کۆڕی زانیاریی کورد

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1040 مشاهده

کۆڕ دامەزرا. دە ئەندامی دامەزرێنەری بۆ دیاری کرا:

١- ئیحسان شێرزاد، وەزیری بەلەدیات، کە موهەندیسی میعماری و حقووقییە.

٢- شێخ محەممەدی خاڵ، کە نووسەرێکی مەشهوورە و قازی شاری سلێمانییە.

٣- کاک مەسعوود محەممەد، کوڕی جەنابی مەلای کۆیە کە هەم حقووقی و هەم عالمێکی عەرەبی زۆر بە ناوبانگە.

٤- دوکتور کەمال مەزهەر، کە لە لینینگراد دوکتورای لەسەر تاریخی کورد لە قەڕنی بیستەما وەرگرتووە.

٥- هەژار، کە کرا بە ئەندامی پێنجەم.

٦- دوکتور عەبدوڵڵا نەقشبەندی، کۆنە مەلا و ڕەئیسی کوللی حیسابداریی عێراق.

٧- دوکتور پاکیزە ڕەفیق حیلمی، کە دوکتورای لە ئاڵمان لەسەر زمان و ئەدەبی عیبری هەبوو.

٨- دوکتور عەبدولحەمید ئوترووشی، کە قازی سوننی بوو لە بەغدا و زمانی کرمانجی دەزانی.

٩- عەلائەددین سەججادی، کە نووسەری «مێژووی ئەدەبی کورد» و زۆر کتێبانە.

١٠- دوکتور ناجی عەبباس، کە دوکتورای لە جوغرافیادا هەیە و خەڵکی کەرکووکە.

ئەم دە کەسە بە ڕەسمی ناوی دەستەی دامەزرێنەر و سەرەکیمان لێ نرا و ڕیاسەتی جمهووری بە بەیانێکی ڕەسمی قۆڵی بە لە سەر کێشاین. ئێمە لەقەبی «ئەندامی کارا»مان درایە. زۆر کەسی تریش لە خاوەن کارنامەی دوکتور و ڕۆشنبیری کوردمان دەگەڵ خۆ خست کە لە لێژنە جۆرەجۆرەکانی فەرهەنگیدا بەشداریمان بکەن. هەفتەی دوو یا سێ جار کۆبوونەوە دەکرا! کاری فەرهەنگستانمان بەڕێوە دەبرد. «ئەحمەد حەسەن بەکر» چل هەزار دیناری بوودجە بۆ ناردین. ئیحسان شێرزاد - کە ڕەئیسمان بوو، وەکیلی شرکەتی «گولبەنگییان» بوو لە عێراقدا - وای کرد گولبەنگییان عیمارەتێک لە سەر حیسابی خۆی بۆ کۆڕی زانیاری دروست کا؛ کە پتر لە دووسەد هەزار دیناری تێ چوو. چاپخانەیەکی لاینۆتایپمان ساز دا. یەک دنیا کتێبی زۆر بە نزخی لەسەر کورد و شتی تر کۆ کردەوە. کتێبخانەی کۆڕی کورد زۆر لە کتێبخانەی کۆڕی زانیاریی عارەبان - کە تەمەنی بە چل ساڵ دەگەیشت - دەوڵەمەندتر بوو. چەند کتێبێکی کوردیمان چاپ کرد.