هیچم بۆ نەماوە، دوو جنێویش نەدەم چ بکەم؟!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 7 دقیقه  901 مشاهده

شەرەفنامەم بۆ کتێبخانەی لینین و زۆر لە کتێبخانەکانی تر نارد، نوسخەیەکیشم پێشکەش بە ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵاتناسی کرد کە «غەفوورۆف» ناو بە سەری ڕادەگەیشت.

وەختی میوانییەکەمان تەنیا حەفتەیەک بوو. بردیانینە لینینگراد، دوو شەو ماینەوە.

ڕۆژێک میوانی «کەریم ئەییووبی» بووین؛ هەر من و دوکتور کەمال. کەریم زۆر گۆڕابوو؛ سەر و سمێڵی بۆز ببوو. ببووە چاکەرەوەی دەزگای دەنگ هەڵسەنگ؛ وازی لە زمانشوناسی هێنابوو.

شەو تەلەفۆنم لە خانم «سیدا ڕۆدینکۆ» کرد. ئادرێسی دامێ کە هەر دەبێ بچم میوانی بم. دیتمەوە؛ پیر ببوو؛ چاوی بێحوکم ببوو. دوو کوڕی لاوی هەبوو کە لە مەدرەسەی مووسیقی بوون و کاریان نەدەکرد. مێردی نەمابوو. زۆر ماڵێکی فەقیری هەبوو. وا دەرکەوت لە ڕووسیاش کەسانێ کە لە کاری زۆر بەجێ دەمێنن لەبیر دەچنەوە. داوای مەم و زینم لێ کرد کە خۆی بە چاپی گەیاندووە و بە ڕووسیی مانای لێ داوەتەوە. سوێندی خوارد کە هەر تاقە نوسخەیەکی هەیە، گوتم لێت ناستێنم.

لە لینینگرادەوە من و کەمال چووینە یەریوان. عەرەبەکانیش چوونە تاشکەند کە چاویان بە مەلای ئوزبەک و کتێبی عەرەبی بکەوێ و لە باکۆ یەکتر بگرینەوە. زۆر لە کوردەکان بە پیرمانەوە هاتن. شەو «جاسمی جەلیل» بردینیە ماڵە خۆی کە شاممان بداتێ و شەو بمانهێنێتەوە ئوتێل. دەتوانم بڵێم ماڵی جاسم ماڵی هونەر بوو: ئوردوخانی کوڕی دوکتورای لە ئەدەبیاتدا هەبوو؛ جەمیلەی کچی مۆسیقارێک بوو بژاردە؛ دوو هەزار ئاهەنگی زۆر ڕەسەنی کوردی خستبووە سەر ئەلفبای نۆت و چاپ کرابوو. ڕادیۆ یەریوان بەو ماڵە کاری دەگەڕا. شەو جەمیلە بە پیانۆ هەوای هەڵپەڕکێی شێخانی لێ دا. جاسم و کچ و کوڕی هەستان بڕەقسن، کەمال گوتی من نازانم، من هەستام و تاوێکی باش دەگەڵیان ڕەقسیم. من باوم لە کەمال خۆشتر بوو کە کرمانجیی ئەوانم دەزانی.

