دیتنی سادقی برام پاش بیست و حەوت ساڵ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  770 مشاهده

سادقی برام کە بە ناو مەولانای خاڵی باوکمەوە کرابوو، تەمەنی هەشت مانگ بوو باوکم مرد. من هەم باوکی بووم هەم دایکی؛ چونکە دایکی لە پاش ساڵێک مەرگی بابم، مێردی کردەوە و بەجێی هێشت. منداڵێکی زۆر خوێنشیرین بوو. جاری وا هەبوو ژنانی دێ لێیان دەدزین؛ شێت دەبووین تا بۆیان دەهێناینەوە. هەموو دڵ و گیان و ئیمانم بە سەر خۆشەویستیی ئەودا ساغ ببۆوە... کە ببووە چوار ساڵە، کەمێک دەرسم پێ گوت؛ زۆر زیرەک بوو. کە هاتینە بۆکان لە مەدرەسە داممەزراند. هەمیشە لە نمرە کۆکردنەوەی حەوتانەشدا هەر یەکەم بوو. لە بیرمە جارێک لە ماڵە «ساڵحی شاتری» بووم لە سابڵاغ، گوتیان سادق لە بۆکان نەخۆشە. لە بیرم چوو کەوش دە پێ کەم؛ بە تای گۆرەوی ڕامکردە دەر. لە کۆڵان کەوشەکانیان بۆ هێنام و بە پەلە خۆم گەیاندەوە لای. شەقی زەمانە وای هەڵداشتم کە سادقم لە کلاسی دووهەمی سەرەتایی بەجێ هێشت و لێم ببوو بە داخ و حەسرەتێکی گەورە. تەنیا جارێک کە لە جزیری سووریا دەژیام، یانی پاش یازدە ساڵ دووری، نامەیەکی سادقم لە تارانەوە بۆ هات. نووسیبووی: پارەکە خەبەری تۆیان داومەتێ کە لە «قبورالبیض»ی. باسی خۆی کردبوو کە دوای دیپلۆم وەرگرتنی، لە دانشگای بژیشکی قبووڵ کراوە، بەڵام چونکە عەبدوڵڵای برای دەستی باش ناڕوا و بژیشکی مخارج و ماوەی زۆری دەوێ، وازی هێناوە و لە دارولموعەلیمینی بەرزدا دامەزراوە. ئیتر خەبەرم لێ بڕابوو. ئەوا دیسان لە فەڕانسە دەیبینمەوە. زۆرم سوپاسی خانم «جۆیس بلۆ» کرد کە ئەم دیارییە بە قیمەتەی نیشان داوم.

«جۆیس بلۆ» ژنێکی جوولەکەی فەڕانسی بوو کە بە منداڵی لە میسر ژیابوو. عەرەبیی میسرییانەی وەک بلبل دەزانی. کاری لەسەر ئەدەبیاتی کورد دەکرد. دەرسێکی باسی کوردی، لە «سۆربۆن» دەگوتەوە. دەگەڵ دوکتور کامران عالی بەدرخان و خانمەکەیدا - هاتبوونە ناوپردان لە شۆڕش - ببووینە ئاشنا. هاتبووە بەغداش و دەعوەتم بۆ کردبوو. لە کۆڕی زانیاریشدا چەند ڕۆژێک پێکەوە بووین و دەگەڵ دوکتور کەمال و مندا زۆر نێوانی خۆش بوو. وا بزانم هەر ئەویش سپاردبووی کە لە کۆڕی زانیاری، کەمال و من بانگ کەن.

سادق ماڵێکی گرتبوو لە تەبەقەی هەمکەفی خانوویێکی حەوت تەبەقەدا لە نزیک «سۆربۆن». قەرار درا من میوانی ئەو بم. جۆیس خانوویێکی بەتاڵی پێ سپێرابوو کە خاوەنەکانی بە سەفەر چووبوون. ئەویش درا بە کەمال کە لێی بنوێ و پارەی ئوتێل نەدەین. خوشکێکی جۆیس لە نۆروێژەوە بە ماشێنی خۆیەوە هاتبوو. ئیتر ماشێنی جۆیس و خوشکەکەی - کە ئەویش عەرەبیی لەهجەی میسری باش دەزانی - هەمیشە دەبەر دەستماندا بوون.

لەو ڕۆژانەدا کە تازە چووم، سادق چاوەنۆڕ بوو ژنەکەی بە منداڵێکی ساواوە بێتە فەڕانسا لە تارانەوە. ڕۆژانە دەچووە فڕگە و تا نیوەڕۆ نەدەهاتەوە. ڕۆژێک گوتی: تۆ لە ماڵ بە! تەلەفۆنم کردووە یەخچاڵم تازە کڕیوە؛ لە کار وێستاوە. دوو جار موهەندیس هاتووە لە ماڵ نەبووم. ئەو ڕۆژە موهەندیس نەهات. سادق لە داخان شەقێکی دە یەخچاڵ هەڵدا؛ وە کار کەوت! موهەندیس هات گوتی هیچ عەیبی نییە. گوتی: بەڵێ فێرە شەق تێهەڵدان بوو؛ نەمزانیبوو!

