چەند بیرەوەریی ئەو وڵاتە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  681 مشاهده

بەیانی بە ناو شاری باکۆیاندا گێڕاین. شەو میوانی سەرۆکی ئاکادیمیی ئازەربایجان بووین، عەلی گەلاوێژم لەوێ دیتەوە. گوتی قەرارە بە وادەی چوار ساڵ تاریخی ئابووریی ئازەربایجان بنووسمەوە. بۆ یەکەمجار میوەی «خورمالوو»م دیت؛ گوتم تا لەبەر چاوم نەیخۆن ناخۆم!

ڕەئیسی عەرەبەکان ملی لەوە نابوو کە خانووەکەی ڕەئیسی ئاکادیمی ناخۆشە! حقووقتان چەندە؟ ئێمە لە عێراق زۆر خۆشتر دەژین! کە لەو جێگەیەدا ئەو قسانە زۆر ئەحمەقانە بوو؛ پیاو شەرمی دەکرد. لە خواحافیزیدا من گوتم: سوپاس بۆ خانمی خانەخوێ کە ئەو چێشتە خۆشانەی لێناوە و زەحمەتی ئەو توانی وامان بەخێو کا.

خانم گوتی: دە ناو هەموواندا تەنیا ئەو پیاوە دەزانێ دەڵێ چی. مانای هەیە من هەر لە بەیانییەوە زەحمەت بکێشم، بە پیاوان بڵێن مەمنوون؟!

لە بەیانییەکی زۆر ساردی شەوی دووهەمدا هاتینەوە مۆسکۆ. دوکتور کەمال عەریزەیەکی دابوو کە چەند ڕۆژێک دەیەوێ متاڵا بکا و چەند ئەسنادێک ڕوونووس بکا. قبووڵ کرا کە کەمال و من بیست ڕۆژی تر لە مۆسکۆ بمێنینەوە و میوان بین. ئەو ڕۆژە چووینە بازاڕ و بردیانینە دیدەنی «مۆزلە» (ئارامگای لینین). مامۆستا سەعید جەمیلێکی پیرمان دەگەڵ بوو هەر دەیگوت: ئەو کافرە خودانەناسە ڕووسانە!... ڕاوەستابووین؛ بەفر دەباری؛ تا نۆرەمان دێ بچینە سەر قەبری لینین. چوومە تەنیشتی گوتم: ئوستاد خودا زیارەتت قبووڵ بکا و نیازت پێک بێنێ!

عەرەب ڕۆینەوە و دەگەڵ کەمال ماینەوە و چووینە ئوتێلێکی تر. دەگەڵ فەتحی دەگەڕام، دەچوومە ماڵی، شەوانە دەچووینە ڕستووران پێکەوە.

ڕۆژێک دەگەڵ کەمال چووینە دیدەنی «غەفوورۆف». شەرەفنامەکەی لەپێش بوو؛ زۆری ئافەریم لێ کردم. گوتی: هەژار بە قسەم بکە ورە مۆسکۆ! خانووت بۆ وەردەگرم. لەم ئەنستیتۆیە کارمان بۆ تۆ زۆر دەبێ. نەخوازە کە زانیومە عەرەبی و فارسی و کوردی چاک دەزانی. منداڵت زۆر باش دەخوێنن؛ خۆشت زۆر باش بەڕێ دەچی. هەر ئێستا با خەبەر بنێرم ماڵ و منداڵەکەت بێنە مۆسکۆ. تۆ مەچۆوە!

گوتم: زۆر سوپاست دەکەم؛ بەڵام تا مەلا مستەفا منی بوێ، لێی دوور ناکەومەوە. ئەگەر پێم بڵێ، دێم و پێم خۆشە.

کەمال ڕۆیشت بۆ ساڵۆنی کتێب خوێندنەوە. غەفوورۆف فارسی زمان بوو؛ تاجیک بوو. جگە لە سەرۆکایەتیی ئەم ئەنستیتۆیە، لە مەکتەبی سیاسیی حیزبی کۆمۆنیستی شۆرەوی ئەندامێکی باڵا بوو. لەوانە بوو کە لە کرملین دەژین. کورسییەکی هێنا پێش و گوتی: هەژار! من زۆر دۆستی بارزانیم. لە مەکتەبی سیاسیی حیزبدا دۆستی هەن؛ بەڵام هەشن کە ناخۆشیان دەوێ. ئێستا قازانجی شۆرەوی لەوەدایە کە هیچ کێشە لە عێراقدا نەبێ. جا کە عێراق داوای کردووە جەبهەیەکی یەکگرتوو لەنێوان حیزبی بەعس، حیزبی شیووعی و حیزبی پارتیی بارزانیدا پێک بێت، بە مەسڵەحەتی سیاسەتی باڵای شۆرەوییە. لە زمان منەوە بە بارزانی بڵێ خۆ نەگرێ و بچێتە ئەو جەبهەوە.