چاپی شەرەفنامە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  759 مشاهده

من شەرەفنامەکەی خۆم - کە دوو جار نووسیبۆوە - نیشان دان چاپی کەن. کێ تماشای کا و ئەگەر پەسەندی کرد لە چاپ بدرێ؟ گوتیان دوکتور ناجی عەبباس. گوتم: ڕاوەستن! ئەوە نووسینی منە. خەیامم چاپ کردووە. ئەگەر ناجی عەبباس توانی پێشەکییەکەی من لەسەر خەیام بە ڕەوانی وەخوێنێ، قبووڵمە. دوکتور کوردی نازانێ! گوتیان ئەدی کێت پێ باشە؟ گوتم: عەلائەددین سەججادی فارسی باش دەزانێ و کوردیشی زۆر باشە. بەرانبەری نێوان مەتن و تەرجەمە بکا. دوکتور کەمال خۆی لە شەرەفنامەی تەرجەمەی ڕووسیدا یاریدەی موتەرجیمی کردووە و تەشەککوری لێ کراوە. کاک مەسعوود هەمووتان بە ئەدیبێکی گەورەی دەزانن. هەر یەک لەو سێ کەسە پەسندیان نەکرد بۆم چاپ مەکەن! ئەوان هەر سێ پەسندیان کرد. ئەو جار هەرا لەسەر هەقی تەئلیف پەیدا بوو:

- سەدی دە بدەین؟ سەدی دە لە قازانج یان لە گشت؟

هیچ متەقم نەکرد. قەرار درا سەدی دە لە قیمەتی گشتی وەرگرم. ئیمزا کرا. گوتم زەرەرتان کرد! ئەگەر جگە لە هیچ حەقێک داوای پووڵتان لە خۆم بکردایە، حازر بووم پێنجسەد دینارتان بدەمێ هەر بۆم چاپ بکڕێ!

ئیعلان کرا کە کام چاپخانە بە کەمتری دەکا؟ هەر چاپخانەیەک دەیدی دەیگوت ئەم خەتەمان بۆ ناخوێنرێتەوە. بۆ جاری سێهەم ناچار پتر لە پێنج هەزار ڕووپەڕم شەرەفنامە نووسیەوە. زۆر شەوان گوێم لە بانگی سبەینە دەبوو، من هەر دەمنووسی... دەگەڵ چاپخانەیەکی بە ناوی چاپخانەی «نوعمان» لە شاری نەجەف پێکهاتین، بەو شەرتەی کە هەر ڕووپەڕێکی من بە ئیمزای خۆم لە سەری نەنووسم «چاپ بکرێ»، ئەو حەقی نەبێ چاپی کا. دوو فۆڕمەیان دەناردە کتێبخانەیەک لە خەیابانی «موتەنەببی»، غەڵەتگیریم دەکرد و دەمناردەوە. جاری وا بووە فۆڕمەیەکم چاردە جار غەڵەتگیریی کردووە. کە دەهات بۆ چاپ ئامادە بێ، خۆم لە بەغداوە دەچوومە نەجەف، ئاخر نموونەم بە چاپکراوی دەدیت. جاری وا بوو دوو شەو لە نەجەف دەمامەوە. گوتیان دوو هەزار نوسخە بێ. زۆرم داد کرد کە پتر بێ؛ گوتیان چەند کتێبمان چاپ کردوون هەزاریشی نەفرۆشراوە. هێشتا چوار فۆڕمەی چاپ کرابوو گوتم من پووڵم ناوێ! سەدی دە کتێبم بدەنێ! بە قیڕوهۆڕ توانیم پێیان بکەم بە دوو هەزار و پێنجسەد نوسخە کە دووسەد و پەنجای خۆم بێ و دوو هەزار و دووسەد و پەنجایان بۆ بمێنێ. نرخی دینار و ڕوبع دانرا کە دەبووە بیست و پێنج تمەن. کتێبفرۆشیی هەولێر و کەرکووک و سولەیمانی نەدیدە کڕییان و تا سەدی بەرگ دەگیرا، بۆ ئەوانمان دەنارد. بازاڕی ڕەشی پەیدا کرد: زۆر زوو بە پێنج دینار هەر فڕکەی دەهات. دووسەت و پەنجا نوسخەی خۆم وەرگرت، دەبوایە بە قانوونی کۆڕ سەد نوسخە بۆ نووسەر بەخشش بێ؛ نەیاندامێ. لە پاییزی ١٩٧٢ درابوو بە چاپخانە، لە سەرەتای هاوینی ساڵی ١٩٧٣ تەواو بوو.