چارەنووسی ئەحمەد تەوفیق و مەلا سەیید ڕەشید
ڕۆژێک ڕەمەزان بوو، مام هێمن لە هەولێرەوە بەرەو باڵەکایەتی دێت. لە ناو ماشێندا جغارەیەک دادەگیرسێنێ. هەرچی دە ماشێنەکەدان - ڕانندەش دەگەڵ - بە گژیدا دێن:
- پیرەمێرد! پێت لەسەر لێوی قەبرە! لە خودا ناترسی و بەو ڕەمەزانەتییە ڕۆژوو دەشکێنی؟
- بۆ چی کاکە ئێوە پێتان وایە من کێم؟
- چوزانین؟ پیرەمێردێکی و بەڕۆژوو نیت.
- کاکە من فەلەم؛ باوکی فەڕانسۆ حەریریم! کوڕم حاکمە لە گەڵاڵە و دەچم سەری دەدەم!
- ئەی، مامە دەبێ بمانبەخشی! نەمانزانی!
هێمن دەیگوت ئەو جار جغارەیان بۆ دادەگیرساندم و دەیاندامێ؛ ئاویان بۆ دەهێنام کە نەوەک حاکمی کوڕم بزانێ و لێیان تووڕە بێ! فەڕانسوا نەقڵەکەی بیستبۆوە و ببووە مایەی پێکەنین و ئێستاش هەر دەڵێ: «هێمنی باوکم!».
هێشتا هەر لە سوورەبان بووم و نەهاتبووینە بێخۆڵان، جارێک نامەی ئەحمەد تەوفیقم بۆ هات کە ئەو چەند ساڵە دوور لە کاروباری سیاسی و دوور لە سنووری ئێران ڕایبواردووە. ئێستاش هیچ هومێدێک نییە کە بارزانی ڕێگە بدا کارێک لە دیوی ئێران بکەین و هەر دێ و دەسەڵاتی ساواک لە سەرمان توندتر دەبێ. ئەمجار لەم سنوورە دووردەستەش هیچ حورمەتێکمان نەماوە و بە ئانقەست کاری وا لە وەکیلانی شۆڕش دەبینم کە دیارە حەز لە چارەم ناکەن. نەخۆشیشم؛ پشت ئێشەمە. ئەگەر بارزانی دڵی نەڕەنجێ دەمەوێ بچمە خاریج؛ هەم بۆ مداوا، هەم بەڵکوو بتوانم کارێک بۆ کوردی ئێران بکەم...
قسەکەم گەیاند و زۆریشم لاگیری لێ کرد. بارزانیی گوتی: مەسلەحەتی شۆڕشەکەمان وای ویستووە ئەحمەد لەم نزیکانە نەبێ. من دەسپێرم کە بە دڵی ئەو بجووڵێنەوە. ئەگەر بشچێتە خاریج موافقم و چی دەوێ بۆی دەکەم. پاش ماوەیەک لە جوابی نامەکەمدا، پێشمەرگەیەکی ئەحمەد هاتە سوورەبان و بە منی گوت: کاک ئەحمەد قەراری داوە تا سەری مانگ برواری چۆل کا و بچێتە بەغدایە. چونکە تەواو وە گیان هاتووە و پێشمەرگەی ئەوێ بە سەرۆکایەتیی ئەسعەد خۆشەوی، زۆری دەگەڵ خراپن و ژیانی لە تەنگانەدایە. ئەگەر دەکرێ کارێک و چارێک بکەن! بە هەڵەداوان خۆم گەیاندە حاجی ئۆمەران. بە پەلە گوتم دەمەوێ مەلا مستەفا ببینم. گوتیان کەسێکی لە لایە؛ ڕاوەستە!
- ڕاناوەستم، هەر ئێستا دەبێ بیبینم.
کەسەکە «قالە تەگەرانی» بوو کە دەمبیست دوژمنی ئێمەیە. دیار بوو قسەی شێخ لەتیف- کە بە فایقی گوتبوو- ڕاست بوو؛ جاسووسی سێ سەرە بوو. بە تەنیا دانیشتین و دوورودرێژ باسی ئەحمەدم کرد کە حەیفە، زۆر لە ڕێگەی کورد و بەتایبەتی شۆڕشی تۆدا زەحمەتی کێشاوە؛ ئێستا بچێتە لای دوژمنانی کوردستان. تا سەری مانگ حەوت ڕۆژی ماوە، وا بکە دڵی بدەنەوە. با نەڕوا. گوتی: تۆ درەنگ خەبەرت زانیوە؛ ئەحمەد ڕۆییوە بۆ بەغدا و لە دست دەرچووە... تیلگرافێکی بێسیمی نیشان دام کە ئەسعەد بۆی ناردبوو. دوایی کە دەگەڵ دەوڵەت ئاگربەسمان کردبوو، چاوەنۆڕی حوکمی زاتی بووین، ڕۆژێک لە بەغدا تووشی ئەحمەد هاتم. بردیمە مەنزڵی خۆی کە دەگەڵ چەند هەواڵێکی ئێرانی و خزمی خۆین تیا دەژیا. تێی گەیاندم کە هەرچەند لە شۆڕش ڕۆیشتووە و دەگەڵ بەعسی بۆتە ئاشنا، بەڵام هەرگیز خەیانەت بە بارزانی و کوردستان بە دڵی ئەودا ڕانەبردووە و ڕاشنابرێ... ئیتر خەبەرم لە ئەحمەد بڕا. لە کێو دەمبیستەوە کە دەگەڵ دەستەی قاسملوو نێوانی خۆش نییە شەڕە دندووکەی یەکتر دەکەن. گوتیان لە پاش کوودەتای سەرنەکەوتووی «نازم گزار»، زۆر کوردی دۆستی دەوڵەت کوژراون کە یەکیان قالە تەگەرانی بووە، دەگەڵ هەشتا و دوو کەسی تر؛ بە تۆمەتی ئەوە کە ئاگایان لە بزووتنەوەی نازم گزار بووە و دەنگیان نەکردووە، بەر گوللە دراون. بیستمەوە کە ئەحمەد تەوفیق گیراوە. ئەفسەرێک کورد خەبەری دامێ کە لە زیندانی «قصرالظهور»ە. پاش چەند جارێک کە خەبەری گرتنی دەدامێ، گوتی بردوویانەتە زیندانی «ابوغریب» و ئاگام لێ بڕاوە.
