گەڕانەوە بۆ بەغدا بە ئەستەمبووڵدا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  911 مشاهده

گوتم: جەناب! دەزانم شۆرەوی و هەموو دەوڵەتێک دەڕوانێتە قازانجی خۆی. لێشم ڕوونە ئێوە بەعسی دەناسن. کە چەند خوێنڕێژ و دوور لە هەموو پەیمان و قانوونێکن. بەڵێ حیزبی شیووعی لە پاش ئەو قەتڵوعامەی بەعسی لێیان کرد، بە ئەمری ئێوە چوونەتەوە بەردەستی بەعس و ئێستا بە گژ ئێمەدا دێن کە ئەگەر نەیەنە جەبهەوە و شەڕ هەڵگیرسێتەوە، یارمەتیی دەوڵەتی بەعسی دەکەین. خەت و شوێنێکی بەعسی بۆ ئەو جەبهەیان کێشاوە، ئاشکرا هەرچی حقووقی میللی ئێمەیە و هەرچی داوای حیزبی کۆمۆنیستە دەماڵێتەوە. دەبێ نۆکەری ئاڵقە بە گوێی بەعس بین. پازدە ساڵە شەڕ و لێکدانمانە؛ هەزاران لاوی کورد لەم ڕێگەدا خوێنی ڕژاوە؛ بە هەزاران ماڵ سووتێنراوە و وێران بووە. چۆن باوەڕ بکەم بارزانی بێ وەرگرتنی هێچ حەقێک دەست لەسەر دەست دانێ؟ چی جوابی گەلە لێقەوماوەکەی بداتەوە؟ ئایا شۆرەوی دەستەبەر دەبێ کە بەعسیی خودموختاریمان بێ کەم و زیاد بدەنێ و پەیمانێکی داویانە پێکی بێنن؟ کوا ئەو شەرتە شۆرەوی دەیگرێتە ئەستۆ؟ ئەگەر هەر مەسڵەحەتی شۆرەویە و ناتانکرێ هەقمان بۆ بچەسپێنن، مانای وایە ئێمە پاش دوازدە ساڵ گەڕاینەوە سەر خەتی هەووەڵێ و ئەوجار بەعسیی تۆڵەی ئەو چەند ساڵشمان لێ دەکەنەوە.

غەفوورۆف گوتی: من خۆم باوەڕ ناکەم بەعسیی پەیمان بەرنە سەر. باوەڕ ناکەم جەبهە بەتەواوی نەگرنە دەست خۆیان. تەنانەت باوەڕم نییە کە شیووعییەکانیش لە دەست بەعس ئاسوودە بن. شۆرەوی بشڵێ، ناتوانێ عەرەبان ناچار بکا پەیمانیان کە بە کورد داوە پێکی بێنن. بەڵام دەڵێم زۆر لە سیاسەتمەدارانی شۆرەوی دەیانەوێ عێراق هیچ کێشە و سەرێشەی تێدا نەبێ. ئەگەر بارزانی ئەمەش قبووڵ بکا دیارە زیانیەتی؛ بەڵام مومکینە فرسەتێکی تر هەڵکەوێ.

گوتم: باشە هەموو شتێکی پێ دەڵێم، ئەویش کەیفی خۆیەتی.

شەوێک میوانی «پرۆفسۆر بەکاییف» بووین کە کوردێکی ئەرمەنستانییە و مامۆستایە لە دانشگای زمانەکانی ڕۆژهەڵات. بەر لە شام، پرۆفسۆر «قەناتی کوردیف» هات؛ کە هاتبووە مۆسکۆ فەرهەنگی ڕووسی - کوردی چاپ بکا. دەدری دڵ لە حاڵی پەریشانی کورد دەکرا.

بەکاییف گوتی:

- کچی «گیو موکریان» بە ناوی «کوردستان» هاتووە کە لەسەر زمانی کوردیی تەحقیق بکا و بخوێنێ. پێم خۆش بوو کە بە منیان سپارد.

- کچم لە کام زاراوەی کوردیدا دەتەوێ تەحقیق بکەی و دوکتورا بستێنی؟

- لە زمانی مامم: حوسێن حوزنیدا!

چونکە نەمزانبوو حوسێن حوزنی زمانێکی سەربەخۆی هەبووە، خۆم لە دەرس پێگوتنی کێشایەوە!

گوتم: زۆر لەوانەی لە ڕووسیا دەرچوون و هاتوونەوە عێراق، ناویان دوکتورە و هیچ نازانن!

بەکاییف گوتی: هەموو گوناهی ئەم قەناتی کوردیفەیە!

کوردیف تووڕە بوو:

- من بۆ چی؟

- چەند جارم پێ گوتی یەکی وەک نەسرین فەخری، مارف خەزنەدار و کاوس قەفتان بەهاسانی و بە ناوی تەعەسسوبی کوردایەتی کارنامەیان مەدەیە؟ ئەوانە دەچنەوە لە کوردستان دەبنە مامۆستا، مێشکی هەزاران کوڕ و کچی کورد تێک دەدەن! هەر گوتت: ئاخر کوردن؛ چۆن دەریان نەچوێنم؟!

قەناتی کوردیف خەریک بوو شام نەخوا و بڕوا. بەزۆر داماننایە و ئاشتمان کردەوە؛ بەڵام گوتمان حەق بە بەکاییفە.

