فەردیناند میش

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  711 مشاهده

حەوت ڕۆژی کۆنگرە نانی نیوەڕۆژەمان لە سەر سۆربۆن بوو؛ دەچووینە ڕستوورانێک و پارەمان نەدەدا. ڕۆژێک کە لە ڕستووران هاتمە دەر، «فەردیناند میش» چاوەنۆڕی دەکردم. یەکترمان ماچ کرد و لە قاوەخانە دانیشتین. فەردیناند میش لاوێکی خەڵکی «لوکسەمبورک» بوو؛ زۆر عاشقە کورد و کوردی بوو. چەند جارێک لە شۆڕش دیبووم. کرمانجی وەها دەگوت کەس نەیدەزانی کورد نییە. تەنانەت جارێک گوتی: ئێوە کە پێشمەرگەم ڕەگەڵ دەخەن بۆ سەفەر، هیچ خزمەتم ناکەن و جوابم نادەنەوە؛ چونکە لایان وایە منیش کوردێکم وەک ئەوان! ئەو لاوە چووبووە کوردستانی تورکیە؛ جەندرمە گرتبوویان؛ بردبوویان لە زیندانی واندا حەبسیان کردبوو. کوردی زیندانییان لێ فێر کردبوو کە ئەوە کافرە! لێیدەن خێرە! کوردەکان زۆریان لێدابوو؛ پشتیان شکاندبوو. بەختی ئەو، زیندانییەکانی کورد دوو دەستەی دژ بە یەکن. دەستەکەی تر لە ڕقی ئەوانە، لەسەریان کردۆتەوە و پارازتوویانە. بۆ چی گیراوە؟ چونکە چەند کتێبێکی کوردی لێ گیراوە. لە پاشان کە زانیویە کەس بە دەنگیەوە نایە، نامەیەکی بە ئینگلیسی لە ئەستانداری «وان» نووسیوە: ئێوە منتان گرتووە، نازانن من کێم. شەرت بێ وا بکەم دەوڵەتی گەورەی من بەزمی سەگتان پێ بکا! دەیگوت: وا دیار بوو ئەستاندار نەیدەزانی لوکسەمبورگ لە دەوڵەتە گەورەکان نییە و نفووسی بە حاڵ دەگاتە چوارسەد هەزار. ترسا و عوزری لێ خواستمەوە و بەریان دام. هاتمەوە لوکسەمبورگ شکایەتم لای وەزیری دەرەوە کرد. وەزیرەکەمان - بەرازەکە مەزنە! - گوتی تۆ کێشەمان بۆ ساز دەکەی! ساڵێ باییی نیو ملیۆن دۆلار سەودا و مامڵەمان دەگەڵ تورک هەیە. کەنگێ ئەو کوردەی تۆ دەڵێی مەزڵوومن توانیان ساڵی باییی شەشسەد هەزار دۆلار مامڵەمان دەگەڵ بکەن، دەڵێم هەقتە و لەسەرت وە جواب دێین...