هاتنەوەی هەڵاتووان و لێبوردنی بارزانی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  676 مشاهده

دەگەڵ کەمال قەدەممان لێدەدا. چاوم بە کووچەیەکی تەنگی بنبەست کەوت؛ لە دەرگای کووچە نوسرابوو: «سەلام عادل». گوتم: «وەرە هەر بڵێ قەدری شیووعیی عەرەب ناگیرێ! ئەگەر کوژران ئاوا لە مۆسکۆ ناوتان لە سەر کۆڵانان دەنووسن!».

لە مۆسکۆڕا ڕاست هاتینەوە فڕگەی بەینەلمیللەلی ئەستەمبوڵ؛ کە سەودا هەر بە دۆلارە. زۆرمان شت کڕی بۆ دیاری. چوومە دووکانێک داوای جغارەم کرد، کابرا گوتی:دەخیلە تۆ بچۆ پاکەتێک چای لیپتۆنم بۆ بکڕە. هەر جغارەیەکت بوێ دەتدەمێ و زیادت لێ ناستێنم. پاکەتە چام بۆ کڕی و لەبن دووکانەکەی شاردیەوە وچەند گڵۆسێک جغارەی خارجیم لێ کڕی.

لە تەیارەی بەرەو عێراقدا زۆرمان ویسکی و ودکا کڕی کە بە دینارێک بوو؛ لە بەغدا بە پێنج دینار. چەمەدانەکانمان پڕ کرد. لە دوو دوتڵ پتر مەمنووع بوو. گوتمان ئەگەر لێیان ساندین ئەوە چش؛ ڕیسکی خۆمان دەکەین. شەو دەوری سەعات یەکی پاش نیوەشەو گەیینە فڕگەی بەغدا. کەمال لەپێشدا چوو تەفتیش بکرێ. ئەفسەرە بەعسییەکە گوتی: کوا پێناست؟ دیتی، گوتی: کوردن؟

- بەڵێ!

ئەویش کوردێک بوو، گوتی بڕۆنە دەر!

ئیحسان شێرزاد چاوەنۆڕمان بوو. ئێمە پێدەکەنین؛ گوتی: دڵتان خۆشە، دیارە لە ڕووسیا باش هاتوونەوە.

- بەڵێ باش هاتووینەوە. بەڵام پێکەنینەکەمان بەو دوو چەمەدانە پڕ لە مەشرووبەیە کە نەیانپشکنین!