مەیموون جوان بوو، ئاوڵەشی لێ هات (باسێکی ساڵح یووسفی)

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 8 دقیقه  1012 مشاهده

دەڵێ «مەیموون بۆ خۆی جوان بوو، ئاوڵەشی لێ هات». کە دەگەڵ سەدام هاتمەوە، ساڵح یووسفیش لە تەیارەکەدا بوو کە لە کەرکووکەوە هێلیکۆپتەر گۆڕدرا و بە تەیارەی دیکە هاتین. لە فروودگاوە دەگەڵ حەردان تکریتی سواری ماشێن بووین کە بمانگەیەننەوە ماڵ. لە ڕێگە حەردان پرسی:

- دیارە هەژار شاعیرێکی بەناوبانگە؛ بارزانی زۆری تاریف کرد.

ساڵح یووسفی گوتی: نەخێر! من لە کورداندا لە هەموو کەس شاعیرترم و ناوبانگم یەکجار زۆرە!

جا کە بزانی ئەو فەقیرە لە عومریدا تاقە شیعرێکی بە ناوی «هەوارە» نووسیوە و ئەویش هەر دەبێ خۆی بزانێ چۆن «میعرێکە» سەیر نامێنی!

ساڵح یووسفی - کە هەم کرابووە وەزیر موشاور، هەم باشی دەزانی دەم لەبەر عەرەبان پان کاتەوە و کلکەسووتە بکا - نەیدەکرا هێندە تەنازول بکا بێتە یەکیەتییەکەوە کە خۆی ڕەئیس نەبێ، ئیجازەی «کۆمەڵی ڕۆشنبیرانی کوردی» لە دەوڵەت وەرگرت و گورجێ پازدە هەزار دیناریان دایە. هەر شیووعییەکی کەیفی بە ئێمە نەهات لەو کۆبوونەوە.

ئەوانەی کە لە یەکیەتیی ئێمەدا بوون، کۆمەڵێک بە ناو دوکتور وەک عیزەددین مستەفا»، «مەعرووف خەزنەدار» و چەند کەسێکی تر لەو بە ناو گەورە و بە ناوەرۆک وێرانانە بوون کاروباریان هەڵدەسووڕاند. هەرچی ناوی ئەخلاق و فەرهەنگ و ئەدەبە لایان نەبوو. تێک هەڵدەچوون، جنێوی وایان بە یەکتر دەدا کە لە ناو شەلاتییانیشدا زۆر عەیبە! زۆر جار دەمگوت: برا ئێوە شەرم لە لەقەب و ناوتان بکەن! ئێوە بە خەیاڵ هەڵبژاردەی هەرە زانای ئەم میللەتەن کە دەبێ خەڵکی ڕەمەکی چاوتان لێ بکا و لێتان فێری ئەخلاق و مەردایەتی بێ. کەچی ئێوە ئەوندە سووکن و ئەوەندە ئابڕوو بەرەن!.. ئیتر دڵم لە هەموو ئەو خوێندەوارە خاوەن ناوانەی کە هیچیان دە باراندا نەبوو ڕەش ببوو، ئاواتم بە ڕەفیقایەتیی گوندییە دڵ سادەکانی کورد دەخواست کە لە ڕەفیقایەتییاندا چەند ئاسوودە بووم.

لەم ساڵەدا چوومە سلێمانی و لە کۆبوونەوەی ئەدەبیاندا - کە لە کتێبخانەی گشتی گیرا - بەشدار بووم وتارم خوێندەوە.

با جارێ باسێکی «ساڵح یووسفی» بکەم کە بیناسی:

خەڵکی لای زاخۆ بوو. مەلا ببوو؛ ببووە پارتی. زەمانی نووری سەعید گیرابوو؛ جارێکی تر لە زەمانی قاسمدا گیرا. نامەی کە بۆ برایم و جەلال دەنووسی. هەر پاکەتەکەیان دەدیت پێدەکەنین: بزانین کابرا شێتە دەڵێ چی؟! لە کوودەتای بەعسەوە - وەک باسم کرد - سەربەخۆ تەبریکی لە حوکمی تازە کرد؛ بە ناوی کورد و کوردستانەوە! زۆر کابرایەکی دڵسادە و ئەحمەقۆکە بوو. هەر بۆ خاتری دوو جار گیرانەکەی بوو کە دەکرا بە هەیئەتی گفتگوگۆ دەگەڵ بەعس. وەک گوتم، پاش نامەکەی کە نووسیبووی: «تاهیر یەحیا چایی داومێ و سوێندی بە قورعان بۆ خواردووم... »، دیسان گیرایەوە و زۆری جەزرەبە درا. ئەم جارەش کرابووە وەزیر موشاور و پاشان ڕۆژنامەی «التاخی» (برایەتی) هەڵدەسووڕاند. بە قەولی ڕەفیق چالاک هەمیشە تەلەفۆن لە لای دەستی ڕاستی و بە گوێی چەپیەوە دەنا! قەت نەبوو قەیتانی تەلەفۆن بە سەر کەپۆی دانەیە! کوڕی خۆی لە بەرانبەری قسەی دەگەڵ دەکرد وەیدەزانی تەلەفۆنە، ئەلۆ ئەلۆی بۆ دەگوت! خولاسە مەڕی پێغەمبەر بوو. وەک ئیمام عوسمان کە لە هەموو هونەریدا هەر دەڵێن زۆر بەدین بوو، ئەویش هەر دەیانگوت پیاوێکی فەقیر و بێئازارە، قەت نەیانگوت لە هیچ کارێک سەری دەردەچێ.

