شەرتی وەفا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  724 مشاهده

دەریان کەن! بە قسەتان نەکرددووین. ئێستا لەم شەڕە گەورەیەدا هەرچی سەرانی شۆڕش و فەرماندەی هێزەکانتانن لە شارانی ئێران ڕایدەبوێرن و کەسیان لە جەبهە نییە. پەنجا هەزار گوللە تۆپمان لە داوێنی چیای «زۆزەک» تەقاند و سەنگەرمان بە عەرەبان بەجێ هێشت، پێشمەرگە نەچوون سەنگەرەکان داگیر کەن. یاریدەدانتان جگە لە زیان بۆ ئێران هیچ بەهرە نادا. شا دەگەڵ سەدام ئاشت بۆتەوە و لە ئەمڕۆ بەو لاوە لەشکری خۆمان دەکێشینەوە و ئێوەش دەبێ تەسلیمی بەعس بن! ئەگەر ڕا کەن و بێنە ئێران پەناتان دەدەین. دەنا ئەگەر هەر شەڕ بکەن، لێتان دەدەین و یاریدەی بەعس دەکەین. ئەوا پەیامی شاهەنشاهم پێ ڕاگەیاندن. خۆتان فکری لێ بکەنەوە!

نەسیریی ڕۆیشت. ماتییەک باڵی بە سەر مەجلیسەکە کێشا. مەلا مستەفا گوتی: دەڵێن چی؟ من - کە ئەمانی تێ نەگا - لە کاغەزێک نووسیم: بە بڕوای من پێشمەرگە نەهێڵن ئێرانی چەکەکانیان بێننەوە، ئێمەی کە هەووەڵ جار بە سێسەد تفەنگەوە شۆڕشمان کردووە، ئێستا بە چل ملیۆن فیشەک و بەو هەموو تۆپ و گوللە تۆپەوە، هێزێکی زۆر گەورەین. هەر کارێکی وا بکەین تۆ لە تاران نەگرن و ڕێگەت هەبێ بچیەوە، لەوێ تا توانیمان بەرەنگاری بەعس دەبین. ئەگەر زانیمان خۆ ناگرین، تۆ ئیختیارێک دەدەی بە ئێران کە ناچارم بە هەموو هێزی چەکدارمەوە بێمە کێوەکان و ناو جەنگەڵی ئێران. لێم ڕوونە شا لەوە دەترسێ و هەر بۆ ئەوە شەڕی کورد، ملی خۆی نەگرێ، دیسان ناچار یاریدەمان بدا.

بارزانی نامەکەی منی خوێندەوە و دای بە دوکتور مەحموود و گوتی: بیخوێنەوە و بیسووتێنە!

کەوتینە خەمی ئەوە کە بارزانی بتوانێ لە گرتن ڕزگاری ببێ. ڕۆژ بە ڕۆژیش خەبەر دەهات کە دوای ئەوە پێشمەرگە زانیویانە ئێران دەستی لێ بەرداون و یاریدەیان ناکا، کەوتوونە شەڕ کردنێک کە هەرگیز نەدیتراوە. بە گۆشتی ڕووت هجووم دەکەن و عەرەبان قڕ دەکەن! بە بارزانیمان پێشنیار کرد کە تێلگراف لە مەسعوود و ئیدریسەوە بێت بەو مانایە: پێشمەرگە هیچی بە قسەی ئێمە ناکەن. تا بارزانی خۆی نەیەتەوە، نە دەست لە شەڕ هەڵدەگرن، نە واش دەکەن لەشکری ئێرانی بێتەوە و سەریان بێ کڵاو بمێنێتەوە. تێلگرافەکە کاری خۆی کرد: ئێرانی گوتیان بارزانی زوو بکاتەوە و پێشمەگە ڕازی کا کە دەست لە شەڕ بەردەن. لە ناوخۆدا - هەر لە تاران - قەرار درا هەر کە بارزانی گەیشتەوە دیوی عێراق، دەست لە شەڕی جەبهەیی بەردا و مل لە شەڕی چریکی بنێتەوە. بارزانی نەگیرا و هاتینەوە ورمێ. لەوێوە سەرێکی ماڵەوەم دایەوە، وەسیەتی یەکجاریم کرد کە دەچینەوە کێوان و شەڕ دەکەین. ئەسپابی پێشمەرگەیی:

قرۆشکەی چا، دەرزی و دەزوو و وردە بابەتم تێک نا. چوومە نەغەدە و دەگەڵ بارزانی چوومەوە حاجی ئۆمەران.

لە ڕاستیدا پێشمەرگەی سادە - نە فەرماندە زلەکان - کە دیتبوویان دەبێ هەر بڕوایان بە خۆیان بێ، زۆر پاڵەوانانەیان کردبوو؛ دەشیان کرد. زۆر باش گەرم داهاتبوون. بەڵام ئێستاش نەمزانی چۆن بوو کە بارزانی لە شەڕی چریکی کردن پەشیمان کرایەوە. پێم وایە یەکەم پیری و بێتاقەت بوونەکەی بوو، دووهەمیش دەیدی کە هەواڵانی چەند ساڵەی زۆر فاسید بوون و تا سەر دەگەڵی ناکەن.

لەپڕ فەرمان دەرچوو کە پێشمەرگە لە هەموو جەبهەکان تفەنگ دانێن و دەست لە شەڕ بەردەن...