیک بووین. گوتی: ببخشە کە نەهاتوومە لات؛ لە ماڵ نەبووم.
گوتم: کاک جەعفەر! خەبەرم هەیە لە ماڵ بووی چاویشم لەوە نییە تۆ بمناسی. حەمەدی برات تۆی لای من ڕووزەرد کردووە کە دەوێرێ بمدوێنێ...
تووشی کەسانێک دەبووم لە سەر خەیابان، دۆستی قەدیمی بوون؛ بە چاو سڵاویان دەکرد و زوو تێدەپەڕین. هەموو کەس لای وا بوو هەر ئەم ڕۆژانە من ئیعدام دەکرێم و ئەوانیش بە تۆمەتی سڵاو لە من کردن، تووشی بەڵا دەبن. بەڕاستی زگم بەوانەش دەسووتا. هەر پێم خۆش بوو زوو سابڵاغ بەجێ بێڵم. شتێکیش کە زۆر لەبەر دڵم گران هات: دەمدی هیچ سابڵاغییەک خۆ بە کورد زانینی لەبیر نەما؛ سەر و بنی هەموو قسان، لە هەموو شوێنان، سفتە و بانک و فەرش و نەغدینە بوو. سابڵاغێک کە مەرکەزی مەڕ و ماڵات و ماست و ڕۆنە، ماستی قوتووی تەورێزیان دەکڕی! هیچ وەک کوردستان نەدەهاتە بەرچاو...
ڕەفیقی سابڵاغم هەر ئەو عێراقییانە بوون کە ماڵیان هاتبووە سابڵاغ. دەگەڵ ئەوان دەچوومە قاوەخانە و گەڕان. بەیانییەک لە خەو هەستام، گوتیان ژاندارمێک لە ئاگاهیی شارەبانییەوە هاتبووە دوات. عەبدوڵڵای برام و سەیید عەبدوڵڵای کولیجی گوتیان ئێمەش دەگەڵتا دێین.
- نا کاکە خۆم دەچم بزانم چییان دەوێ.
کابرایەکی کورد (ڕەئیسی ئاگاهی) دەستی بە پرسیار کرد:
- ناوت؟ عومرت؟ تۆ وەختی خۆی کۆمۆنیست بووی، هەڵاتووی... لەو قسانە.
گوتم: تۆ کوردی سابڵاغی؟!
- بەڵێ!
- کاکە خۆت نا، باوکت، دایکت، قەت بۆیان نەگێڕاویەوە کە کۆمەڵە هەبووە، قازی محەممەد هەبووە، داوای ئیستیقلالی کوردستان کراوە؟!
- نا، نەمبیستووە!
- حەزم دەکرد بیستبات! من داوای دابەش بوونی خاکی ئێران و ئیستیقلالی کوردستانم کردووە؛ قەت هێندە خوێڕی نەبووم کۆمۆنیست بم!
- تۆ لە دوێنێوە هاتوویە سابڵاغ، بۆ خەبەرت بە شەهرەبانی نەداوە؟!
هەرچی دەپرسێ و جواب دەدەمەوە، دەینووسێ.
- دوێنێ؟ وا من حەوت ڕۆژە هاتوومەوە! تۆ بە هەموو زیرەکیی خۆت دوێنێت پێ زانیوە؛ کەچی ماڵەکەشم لە نزیک شارەبانییە!
- ئەوانە ئیمزا کە!
خوێندمەوە، نەینووسیبوو حەوت ڕۆژە هاتۆتەوە. گوتم:
- تا نەنووسی ئیمزای ناکەم! دەبێ دەوڵەت بزانێ ئاگاهی چەند وریایە!
ژاندارمێکی بەو پەروەندەوە دەگەڵ ناردم بۆ ساواک کە بە ناو بازاڕدا تێپەڕین. لە ساواک کابرایەکم دیت بە ناوی «تویسەرکانی». هەر منی دیت ملی لە جنێودان بە ژاندارمەکە نا:
- بۆچیتان هێناوە؟ کێ گوتوویە؟
تەلەفۆنی لە ئاگاهی کرد و چەند جوێنێکی بەویش دا.
- بە شەرەفم نەمانگوتووە و ئاگاشمان لێ نەبووە تۆیان بانگ کردووە و هێناویانیە ئێرە!