جارێک لە کێو لە دەربەند بووم. دوو پێشمەرگە لەو لای منەوە قسەیان دەکرد. یەکیان گوتی: من لە زیندانی ئەبووغەریب بووم. سلوولەکەم دەگەڵ سلوولێکی دیکە کەلێنێکی هەبوو. پیاوێکی تێدا حەبس کرابوو، ڕۆژانە یەکترمان لەو کەلێنەوە دەدواند. دەیگوت نێوم ئەحمەد تەوفیقە، خەبەرم لێ دراوە کە دەگەڵ کارداری سەفارەتی ئەمریکا لە سەفارەتی سویس قسەم کردووە و بوختانێکە بۆم هەڵبەستراوە. هەموو ڕۆژ دەیانبردە دەرێ شکەنجەیان دەکرد و بە کەلەلایی دەیانهێناوە ناو سلوولەکەی. جارێک بردیان و نەهاتەوە. وا دیارە کوشتوویانە...
زۆر بەو خەبەرانە دڵم تەنگ ببوو؛ بەڵام دیتم مەسعوود و ئیدریس، کوڕانی مەلا مستەفاش بۆ خەبەری نەمانی ئەحمەد زۆر دڵتەنگن. وام لێ مەعلووم بوو کە لە بەغداشەوە عەلاقەی دەگەڵ مەرکەزی فەرماندەیی بارزانی هەر نەپساندۆتەوە و بە خەبەر بۆ ناردن یاریدەی شۆڕشی داوە. بە بڕوای من بەعسی هەستیان بەوە کردووە و بەهانەیەکی دیکەیان بۆ تاشیوە و لە ناویان بردووە. ئیتر خوا دەیزانێ... هەر چییەک بێ، من برادەرێکی زۆر خۆشەویست و زۆر ئازا و بەکارم لە دەست دەرچوو...
یەک لەوانەی کە دەگەڵ ئەحمەد چووبوونە بەغدا «مەلا سەیید ڕەشید» بوو کە خەڵکی بووبەکتانی لای سەقز بوو. پیاوێکی زۆر پاک و کوردی چاک و زۆریش بە دەست و تفەنگی خۆی ئازا بوو. لە بەغدا لە چینی دووهەمی خانووەکەی من دەژیا. دە پێشداش هەر دەمناسی؛ لە سونێ و زۆر شوێنی تر دیتبووم. لە شەڕێک کە دەگەڵ دەوڵەت لە «سەروچاوێ» کرا، ناوبانگی ئازایەتی دەرکرد. ئەو بەینە کە پێکەوە لە ماڵێکدا بووین، هەمیشە زۆر بە ئیحترامەوە باسی ئەحمەد تەوفیقی دەکرد و بە کوردێکی نموونەی دەزانی. مەلا سەیید ڕەشید پاش شکانی شۆڕش هاتە سەقز؛ بە دارتاشی بەڕێ دەچوو. لە ئینقیلابی ئیسلامیدا لە دەوری دیواندەرە دەگەڵ کۆنە ئاغایان تێک گیرا و بە دوامین فیشەک خۆی کوشت.
وەک باس کرا، بەعسی کە بۆ دووەم جار حوکمیان گرتەوە دەست، زۆری نەبرد لە مانگی ٩ی ١٩٦٨ڕا شەڕیان بە سەردا سەپاندینەوە. ئەو شەڕە تا سەرەتای ساڵی ١٩٧٠ هەر بەدەوام بوو. یاریدەی چەک و کەلوپەلمان زۆر لە ڕێگەی ئێرانەوە بۆ دەهات. دەوڵەت ی عێراق ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە کزی و کەنەفتی دەدا. سەدام حوسێن ئیعلانی کرد کە خودموختاری دەدا بە کورد، خۆی هاتە لای بارزانی لە ناوپردان. دەیانگوت شا لەو پێکهاتنە زۆر ناڕازییە؛ بەڵام گوێ بە قسەی ئەو نەدراوە. دەست کرا بە کۆبوونەوە و وتووێژ. پێک هاتن کە لە ماوەی چوار ساڵدا حوکمی خودموختاری بە یەکجاری سەقامگیر ببێ. چوار وەزیرمان لە کابینەدا جێ کرانەوە: نووری شاوەیس (وەزیری ڕێگەوبان)، سامی مەحموود (وەزیری کاروباری شیمال)، ئیحسان شێرزاد (وەزیری بەلەدیات)، ساڵح یووسفی (وەزیری مشاور و مدیری ڕۆژنامە و چاپەمەنی).