حەوت ڕۆژ کۆنگرە و چەند پیاوی گەورە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  874 مشاهده

کۆنگرە بۆ حەوت ڕۆژ دامەزرا. لە هەموو دنیاوە زانایانی ڕۆژهەڵاتناس هاتبوون. شکڵی زۆر سەیرت دەدی. ئیوا هەبوو کراسێکی ئاودامانی سوور بە ڕەنگی خوێن دە بەردا، پێخواس، سەرقژن! هی وا هەبوو بەشی بەرماڵی مزگەوتێکی کردبووە مێزەر! کەشیشێک هەبوو بە ناوی «تۆمابوا»، چەند ساڵان لە لوبنان ژیابوو؛ عەرەبیی باش دەزانی. لە لایەن زانایانی فەڕانسییەوە زۆر بەقەدر بوو. ئەو پیاوە چەند ساڵ بوو ژیانی خۆی بۆ خزمەت و یاریدەدانی گەلی بەدبەخت و کڵۆڵی کورد تەرخان کردبوو؛ چەندین کتێبی نووسیبوو؛ لە ناو عالمانی دەرەوەشدا ناوبانگی هەبوو. پیرێک بوو ڕیش سپی، زۆر جوان و بە سەر و سیما. کلیسایەکی بە دەستەوە بوو لە پاریسدا. ئەو پیاوە چاکە خۆی لێ کردن بە کەسوکار. «پرۆفیسۆر لازار» ناو کە لە سۆربۆندا زۆر دەستی دەڕۆیشت و زۆر پیاوماقووڵ بوو؛ فارسیشی دەزانی، بە ڕاسپێری «تۆمابوا» قەولی پێداین کە کارێکی وا بکا ئێمەش بتوانین خۆمان وەک گەلێکی سەربەخۆ نیشان بدەین. ئێمە نوێنەری هیچ دەوڵەتێک نەبوون. گەلی کورد لە هیچ دنیایە بە ڕەسمی نەناسراوە؛ هەقمان نییە بە ناوی عێراق یا ئێران قسە بکەین؛ کە ڕۆژهەڵاتناسانی تورک و ئێرانی و عێراقیشی لێ بوون. بەڵام نفووزی کەشە «تۆمابوا» و ماندووبوونی «جۆیس» و بەزەی «پرۆفیسۆر لازار» بەرانبەر بە کورد، کارێکیان کرد کە ڕۆژێک لە سەعات نۆڕا تا دوازدە، جەلسەیەکی بە تەنیا تایبەتی کورد ڕێک بخرێ و هاواری کورد بکرێ. حەولمان دا تا بتوانین زانایانی کوردی زۆر لێ کۆ کەینەوە کە قەدرێکی پتری هەبێ. گوتیان «دوکتور کامران عالی بەدرخان» لە جەنووبی فەڕانسایە و ژنی نەخۆشە. «دوکتور مەکینزی» ئینگلیسیمان هاتە لا، کە زۆر کوردیزان و شارەزای کاروبار و حاڵی کوردستانە. «دوکتور شەفیق قەزاز»، «دوکتور محەممەدی وەرزێر» خەڵکی سلێمانی، ژنی وەرزێر کە کیژێکی چیکۆسلواکی و کوردیناسێکی باش بوو، دانشجوویەکی عێراقی بە ناوی مەزهەر، سادقی برام، کەشیش «یووسف مەتا» - کە خەڵکی سلێمانی بوو - ساز بوون.

بە جۆیسم گوت: دەڵێن دوکتور محەممەدی موکریی ئێرانی لە پاریسە؛ با بەویش بڵێین.

وەک بە دە کەسان قدیلکەی بدەن لە پڕمەی پێکەنینی دا و هەر خاو نەدەبۆوە.

- جۆیس گاڵتەم نەکردووە، بۆ پێدەکەنی؟

- ماڵاوا لەوە جۆک خۆشتر چۆن دەبێ؟! دوکتور موکری نەخۆشی خەیاڵات و ئەوهامە. دەردی ئەو لە موعالەجە دەرچووە؛ بە کەس چاری ناکرێ؛ لە سێبەری خۆی دەترسێ. هەر کەس زەنگی دەرکەی لێدا یان تەلەفۆنی بۆ بکا لای وایە هاتوون بیکوژن! خۆی لە حەوت کوناندا تاقەت دەکا. جنێوی گەورە لا ئەو ئەمەیە کە بڵێن تۆ کوردی. ئێستا چۆنت ئەو قسە قۆڕە وە بیر هات کە ئەویش لەم کۆبوونەوە بەشدار بێت و دیفاع لە گەلی کورد بکات؟!