تازە وتووێژی هاتنەوە بەغدا و پێکهاتن لەگەڵ سەدام دەکرا، لە دیلمان بە بارزانیم گوت: بیستوومە ساڵح یووسفیت بۆ وەزیر ناو بردووە؟

- دەی جا چ بوو؟

گوتم: کاکە! ئەگەر من لە تەرەغە ساڵح یووسفی دە ڕۆژ لە بەرم بپاڕایەوە، نەمدەکردە گوێلکەوانی دێ؛ چونکە لاقی بیستانی دەشکاند!

جارێک حیسابمان کرد سی و شەش کاری گرینگی شۆڕشی لە بەغدا لە ئەستۆ بوو، یەک لەوانە تەنزیمی کوردی بەغدا بوو کە ڕەنگە سەدهەزار ماڵ ببێ. ڕەفیق چالاک لە بەر دەستی ئەودا بوو؛ مەجەللەی برایەتی بە کوردی دەردەخست. مەجەللە دەبوو سیاسی بێ. دوو جار دیتم مەقالی سەرەکی باسی «شێخ فەرخ» بوو. چوومە سەری:

- ڕەفیق ئەو گووکارییە چییە؟

گوتی: غەڵەتێکم کرد لە ڕووپەڕێکی برایەتیدا تۆزێک باسی شێخ فەرخم نووسی. سەیدا ساڵح بانگی کردم، گوتی: ئەوە زۆر خۆشە. دایکم بە ڕەحمەت بێ بە منداڵی بۆی گێڕاومەوە. تۆ وەک من دەڵێم وای چاپ بکە! لە داخان من هەموو جار دەیکەمە مەقالی سەرەکی!

ڕەفیق گوتی: ویستم خۆم لای خۆشەویست کەم. دوو کارتۆنی گەورە هێلکەم ناردەوە ماڵی سەیدا. هاتم خۆم نیشان دا کە تەشەککورم بکا. دەنگی نەکرد.

گوتم: ئاخۆ هێلکەکان گەیشتن؟

جوابی نەبوو.

- سەیدا من هێلکەم بۆ ماڵەوە نارد. ئەگەر نەگەیون تا حەمماڵەکە هەڵپێچم.

- زەرتک نینە؟

پرسیم لە یەکێک: یانی چی؟

گوتی: دەڵێ زەردێنە نەبوو!

- مامۆستای بەڕێز! خۆ ئەوانە هێلکە مریشک نەبوون هێلکەی کارخانە بوون. لەوانەیە کرێکاری دز زەردێنەیان تێ نەخستبن!

- ها، ڕاست دبێژی! ل بەر ڤێ هندێ زەرتک نینە!

دەبێ بزانی کە ئەم ئەحمەقە تەواوی ماوەی شۆڕش هەمیشە کاری زۆر گرینگی بە دەست بووە. «سەبری بۆتانی» لە دایرەی مخابەراتی نهێنیی پۆلیسی عێراق بوو؛ کەس نەیزانیبوو کوردە. ئەخباری زۆر باشی - کە بۆ ئێمە بەبەهرە بوو - دزیوە و ناردوویە؛ کەوتوونە دەست ساڵح یووسفی. بەڵام مامۆستا نامەی سەبری نەسووتاندووە و جارێک لە گیرفانیدا گیراوە و سەبری تا سەر مردن ئازار دراوە و بە هەزاران ناری عەلی لەو ئاگربەسانەدا بەردراوە.

