لە هێمن بگێڕمەوە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  837 مشاهده

شەوێک لەسەر جێ ڕاکشابووم. مام هێمن و چەند پێشمەرگە لە سەربان نوستبوون. دیتم گڕەئاگرێک بەرز بۆوە و کوژایەوە. پرسیم: چییە؟ گوتیان هیچ نەبووە. بەیانیی زانیم هێمن جغارەی بە دەستەوە خەوی لێ کەوتووە و لێفە ئاگری گرتووە و مام عەلی کوژاندوویەتەوە!

پێویستە ئەمەش لە هێمن بگێڕمەوە:

کاتێ هەووەڵ جار گەینەوە یەک، شەوانە حەبێکی خەوی دەخوارد کە دەمێکە ئەگەر شەوانە نەیخوا خەوی لێ ناکەوێ. دوکتور گوتی بە حەبی خەوهێن لاوازتر دەبێ. بڕیارمان دا حەبێکی ڤیتامینی بە ڕەنگی حەبە والیۆمەکەی بدەینێ. ساڵێک ڤیتامینم دایە و گوتم حەبی خەوە! زۆر باش خەوی لێ دەکەوت و پەسندی بوو. ساڵەودوا گوتم: کاکە تۆ ساڵێکە تەرکی حەبی خەوت کردووە! خوا شوکور لێی خەلاس بووی. چووبوو خۆی لە دوکتور تووڕە کردبوو کە تۆ و هەژار فێڵتان لێ کردووم؛ گەڕایەوە سەر والیۆمەکەی خۆی!

هێمن ویستی بچێتە بەغدا لای قاسملوو و هەواڵانی. بارزانیی گوتی: ئازادە بۆ کوێ بچێ؛ بەڵام دەترسم دوور لە ئێوە خۆشی لێ ڕانەبرێ. هەر وەخت بێتەوە ئێمە حازرین بۆ خزمەتی. پارەیەکی بۆ نارد و هێمن بەجێی هێشتین. ئەوەش شیاوی باسە: جارێک کە من لە بێخۆڵانەوە چووبوومەوە بەغدا، هێمن لە جێی من بە سەر بنکە ڕادەگەیشت. ڕۆژێک کارگەرەکان ببووە شەڕیان. سەفەر گونی مەلا سەیید ڕەحمانی بادابوو دڵی بوورابۆوە. شکایەت گەیبووە مەکتەبی سیاسی، ناردبوویان هێمن چووبوو.

- دەی مامۆستا! خەتای کێ بووە؟

- کاکە تا تابلۆی چاپخانە لا نەبەن و لێی نەنووسن «خەساسخانە» من قسە ناکەم! لەو بە قوڕێ گیراوە، پیاو، پیاو دەخەسێنێ!