چۆناوچۆن هاتمەوە بۆ ئێران

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  755 مشاهده

جا بزانین من کە نزیکەی سی ساڵ زەحمەتم کێشاوە و ئەویش زەحمەتی فەرهاد، چم لێ سێندرابوو: هەشت هەزار و شەشسەد دیناری عێراقی، چوارسەد مسقاڵ زێڕ و خشڵی ژن، پڕی شەش وەتاغ مافوورەی ئێرانی، کتێبخانەکەم کە باوەڕ کە قەت بە ملیۆن دیناریشم نەدەدا. ئەو هەموو ساڵە کتێبی هەڵبژاردەم وە سەر یەک نابوو. جگە لە عەرەبی و فارسی و تورکی و ئازەری، هەرچی بە کوردی لە ئەستەمبووڵ و عێراق و سووریا چاپ کرابوو. هەمبوو. دووسەد و بیست و هەشت جڵد هەر شەرەفنامەی دەست لێ نەدراوم هەبوو. دیاری و جایزەی مەقالات و ئەو هەموو عەکسە یادگارییانە و خولاسە بایی نزیکەی دوازدە هەزار دینار و خانوویێکی «ئیسکان» کە تەنیا قیستی پێنج ساڵی مابوو، تەلەفیزیۆن و چەند ڕادیۆ، فڕگازی ئیتالی و جلشۆر و هەموو کەلوپەلی ماڵی تەیار و سازی شارستانی، مۆبلی هەرە چاک، هەمووی لە سەعاتێکی نیوەشەودا موسادەرە کرا. جا چۆن ژنێک بە خوێنی دڵ شەریکی پەیدابوونی ئەو هەموو دارایییە بووە و دەگەڵ گەسکێکیش عەلاقەی دڵی زۆرە، لەپڕ ببینێ هاتۆتەوە سەر سیفر و دەست بەتاڵ و نانی پەناهەندەییی ئێرانی بخوا، خەمگین نابێ؟! بەڵام چار چییە؟... دەڵێن «جونەیدی بەغدادی» وەعزی دەدا، سەری کوڕەکەیان بڕیبوو، لە کۆڵانەوە خستیانە ناو کۆشی. گوتی: «ئەو مەنجەڵەی من سەر ئاگرم نابوو، دەبوایە کەلاکێکی عەزیزی تێدا بکوڵێ...».

داواکردنی ئازادیی کوردستان لە مەنجەڵی جونەید گەرمتر بوو؛ داراییی منیشی تێدا کوڵا و هەلا هەلا بوو. با ناهومێد نەبین؛ ئەگەر لە ئێرانەوە هەڵاتم، پێنجسەد و شەش تمەنم پێ بوو. ئەگەر ماڵ و منداڵم بۆ هاتن، شەش تمەنم هەبوو. بەڵام دووکانێکی عەکاسیشم شک دەبرد. لە پاش دەوڵەمەند بوون، ئێستا شەش تمەنەکەش شک نابەین! ئەو مەلا حەسەن بارزانییەی ببووە سەبەبی ماڵوێرانیی من، هەر بەعسیی گرتیان و ئیعدامیان کرد. ژنەکەشی بە گوێپچر گوێپچر خۆی گەیاندەوە ڕووسیا.

ڕێگای شاران نەمابوو. تەیریش نەیدەوێرا هاتوچۆ بکا. ڕۆژێک لەو ناخۆشییە گەورەدا «کەریم نەستانی» - کە پێشمەرگەیەکی ئێرانی و زۆر ئازا بوو - لە حاجی ئۆمەران پەیدا بوو.

- کەریم تۆ لە کۆیە دەژی، چۆنت وێراوە بێی و بگەیە ئێرە و بۆ چی هاتووی؟

گوتی: من جاروبارە قاچاغیەتی دەکەم و بە کوێرە ڕێگایاندا خۆم لە جاش و سەرباز دەشارمەوە. محەممەد مەولوود (مەم) بیست دیناری حەقی ڕێگە داومەتێ کە سەد و بیست دینار پووڵ بۆ تۆ بێنم. زانیویە ماڵت هەموو داگیر کراوە و ئێستا بە دەستەنگی لە چیا ماویەوە.

لەو پیاوەتییە کە هیچ تەماحی دنیایی تێدا ڕەچاو نەکراوە و لەو لێقەومانە سەختەدا، برادەرێکی دەست کورت ئاوا دۆستی خۆی لەبیر نەچووبێتەوە؛ گریانم هات... جا چۆن نەڵێم ئافەریم مەردایەتیی ڕاست! چۆن هەزار دۆستی زمان خۆش و لە کرداری پیاوانە بە دوور، بەقوربانی دۆستێکی وا نەکەم؟...

خێوەتێکمان پەیدا کرد. ماڵە مەلا مستەفا دانەوێڵە و کەلوپەلیان بۆ ناردین و ژیانمان دامەزراندەوە. هەموو ڕۆژ تەیارەمان دەهاتە سەر. مەعسووم لەوە دەترسا من بەرکەوم کە خۆم ناشارمەوە؛ ناچاری دەکردم کە هەتا من خۆم پەنا نەدەم ئەویش خۆی نەشارێتەوە. سەرما هاتبوو. ماڵمان بردە چۆمان؛ لە خانوویێکدا دەژیاین.

شەڕی ئەمجارە زۆر بێڕوحمانەتر بوو. هەموو ڕۆژ هەموو ئاوەدانیی بۆمباران دەکران. ڕۆژ نەبوو چەند کەسێک لەبەر چاومان نەکوژرێ. من دیسان هەر لە سەر ڕادیۆی کوردی کارم دەکرد. ژیان لە چۆمان زۆر دژوار بوو؛ دەترسام خانووەکە و منداڵەکانم وەبەر بۆمبایەک کەون. ناچار گوتم بچنە سابڵاغ و میوانی سەیید عەبدوڵڵای کولیجی بن! ئەگەر وێرای ڕاتانگرێ، بمێننەوە. ئەو ڕەنگە بتوانێ لە گرتن ڕزگارتان کا. بەڵام عەبدوڵڵای برام هیچی بۆ ناکرێ و لەوانەیە خۆشی تووشی گێچەڵی ساواک بێت. بە ڕۆژێکی زۆر ساردی زستانی ناردمنەوە. چووبوونە ماڵی سەیید عەبدوڵڵا. چووبووە ورمێ گوتبووی: هەژار خزمی منە! منداڵی هاتوون میوانمن. ئەگەر ڕایاننەگرم ئابڕووم دەچێ و دەبێ لەم شارە بار کەم. گوتبوویان هیچ قەیدی نییە؛ با میوانت بن! تەبەقەی دووهەمی خانووەکەی خۆی بە هەموو ئەسپابێکەوە دابوونێ و ئەوپەڕی پیاوەتیی نواندبوو.

هێشتان هەر پاییز بوو، بارزانی لە سەفەرێکی تاران گەڕابۆوە؛ گوتی: دەگەڵ شا دەربارەی تۆ دواوم کە چەند ساڵە دۆستی منە و هاوکاریی کردووم و دەبێ ببەخشرێ. شا قەولی داوە کە پەروەندەکەت نەکەوێتە کار و تا خراپە دەگەڵ ئێران نەکا و گوناهی دژی دەوڵەتی شاهەنشاهی لێ ڕوو نەدا، باسی نەکرێ و با بێتەوە ئێران. دە ئیستا خۆت حازر کە! بچۆ ورمێ و خۆت بە «سەیادیان» بناسێنە!