دیداری مام هێمن پاش بیست و سێ ساڵ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  883 مشاهده

بەهاری ١٩٦٨ بوو، خەبەریان دامێ کە «هێمن» و چەند کەسێک لە لای قەڵادزەوە هاتوون و ئێستە لە تەرفی ماوەتن. هەر خەبەرم دەپرسی و دەستم پێ ڕانەدەگەیشتن. گوتیان هاتوونە ناو دەشت و بەرەو «وەسان» چوون. دەگەڵ پێشمەرگەیەکدا کەوتمە پێوشوێن. لە گوندی وەسان لە ماڵە سەییدی خزمم پرسی، گوتیان چەند لاوێک و سەییشدێکی ئیختیاری زۆر پیر شەو میوانمان بوون و چوونە دۆڵی باڵەییان. لە گوندی «قەڵاتێ» تووشیان بووم. ئای لەو خۆشییە! لە پاش بیست و سێ ساڵ دووری، مام هێمنیم دیتەوە. بەڵام سەیید ڕاستی دەکرد ببووە ئیختیار.

جا وەرە چەنە لێدە و باسی دەردی دووری بۆ یەکتر هەڵڕێژە و شوکری خوا بکە کە سەرمان گەیشتەوە یەک. سبەی ئەو ڕۆژە بزنێکم کڕی و ئەو دوو جەمەی ترمان پێ ڕابوارد. دیار بوو هەواڵەکانی کە حاجی شێخ عەوڵای کولیجە و خالیدی شێخ ڕەحیمن، دەڵە دەڵیانە بڕۆنەوە. قەرارمان دا کە ئەگەر ئەوان ڕۆیشتن یەکتر بگرینەوە و پێکەوە بژین. زۆری نەبرد کە «هێمن» هاتە شیناوێ و لە ژوورەکەمدا تەختێکی دانا و بووینەوە هاودەمی هەمیشەیی.

من هێمنم پێ لە هەموو شاعیرانی کورد شاعیرترە؛ بەو شەرتە بۆ خۆی شیعری خۆی نەخوێنێتەوە! شیعرێکی بۆ خوێندمەوە لەسەر شۆڕشی نووسیبوو؛ لای وا بوو باش نییە. لێم وەرگرت و لە سەر ڕادیۆ خوێندمەوە، زۆریان پەسند کردبوو. تەنانەت خۆی دەیگوت تا تۆ نەتخوێندبۆوە نەمدەزانی هێندە شیعری چاکە! کە خەبەری هاتنی هێمنم بە مەلا مستەفا دا، زۆری پێ خۆش بوو؛ ڕایسپاردم کە تا مومکینە خزمەتی بکرێ و دڵی ڕابگرن.

ژوورەکەمان سەرەڕای تەنگی و تاریکی، ئەوەندەی مشک هەبوو شەوانە خەومان لێ حەرام بوو. بە کۆمەڵ مشک ڕەمبازییان تێدا دەکرد. شەوانە لە پاش کاریش چرا زەنبووریمان نەدەکوژاندەوە کە مشک بە ڕووناکی کەمتر دێنە دەر؛ بەڵام خرمە و ڕمبەی مشک دە وەدا نەبوو. ڕۆژێک من دەمنووسی، خرتەخرتێک لە نایلۆنەکەی بن میچ دەهات؛ لام وا بوو باران لێی دەدا. هێمن گوتی: کوا گۆچانەکەت؟ ئەوە مارە بیکوژە! مارێکی جنجیری درێژ کەوتبووە سەر نایلۆنی بن میچ، بە حاڵ دەیتوانی بڕوا کە نایلۆنەکە لووس بوو. گوتم: کاکە ئەوە بولبولی خۆمە نایکوژم! مار هات تا خۆی لە نایلۆن خەلاس کرد و لە دیوارەکەدا نیو میترێک لە بەرەژووری جێ سەرم لە تەختەکە چووە کونێکەوە. هێمن دەڵێ: بیکوژە! دەڵێم نایکوژم. گوتی: یاخوا ئەمشەر پێتەوە بدا، وەک ڕەشکە کا هەڵتئاسێنێ!

- با بە منیشەوە بدا!

تا ڕۆژی دووهەم مارمان نەدیت. جارێک سەری دەرهێنا، نەخێر ئێمە سەیری ناکەین. وردە وردە سامی شکا؛ هاتە دەر؛ چووە بن میچ. زیکەی لە مشک هەستاند. هەی جانمی تاژیە جنجیر! دەی مشک ڕاو کە! قەت مشکێکی بن میچ نەما. ئەمجار بۆیان هاتە خوار. لەبەر چاوی ئێمە ڕاوی مشکی دەنا و دەیگرت. خوا وەتحەسێنێ، قەت تاقە مشکێکی بۆ دەرمانیش نەهێشت. ورکەنانمان بۆ دەڕشتە بن تەخت، کرتەکرت دەیخوارد. دەچووە ئاو خواردنەوە و دەهاتەوە ماڵەکەی خۆی لە پشت سەرم. زۆر لەمێژ ساڵە بڕوام وایە هیچ مارێک ئەگەر ئازار نەدرێ زیان نادا و لە خۆڕا بە کەسەوە نادا. ئەو مارە بڕواکەی منی ئیسبات کرد. ببووە پشیلەیەکی پاکی خۆشەویستی بێ پیسایی و میاومیاو. پاش چەند مانگێک کە ئەو شوێنەمان بەجێ هێشت، پێشمەرگەی «فارس باوە»ی چووبوونێ. باسی ژوورەکەم کرد. فارس باوە گوتی کردوومەتە ژووری خۆم.

- تو خوا کاک فارس مارێکی لەو ڕەنگەی تێدایە، ئاگات لێ بێ نەیکوژن!

فارس زەرد هەڵگەڕا، گوتی: هەر ئەمڕۆ دەبێ چۆڵی کەم؛ چۆن پیاو دەگەڵ مار لە ژوورێکدا دەژی؟!