یادێکی «عەبدولخالق» و «فڕانسوا حەریری»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  757 مشاهده

لەو چەند ساڵەی پێشمەرگەییدا بە هەزاران ئاشنا و دۆستم بۆ پەیدا ببوو کە بە زۆربەیان زۆر دڵخۆش بووم؛ بەڵام بەتایبەتی دەگەڵ «عەبدولخالق» و «فڕانسوا حەریری» - کە موعەللمێکی حەریر و مەسیحی بوو. لەو سەردەمانەدا بە سەر گەڵاڵە ڕادەگەیشت و زۆر لە شۆڕشدا موحتەرەم بوو - زیاد لە خەڵکی دی عەلاقەم دەگەڵیان هەبوو؛ پتر لە هەموو برایەک بە گیان و دڵ دۆست بووین. فەڕانسوام بۆ هەووەڵ جار لە بارزان دیت و بووینە ئاشنا؛ لە مەنتیقەی باڵەکیش پێک گەیشتبووینەوە. هەر کارێک من و عەبدولخالق پێمان بوایە، قەت لە پێکهێنانی درێغی نەدەکرد. کاک عەبدولخالق لە «مەلای وەلزێ» دوو کتێبی فتوای شەرعی وەرگرتبوو، دەمانخوێندەوە. تووشی مەسەلەیەک بووین دەربارەی خواردن لە شەرعدا، دەڵێ: «ئەگەر موسڵمانێک برسیی بێ، هیچی دەست نەکەوێ، بە شەرع دەتوانێ مەسیحییەک - خۆی یان کوڕ و کچ و ژنی - بخوا!». زۆر جار عەبدولخالق لیستێکی باڵابەرزی دەنارد! کاک فڕانسوا! مریشک، گۆشت، عەرەق، مەزە، میوە و چی و چی نەنێری، بیستوومە قەڵەویش بووی، گۆشتت بەپێی فتوای کتێب حەڵاڵ و زەڵاڵە و خۆت ئامادە کە! لە ڕاستیدا فڕانسوا زۆر بە دەرد و مەرگمانەوە بوو. هەرچی لە دەستی هاتبا لە یاریدەدانمان درێغی نەدەکرد.