داوای غەفوورۆف بۆ مانەوەم لە مۆسکۆ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  736 مشاهده

کاتێ دەچووینە گوندی کوردەکان و سەیری نیشانە یادگارییەکەمان دەکرد، ئاڵای تورکان لە دامێنی ئاراراتەوە دیار بوو. هیچم بۆ نەمابوو، دوو جنێوی سەر بە کوڵکەم بە جسن و ڕەگەزی تورک دا!

زۆریان دیاریی دامێ کە لە گشتیان عەزیزتر دوو تابلۆی بەرجستە بوو، دیمەنی هەردووک چیای ئاراراتی پڕ لە بەفری دەنواند.

ئێوارەوەختە، لە یەریوانەوە چووینە باکۆ. شەو گەیشتین و عەرەبەکانیش هاتبوون. «دوکتور قادری ئاسۆ» و ماڵ و منداڵەکانی و ژنی عەلی گەلاوێژ زوو زانیبوویان و هاتنە بەخێرهێنانم. لەبیرم چوو بڵێم: هەر کە گەیشتینە مۆسکۆ، کۆنە دەفتەرێکی چاردە ساڵ لەوە پێشم بردبوو، ئادرێسی فەتحی خوشکنابی تێدا بوو. تەلەفۆنمان کرد، ژنێک جوابی داوە کە زۆر ساڵە لێرە نەماوە، بەڵام ئادرێسی تازەیان ئەو ژماە تەلەفۆنەیە. تەلەفۆنم لێ کرد:

- فەتحیی دەمناسی؟

- چۆنت بناسم؟ تۆ کێی؟

- فکر بکەوە!

- بە خوا هەژارێکم دەناسی بەڵام نازانم لە کوێ گۆڕی گوم بووە! دەنگت تۆزێک لەو دەکا!

- وەرە لە فڵان ئوتێلم. ئەمما ئەگەر هاتی چۆنت بناسمەوە؟

- وەک جاران درێژم! ڕیشم سپیی بووە؛ کڵاوێکی قووچی بۆرم بە سەرەوەیە.

هات و بەپەلە بردمیەوە ماڵە خۆی. ژنی ئازەربایجانیی نەمابوو؛ ژنی ڕووسیی هێنابوو. لە ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵاتناسی لە بەشی تاریخ دامەزرابوو. خانووی لە مۆسکۆ درابوویە و زۆر ساز بوو.

گوتی ئیسماعیل کە لە تەورێز هەواڵمان بووە لە باکۆیە؛ با تەلەفۆنی بۆ بکەم. لێی پرسی: سمایل چۆنی؟ چ دەکەی؟ گوتی؛ هەژارم وە بیر هاتۆتەوە؛ دەگریم و حاڵم نییە! زۆر ڕێکەوتێکی سەیر بوو. گوتی: ئەمڕۆ هەژار هاتۆتە ماڵە من؛ ها قسەی دەگەڵ بکە!

جا ئەو شەوە هەر گەیمە باکۆ، تەواو لە ئوتێل توریست نەحەسابوومەوە، ئیسماعیل هات:

- با بڕۆین بۆ ماڵی ئێمە.

ڕەحیم قازی تەلەفۆنی کرد و بڕێک کۆخی:

- هەژار من نەخۆشم؛ نەمتوانی بێم. تۆ وەرە و دایکیشم لێرەیە!

- ڕەحیم من ژن ناهێنم! دایکت بدە بە یەکی تر!

دەگەڵ سمایل چووینە ماڵی ڕەحیم. نەیهێشت بەند بم؛ بردمیە ماڵە خۆی. کیژێکی بە ناوی «فەرزانە»ی هەبوو؛ مۆسیقای زۆر خۆشی بۆ لێداین.

بەداخەوە بیستمەوە کە سمایل جوانەمەرگ بووە! ئازەربایجانییەکی خەڵکی سەلماس بوو.

بیستمەوە کە پرۆفسۆر «جەعفەر خەندان» مردووە.