بەیانیی ئەو ڕۆژە چووینە ئاکادێمیی علوومی ئەرمەنستان. دەگەڵ «حاجی جەندی» شاعیر- کە زۆر پیر ببوو- ببووینە ناسیاو. کوڕە جحێڵەیەکی کورد سەرۆکی کاروباری ڕێکخراوی کۆمۆنیستی لە ئاکادیمی بوو. زۆر بە لامەوە بەقیمەت بوو کە گوتی: سپاردوومە لە ماوەی شەش ساڵدا تاریخێکی زۆر پان و بەرین و هەموو لایەنەی کورد و کوردستان ساز بدرێ. ئەو پیاوەشم دیتەوە کە باسم کرد لە بۆکان ئەفسەرێکی ڕووسی بە ناوی یاقووب و لە بەغدا باغچەوانی ماڵی شا بوو! زۆر کەیفمان پێک هات. «عەرەب شامیلۆف»م دیت - نووسەرەکەی کتێبی «شوانی کورد» و «بەربانگ» و «قەڵای دمدم» - زۆر پیر ببوو. بە خەیاڵم وەخت بوو بخەرفێ... گەلێک میداڵی گەورەی شۆرەوی بە سینگەوە بوو. دەگەڵ جەمیلە عەکسمان گرت، هەر وەها دەگەڵ عەرەب شامیلۆف و جاسم و حاجی جەندی و زۆر کەسی تر.

لە ئاکادێمی کەمال بە ڕووسی و من بە کرمانجی وتارمان دا کە کرمانجییەکەی من کوردێک تەرجەمەی بە هەرمەنی دەکرد. پاش نوێژ بردیانینە سەیری ئاسەواری کۆن. کابرایەکی پیری عەینەک لە چاو خەتی میخی دەخوێندەوە، قەت تۆ فارسی و کوردی وا بە ڕەوانی ناخوێنینەوە! تەرجەمەی بە تورکی پێ دەگوتین. جارێکیان سەرۆکی ئاکادێمی لەوحەیەکی نیشان دام؛ گوتی ئەوە فڵان شتە. پیرە لێی مۆڕ بۆوە:

- چوزانی؟ خۆ تۆ نازانی خەتی میخی بخوێنیەوە!

- ئوستاد بە ئەرمەنی نووسرابوو. دەنا من و خەتی میخیی تۆ، هەزار گەزمان نێوانە!

کوردێک بانگێشتنی کردین بۆ گوندێکی کوردنشین لە نزیک چیای «ئارارات». ژن و پیاوەکانی جلکیان تەواو وەک یەزیدییەکانی چیای «شەنگال» بوو. لەوێش بە دەهۆڵ و زوڕنا ڕەقسێکمان کرد. نانێکی ئێوارەیان داینێ.

چووینە نیشانگەیەک کە بە یادی ئەو دوازدە عەشیرەتە ئەرمەنییانەوە چەقاوە کە تورکان قەتڵوعامیان کردوون. نیشانگەیەکیش لە نزیک چیای ئارارات هەبوو، نووسرابوو: «بە یادگاری برایەتیی کورد و ئەرمەنی کە لێرە بە گژ تورکاندا چوونەوە و نیشتمانی خۆیان برایانە پاراستووە».

لاوە کوردێکم تاق کردەوە کە حەز دەکەم بەبێ درۆ و دووڕوویی وەزعی کورد لە ئەرمەنستان چۆنە بۆم باس بکەی. گوتی: ڕاست ئەوەیە میللەتی ئەرمەنی زۆر دەگەڵ کورد چاکن. جگە لە حقووقی قەومی، ئەوەندەی شۆرەوی قەراری داوە، ئەرمەنی پتر لەگەڵمان بە چاکە دەبزوونەوە. ئەگەر دە کەس لە یەک ڕادەی خوێندەواری و بە یەک جۆر کارنامەوە داوای کارێکی دەوڵەتی بکەن، یەکیان لەو دەیانە کورد بێ، لێت ڕوون بێ کوردەکە قبووڵ دەکەن، چونکە سەر بە میللەتی کەمینە و ئەقەللیەتە. حورمەتمان زیاد لەوە دەگرن کە چاوەنۆڕین.