- ئاغای تویسەرکانی! من هێندە سادە نیم. بە شەرەفت ئەگەر ئێوە داواتان نەکردمایە، ئاگاهی - کە سەگی خۆتانە - حەدی نەبوو بانگم کا. ئێستا بۆ چیتان هێناوم؟ ئاخر سەیادیان وەک تۆ سوێندی خوارد کە کەس باسم نەکا.
- بە هێندە سوێند و قورعانە ئێمە ئاگامان لێ نەبووە؛ بەڵام تازە هاتووی، چەند پرسیارێکت لێ دەکەم! ئەگەر پێت خۆش بوو جوابم بدەوە.
- بەڵێ فەرموو!
- عەبدوڕڕەحمانی قاسملوو دەناسی؟
- برادەرێکی خۆشەویستمە.
- لە کوێیە؟
- لە پراگ مامۆستای دانشگایە.
- دەرسی فارسی دەڵێ؟!
- دیارە خۆت نایناسی. ئەو پیاوە نۆ زمان دەزانێ، دەرسی ئیقتسادی سیاسی بە زمانی چیکی دەڵێ.
- کۆمۆنیستە؟
- باوەڕ ناکەم؛ چونکە حیزبەکەی مەلای نوێژکەری تێدایە، سەییدی تێدایە. ڕەنگە میللی بێ.
- حەمید خوسرەوی دەناسی؟
- بەڵێ، ئەوەی دوو مانگ گرتووتانە و لاتان وایە جاسووسی ڕووسانە.
- چۆن پیاوێکە؟
- باوەڕ ناکەم ڕووسیا ئەوەندە نەزان بێ پووڵی خۆی لە حەمید خەرج بکا تا جاسووسی پێ بکا. حەمید لە بازاڕ بەرەڵایەکە، ماڵە خۆی پێ نازانێتەوە!
- دوکتور مرادی ڕەزماوەری دەناسی؟
- بەڵێ، ئەو بۆیە دەبێ جاسووسی گەورەی ڕووسان بێ؛ زۆر زیرەکە. بەڵام لەنێوان ئەڵمان و مۆسکۆدا هاتوچۆ دەکا و جاروبارەش دێتە بەغدایە.
- تۆ پێت خۆشە لە سابڵاغ بی کە وەتەنی خۆتە؟
- حەز دەکەم لە چابەهار بم نەک لە سابڵاغ! ئەم هێنانەم بۆ ساواک دەزانم بۆ چییە: بە هەزاران پیاوی بێکار هەیە نانی شەوی دەست ناکەوێ، منیان کە لە کتێبخانە دیوە، یان لە دەواخانە، بە پەلە یەکێک هاتۆتە لات: هەژارم دیت سڵاویان لێ دەکرد! تۆش ڕەنگە دە تمەنێکت مژدە دابنێ. هەموو ڕۆژ تاقەتم نییە بێمە ساواک و بڵاوی بکەنەوە کە من بوومەتە هاوکارتان. هەر ئێستا دەچمە لای سەیادیان و بزانم بۆ چی قەولی دا کە ساواک کاری پێم نەبێ و درۆی کرد؟
لە ساواک ڕزگارم هات و ئیتر تازە ئەو خانووەم نەدیتەوە. داوای شوناسنامەم کردەوە. گوتیان ژمارەت چەند بوو؟ خوشکم گوتی: کاکم پێش منە و ژمارەی هەزار و چوارسەد و پەنجا و دووە. شوناسنامەی خۆم و منداڵەکانم ساند.
زۆر ڕۆژان دەچوومە نەغەدە؛ وا دەبوو چەند شەوێکیش دەمامەوە. جارێکی تر لە سابڵاغەوە هاتمەوە تاران. ڕۆژێک نەسیری هاتە لای مەلا مستەفا، بە خێراتنی منی کرد. بارزانی پێی گوت: هەژار دەگەڵ من هاتۆتەوە. دەبێ کارێکی هەبێ پێی بژی و نابێ لە خۆشم دوور کەوێتەوە.