مەقالێکم نووسیبوو کە بیخوێنمەوە؛ سادق بە فەڕانسی تەرجەمەی کرد. جۆیس و تۆمابوا هەر چەند زۆریان پێ سەیر و دڵتەزێن و ئیحساس بزوێن بوو، بەڵام گوتیان بۆ ئەو کۆبوونەوە دەس نادا. پێویستە دەربارەی گەلێکی شەرقی بە جۆرێک کە نەزەری ڕۆژهەڵاتناسان بەرەو خۆی بکێشێ قسە بکرێ. لە ساڵۆنێکی سۆربۆن کۆ بووینەوە. زۆر لە عولەمای ڕۆژهەڵاتناس هاتبوون گوێمان لێ بگرن؛ کە پرۆفسۆر لازار پێی ڕاگەیاندبوون. کەشە تۆمابوامان بە ڕەئیسی کۆبوونەوە هەڵبژراد. بەیاناتێکی زۆر عالمانە و دڵسۆزانەی دەربارەی کورد و کوردستان گوت. دوکتور کەمال مەزهەر بە زمان ئینگلیسی دەربارەی تاریخی کورد و شەڕەکانی ئازادیخوازی قسەی کرد. زانایەکی ورگ زلی تورک هەستا گوتی: لە تورکیا کورد و مەسەلەی کورد نییە؛ هەموو تورکن و بێگانەی تێدا نییە! دوکتور کەمال مەزهەر جوابی دایەوە کە لە تورکیادا هەموو کێوەکان شایەتی بوونی ملیۆنها کورد لە تورکیەن. کابرای تورک دەستی هەڵێنا، ئیجازەی خواست دیسان قسە بکا. تۆمابوا بە لەپی دەست ئیشارەیەکی زۆر سووکایەتی هێنی بۆ کرد کە ئیجازەت نییە. بۆ خۆی گوتی: چۆن پێم وا بێ ئەم کابرایە عالم و ڕۆژهەڵاتناسە؟ یان پێم وا بێ دەرسی خوێندووە؟ من ئەگەر نەڵێن تەعەسسوب بە خەرج دەدا، دەتوانم بڵێم لە تورکیادا تورک هەر نییە. حەیفە پیاوی وا نەزان لە کۆبوونەوەی عیلمیدا بەشدار بێ! کابرای تورک هەستا و ڕۆیشت. بە عەرەبی، تۆمابوا بە منی گوت: ئەو سەگە چۆن لە ڕووی هەڵات گووی وا بخوا؟ ئینکاری شتێک بکا کە لە ڕۆژ ئاشکراترە؟! زۆر لە هاوبەشان قسەیان کرد و جەلسە تەواو بوو.

ڕۆژی ئاخری کۆنگرە - کە هەموو میوانان و خانەخوێی فەڕانسی لە ساڵۆنێکی گەورە کۆ ببوونەوە - کاروباری کۆنگرە و بڕیارەکانیان ڕاگەیاند. لە سەر تریبوونەوە ئیعلان کرا کە میوانانی کورد لە جەرگەی زانایانی ڕۆژهەڵاتناسدا بە ڕەسمی ناسران و ئیدارەی سۆربۆن قەراری دا مەرکەزێک بۆ پەرەپێدانی تاقیق لەسەر مەسەلەی کورد و ناساندنی کوردستان و گەشەدان بە فەرهەنگ و تاریخی، لە سەر بودجەی خۆی بکاتەوە و کوردیش وەک میللەتی تر حیسابی بۆ بکرێ. ڕاستی سەرکەوتنێکی گەورەمان دەس کەوت؛ ئەویش لە سایەی تۆمابوا، پرۆفسۆر لازار و جۆیس بلۆ بوو. هەزار ڕەحمەت لە تۆمابوا کە دەمێکە وەفاتی کردووە؛ بەڵام بیستوومە پرۆفسۆر لازار و جۆیس شوکور ماون. دەیانگوت پرۆفسۆر لازار پتر لە پازدە زمان دەزانێ، کە بە فارسی قسەمان دەکرد گوتم: خۆزی کوردی فێر بای! گوتی: لەوەتا ئێوەم دیوە زۆرم ئارەزووە زمانەکەتان فێر بم. ئەوا جارێ خەریکم زمانی ژاپۆنی فێر دەبم؛ پاشان خەریکی کوردی دەبم.

لە کۆنگرەدا جایزەی کۆنگرە درا بە کابرایەک، سووریی سەر و دم و چاو بێتووک، دەتگوت چەوەندەری سوورە و پاک کراوە! شکڵێکی زۆر ناشیرنی هەبوو؛ تەنانەت برۆشی مووی پێوە نەبوو. کابرا جوولەکەیەک بوو؛ هەر لە کەتیبەی قەبرانەوە خەت و زمانی فینیقی ساز دابۆوە و کردبوویە کتێب و مردووی سێ چوار هەزار ساڵەی زیندوو کردبۆوە. ئەوەندەی بۆ لە چەپڵە درا نەبێتەوە.