لە کن بەعسیان خراپەی شۆڕشیانی دەگوت کە هاتوچۆی ئێران دەکەن و من کە عێراقیم زۆر خۆش دەوێ هەرگیز ناچم و نەچوومە ئێران. ماشێنی دەناردە ئوردون لای کوردی دەوڵەمەندی ئەوێ کە ئەوە ئی مەلا مستەفایە و ماتۆڕی لێ بگۆڕن. خانوویێکی باشی لە بەعسی ساند. لە ساڵی ١٩٧٤ کە شەڕ هەڵگیرساوە، دیسان لە شۆڕش زۆر کارە بوو. ڕەمەزانێک دوو هەزار دیناری حەقی باقلاوەی بەربانگی مەلایان لە شۆڕش ساند! کە هاتینە ئێران، ئەو گەڕاوە بەغدا و بە ناوی «عێراقم خۆش دەوێ» لە ماڵە خۆی دانیشت. بەعسی - کە دە سەر کەسەوە ناچن - بۆمبایەکیان دە ناو قوتوویێکدا بە دیاری بۆ نارد و کوشتیان. لەو ساوە بۆتە مامۆستای پایەبەرزی شەهید لە تاریخدا...

هەر چۆنێک بوو بە هەزار عەزاب و دڵتەنگی، ساڵم لە سەرۆکایەتیی یەکیەتیی ئەدیباندا گوزەراند. لەم بەینەدا دەوڵەت دەعوەتی بۆ ناردین کە وەرن لە کۆنگرەی ئەدیبانی عەرەب لە «ئیربید» لای بەسەر بەشدار بن! گوتم: من ناچم. جێگەیەک باسی کورد و ئەدیبانی کوردی لێ نەبێ، من نازانم تاریفی شیعری عەرەبان بکەم و سڵاوەت لە دیداری بەعس بدەم... ناچار یەکی تر لە ئێمە چوو. دیارە ئەگەر بەتەمای یاریدەدانێکی پارەی دەوڵەتیش بووبین، بە یەکجاری هومێدەکە فەوتا. سەری ساڵی دووەم گوتیان لە هەولێر کۆ دەبینەوە و هەڵبژادنی نوێ دەس پێ دەکەینەوە؛ بەڵام پووڵمان نییە. پێنجسەد دینارم لە مەلا مستەفا وەرگرت کە هەڵبژاردنی ئەدیبانی کورد بەڕێوە بچێ. لە هەولێر زۆر بە حیساب و کیتاب کۆنگرەم ساز کرد. دەیانەویست هەڵمبژێرنەوە؛ لە وتاری پێش دەمی هەڵبژاردنا گوتم: ساڵێکمان ڕابوارد و ئەوەندەش بەرهەممان بوو. برا من نەمتوانی دەوڵەت لە خۆم دڵخۆش کەم. ناشتوانم پووڵتان بۆ لە سەدام بستێنم. حەز دەکەم ساڵح یووسفی هەڵبژێرن کە دەتوانێ پووڵی زۆر پەیدا کا و کاری مەجەللە و مخارجتان پێک بێنێ. ئیتر خۆم خەلاس کرد.

بۆ تۆزێک نموونەی ئەخلاقی هاوکارەکانم، ئەم چیرۆکەش ناخۆش نییە: شەوی دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی تازەی دەورەی دووهەم، دەگەڵ کاک محەممەد مەولوود لە باشگایەک دانیشتبووین. ناردمان لە شوێن دوکتور مارف خەزنەدار کە سەرێکمان بدا، گوتبووی: من هەردووکیانم ناخۆش دەوێ، نایەم! گوتم: عەرزی بکەن پەنجا دینارم لە گیرفاندایە؛ هەرچی بخوات و بخواتەوە لەسەر من! فەورەن هات و زۆر بە ڕووخۆشی دەگەڵی ڕابواردین!

هێشتا هەر ڕەئیسی یەکیەتیی ئەدیبان بووم کە دەوڵەت قبووڵی کرد «کۆڕی زانیاریی کورد» دابمەزرێ؛ منیشیان دەستنیشان کرد کە ببمە ئەندام. چەند کۆبوونەوەیەکی بۆ کرا. «سامی» - کە وەزیری کاروباری کوردستان بوو - عاشقی ئەوە بوو کە خاوەن کارنامەی دوکتورای زۆر تێ بچن. من زۆرم حەو دەگەڵ دان کە کوردیزانی باشی بۆ هەڵبژێرن؛ نەوەک ئەوانەی دوکتورایان لە زمانە خاریجییەکاندا هەیە. من یەکی وەک حەمەی مەلا کەریم و شوکور مستەفام پێ لە دوکتوراکانی کوردینەزان چاکتر بوو. دیارە قسەی ئەوان لە سەر بوو.