دیسان چووینەوە سەر سیفر
ئیتر سەرت نەیەشێنم، لە ساڵی ١٩٧٠ڕا، شۆڕش بە جارێک بێناوەرۆک ببوو. لە ساڵی ١٩٧٤دا بەعسی - کە زۆر پشت ئەستوور بوون لە یاریدەدانی ڕووسان - ڕایانگەیاند: کەرکووک، خانەقین، سنجار و ناوچەی شێخان بەر خودموختاری ناکەوێ. واتا بە زۆر شەڕیان بۆ ساز کردینەوە. شەڕ قەومایەوە...
لێرەدا دەمەوێ وچانێک بدەم و باسێکی گشتیی خۆم بکەم: ئەو چەند ساڵە کە من خۆم دەهاتمە شۆڕش، چونکە لە شۆڕش - بە ناشوکری ناڵێم - مەدرەسە و خوێندن نەبوو، دەمگوت با منداڵەکانم لە خوێندن بێبەش نەبن؛ واتا ڕیسکێکم دەکرد. مستەفام گەییبووە شەش و دەبوو دیپلۆم بستێنێ. زۆر زیرەکێکی بلیمەت بوو؛ هەموو ساڵە لە مەدرەسەدا یەکەم بوو. زاگرۆسم گەیبووە دووهەمی ڕاهنمایی. ئەویش هەر زۆر هەڵکەوتوو بوو. خانیی چکۆڵەش دەبوایە بچێتە چوارەمی ئیبتیدایی. هیچگاش دەوڵەت تەشقەڵەی تێنەهاڵاندبوون. بەعسی لە ساڵی ١٩٧٢دا وێکەوتن، نزیکەی چل هەزار کوردی «فەیلی» کە سەدها ساڵ بوو لە عێراق دەژیان، بە تۆمەتی ئێرانی بوون دەرکرد. کە هات دەگەڵ ئێمەشی تێک دایەوە، بۆ ئەوە مخاریج لەسەر بارزانی زیاد بکا و ئاوارەی ببنە دەست و پاگیر، هەر کەس شبهەیان لێ دەکرد دەگەڵ شۆڕشی بارزانییە، بە نیوەشەوێک لە بەغدا دەریانکردن. کە لاوانەی هەووەڵ کاروان، ماڵی من و سەد ماڵی تر بوون. پێش ئەوە بە ماوەیەک «مەلا حەسەنی بارزانی» - کە خزمی نزیکی مەلا مستەفا و ژنێکی ڕووسی هەبوو - لە بەغدا جیرانم بوو؛ هاتبووە ناوپردان. گوتم: مەلا حەسەن تکات لێ دەکەم محەممەدی ئیمامی و ژنەکەی با بچنە خانووی منەوە. وا دەکەم منداڵ و ماڵەکەم بێنمە کێو. تۆمەز مەلا حەسەن بۆ خۆی بۆتە پیاوی بەعسییان و خۆی پێ فرۆشتوون! ژنەکەشی جاسووسی سەفارەتی ڕووسە! چووبوو باسی منی ورد و درشت بۆ ئیدارەی ئەمنی بەعسی کردبوو. شەوێک سەعات دووی پاش نیوەشەو پیاوی ئەمنی بەعسی ڕژابوونە ماڵەکەم، کلیلی هەموو ژوورەکان و دەرکەیان لە «مەعسووم» ساندبوو. بێ ئەوە بهێڵن ژن و منداڵ جلکی خەو بگۆڕن یان جلکیان هەڵگرن، ڕەپیچەکیان دابوون. مەعسووم هەر ئەوەندەی پێ کرابوو دینار و ڕوبعێک (بیست و پێنج تمەن) لە سەر تەلەفیزیۆن دەست بداتێ. ئیتر سواری کامیۆنیان کردبوون، بردبوویاننە ئیدارەی ئەمن. لەوێ لێیان پرسیبوون: ئیمامی و ژنەکەی کێن کە دەبوو بێنەوە ماڵتان؟ لەوێوە بردبوویاننە دەری بەغدا. دەگەڵ چەند ماڵی تر کە بەوانەوە دەبوونە سەد، بە سەحرادا هێنابوویانن و لە هەولێرەوە دەرچووبوون و لە خوار هاوینەهەواری سەلاحەددین دایانبەزاندبوون. هەر کوڕێکی تەمەنی لە دوازدە ساڵ و باڵاترە، لە سەفیان دابوون، تیرباریان بەرانبەر دانابوون کە ئیعدامیان کەن. ئەفسەرێک لەو دەمەدا گەیبوویە، نەیهێشتبوو منداڵەکان ئیعدام کەن؛ بەڵام بەرهەڵدای چیا و چۆڵیان کردبوون کە بۆ کوێ دەچن بچن! بە پێ، بە ناو شاخ و جەنگەڵدا هاتبوون. کابرایەک دوو منداڵەکەمی سواری کەر کردبوو. گەیبوونە شەقڵاوە. سەرمایە و ڕووتن؛ ژنە لادێیی جلە کۆنی خۆیان دابوو بە ژنان. پیاوان لە جلکی شڕی خۆیان منداڵیان لە سەرما ڕزگار کردبوو. لەوێوە چووبوونە «هیران» و «نازەنین». بە کامیۆن باریان کردبوون بۆ «ڕانیە» و لە ماڵی «مام قادری باغەوان» شەوێک مابوونەوە. تۆزێک پۆشتە کرابوونەوە و ڕاست بۆ کەمپی ئاواران لە نەغەدەوە، لە خێوەتێکدا جێ کرابوونەوە و بە ژیانی پەناهەندەییی ئاوارە ژیابوون. من کە ئەو خەبەرانەم زانی، ناردم بە دزییەوە ماڵ و منداڵەکەم هاتنە حاجی ئۆمەران. پێم وایە یەکەم جار بوو مەعسوومم دیت بۆ ماڵ بگری. زۆرم دڵخۆشی دایەوە. خانی کە هەر دیتمی گوتی: بابە! زۆریان سواری کامیۆن کردین بە خۆڕایی و هیچ پووڵیشیان لێ نەستاندین! خۆزگەم بە دڵی منداڵ کا...