هاوینان لە حاجی ئۆمەران

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  773 مشاهده

لە فڕگەی بەینەلمیللەلی قاهیرە دابەزین. هەموو زەوق و خۆشیی دیمەنی پاریسیانم لە بیر چۆوە. گارسۆن بە کراسی شۆڕی عارەبی، ڕەش وەک قیل، بۆ قاوەیەک دەبوو لە چوار جێ فیش ئیمزا کەن. کەمال کیف دەستییەکی کڕی بە پێنج دینار؛ من نەمکڕی. کە هاتینە بەغدا نرخی حەڤدە دینار بوو.

ئیحسان شێرزاد و چەند لە هاوکارانمان لە فڕگە چاوەنۆڕمان بوون؛ جگە لە ماڵ و منداڵی خۆشمان. بە دەردی کورد گوتەنی زۆر بە دەستی پڕ هاتبووینەوە و زۆیان کەیف بە بەهرەی سەفەرەکەمان هات و کۆڕی زانیاری قەدرزانی لێ کردین. چووم خەبەری کلیسای عالەمیشم بە بارزانی دا. فەرمووی کارێکی بە فایدەت کردووە و پەیوەندییان دەگەڵ دەگرین. کە بیستمەوە لە بابەت دەرمان و کۆمەکی ترەوە زۆریان چاکە کردبوو.

لە بەغداوە هاتوچۆی کوێستان و شۆڕشم زۆر دەکرد. دەمدی کە ئەوانەی دوێنێ هاوسەنگەری پێشمەرگە بوون و ئێستا لە دەوڵەت دامەزراون و پلە و پایەیان دەست کەوتووە، چۆن هەموو شتێکیان لە بیر چۆتەوە و هەر حەولی پووڵ و ماشین و قەسر پەیداکردنی خۆیانن.

شیعرێکم بە ناوی «حەللەق مەللەق» نووسی لە مەجەللەی «هەولێر»دا - کە لە هەولێر دەردەکەوت و کاک محەممەد مەولوود (مەم) سەرپەرستیی دەکرد چاپ کرد. هەرچی وەزیر و ئەستاندار و فەرماندەی هێزی کورد بوون و ملیان لە دزی و پووڵ کۆکردنەوە و پێشمەرگە لەبیر چوونەوە نابوو. زۆری پێ تووڕە بوون. حیزب لە کۆبوونەوەکانی خۆیاندا، داگیرکەر و عەرەب و ئیستیعماریان لە بیر کردبوو؛ دەرس ئەوە بوو: «دوژمنایەتیی هەژار دەگەڵ حیزبمان!». ئەستانداری هەولێر «عەبدولوەهاب ئوتروشی» شکایەتی لای ئیحسان شێرزاد کرد. کاک محەممەد مەولوودیان موعەللەق کرد. پەڕی شیعرەکانیان لە مەجەللەکە دڕاندبوو. پتر لە سەد شکایەتم لە لا

مەلا مستەفا لێ کرابوو. بارزانی گوتی: ئەوە چت نووسیوە؟ بۆم خوێندنەوە؛ گوتی: تۆ ناوی کەست نەبردووە. دیارە هەرچی دزە و حیزە وا دەزانن دەگەڵ ئەوانتە... نەقڵێکی گێڕاوە کە کابرایەکی مووسڵی کەڵەبابێکی دزیبوو؛ کەس شکی لێ نەکردبوو. سەربەخۆ لە بازاڕدا تووشی هەر کەس دەبوو دەیپرسی: نەقڵی کەڵەبابەکە چ بوو؟! گوتی: هێندەتان دزی و فزی کردووە، تاقەتی بیستنی لۆمەیەکی چکۆڵەشتان نییە، با ناوی کەسیش نەبرابێ...

ڕۆژێک لە حاجی ئومەران زۆر لەو پیاوە زلانە لە دیوەخان بوون. «فارس باوە» - کە فەرماندەی هێزی هەولێر بوو - گوتی: کاک هەژار! تۆ جنێویشم پێ بدەی قبووڵمە. بەڵام دیتم یەک لە پێشمەرگەکانی هاوکارم بە ماشینی مارسیدس ڕابرد. کابرایەک لە قاوەخانە پێکەنی، گوتی: ئەوەتا بە مارسیدس بە جێت هێشتم!دەبوایە بیکوژم؛ بەڵام سەرم داخست و بە سەرشۆڕی ڕۆیشتم. گوتم: کاک فارس! بە شەرعی ئیسلام قاپ و قاچاغ و ناڵی ئەسپ لە زێڕ و زیو حەرامە؛ بۆ ئەوە فەقیرە بێبەشەکە زگی بە خۆی نەسووتێ. ئێوە کە شوکور پووڵتان زۆرە، لە بانکی دابنێن! خۆتان لە سەر ئەو پێشمەرگە ئازایانەی - کە هەر ئەوان لە سەنگەردا بوون و ئێوە بەری فیداکاریی ئەوانتان خواردووە و ئێستا خۆتان لێ بوواردووە و کاری قوڕەکاریشیان دەست ناکەوێ - مەنوێنن و گز و فتیان مەدەن! نەوەک دیسان کارتان بکەوێتە ئەوان و بە دەنگتانەوە نەیەن...

«نافیز» کە کرابووە وەزیری کشتوکاڵ، گوتی: ئەو شیعرەت هەر دەگەڵ من بووە! کە خانووم لە بەغدا دروست کردووە. گوتم: کاکی خۆم! چەند ساڵ پێکەوە ژیاوین؛ هەمیشە پێم گوتووی شیعر بۆیە نابێ تۆ قسەی لێ بکەی. لەو بارەدا زۆر کەودەنی!