لەم تەبەقەی هەمکەفە حەمام هەبوو؛ بەڵام لە تەبەقەکانی باڵا نەبوو. دەیانگوت لە ماڵە فەڕانسییاندا حەمام زۆر کەمە. حەمامی وەک وڵاتی خۆشمان نییە. دەیانگوت ئەو هەموو عەترە کە لە فەڕانسا دروست دەکرێ و سەدان ساڵە عەتری هەرە باشە، هەر بۆیەیە کە بۆگەنیوی خۆنەشۆران داپۆشێ!

ژن و منداڵی سادق هاتن. ئیتر لە بابەت چێشت و نانیش حەساینەوە. خوا تازە کوڕێکی دابوو بە ناوی «شاهین»، کە من گوتم دەبێ ناوی «شاهۆ» بێ؛ بە ناوی کێوی کوردستان. ژنی سادق، کچی سەیید عەبدوڵڵای ئەییووبیانی خاوەن دەرمانخانەی مەهاباد بوو؛ کە پیاو هەق بڵێ زۆر کابان و دەستاوخۆش بوو؛ بە ناوی «نوسرەت خانم» کە ئێستاش هەر ژنیەتی و دایکی سێ منداڵانە بە ناوی: «شاهۆ» و «ڕامین» و «سارا» و لە تاران دەژی.

ڕۆژانە پەنجەرەی کۆڵانم دەکردەوە؛ گوتیان لە فەڕانسە کەس پەنجەرە ناکاتەوە. ڕەنگە جیران پێ تووڕە بن! گوێم نەدایە! کەچی چەند ماڵە جیرانێکی تریش چاویان لە من کرد و پەنجەرەیان دەکردەوە و هیچ دنیاش خراپ نەبوو!

کە لە سەری کۆڵان باتدەداوە بەرەو میترۆ، دووکانێک جووچکە مریشکی یەک ڕۆژە و دوو ڕۆژەی لێ دەفرۆشرا؛ پشیلەیەکی زەلامی زەردی مل و کلک ئەستوور پاسەوانی جووچکان بوو؛ لەناو ویترینەکەدا دەنووست. جووچکە بە سەر دەم و چاو و کلک و لاقیدا هەڵبەز هەڵبەزیان بوو؛ ئەو پرخەی دەهات! ئەگەر کەسێک دەستی لە شووشەی ویترین دەدا، ڕاستەوە دەبوو؛ کلکی قنج دەکرد و دەیەویست بە گژ دوژمنی جووچکاندا بچێ. زۆرم پێ سەیر بوو. زۆر جار لە دیاری دەوێستام.

میترۆی پاریس زۆر دوور و درێژە و زۆر کلکی لێ دەبنەوە؛ بەڵام بە جوانی و ڕێکوپێکی میترۆی مۆسکۆ نییە. شەوانە بە سەدان لە ئاوارە و بێماڵ و حاڵان لەناو میترۆدا دەنووستن. سادق نەخشەیەکی چکۆڵەی میترۆی دابوومێ کە گوم نەبم. کوێم بویستایە، بە ئیشارە نیشانم دەدا و دەچووم. جۆیس زۆر جێگەی وای پێ دەزانی کە نەهار و شامی هەرزان و بۆ دانشجوویان بوو؛ زۆرمان لەو بەهرە دەبرد. ڕۆژێک دەگەڵ جۆیس بە بەر موغازەیەکدا ڕابردین. لەسەر باڵتۆیەکی ژنانە - کە نازانم کەوڵی چ بوو - نوسرابوو: «سەد و سی هەزار فرانک» کە دەیکردە سێزدە هەزار دیناری عێراقی. جۆیس قسەی دەگەڵ ژنە موغازەدار کرد، گوتی: گوتوومە بۆ وا گرانە؟ دەڵێ: ئەوە بۆ ژنە فەڕانسی نییە. ژنێکی ملیۆنێری ئەمریکایی کە دەیبینێ، بە هەرزانیشی دەزانێ و چەکێک دەنووسێ و دەیکاتە بەر!

لە هەموو زمانی فەڕانسیدا «سیل ڤو پلێ» فێر ببووم کە یانی «تکایە، خواهیش دەکەم». شەوێک لە میترۆدا سەرم لێ شێوا، هەرچەند سادق گوتبووی پرسیار کردن لە کەس باش نییە و قبووڵ ناکەن، ملم لە پرسیار نا، تا هاتمەوە ماڵ. پرسی چۆن هاتییەوە؟ گوتم: هەشت سیل ڤو پلێم خەرج کردووە!

بەڕاستی کە دەڵێن پاریس بووکی جیهانە، ڕاست دەکەن. شارێکی زۆر جوانە؛ پڕە لە باخچە و سەیرانگا. شینایی و کەسکاییی ئەوێم پێ لە کەسکاییی گیا و مێرگی وڵاتی تر کەسکتر دەهاتە بەرچاو. لە جوان کردنی شاردا هیچ درێغی نەکراوە و بووکی ڕازاوەی خەیاڵە. جاروبارە لە هێندێک شوێن تووشی خانووی ڕەش بە دووکەڵ، دیواری ناقۆڵای نیوە ڕووخاو دەبی؛ بەڵام زۆربەی شارەکە زۆر جوان و پاک و خاوێنە. قاوەخانەی یەکجار زۆرە کە لە شوێنانی تر وا نییە. بەتایبەتی لە نزیک دانشگای سۆربۆن هەر یەکجار زۆر بوو. تا ماندوو دەبووم دەچووم قاوەیەکی تورکیم دەخواردەوە و ئیستراحەتم دەکرد.