باسێکی خۆم

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  719 مشاهده

دوو مانگێک دوای ئەو بەڵایە، کوردێکی سووریایی گیرا کە چەمەدانێکی زۆر جوانی بە دیاری بۆ بارزانی هێنابوو. ئەویش بۆمبێک بوو لە هەر ژوورێکدا بتەقیبا کەسی لێ دەرنەدەچوو.

کاک مەسعوود و چەند کەسێک چووبوونە بەغدا. لە گەڕانەوەدا لە سووچی خەیابانێکی بەغدا بەر گوللە درابوون. جگە لە «عەریف حەمید» کە لاقی شکابوو، ئەوانی تر ساغ دەرچوون.

هەمیشە لەو چوار ساڵەی قەیرانەدا دەوڵەت خەریکی لە بەین دانی شۆڕش و بارزانی بوو. تەنانەت توانیبووی عوبێدیڵڵای کوڕە گەورەی بارزانیش بکاتە جاسووس و پیاوی خۆی. وەک لە دواییی شەرەفنامەشدا گوتوومە: بارزانی لە کۆبوونەوەیەکی گەورەدا گوتی: تانک و تەیارە و تۆپی دوژمن پێمان نەوەستا، دەترسم پووڵ و پلە و ترومبیل و قەسر لەبەینتان بەرێ! ڕاست ئەوە بوو. ئەوانەی کە چەندین ساڵ بوو لە شۆڕش بوون، وا شێتی دەرەجە و پووڵ و قەسر و ترومبیلی بەغدا ببوون کە بەعسی ڕوون دەیانزانی تازە ئەوانە تاقەتی بەرداوبەرد و شەڕیان نەماوە. لە ماوەی چوار ساڵەشدا، ڕێگەوبانی زۆر پان و قەڵای زۆر قاییمیان لە کوردستان دروست کرد و ئاشکرا ئامادەی هجوومی دیکە بوون. ئێمەش هەموو هومێدمان کەوتبووە سەر ئێران و چەک و یارمەتیی ئەو. هەمیشە بە سەتان لە فەرماندەهانی پێشمەرگە، لە تاران و شارەکانی تری ئێران، خەریکی خۆشگوزەرانی و پووڵ خەرج کردن بوون.