گەشتێکی شاری پاریس

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 9 دقیقه  858 مشاهده

جا «فەردیناند» هاتووە لە پاریس منی پەیدا کردووە، هەڵیپێچاوم دەبێ بچینە لوکسەمبورگ دایکم شێوت بۆ لێنێ!

- کاکە فەردیناند! پیاو شەشسەد کیلۆمیتر بۆ شێوی دایکت سەفەر ناکا!

فەردیناند گوتی: خەریکم فارسی لە لوکسەمبورگ دەخوێنم تا بچم لە ئەفغانستان بگەڕێم. بەڵام مامۆستاکەمان کوردێکی بیژووە!

- بە چی دەزانی؟

- ڕۆژێک وشەیەکی کوردی گوت. گوتم: ئەوە کوردییە، تۆ کوردی؟ گوتی: نا، فارسم؛ بەڵام تۆزێک کوردی فێر بووم. گوتم: فارس بە لایەوە عەیبە فێری زمانی کوردی بێ. تۆ کوردی و لات وایە عەیبە ڕاستی لە خۆت بڵێی. ڕاستی ئەویش بەرازەکە!

ڕۆژانی دوای کۆنگرە و ڕۆژانی پێش کۆنگرە بە پاریستدا دەگەڕاین. چووینە «بورجی ئیڤل»، چووینە «کاتدرالی نۆتردام». لە نۆتردام کۆتەڵی کەشەیەکم دیت لە زێڕ بوو. بە خوشکی جۆیسم گوت: ئەوە کۆتەڵی مامی خۆمە! دەبێ بیسێنمەوە! هەرای لە جۆیس کرد:

- وەرە! کەشە فڵان مامی هەژار بووە!

جۆیس گوتی: ئەحمەق! هەژار گاڵتەت پێدەکا؛ تۆ لێت بۆتە ڕاست!

چووینە مەقبەرەی ناپلیۆن. لە جیاتی هەڵوا و خێرمان بدەنێ، یەکی سێ فرانکیان پووڵ لێ ساندین! ڕاستی مەقبەرەیەکی دیدەنییە. چەک و ئەسپابی سەربازانی ئەو زەمانە وەک خۆی ڕاگیراوە. چووینە مووزەی «لووڤر»، چەند سەعاتێکی تێدا گەڕاین کە لێم ڕوونە ماگێکی دەوێ تا ئەو ئاسەوارە هونەرییە ببینی.

ڕۆژێک تووشی کاروانێکی قەرەچی بووین لە نزیک چۆمی «سێن». چەند کەرێکی بە کورتان و چوار ئەسپی چکۆڵەی تۆپەڵ کە گەورەترەکەیان نەدەگەیشتە ئەستووراییی ڕانم. ئەسپێکیان لەوانە عەرابەیەکی تێخرابوو؛ پێیان بوو. زۆرم لا سەیر بوو. پرسیمان، گوتیان: ئەم جنسە ئەسپە هی سکۆتلاندە. ئەو کەر و ئەسپ و عەرابە، پاریسی بۆ سەیران سواری دەبن و پووڵیان دەدەنێ.

بە سادقم گوت: دەڵێن لە لەندەن مووزەی «مێو» هەیە؛ گوتی لێرە نییە. ڕوانیە کتێبی شارەزای پاریس، گوتی هەیە و من نەمزانیوە. چوینە «مووزەی مێو» کە بە مووزەی «مادام بواری» بەناوبانگە. هەتا بڵێی سەیر بوو. یەکجار زۆر لە پیاوانی تاریخی و دەستەڵاتداریان لە مێو دروست کردووە. تەنانەت شا و شاژنی ئێرانیشی لێ بوو. شاعیرانی مەشهووری فەڕانسە و زۆر لە پیاوانی تاریخیمان دیت. دەچووین سەری کۆمەڵێک بکەین کە لە پشت شووشەوە بوون؛ پاسەوانێک لەوێ وێستابوو؛ تەواو زیندوو. تەنانەت وردە مووی پشتی دەستی دانە بە دانە دیار بوو. زەق تماشای دەکردین. کەچی ئەویش هەر کۆتەڵی لە شەم بوو! کابرایەک لەسەر نیمکەتێک ڕۆژنامەی دەخوێندەوە؛ سادق لێی پرسی بە کوێدا بڕۆین؟ ئەویش هەر بە مێو دەرچوو! هەموو شتمان لێ ببووە مێو! ئەوجار بێ پرس بە لای کۆتەڵێکی مێودا ڕۆیشتین. کەچی گوتی: بێرەدا قەدەغەیە! ئەویم پێ زۆر سەیر بوو.

دار خەیزەرانێکم دیت لە باخچەیەکدا، پتر لە شازدە میتر بەرز و قەف قەف، کەسک، قەت ڕووشێکی تێدا نەبوو. داری دەوری خەیابانی شانزەلیزەم زۆر پێ جوان بوو. کە ڕوانیم هەمووی داربەڕووە خاسەی خۆمانەیە.

