کوڕی ڕەش

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  915 مشاهده

بارزانی تاوێک لێمی دەڕوانی و سیغاری دەکێشا و جوابێکی نەدامەوە. دەیدی زۆر دڵم پڕە و گریان گەرووی گرتووم. گوتی:

- هەژار! هەر لە سابڵاغەوە واتا سی ساڵ دەبێ دۆستی منی. ئەوا چەند ساڵیشە پێکەوەین. من تۆم بە وەفادارتر پیاو زانیوە لەوانەی کە ناسیومن. لە بیرتە کە بە ئەحمەد تەوفیقت گوتبوو ئەگەر بارزانی ببێتە پۆلیسی دەوڵەت، هێشتا دەستی لێ بەرنادەم؟ لە بیرتە کە لە کۆیە گوتت ئەگەر بە تەنیا لەسەر بەردێک بی و هەموو دنیا دوژمنت بن و هجوومت بۆ بکەن، من دێمە لات لەو سەرد بەردە؟ ئەگەر هەموو کەس تەنانەت کوڕی خۆشم لێم دوور کەونەوە و بەجێم بێڵن، ئەوەندەم کار لێ ناکا کە تۆ لە ئاخرین دەمدا - کە زۆر تەنگانەیە - بەجێم بێڵی. تۆ دەتگوت ئامادەم بە گفتی تۆ بمرم. دە ئێستا بەجێم مەهێڵە! وا بزانە ئێرانی دەتکوژن. وەفادار بە و لە ڕێگەی ڕەفاقەت و وەفاداریدا گیان بدە! ئەمڕۆش نەبێ هەر دەمری. حەیفە بە وەفاداری بۆ دۆستی چەند ساڵەت نەمری...

گوتم: قوربان بەسیەتی! ئامادەم تا دەمرم وەفادار بم. لە ئێران بمکوژن یان حەتتا ئابڕووم بچێ کە لە کوشتن خراپترە بەجێت نایەڵم. سەرم لە ڕێتایە و لە کوێ تۆ پێت دابنێی، خاکەکەی قیبلەی منە! ئەوا گیانم پێشکەش بە وەفاداریی تۆ بێ و تۆ بیخەیە بەر سەگ، فەخری پێ دەکەم...