گوتی: بەڵێ خانوویێکی ددەینێ لە نزیک تۆ بێ. بەڵام لە بیرت نەچێ، شا هەر فەرموویە «پەروەندەی وەگەڕ مەخەن!» ئێمە ناتوانین کاری بدەینێ. بەڵام بۆ خاتری تۆ، ئەو بۆ خۆی حەولی کار بدا، ئەگەر لە ئێمە پرسیار کرا، دەڵێن موافقین. خۆت دەزانی سپووری جادەش بەبێ موافقەتی ئێمە دانامەزرێ!
بارزانی چۆوە نەغەدە کە ماڵی لەوێ بوو. منیش چوومە ماڵێک کە هەر ساواک بۆ دوکتور شەفیق قەزازی گرتبوو. شاخەوانیش - کە موهەندیسێکە - هەر لەوێ دەژیا. هەقی نووستنم نەدەدا. ماوەیەک وا مامەوە؛ نە کار، نە بار. کارمان ئێوارە سینەما و شەو تماشای تەلەفیزیۆن بوو. پاش ماوەیەک دوکتور شەفیق دەڕۆیشت، هاتنە سەرمان کە ئەم ماڵە چۆڵ کەن! شەفیق ناو ماڵەکەی خۆی - جگە لە تەلەفزیۆن و ستوریۆ و یەخچاڵ و شتی بەقیمەت کە فرۆشتنی - دا بە من؛ کە تۆ ماڵت نەماوە. ئەوانەم بردە ژوورەکەوە کە ببووە مەنزڵی بارزانی. «عەبدوڕڕەزاق مەنگوڕی» ناوێک هەبوو کە چەند ساڵ بوو لە تاران دەژیا و کۆنە پێشمەرگە بوو؛ زۆربەی شتەکانی لێ دزیبووم. داخم ناچێ کە دەفتەرێکی شیعر و چەند یادداشتێکی منیشی دزیبوو؛ نەیدامەوە.
ساواک خەریک بوو خانوو بۆ بارزانی و هەواڵانی پەیدا کات. چەند شوێنێکمان دیت، بارزانی ڕازی نەدەبوو. یەک لەوانە عمارەتێکی جێ سەفارەتی ئینگلیس لە شاهاباد بوو لەبن چیای ئەلبورز کە «خوڕەم» کڕیبووی و دەسکاریی تێدا دەکرد. خوڕەمم دی. ئازەربایجانییەکی زبری قامک ئەستوور، کە دەیانگوت لە فەعلەییەوە بۆتە خاوەنی ملیۆنها ملیۆن. کە هات ئەمانی پێی گوت دەمانەوێ ئەم خانووەت لێ بکڕین. گوتی: خودا شاهیدە من نۆکەری شاهم!
گوتم: ئەمانی! بە حەیاتی خۆی قسێکی ڕاستی کردووە!
ئەمانی زۆر پێکەنی. چووینە سەیری پارکی خوڕەم کە ئەویش موڵکی خوڕەم بوو. کە هاتین بڕۆین خوڕەم گوتی: مەڕۆن دەنێرم کۆکاتان بۆ بێنن! بارزانی گوتی: پووڵەکەت لە گیرفانت بمێنێ باشترە!.. لە گەوهەردەشتی کەرەج زۆر خانوویان نیشان داین، بارزانی قبووڵی نەکرد. ئاخری بڕیار درا لە عەزیمییەی کەرەج چەند خانوویێک بکڕن و تێیدا ببینە پەناهەندە.
وەختێ لە خانووەکەی دەگەڵ شەفیقیان ڕاگوێزتین، «ئاغای موبینی» ناوی ساواکی - کە لە دوایە کرا بە ئەستانداری ورمێ - گوتی: تۆ لە ئوتێل دیامۆند دادەمەزرێنین لەسەر حیسابی خۆمان. شەوێک لەوێ مام؛ وەک لە تەویلەدا بم. بەیانی بە کاک موحسین دزەییم گوت - کە کاروباری ئێمەی ئاوارەی هەواڵانی بارزانی بەڕێوە دەبرد - کاکە! نە شەو چوار دینار حەقی خەوم بدەن، نە هیچیم لێتان دەوێ. چوومە لای ڕەسووڵی برام. پەتوویێک و بەرهەیوانێک، ئیتر لە مننەتی ساواک حەسامەوە.