من قسەم کرد، گوتم: سەیرە بانێک و دوو هەوا هەبێ: کورد لە گورجستان حەقی نییە لە پاش کلاسی حەوت - کە ئیجبارییە - بچێتە مەردەسە و بگاتە خوێندنی باڵا. ناچار ئەوی بیەوێ بخوێنێ، دەبێ هەڵێ بۆ مۆسکۆ یان لینینگراد. کوردی ئازەربایجان زمانی خۆیان لەبیر براوەتەوە و هەموو بوونە تورک! کە چی لە ئەرمەنستان هەم دەرس بە کوردی هەیە، هەم ڕادیۆ و ڕۆزنامە. جل و زمانی کوردیش ئازادی ئازادە. من وا دەزانم ئەوە نەجیبایەتیی ئەرمەنییانە، نە قانوونی شۆرەوی؛ دەنا چۆن دەبوو بەرانبەر بە کورد فەرقی گورجستان و ئازەربایجان و ئەرمەنستان هەبێ؛ لە حاڵێکدا کە کوردی گورجستان دوو ئەوەندەی کوردی ئەرمەنستانن! کەمال گوتی ناوێرم ئەو قسە تەرجەمە بکەم، لاوێکی کورد گوتی: «تۆ بە کرمانجیی بڵێ تا ئێستا تەرجەمەی کەم!». کە تەرجەمەی کرد کابرای ئازەربایجانی هەستا دەستی خستە دەستم، گوتی: لێم ڕوونە تۆ ڕاست دەکەی و ئەرمەنی زۆر لە ئێمە ئینسانیترن و کەیفیشم بەو غیرەتیەت دێ کە ڕووبەڕووی من ئەمەت گوت...

ها، بەیانیی ڕۆژی دووەم چووینە سەیری کتێبخانەی گەورەی «یەریوان». زۆر گەڕاین. خاوەن و سەرپەرستی کتێبخانە گوتی: هەرچەند تەبەقەی ژێروو بۆ میوانان مەمنووعە بیبینن، بەڵام من دەتانبەمە ئەوێش. بە چەند پلەکانێکدا چووینە ژێرزەمین؛ هەمووی کتێبی خەتی بوو. ئینجیلێکی نیشان داین گوتی ئەوە کوردییە و هەشتسەد و پەنجا ساڵی عومرە. دوو کتێب لەناو شووشەدا بوون، یەکیان زۆر پەڕ گەورە، یەکیان زۆر پچووک و خرپن. گوتی ئەوانە هەردووک ئینجیلن لە پێستی ئاسک نووسراون. پێشوو بیستبووم کە ئاوێستا لە پێستی ئاسک نووسرابوو؛ بەڵام لام وا بوو کە دیوی ژووری پێستەکەوە نووسراوە و بە کوڵکەوە هەڵگیراوە. گوتم: دەتوانم دەستی لێدەم؟

- نا، مەمنووعە.

- کوڕە دەستی لێ نەدەم لێم دەبێتە مەراق و خەوم لێ ناکەوێ!

مودیر پیاوێکی زۆر ڕووخۆش و خوێنشیرین بوو. چوو کلیلێکی هێنا و نووسراوی سەر پێستە ئاسکی دەرێنان. دەستم لێ دا؛ چاکترین کاغەزی تورمەی قەدیم چۆن بوو، ئاوا ساف؛ بەڵام بێ بریقە و نەرم. تازە تێگەیشتم نووسین لە پێستی ئاسک یانی چی. شەرەفنامەیەکی نیشان داین بە جوانترین خەت نووسرابوو؛ دەورەی زێڕکفت و نەقاشی کرابوو. چل ساڵ دوای هەووەڵین شەرەفنامە نووسرابۆوە کە دەیگوت لە قیمەت نایە. ژمارەیەکی پێ یادداشت کردم کە بەو ژمارەیە تاریخی جووڵانەوەی شێخ عوبێدیلای نەهری لە «کتێبخانەی قودسی ڕەزەوی» لە مەشهەد هەیە؛ نە میکرۆفیلم، نە نوسخەمان دەدەنێ. بەڵکوو تۆ لە عێراقەوە پەیدای کەی. کە هەم ژمارەم ون کرد، هەم نازانم هەیە یان نا؟!