بڕیاری خودموختاری

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  727 مشاهده

ڕۆژێک لە چۆمان مەلا مستەفا دەگەڵ ئیدریسی کوڕی لە مەدرەسەیەکی ئەم بەرەی چۆم دانیشتبوون؛ بانگیان کردم. گوتی: هەر وا خەڵکە و لە بەغدا و شاران دادەمەزرێن؛ دەمانەوێ تۆش کارێکت بە دڵی خۆت بۆ پەیدا بێ. گوتم: من چەند ساڵە زۆر بە ئازادی ژیاوم؛ گلەییم لە ژیان نییە. حەز دەکەم هەر دەگەڵ ئێوە لە چیاوچۆڵ بم. گوتیان: نا، دەبێ بچی و کاک سامی ببینی. ڕامسپاردووە کارێکت بۆ بکا کە بە دڵی خۆت بێ.

هاتمەوە بەغدا. ڕۆژێک بە ماشێنی کاک سامی دەچوومەوە ماڵێ، لە ڕێگە گوتی: من حەولم بۆ تۆ داوە؛ بەڵام بەعسیی ناتناسن. پێویستە کارێکی وا بکەی وەک شاعیرێکی موحتەرەم - مەسەلەن وەک جەواهیری - بتناسن! هەر بە پەلە، بەیانیی ئەو ڕۆژە هاتمەوە شۆڕش. لە ناوپردان چوومە لای مەلا مستەفا:

- کاکە نەقڵ ئەوەیە... ئەو هەموو ساڵە دەرد و دەربەدەریم هەر بۆیە بووە دوژمنانی کوردستان نەمناسن و نەیانناسم. قسەی سامی مانای ئەوەیە بە چەند قەسیدەیەک تاریفی بەعس بکەم تا کارێکم بدەنێ! تۆش لای خۆت ڕامنەگری لەبەغدا دەچمەوە عەکاسی کردن.

سەدام بە تەیارەی هیلیکۆپتەر هات. لە حاجی ئۆمەران دیسان یەکتریان دەگەڵ بارزانی دیت. ئاجودانەکەی (سەباح میرزا)م دیتەوە کە بەچکە سنەیییەک و بەعسییەکی توندوتیژ و ئاجودانی سەدام بوو. وەختی خۆی لە ئیدارەی مەبانی عام پێکەوە کارمەندی قەراردادی بووین و ئێستا ببووە ئەفسەری سێ ئەستێرە. یەکترمان ناسیەوە. سبەی کە سەدام ڕۆیشتەوە، منیش دەگەڵی دە تەیارەدا سوار بووم. دەگەڵ سەباح قسەمان دەکرد، بۆی گێڕامەوە کە لە مێژەوە شوناس و دۆست بووین. بە ڕووی خۆشەوە دواندمی و گوتی: لە سەر فەرمایشتی بارزانی ئێمە مانگی سەد دینارت بازنشەستەیی بۆ دەبڕینەوە و خۆشت هەر کارێک دەکەی ئازادی. سەباحیش - ئەگەر ویستت - یارمەتیت دەدا. ئیتر هاتمەوە بەغدا؛ حقووقی بازنشەستەگی بێ شەرت و شرووتی «ناسین» - بە گفتی کاک سامی - بڕایەوە.