چوونی شا بۆ جەزایر و پەیامی نەسیری بۆ ئێمە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  882 مشاهده

گوتم: کاکە! کاری ڕادیۆم یەکجار زۆرە، بڕواش بە قەول و بەڵێنی شا ناکەم. هەرگیز ناچمەوە.

گوتی: ئاخر من قەولم داوە کە دەگەڵ خۆم بچیەوە و لە ڕابردووت نەپرسنەوە.

گوتم: کاکە! هەر گا خۆت چوویەوە منیش دەگەڵت دێم. بەڵام ئێستا کار بەجێ ناهێڵم.

لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٩٧٥دا -نازانم کام ڕۆژ بوو- بارزانی دەهاتە تاران، گوتی تۆش دەگەڵ خۆم وەرە! هێنامیە ورمێ، چاوم بە سەیادیان کەوت. کوردێکی کرماشانی بوو؛ کە گوتی: بەڵێ، مەراحمی ملووکانە تۆی گرتۆتەوە؛ ئێستا ئازادی! گوتم: بەو شەرتە ساواک ماواک لە سابڵاغ لێم نەپرسن.

- نا، خاترجەم بە! هەر ئێستا کە چووی با ساواک بتبینن. ئیتر کەس تازە باست ناکا.

دەگەڵ دوو ساواکی ناردیانمەوە مەهاباد. چوومە ئیدارەی ساواک، «سەرهەنگ ڕەشیدی» ناو ڕەئیسی ساواکی مەهاباد بوو؛ تەلەفۆنی لە کولیجی کرد کە وەرە کارێکی گرینگم پێت هەیە. کە منی دیت گریا... دەگەڵیا هاتمەوە ماڵ. دوای وا بزانم سێ ڕۆژ چوومەوە ورمێ. دەگەڵ مەلا مستەفا و چەندێک لە هەواڵانی هاتینە تاران؛ لە جێگەیەک دابەزین کە باشگای ساواک و جێگەی میوانی خارجی بوو بە ناوی «شیان»؛ لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی تاران. ماڵی «ژنەڕاڵ نەسیری»ی سەرۆکی باڵای ساواک لە نزیکی ئەوێ بوو. دوو کەسی ساواکی، یەک بە ناوی «ئەمانی» کە بریکاری نەسیری بوو، یەکی تریش بە ناوی «کیسەچی» هەمیشە لامان بوون. ئەمانی پیاوێکی سەر و ڕوو خۆش بوو؛ زۆری من دەدواند. ڕۆژێک پرسیم: نەسیری لە پێش تاوهەڵاتدا دەڕوا. خوا غەزەبی لێ گرتووە کە تێر ناخەوێ؟!

گوتی: نا، نەسیری بە ناو معاونی سەرۆکوەزیرە، بەڵام سەرۆکوەزیر (هوەیدا) لە ماڵە خۆی دەرناکەوێ تا نەسیری نەچی لە شاوە دەستووراتی کاری ڕۆژانە وەرنەگرێ و پێی نەدات. جا نەسیری دەچێتە ماڵی شا، کە لە خەو خەبەری بۆوە، دەستووراتی لێ وەردەگرێ و دەچێتە ماڵی هوەیدا پێی ڕادەگەیەنێ...

کارمان هەر خواردن و نووستن بوو. جارێک بارزانی و دوکتور مەحموود چوونە لای شا.

خەبەرمان وەرگرت کە شا دەچێتە «جەزایر». شەوێک ژنەراڵ نەسیری هاتە لای بارزانی، وەک هەمیشە ماچی کرد و دانیشت و زۆر قسەی خۆشی کرد. لەپڕ هەڵیدایە گوت: بیستوومانە عێراق مووشەکی وای لە ڕووسیا وەرگرتووە کە نۆ میتر درێژە؛ هیچتان ناهێڵن و قرتان دەکەن! دوکتور مەحموود گوتی: ئێمە فێرە مردن بووین؛ لەو شتانە ناترسین!

گوتی:دوکتور تۆ نازانی قسە بکەی! ئەعلاحەزرەتیش هیچ کەیفی بە قسەی تۆ نەهاتووە. من هاتووم شتێکتان پێ ڕابگەیەنم: ئێرانی شاهەنشاهی بە سەدها هەزار دۆلاری یاریدەی شۆڕش داوە. بە چەک و سەربازی خۆشمان هاتووینە یاریدەتان. ئێوە هیچ بەهرەتان پێوە نەماوە. گەورەکانی لەشکرتان هەموو دزن؛ هەر خەریکی گیرفانی خۆیانن؛ چەند جارمان گوتووە «حەسۆ میرخان»، «عەلی شەعبان»، «ڕەشید سندی» و کێ و کێ دز و خاینن بە شۆڕش؛