کەشە یووسف زۆری هاتوچۆ دەکردین. کوردی سلێمانی بوو؛ چەند ساڵ پێشمەرگە بوو؛ هاتبووە فەڕانسا. لە دوو مانگدا توانیبووی پێشنوێژی سێ کلیسا پەیدا کا. گوتم: کاک یووسف تا جارێکی تر دێمەوە، یان دووکانی عەکسی ڕووت فرۆشتنت دەبێ یان دەبی بە پاپ لە ڕۆم!

دەعوەتی کردم بۆ کلیسایەک؛ بانگی کرد چوار بوتڵ شەراب بێنن. گوتم بە خوا من لەگەڵتا ناخۆمەوە. گوتی: باشتر! من ئەمانە بۆ خۆم دەدزم! گوتیشی ئەگەر دەگەڵ کەمال دەچنە گەڕەکی «سان دۆنی» - کە گەڕەکی بێئابڕووی پاریسە - من بەرن نەوەک لات و پات ڕووتتان بکەن! گوتم: شوکور پارەی جێگەی وامان پێ نییە!

شەوێک لەبەر قاوەخانەیەک لەسەر کورسی دانیشتبووین. کابرایەکی زۆر مەست تلاوتل هات داوای پووڵی کرد کە ئارەقم نەماوە. فرانکێکم دایە؛ گوتم: بڕۆ خۆشی ڕابوێرە! شەفیق و کەمال زۆر پێکەنین:

- ئاخر بە تاقە فرانکێک چۆنی خۆش لێ ڕادەبرێ؟!

دوکتور کەمال گوتی دەچمە هولەند؛ جلک لەوێ هەرزانە. جۆیس تێی گەیاندم کە مەچۆ!

کەمال ڕۆیشت. دەگەڵ جۆیس سواری قەتار بووین و بە «لیۆن»دا چووینە قەدی چیای «مۆن بلان». لە شارێکی چکۆڵە بووینە میوانی کلیسایەک. کەشەیەکمان دیت. من باسی کوردی بۆ دەکەم و جۆیس تەرجەمە دەکا. کەشە گریا و فرمێسکی بە ڕیشە سپییەکەیدا هاتنە خوار. چوار کەشیشی تریش هاتن؛ دیار بوو ئەو لە دووی ناردبوون. شەرحی ئەحواڵی کوردی ماڵ وێران و کوڕ کوژراوم بۆ دەدان. ئەوانە نومایندەی کلیسایانی عالەمی بوون. بڕیاریاندا کە بە هەموو توانا لە مەڕ دەرمان و کۆمەگی نەغدەوە یاریدەمان بدەن. گوتیان هەر ئێستە هێندێک پووڵت دەدەینێ! گوتم من نامەوێ. وەکیلی شۆڕشمان لە فەڕانساوە دێتە لاتان؛ یارمەتی بەودا بنێرن. کەشەی خانەخوێمان بە ماشێنی خۆی بردینیە سەر چیای مۆن بلان. بەرامبەر بە دیمەنی ژنێوی سویس، نەهارێکی زۆر باشی داینێ. جۆیس دەیگوت کە گریاندووتە وایزانیوە ئێستا بۆ خۆت برسیتە! شەو لە ئوتێل ماینەوە. سبەی هاتینەوە و بە قەتار بەرەو پاریس. لە ڕێگە بە مەزرادا کە دەڕۆیشتین، لە هەموو مەزرایان لام وا بوو تووتن کراوە. لە شوێنێک قەتار وێستا کە پاش سەعات و نیوێک دەڕوا. چوومە مەزرا. دیتم ئەوی من بە تووتنم زانیبوو ڕەزی مێون! هەر مێوەی کەمتر لە میتر بڵیند؛ زۆر ئەستوور و پڕ لک؛ زۆر ڕێکوپێک. پێم وایە هێشتووی بیست کیلۆیی لە زۆربەی مێوەکانەوە کەوتبووە سەر زەوی. جگە لە ڕەز، زۆربەی چێدندراویان نیسک بوو کە سەرەکەیان بە ماشێن بڕیبوون و کایەکەیان بە ماشێن دەدرووەوە. نەقڵی ئەو سەفەرەم بە کەمال نەگوت. دەگەڵ ئەویشدا زۆر جێگەی وا چووین کە داوای یارمەتیمان بۆ کورد لێ کردن. زۆریان جوابی دڵخۆشکەرەیان داینەوە.

لە چەند ماڵێک دەعوەت کراین کە تێگەیشتم جوولەکەی زۆر پایەبەرزی فەڕانسان. بەتایبەتی یەکیان کە پیاوێکی پەنجا ساڵە دەبوو؛ عەرەبیشی زۆر باش دەزانی؛ زۆری لاگیری لە کوردان دەکرد. قسەمان دەکرد، گوتی:

