چاپی دیوانەکەم و چوارینەکانی خەیام

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  952 مشاهده

داوام لە مەکتەب کرد دیوانی شیعرەکانم بۆ چاپ کەن؛ جوابیان نەدامەوە. بە بارزانیم گوت؛ ئەمری کرد چاپ بکرێ. ئەویشم لە چاپخانەی خۆمان چاپ کرد. وەرگێڕاوی خەیامیشم- کە لە «سۆنی» تەواو کردبوو- هەر لەوێ بە چاپ گەیاند. لە شەڕێکدا لە دەشتی هەولێر، جاشەکانی جەلال و برایم چوارسەد جڵد لە دیوانەکەمیان بەتاڵان برد و سووتاندیان. ئەوەندەی مابوو بەر نەدەکەوت و زۆر زوو خەلاس بوو. لە ١٩٧٠دا بۆ جاری دووهەم چاپم کردەوە؛ بەو زیادیانەوە کە لە ١٩٦٦ڕا لێم زیاد کردبوو. بەڵام بارزانی ئیجازەی نەدا بڵاوی بکەمەوە. چونکە زۆری هجووم بۆ عەرەب و ئێران تێدا بوو. لە سەد نوسخەیەکی پتر بڵاو نەکرایەوە.

لەم بەینەدا یەک دوو جار عەبدوڕڕەحمانی قاسملوو، کەریم حیسامی و برادەرانی دیکەی ئێرانی هاتوچۆیان دەکرد و چاویان بە بارزانی دەکەوت و چەند ڕۆژێک خۆشمان ڕادەبوارد. هاوین ماڵ و منداڵم هاتنە بێخۆڵان. خێوەتێکم لەو لای خانووەکە هەڵدا. سولەیمان- کە ناوی عەسڵیی «بابەکر» و خەڵکی «گەرگول» و چەند ساڵێک بوو پێشمەرگەی بەردەستی من بوو- کاری بۆ دەکردین. گیا و گژی دەوری خێوەت زەرد ببوو، گوتم: سولەیمان ئاوی لێ نێ با شین بێتەوە و دیمەنی خۆشتر بێ. ئێوارە هاتمەوە ماڵ، هەرا بوو. مەعسووم گوتی: لەو ئاو لە دەشت نانە، سولەیمان پێنج ماری کوشتووە. ناوێرم لێرە بم! گوتم: دە هەر ئەو پێنجە بووە و ئەویش کوژراون. ئیتر تازە مار نەما. وامگوت و خانی گوتی: ئەوەتا مار! مارێک سەری لەبن حەسیرەوە دەرێنابوو. گرتم دە شووشەیەکم هاویشت و گڵم دە پاڵ کرد و سەرقاپی شووشەم بۆ کون کرد کە ڕایگرم. لەپڕ مارێکی تر لە لای سولەیمانەوە سەری دەرێنا! سولەیمان ویستی لاسام بکاتەوە، پڕی پێدا کرد و دەستی کێشایەوە. کە من پێکەنیم، حیرسی بزووت و ئەویش گرتی و خستمانە شووشەیەکی ترەوە. بەڵام هیچیان لە سێ ڕۆژ پتر نەژیان و لە ناو شووشەدا مردن.

سولەیمان زۆر ئەنگێوەی چاک بوو. تەیرێک هەیە لە کوێستانان ناوی کەودەرییە؛ زۆر لە قەلەموونە مێوە دەکا؛ زۆر لە سەر هەستە. هەمیشە لە ناو بەفراندا دەژی؛ کەمتر ئەکەوێتەوە بەر سێرەی تفەنگ. سولەیمان یەکێکی لەوانە کوشتبوو. گۆشتێکی زۆر چەوری هەبوو. شەوێک لە غوڕابی خەودا بووین، تەقەی تفەنگ هات؛ ڕاپەڕین. سولەیمان پشیلە کێوییەکی کوشتبوو کە هاتبووە زگ ئاشپەزخانە.

دوو بەچکە کەویان بۆ لە قەندیلەوە هێنابووم. زۆر زوو وەک مریشک فێر ببوون، دەچوونە دەشت بۆ لەوەڕ و ئێوارە دەهاتنەوە. گوتیان بیانخەنە قەفەسەوە دەخوێنن. جووتە کەوێکی ڕاویان لێ پەیدا بوو. حاجی محێدینی بازرگانی زینوەیی جووتێک قالیچەی دامێ، نەمدایە. ڕۆژێک سولەیمان پێنج کەوی نێری پێ ڕاو کردبوون؛ هەمووی خستبوونە ژوورێکەوە. کەوە کێوییەکان سەری هەدووکیانیان لە قەفەس کۆڵیبوو؛ مردن.

لەو دوو کەوانە ڕۆژێک یەکیان بەر بوو، دایە کێو؛ بۆمان نەگیراوە. قەفەسی هەواڵەکەیان لە سەربان دانا. خوێندی، هەڵاتووەکە جوابی داوە. قەفەسەکەمان بردە ئەو نزیکە کە کەوە هەڵاتووەکە لێی دەخوێند. سەربەخۆ خۆی خزاندەوە ناو قەفەسەکەی! دیار بوو فێری ژیانی زیندان ببوو؛ بە لایەوە ناخۆش نەدەهات.

هێمن ددانەکانی دەسکرد بوون. دەیگوت: ددانم زۆر مابوون؛ دوکتور ئەبریشەمی لە سابڵاغ گوتوویە شاعیری وەک تۆ بەقیمەت حەیفە ددانی خراپ بن! کێشاویە و ددانی بۆ دروست کردووم! بەڵام چۆن ددانێک؟ هەمیشە لە گیرفانیدا بوون! دەمی نام خواردن دە دەمی دەکردن و پاش نان خواردن بەبێ شوشتن دەیخستنەوە گیرفانی و لە قسەدا هەر پڵتەی دەهات. ڕۆژێکی زستان هەوای ئاغایەتیی قەدیم هەڵیگرت؛ دەگەڵ سولەیمان چوونە ڕاو. زۆر گەڕابوون کەروێشکیان دەست نەکەوتبوو، پاش نوێژ هاتنەوە. لەپڕ هێمن گوتی:

- ددانم لە کێو بەجێ ماون، بڕۆن بۆم بێننەوە!

- کاکە بەفر چۆتەوە، ئەو هەموو دنیایە گەڕاون، چۆن دەبینرێنەوە؟

- نەخێر هەر دەبێ سولەیمان بچێ لێیان بگەڕێ!

- مام هێمن تۆ بڵێی لە ژوورەوە بەجێت نەهێشتبێ؟!

- ئا، ئا، شێتم؟! یاڵڵا سولەیمان تۆ بچۆ کێو! یەکیش بچێتە گەڵاڵە، کۆنە دەستە ددانێکم لای حاجی ئەحمەد هەیە بۆم بێنێ!

- بەڵێ بچن...

خۆم چوومە ژوور، ددان لەبن سەنیردا بوون! هێنام و هەرام کرد: وەرنەوە! ددان دۆزرایەوە!