بەعسی دیسان کەوتنە گەندەڵ-فێڵان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  731 مشاهده

لە سایەی سواڵ کردنی ئێمەوە، یەکجار زۆر کتێبی زۆر باشمان بۆ کۆڕ پەیدا کردبوو. «حاجی جەندی» و «قەنات» بوونە ئەندامی فەخریی کۆڕی زانیاری. زۆر زوو چوومە کوردستان و پەیامی غەفوورۆفم بە بارزانی گەیاند. گوتی: ڕووس لە پەیمان بەستن دەگەڵ بەعسدا کە خودموختاریمان بدەنێ، خۆیان زۆریان حەول دا، کەچی ئێستە دەیانەوێ بێ هیچ حەقێک خۆمان تەسلیمی ئەوان بکەین! مردن سەد جار لەوە بەشەرەفترە کە پاش ئەو هەموو خوێن ڕژانە، سەر بۆ دوژمن شۆڕ کەم و شەرمەزاری گەلم بم . ئەگەر مەسڵەحەتی شۆرەوی لەو تەسلیم بوونەدایە، مەسڵەحەتی کوردی تێدا نییە...

لە پاش ئیعلانی خودموختاری، برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی و عومەر دەبابە و هەموو دەستە و بەستەیان هاتنەوە لای بارزانی و عەفووی کردن و لە چیا دەگەڵ خۆمان دەژیان؛ وەک قەت نێوانمان ناخۆش نەبووبێ. حاجی محەممەدی شێخ ڕەشید - کە دوژمنی هەرە سەرسەخت بوو - خۆی سەربەخۆ هات بۆ دیدەنی مەلا مستەفا و دەخالەتی پێ کرد. ماڵم هەقە مەلا مستەفاش زۆری حورمەت گرت. جارێک بەغدا خەبەری بۆ حاجی محەممەد ناردبوو کە بچێتە بەغدا. لە وەرامی تیلگرافدا گوتبووی: من لەو ڕۆوە نۆکەری بارزانیم و هەر گەورەیەکم هەیە، تا ئەو نەمنێرێت من حکوومەت ناناسم!

بەعسی کە پەیمانی پازدە ساڵەیان دەگەڵ ڕووس بەستبوو، شیووعییەکانیشیان بردبۆوە لای خۆیان و چاوی هەموو خوێندەوار و بە کاری کوردیشی بە پووڵ و پلە نووقاندبوو، دەیزانی زەحمەتە ئەم شۆڕشە دووبارە وەک جاران زیندوو بێتەوە؛ لێمان کەوتە گەندەڵ فێڵان! هاتوچۆکەر دەهاتن و لە لایەن دەوڵەتەوە گفتوگۆیان دەگەڵ بارزانی دەکرد و هەر خەریک بوون کە ناوی بەرن.