- خەڵکی شەرقی هەموویان تەنیا ئیحساساتین. ئورووپایی سەریان لە زمانی ئیحساساتت دەرناچێ. ئورووپا تەنیا ژمارە و ئامار دەزانێ. تۆ هەزار ساڵ بڵێ دێهاتمان سووتاوە؛ گەلمان، ژن و مناڵمان لە برسان مردوون؛ بەر بۆمبا دراون؛ هەموو بێ داودەرمان کەوتوونەوە؛ هیچ بەهرە نادا. بڵێ دوو هەزار و سێسەد و شازدە دێمان کە ئەوەندە ماڵە و ئەوەندە سەر خێزان و لەوانیش ئەندە پیاو، ئەوەندە ژن، ئەوەندە منداڵ، عومریشیان بڵێی؛ ئاگر دەگرن و سەری کیسە ئاواڵە دەکەنەوە. بۆ نموونە: وێتنامی هاواریان لە خەڵکی فەڕانسا کردووە، هەموو شت بە ژمارە و ئەرقام. گوتوویانە دوازدە هەزار منداڵی دە تا سیزدە ساڵەی خەڵکی پایتەخت بە دەنگی تۆپ و بۆمبا کەڕ بوون. ئامرازی بیستنیان لە فەڕانساوە بۆ بەڕێ کراوەا لە بازاری سایگۆندا فرۆشراوە...

شەوێک لەو دەعوەتانەدا باسی نەمانی ئیستیعمار دەکرا کە بەمزووانە خەلاس دەبێ. ئەو جوولەکەی دەڵێم گوتی: ڕەنگە ئیستیعماری خاوەن چەک و لەشکر لە ناو بچێ، بەڵام ئیستیعماری پووڵ هەرگیز لە ناو ناچێ... بۆ داکوتانی قسەکەی خۆی، نەقڵی جوولەکەیەکی دەوڵەمەندی پاریسی گێڕاوە کە پار لە سەرەتای زستاندا هەرچی بەری دارستان و باغاتی یوگۆسلاویایە کڕیویە و خۆی و بەختی پووڵی نەغدی داوە. ئێستا یوگۆسلاویا - کە هیچی بۆ نامێنێتەوە - سەدی پەنجا قازانجی پووڵەکەی دەداتەوە بە سەرمایەوە، کابرای جوولەکە هێشتا ڕازی نییە!

چەند ڕەفیقێکی سادق هەبوون زۆرم کەیف پێدەهاتن؛ کە سادق تاریفی مەعلووماتی دەکردن؛ ئێرانی بوون. ڕۆژێک سادق، کەمال و منی بردە چڵۆکەبابخانەیەکی ئێرانی کە زەرفەکانیان هەمووی کاشیی شین و سەماوەر ئێرانییانە بوو. بەڵام ئەوەندەیان پووڵ لێ ساند کە لە دەرەوە دەمانتوانی سێ جەمی باشی پێ بخۆین. دەگەڵ کەمال چووینە مغازەیەک دەفتەر و کیفی دەستی بکڕین؛ هەردووکیش فەڕانسی نازانین. کابرایەکم دی ڕیشێکی فەڕانسییانەی سەرچەنەگەی هەبوو. بە عارەبی بانگم کرد، بە میسری دەرچوو. بە ئارەزوو شتی خۆمان کڕی. ڕۆژێک سەرمان بە موغازەیەکی جلی حازردا کرد، دەستە کۆت و شەڵوارێکی پڕ بە بەرم هەڵبژارد. کەمال تەرجمانم بوو کە بە ئینگلیسی قسەی دەکرد:

- بە چەند؟

- چوارسەد فرانک.

- گرانە.

- لێرە معاملە کردن نییە.

- ناکڕم. ئەگەر بە سەد و پەنجای دەدەن دەمەوێ.

کابرا تەلەفۆنێکی کرد، گوتی باشە هەڵیگرە. کەمال وە تەماح کەوت، ئەویش دەستێکی هەڵبژارد:

- بە چەند؟

- چوارسەد فرانک.

- منیش سەد و پەنجا فرانک دەدەم.

- مسیۆ هیچ کەس نییە تەواو بە قەد و گیپاڵی ڕەفیقەکەت بێ؛ لە ناچاری فرۆشتمان. بەڵام بزانە لێرە سەودا کردن نییە!

کە هاتبووشینەوە بەغدا هەر کەس دەیدیتم دەیگوت: ئای لەو دروونە چاکەی ئەم دەستەی پێ درواوە!»

ژن و پیاوی فەڕانسیم زۆر بە شیکپۆشی دەدیت. دروونی جل کارێکی گەورە دەکا. باوەڕ کە ژنێکم دیت کۆت و شەڵوارەکەی خامی سپی بوو، بەڵام جوان دروابوو هەر حەزت دەکرد لێی بڕوانی.

دەگەڵ سادق چووینە بازاڕ و گەڕەکی «مۆنمارتر». بە سەدان دووکانی بە حەسیری بوریا و تەنەکە، پڕ لە پیاوی ڕەش و سووری موسڵمان، پڕ لە کتێبی دوعای عارەبی، شاخە مار، شتی جادووگەری و تڕ و تەوێڵەیان دەفرۆشت. بۆ سادق لەوێ لە دووکانێکی جلفرۆش دەستێک کۆت و شەڵوارمان کڕی، کە لە ئێران با، نرخی نەدەهات؛ هەمووی بە سەد و شێست فرانک.