تاڵترین ڕۆژی ژیانم

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  743 مشاهده

لە ژیانمدا ڕۆژی وا تاڵم نەدیبوو. پێشمەرگەی کوردستان دەستە دەستە دەهاتن، بە دەنگی بەرز دەگریان، تفەنگیان دەشکاند و دە چۆمیان داویشتن. تووشی هەر کۆنە فەرماندەیەک ببوونایە دەیانکوشت. لەوە تاڵتر نابێ: پازدە ساڵ بە ئاواتی ئازادیی کوردستان خۆت لە بەرانبەر گوللەی داگیرکەراندا ڕاگرتبێ، ئەو هەموو کوشتەت دابێ، ئەو هەمووەت لە دوژمن کوشت بێ، ئێستا بە جارێک هەموو ئاواتت تێک ڕووخابێ و بێهومێد و هەناسەسارد کەوتبیە دەشتەوە... بەعسیی عەفوویان ڕاگەیاند؛ بەڵام چەند ڕۆژی هەووەڵ هەر پێشمەرگەیەک چوو خۆی تەسلیم کا، دەست بەجێ کوشتیان. چوومە کوێستانی حاجی ئۆمەران بارزانیم دیت. گوتم:

- کاکە! تا ئێستا خزمەتکارێکی کوردستان بووم؛ تۆشم بە دروشمی ئەو خزمەتە زانیوە. وا ئێستا هەموو شتمان دۆڕاندووە. تۆ دەچیە ئێران. من سوور دەزانم نە شای ئێران قەول و قەراری هەیە، نە منیش عافوو دەکرێم. هاتووم خواحافیزیی یەکجاریت لێ دەکەم و سەری خۆم هەڵدەگرم بزانم لە کوێ شرت و گوم دەبم...

- تۆ کە نایە ئێران، لە عێراقیش دەست بەجێ ئیعدامت دەکەن. ڕێگەش لە هەمووی پیاو کوشتنە و نائەمنییە، دەچیە کوێ؟

- جەناب! ملی ڕێ دەگرم! هەر چۆنێک بێ ئەگەر ژیانم مابێ، لە گوندێک دەبمە پەناهندە، دەرس بە منداڵیان دەڵێم؛ مەلایەتییان بۆ دەکەم. خۆم دەشارمەوە کەس خەبەرم نەزانێ. ئەگەر بتوانم خۆم بگەیەنمە سنووری سووریە، دەچمەوە جزیرێ و زۆر باش دەتوانم لە ناو کوردەکان خۆم حاشار دەم. بەڵام بە هیچ جۆرێک حازر نیم بێمەوە ئێران؛ چونکە دەزانم عەجەم هەرچی بڵێن درۆ دەکەن و لێم ڕوونە بە زەلیلی دەمکوژن. یان دەبێ خزمەتکاریی ساواک بکەم کە زۆرم لە مردن پێ ناخۆشترە و بە هیچ جۆرێک نایکەم، یان دەبێ لە زینداندا و لەژێر شکەنجەدا گیان بدەم. گەردنم ئازا کە و خوا حافیزتان! بزانین خودا چی قەرار داوە...