دیداری زۆرێک لە دۆستان و زانایان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  781 مشاهده

گوتم: کاکە گیان! ئەوی هەموو کەس دەیزانێ تۆ تا ڕیشت هاتووە باشیان باس نەکردووی؛ لە پاش ڕیش هاتنیشت دەبینم هەر خەریکی فێڵ و دەستبڕی و دووڕووییت. بە بیری من دوژمنایەتییەکەت بۆ من لە دۆستایەتی دەگەڵت باشتر بێ. چونکە کەسانێک بزانن کە من و تۆ ڕێگەمان جیایە، تاریفە بۆ ئەخلاقی من...

ڕاستی شتێکی عەجایب بوو: زۆر لەو کوردانەی لە ڕووسیا خوێندبوویان - جگە لە دوکتور کەمال مەزهەر - زۆر نەزان و گێل هاتبوونەوە

لە ئاخر و ئۆخری پاییزی ساڵی ١٩٧٣دا لە لایەن کۆڕی زانیاریی (ئاکادیمیی عیلمی) شۆرەوییەوە دەعوەتنامەیەک بۆ کۆڕی زانیاریی عارەبی و کوردی هات کە شەش کەس بنێرن. چوار پیرە عارەب لە لایەن کۆڕی زانیاریی عەرەبی و کەمال و من لە لایەن کۆڕی زانیاریی کوردییەوە دەستنیشان کراین. هەر وەک کە چووبوومە پاریس، چەند دانەیەک شەرەفنامەم برد و پێشکەش بە شوێنەوارە زانستییەکان و پیاوانی وەک «تەوفیق وەهبی» و «ئەدمۆنس» و «مستر مەکنزی»م کردبوو، دوازدە نوسخەم شەرەفنامە دەگەڵ خۆم بۆ شۆرەوی برد. بۆ جاری دووهەم پاش چاردە ساڵ دیسان لە ڕۆژێکی پڕ بەفردا گەیمە مۆسکۆ لە ئوتێل «کۆنتینتاڵ» لە «مەیدانی سوور» - کە ئوتێلێکی قەدیمی و زۆر جوان و بە شان و شکۆ بوو- دابەزین. دیار بوو زۆر میوانی بەقەدرین. هەر کەسە ژوورێکی زۆر ساز و تەیار و جوانمان هەبوو.

جاران کە میوانی نووسەران بووم، ئەم جار میوانی ئاکادیمیی علووم بووم. چاکی هێنابوو: عەرەبەکان - کە هەمووی مێشک پووچەڵی ڕەگەزپەرست و دژی کورد و دژی ڕووسیە بوون و زۆربەیان ساڵەها مەعاشخۆری ئینگلیسان و سەفیری زەمانی نووری سەعید و پادشایی بوون - هیچیان کەلیمەیەک ڕووسییان نەدەزانی؛ تەرجومانی هەمووان دوکتور کەمال مەزهەر بوو. هەر قسێکی بێتامیان دەکرد و هەر عەرەبایەتییەکیان دەنواند، کەمال بە ئارەزووی خۆی تەرجومەی دەکرد. وای بەسەر هاتبوو کە عەرەبەکان ببوونە گاڵتەجاڕی زانایانی مۆسکۆ. بەتایبەتی «دوکتور پۆلیڤۆی» کە سەرپەرستی میوانداریی ئێمەی پێ سپێرابوو، هەر بەدڵ عەرەبەکانی ناخۆش دەویست و حەزی لە چارەیان نەدەکرد. دوو جار بەبێ ئەوان هەر دەعوەتی بۆ ماڵە خۆی کردین.

سێ جەلسە لە ئاکادیمیی شۆرەوی دەگەڵ زانایان کۆبووینەوە، قسە لە پەیوەندیی دۆستانەی ئاکادیمیی عیلمی عێراق و شۆرەوی دەکرا. لە مەجلیسێکدا زانایەک گوتی: وا دەردەکەوێ کە کوردستان پێش لە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵات زۆر ئاوەدان بووە. زانایانی ئاسەواری شۆرەوی لە مەڵبەندی «سنجار» شوێنەواری گوندێکیان لەبن عەرز دیوەتەوە کە خانووەکانی بە زنجیر و بە دەورەی مەیدانێکدا دروست کراون؛ کە ئەوە نیشانەیە کورد پەنجا هەزار ساڵ لەوە پێش فکری دیفاعی مونەززەمیان هەبووە و خەڵکی گوند توانیویانە بەرانبەر بە دوژمن، گوندیان وەک قەڵا هەڵخەنەوە و دیارە تەمەددونێکی گەورەیان هەبووە.

گوتم: زۆر بەداخەوە شۆرەوی و زانایانی، هەر بە مردووی پەنجا هەزار ساڵەمانەوە خەریکن؛ بەڵام ئەوانەی ئێستا زیندوون و لەسەر زەوین و قەتڵوعام دەکرێن، هیچ نرخیان بۆ دانەنراوە! بریا نیو ئەوەندە کە بە ئاسەواری کۆنمانەوە خەریکن، بە زیندووەکانمانەوە خەریک بوونایە و لە مردن ڕزگارتان بکردایە...