گواستنەوەی چاپخانە بۆ «بێخۆڵان»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  849 مشاهده

ماوەیەکی تر لە سوورەبان مامەوە. ئەو جار چاپخانەمان گوێزتەوە بۆ «بێخۆڵان» کە جەنگەڵێک بوو لە نزیک «چۆمان». خانوویێکمان لە نزیک خانوویێکمان لە نزیک خانوویێکی کە بۆ کارکەرانی ڕادیۆ کرابوو، بۆ چاپخانە دروست کرد و دەگەڵ کاک عەبدولخالق و هەواڵانی ڕادیۆ بووینەوە جیران. جێگەی دەزگای ڕادیۆ و جێگەی چاپخانەش لە کێو لێک نزیک کرابوون. کاری من ئەمجار ببووە دووسەرە: هەم بۆ چاپخانە هەم بۆ ڕادیۆ دەمنووسی و ئیدارەی بنکەی چاپخانەشم لە مل بوو.

مام هێمن ساردی پاییز هاتەوە لام لە چاپخانە و لە ژوورێکا دەژیاین. خانووەکەمان چوار ژوور و داڵانێک بوو. دەرگام بۆ داڵان کرد، بوو بە ساڵۆنێک. سۆپەیەکم لە ساڵۆن دانا، هەم چێشتی لەسەر لێ دەنرا، هەم ژوورەکانی گەرم دەکرد. لە مەکتەب سیاسییەوە بیست و شەش وانێت داری سووتەمەنی بۆ بنکەی چاپخانە و سی و دوو وانێت بۆ بنکەی ڕادیۆ هاتبوو. ئەوان هەشت سۆپەیان دایساند هێشتا داڵانیان سارد و ئاشپەزخانەیان لە دەرەوە بوو. نیوەی زستان داریان لە من قەرز دەکرد؛ ئێمە بەهاریش هەر زۆرمان مابوو.

زەوی دەوری خانووەکەم لە خاوەنەکەی- کە خەڵکی گوندی «مەمی خەلان» بوو؛ قەتیش نەچێنرابوو - بە وادەی دە ساڵ بە سی دینار ئیجارە کرد و پووڵەکەمان دایە. لە سەرە بەهارەوە لێی وەخۆ کەوتین: جۆگەمان بۆ کێشا؛ ناردم گوڵی گوڵاویان لە خەلان هێنا؛ بە لەتی زۆر ورد بە دەوری جۆگەدا چاندم. زۆرم داری میوە لێدا، زۆرم مێوی ڕەز لەبەر دەرگا و لەبن دار مازوان چەقاند. بێستانی زۆر چاکمان بە هۆی مام عەلی بۆ هاتە بەر. قەت سێ ساڵی پێ نەچووبوو ببووە بەهەشتێک. کۆتر و کەروێشکم ڕاگرتبوو، هەر دەبوو سەیری بکەی!

هەموو ڕۆژ تەیارەمان دەهاتنە سەر؛ زۆر جاریش بە شەو مەودایان نەدەداین. بەڵام فێری ببووین و لێمان ببووە شتێکی ئاسایی. زۆر جاران دەگەڵ کاک عەبدولخالق کە تەیارە دەهات، دەچووینە دەشت و زەبتمان دەبرد، دەنگی بۆمبارانمان زەبت دەکرد.

من لە بنکە نەبووم، شەوێک هەواڵانم کابرایەکیان لە کوردی ئێرانی گرتبوو کە لەو ناوە گەڕابوو. هەڵیانپێچابوو، لێیاندابوو، گوتبووی: ڕاستییەکەی ئەمەیە ساواک ناردوومی و دەمانچەی داومێ، ئەگەر مام هەژار بە دزییەوە بکوژم دووسەد هەزار تمەنم بدەنێ...

ڕۆژێک دەگەڵ خالیداغا دەستمان لە جیپێک هەڵێنا کە تا ناوپردانمان بەرێ. جیپ ڕاوەستا و لە دواوە سوار بووین. خالیداغا بە چاو و برۆ تێیگەیاندم کە مەعمووری ساواکن. گەینە ناوپردان. گوتم ڕایگرە! پێم وایە ڕانندە نەیبیست؛ هەر ڕۆیشت. دەستم خستە سەر دەمانچەکەم، گوتم ڕایگرە! ڕاوەستا. دابەزین و ئەو ڕۆیشت. خالیداغا گوتی: چا بوو نەیانڕفاندین. گوتم: هەر ئەو جار ڕاینەگرتایە دەمکوشت و گوێم نەدەدا بارزانی ڕازییە یان نا.

شەوێک لە گەڵاڵە چوومە ماڵی عەوڵاغا. ڕەشیدی حەسەنزادەی ساواکی لەوێ بوو. خەڵکەکە حەپەسان کە نەیاندەویست ئەو ساواکییە پێم بزانێ. گوتم: وا دیارە ئەو ئاغایە خەڵکی خانووە قوڕەکانە! بە زمانی خەڵکی سلێمانی یانی حیزە! دەمبیستەوە کە ڕەشید لە ئێران زۆر خراپی باس دەکردم و دەیگوت وەتەنفرۆشە.

شیعری من قەت بە کەیفی مامۆستایانی مەکتەبی سیاسی نەدەهات. چونکە من لام وا نەبوو عەرەب و کورد برایە و بە هەوای ئەوانم شیعر نەدەنووسی. بەڵام خەڵکەکەی دیکە زۆریان حەز لێ دەکرد. ناچار بوون کە لە کۆبوونەوەکاندا ئیعلان بکەن کە شیعری هەژاریش هەیە و بە ئانقەست دەیانخستمە دواوە کە دەیانزانی خەڵک بە چاوەنۆڕی شیعری من بڵاوە ناکەن و تا لێم نەبیسن ناڕۆن. ئەوان بە سیاسەتی خۆیان دەکرد. من تەرجومانی ناو دڵی گەلە ڕەشایییەکە بووم.

کاک عەبدولخالق فرستندەیەکی دروست کردبوو بە قەد قوتووە سیغارێکی چکۆڵە؛ بە بزمارێک لە ژووری ماڵە خۆی دابوو. هەمیشە شیعرەکانی منی- ئەوی لای مامۆستا سیاسییەکان مەمنووع و باسی دوژمنایەتیی عەرەب و کورد و زوڵمی حکوومەتی دەکرد- لەو ڕادیۆ چکۆڵەوە بڵاو دەکردەوە کە ڕەسمەن نەیاندەتوانی ئیرادی لێ بگرن. ئەگەر گلەشیان لە کاک عەبدولخالق دەکرد، دەیگوت: ڕادیۆی خۆمە. ئەگەر تووڕەم کەن وەک دەورێش بە سواری کەرێک دەیگێڕم و بۆ خەڵکی لێ دەدەم.