هەرای شیعری «هەلەق مەلەق»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  893 مشاهده

شەوی چاردەی ژوولای چووینە سەیرانی جێژنی ئازادیی فەڕانسە. سەیری فەوارە و تۆپ تەقاندن و بەزم و شاییی ئەو گەلە سەربڵیندەمان کرد. جۆیس گوتی:

- ژەنەراڵ دیگۆل لە نوتقی جێژنەدا گوتی مەسەلێکی کوردان هەیە دەڵێ: پیاوان قەڵایان دەگرن، کلیلەکە بە ژنان و لەوان کلیلی قەڵا کردنەوە وەردەگرن...

بیست و حەوت ڕۆژ لە فەڕەنسە ماینەوە و بەرەو بەغدا گەڕاینەوە. لەم سەر کە چووبووین، لە فڕگەی قاهیرە پێنج پاکەت «لیپتۆن» و چوار بوتڵ ویسکیم بە دیاری بردبوو؛ دەستەندێکی زێڕیش بۆ جۆیس. لەو سەر چەمەدانم پڕ کردبوو لە جگەرەی «ژیتان» و زۆر گۆرەویی ژنانە و پیاوانە و سۆغاتیی جوانکیلە بۆ ماڵەوە.

ئەوەشم لە بیر چوو بڵێم کە «پول» و «ئێدیت» ژن و مێردێکی ڕۆژنامەچی کە چەند جاران لە کوردستان و لە ناو شۆڕش دیتبوومان و لە بەغدا دەعوەتم بۆ کردبووین، دەعوەتیان بۆ کردین؛ دوکتور قاسملووشیان میوان بوو. قەرتاڵەیەکی پڕ لە نانیان لە پەنا داناین؛ گوتیان کورد زۆر حەز لە نان دەکەن! هەر ئەو پۆلە کتێبێکی زۆر چاکی - بە ناوی «کریس کوچیرا» لەسەر کورد نووسیوە و کتێبەکە مەشهوورە. ژنەکەشی ئاڵبوومی زۆر گەورەی پڕ لە عەکسی پێشمەرگەی نیشان داین و یادگاریی سەفەرەکانیان بۆ کوردستان.

لە ژنێو دابەزین. بە بن پردکۆکێکدا دەبوو تێپەڕین. منیان ڕاگرت؛ لەشم گەڕان. قوتووە سیغارم پێ بوو. دەزگای پشکنین ئیشارەی دابووە ئاسنم پێیە؛ وەیانزانیبوو چەکم هەڵگرتووە. لە ئیتالیا لە فڕگە سەعاتێک ماینەوە. ڕوانیم لە سەعاتێک نووسرابوو نرخی هەشت هەزار لیرە؛ فیتەیەکم بۆ لێدا. کابرایەکی عێراقی لەو لامەوە گوتی: فیتەی ناوێ، باییی چوار دینارە، زۆر هەرزانە!