داوەت لە لایەن ئاکادیمیی علوومی شۆرەوییەوە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  808 مشاهده

مانگێ سەد دینار بازنشستەگی، بیست و پێنج دینار حەقی ئەندامەتیی کارا لە کۆڕدا، لە هەر جەلسەیەکی هەفتانەدا سێ دینار هەقی کۆبوونەوەی دوو سەعاتە، سەرەڕای ئەوانەش تەرجەمەی کتێبی دەرسی کوردی - کە یەکێک بووم لە سێ کەسی پشکنی هەرە باڵا - فۆڕمەی کتێب شێست دینار دەدرا؛ داهاتم یەکجار زۆر بوو. لە ساڵێکدا لێکم دایەوە پتر لە حەوسەد دینارم هەر ماڵیاتی دەرامەد دابوو. زۆر دەوڵەمەند ببووم. زێڕی ژنان و پووڵی نەغدم زۆر بوو. هەموو شت هەرزان. مخاریج کەم، دەرامەد زۆر. بەوپەڕی تەسەلی دەژیام و بە هەموو توانا یارمەتیی دۆستانی دەسکورتی خۆم دەکرد. ئەم ئیحترامە زۆرە و داهاتە زیادییە و بەشدا بوونم لە هەموو کاروباری ئەدەبی و تەرجەمەدا، ببووە مایەی حەسوودی و ئێرەیی زۆر کەسی عێراقی کە بە ناو زانا بوون و دەگەڵ منیان دەرنەبرد: «چۆن کوردێکی ئێرانی لە کوردی عێراقی بەبرەوتر بێ؟!...». زۆر کەس لە خۆڕا دەژایەتییان دەکردم. دوکتور عیزەددین مستەفا هەر لە خۆوە ببووە دوژمنم. تەنانەت خەبەری بە حکوومەت دەدا کە ئێرانییە و دەبێ بیگرن! بەڵام لەبەر مەلا مستەفا پارێزرابووم.

کاتێ شەرەفنامەم ئامادەی چاپ دەکرد بە دوکتور مارف خەزنەدارم گوت: تۆ شەش ساڵ لە لینینگراد ڕووسیت خوێندووە؛ پێشەکییەکی خانم «یەڤگینا واسیلیڤا» بە ڕووسی لەسەر شەرەفنامەی تەرجەمەی ڕووسی نووسراوە؛ بێزەحمەت بۆم بخوێنەوە تا ئەگەر شتێکی تازەی تێدا بێ نەقڵی بکەم.

- باشە، جا ئەوە چییە؟ هەمووت بۆ تەرجەمە دەکەم.

نەهارێک دەعوەتم کرد، هەرچی کردی نەیتوانی دوو دێڕ بخوێنێتەوە.

- دوکتور گیان دیارە بە شەش ساڵ فێری ڕووسی خوێندنەوەش نەبووی!

کەمال مەزهەر بۆی تەرجەمە کردم.

ڕۆژێک «دوکتور کاوس قەفتان» دەعوەتی کاک مەسعوود محەممەد و کەمال و منی کردبوو. گوتی: هەژار! دەزانێ من لە کوردی نووسیندا چەند زەبر بەدەستم.

گوتم: کاکە! تا نەچووبوویە ڕووسیا باش بووی. لەوەتا هاتوویەوە عەسڵەن کوردی نازانی و شایەتم ئەو داستانانەیە کە نووسیوتن.

کە لە دەعوەتەکە دەرچووین، کاک مەسعوود محەممەد فەرمووی:

- هەژار تۆ موجامەلە و تەعارف نازانی! نەدەبوو ئەمە بە کاوس قەفتان بڵێی.

- کاکە مەسعوود! من ڕووبینی و موجامەلە بە نیفاق دەزانم. ئەمەش نەزەریەی خۆمە. ڕەنگە پاش پەنجا ساڵێک مەعلووم ببێ کە موجامەلەش هەر نیفاق و دووڕووییە...

ڕۆژێک لە کۆمەڵی دراساتی کوردی بووم. گوێم لێ بوو «ڕەسووڵ هاوار» - کە شاعیرێکە - لە ژوورێکی تر بە مودیری دەگوت: مامۆستا عەبدوڵڵا شالی! سەگبابی وامان لێ پەیدا بوون دەڵێن دەبێ کوردی لە شوان و ڕەنجبەری نەخوێندەوار فێر بن! ئەدی چەند ساڵە ئێمە چیمان کردووە؟ چۆن زمانە ئەدەبییەکەمان تەرک بکەین و شوێن وەرزێڕ و گاوانان کەوین؟! کە ئەو جوێنەی دەگەڵ من بوو. هەمیشە من شەڕی ئەوانەم دەکرد کە زمانی پاکی کوردی تێک دەدەن و دانە بە دانە عەرەبیی وەردەگێڕن و ئەویش بە ئیشتیبای نەزانی خۆیان... گاڵتەم پێ دەکردن. لەبەر ئەوە زۆریان زۆر ڕقیان لە من دەبۆوە. نەبەزینم لە بەرانبەر ئەو نەزانە خۆ بە زانا ناسانە سەرەنجام کارێکی وای کردبوو کە زۆریان بیر لە حاڵی خۆیان و قسەی من بکەنەوە و ئەگەرچی خراپەیان دەگوتم، بێنە سەر قسەکانم. پێم وایە لەو شەڕ و هەرایانەدا توانیم تا ئەندازەیەکی باش گەشە بە زمانەکە و نووسینی کوردی بدەم.

جارێک لە جەنگەی ئەوەدا کە «عیزەددین» لە هەموو جێ دژی من دەدوا، تووشم هات. زۆر بە ڕووی خۆش دواندمی، گوتی: مامۆستا! ئەگەر من و تۆ یەک بین و یاریدەی یەکتر بدەین کەسمان پێ ناوێرێ؛ با ببینە دۆست.