لە ١٩٧٤دا شەڕ قەومایەوە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  727 مشاهده

ڕۆژی بیست و نۆی مانگی نۆی ١٩٧١، یازدە مەلا لە نەجەف و بەغداوە هاتبوون کە چاویان بە بارزانی بکەوێ لە حاجی ئۆمەران. پێشتریش زۆر دەستە لە بەغداوە دەهاتن. مەلاکانم لە قاوەخانەی حاجی ئۆمەران دیت؛ ساڵح مەحموودیان دەگەڵ بوو. گوتی تۆش وەرە دیوەخان بزانە ئەو مەلایانە دەڵێن چی. گوتم من حەز لە چارەی مەلایان ناکەم. چووم لە ماڵی عەلییە کوردە خەوتم. لە خەوەکەم بە دەنگی تفەنگان ڕاپەڕیم. دیتم لە دەوری ماڵی مەلا مستەفا تەقەیەکی زۆر غاڵبە؛ ڕامکرد. کابرایەکم دیت هەڵدێت. هەرام کرد: مەهێڵن کەس لە دێ دەرچێ!

«سولەیمانی حاجی بەدری» سەردەستەی حەرەسەکانی بارزانی بوو؛ گوتی کۆڵانان بگرن! گەیمە ناوەندی تەقەکە. گوتیان بۆمبایان لە مەلا مستەفا تەقاندووە. دەگەڵ ئەوەشدا کە لە تاوان وەخت بوو شێت بم، هەرام کرد:

- پیاوی چا بن مەیانکوژن! بە ساغی بیانگرن! خەبەریان لێ وەردەگرین.

کەس گوێی بە من نەدا. من هەر ئەو هاوارەم دەکرد و بە ناو تفەنگچییەکاندا دەسووڕامەوە. لەپڕ بۆمبایەک کە لەبن ماشێنێکی تۆیۆتاوە قایم کرابوو تەقی. پتر لە دوو میتر لە جێی خۆم پەڕیم؛ بەڵام نەکەوتم. ڕانندەی تۆیۆتا - کە ئەفسەرێکی بەعسی و بە جلی ڕانندەیییەوە دەگەڵ مەلایان هاتبوو - لەبن تۆیۆتاکەوە تەقاندبووی؛ خۆشی کوژرابوو. مەلا مستەفا و دوکتور مەحموود لە ژوور هاتنە دەر. بارزانی سەروچاوی خوێناوی بوو؛ زۆر شاد بووین کە نەکوژراوە. ئەویش بە سولەیمانی حاجی بەدری گوت: مەیانکوژن! سولەیمان - کە بە جارێک شڵەژابوو - لە بارزانی تووڕە بوو؛ گوتی: بڕۆ ئەوە کاری تۆ نییە! بارزانی گوتی: وا تووڕەیە لەوانەیە منیش بکوژێ! ڕۆیشت. زۆر زوو تەقە وەستا. هێندێک لە مەلاکان کە پەنایان بە ئاودەست و ژووری تر بردبوو کوژران و کەلاکیان ڕاکێشان. هەووەڵ کەس من چوومە ژووری دانیشتنەکەوە. یەک لە مەلاکان لەسەر کورسییەک دەستی وەبەر چەنەی دابوو؛ دانیشتبوو. وا مزانی زیندووە. کە بۆی چووم پارچەی بۆمبا وە بن هەنگڵی کەوتبوو؛ هەر لە جێ مردبوو. ڕامکێشا سەر عەرز. کەلاکەکانی تریشیان هێنایە ئەو ژوورە. ئاگر بەر ببووە ژووری نوێنان؛ پیاو لە دووکەڵ دەخنکا، دەگەڵ عەلییە کوردە خۆمان دە ژووری ئاگر ڕاکرد و توانیمان بیکوژێنینەوە و لەبەر دووکەڵ و کۆخە چاومان سوور و هەڵمساو بوو. منیان کردە مەعمووری پشکنینی کەلاکان. گیرفانم بەتاڵ کردن. یادداشت و نووسراوەکانیان و سەعات و پووڵیان کۆ کردەوە؛ هیچ شتێکی وامان دەست نەکەوت کە مەلا بۆیە هاتبن بارزانی بکوژن. لە گیرفان یەکێکیاندا ڕۆژ بە ڕۆژی سەفەر لە نەجەفەوە نووسرابوو کە: «شەو لە ئوتێل موختار بووین. بەیانی سوار بووین و گەینە فڵان جێگە و فڵان شەو ڕامانبواردووە...»

من بە بڕوای خۆم وای بۆ چووم: مەلاکانیش خەبەریان لەو پیلانە نەبووە. ناردوویانن کە ئێوە دەگەڵ بارزانی قسە بکەن. دەزگایەکیان لە قەدی یەکێکیان بەستووە کە ئەمە زەبتی دەنگە. ئەگەر بارزانی دەستی بە قسە کرد ئەو دوگمەیە بکەوە! دەنگەکەی خۆیمان دەوێ. مەلا کە لە بەرانبەر بارزانی دانیشتووە، هەر کە دوگمەی کردۆتەوە، بۆمبا بووە و تەقیوە. بۆ خۆی ببووە پەنجا پارچەش زیاتر. گۆشت و خوێنی بە میچی ژوورەکەوە نووسابوو. دوو ئەفسەری بەعسی بە ناوی ڕانندە - کە مەلاکانیش نەیانناسیبوو - ترۆری بارزانییان پێ سپێرابوو. تێشگەیەنرابوون کە بارزانی لە فڵان وەتاغ میوانان دەبینێ. ماشێنی تۆیۆتا لەبن دیواری ئەو وەتاغە پارک کرابوو. ماشێنێکی تریشیان پێ بوو کە جێگەی پارک کردنی لەوێ نەببوو؛ دوورتر ڕاگیرابوو. بەڵام ئەو ڕۆژە بارزانی لە وەتاغێکی دیکەدا چاوی بە مەلایان کەوت. ڕانندەکە زانیبووی کار لە کار ترازاوە، بۆمبای بن ماشێنی تەقاند. سەربانی وەتاغەکەی نزیکی تەواو هەڵوەشاند و تێکوپێکی دا. گەیشتینە سەر ماشێنەکەی تر، دوو بۆمبی زۆر درێژ و ئەستووری لەبن قایم کرابوو. یازدە کەلاکمان بن گڵ خست و دوانیان وا لە بەر یەک چووبوون نەزانرا پارچەیان لە کوێیە. دوای دوو ڕۆژ، پیاوی سەدام هاتن و حاشایان کرد کە دەوڵەت ئاگای لێ هەبووە. بارزانی هیچ لۆمەی سەدام و دەوڵەتی نەکرد و بە سەر خۆی نەهێنا. ئەو ڕۆژە دەتوانم بڵێم لە هەموو ڕۆژەکانم تاڵتر و دوایییەکەی شیرینتر بوو کە دەمدی بارزانی لە کوشتن خەلستووە. دوایی لە بەغدا بیستمەوە کە ئاجودانی سەدام تەلەفۆنی بۆ کابرایەکی کوردی ئاشنای کردبوو کە بارزانیمان لە کۆڵ دنیا کردەوە.