ڕۆژێک چووینە دانشگای زمانانی ڕۆژهەڵات؛ بەزم بوو: یەک عەرەبی، دوو فارسی، یەک ئوردوو، سێ پشتوو، زمانی سەیر سەیر دەرس دەخوێنرا. تووشی دوکتورێکی تاجیک بووین. ناوەکەم لەبیر نەماوە، مامۆستای دەرسی کوردی و تەحقیقات لە دەوری مەسەلەی کورد بوو.

توانیمان بە هۆی دوکتور «پولیڤۆی» بلیتی باڵشۆی تیئاتر پەیدا کەین. «ئۆپرای کارمن» بوو. لە دوکتور پولیڤۆیم پرسی: تۆ لەگەڵ ئەو پولیڤۆیەی پاڵەوانی داستانی «پیاوێکی بەڕاستی» کە فڕۆکەوانێک بووە و لە پاش لاق پەڕین دووبارە بۆتەوە فڕۆکەوان لە شەڕی ئەڵمانان، خزمی؟

گوتی: نا، هەر ناومان وێک دەچێ.

ئەو دوکتورە ژنەکەی تەتار بوو. کوڕێکی هەبوو لە تەمەنی پازدە ساڵ، دەیگوت لە مەدرەسە زۆر هاروهاژە؛ مامۆستایان شکایەتی ئەوم لێ دەکەن و هەموو جاریش دەنووسن نەکەی دڵی بڕەنجێنی.

- یانی چی؟

- دەڵێن ڕیازیاتی زۆر بەهێزە و لەوانەیە ببێتە زانایەکی ئەتۆمی!

ئەمجارەش نزیک مانگێک لە ڕووسیا مامەوە. ڕۆژێک کە دەهاتین بڕۆین فەتحیی گریا.

- ئەوە چییە؟

- لە تەورێز لێک جوێ بووینەوە، پاش چاردە ساڵ یەکترمان دیتەوە. چوویەوە عێراق، پاش چاردە ساڵ دیسان دیتمیەوە؛ چاردە ساڵی ئایندە ناژیم بتبینمەوە...

ڕایسپاردم کە لە بەغداوە «المنجد» و «نهج البلاغە»ی بۆ بنێرم؛ بۆم نارد. بەڵام بیستمەوە کە لە ئینقیلابی ئیسلامیدا ناردرابووە تەورێز کە فیرقە زیندوو کاتەوە و نەشرەی ئازەربایجانیی بنووسێ. چووبوو قزڵجی لە تاران دیتبوو؛ گوتبووی هیچم بۆ نەکراوە و کەس ئامادە نەبووە هاوکاریم بکا؛ دەچمە فەڕانسا و لەوێوە دەچمەوە مۆسکۆ. سەلامی بۆ ناردبووم؛ خۆی نەهات بیبینمەوە. ئەم بەینە کە پێکەوە بووین بۆی گێڕامەوە کە ماوەی شەش مانگ دەگەڵ قزلجی لە بولغاریا ژیاوە و زۆری قسەی قۆڕی نێوان خۆیان بۆ دەگێڕامەوە.

حەیفە ئەمەشم لەبیر بچێ: ڕۆژێک لە ئوتێل «کۆنتیننتاڵ» - کە تازە چووبووین - ژنێکی خزمەتکاری ئوتێل سەری بە ژووردا کرد. کەمال گوتی فەرموو شتێک بخۆوە! بە دەست ئیشارەی کرد کە بێدەنگ بە! دوایە لە دەرەوە پێی گوتبوو کەمترین قسە بکەن میکرۆفۆن لە ژوورەکەتاندا هەیە زەبتی دەکا. کە چووینە ئوتێلەکەی تر، ئەو ژنە دەگەڵ یەکێکی ترا هاتبوونە دیدەنیمان. باسی خۆی کرد کە مێردی موهەندیسی کارخانە بووە؛ لە جەنگەی کاردا بەر ماشێن کەوتووە و مردووە. دوو منداڵی لە پاش بەجێ ماوە. حقووقی مێردەکەی و حەقی خۆی - کە بە ڕۆژێ هەشت سەعات یان بە شەو، یان بە ڕۆژ لە ئوتێل ماندوو دەبێ - تێری خۆی و منداڵەکانی ناکا و حاڵی زۆر ناخۆشە. دوکتور کەمال باسی فەرمایشتی مارکس و لێنینی بۆ دەکا کە خەم مەخۆ! سوسیالیستی دەبێتە کۆمۆنیستی و هەموو کەسێ حاڵی خۆش دەبێ. ژن لە دین دەرچوو؛ لە داخان گریا: من دەڵێم من و منداڵم تێر ناخۆین، ئەو دەڵێ بە قسەی مارکس حاڵت خۆش دەبێ!

رۆژێک دەگەڵ کەمال لە ئوتێل دەرچووین؛ ڕاستی پێمان وا بوو تەزاهوراتە - کە لە شۆرەوی قەت ڕوو نادا. کەمال گوتی با ڕاکەینەوە ئوتێل، گوتم هەر دەچم بزانم چییە. دڕم بە خەڵک دا: قەرتاڵەیەک پرتەقاڵی چکۆڵەی شین بوو؛ ئەو خەڵکە دەیانەویست بیگەنێ و سەر و یەکێک بکڕن کە وەبەر بیست یەکیان نەدەکەوت!