دیسان هاتنەوەی بەعسییان و دیسان گرمەی تەیارە و قرمەی شێستیر و زرمەی تۆپ و ناڵەی بۆمبا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  792 مشاهده

باسی ژیانی ئەو ڕۆژانەی شیناوێ، هێمن لە پێشەکیی شەرەفنامەکەدا زۆر جوانی نووسیوە. چەند جارێک لە شیناوێ زۆر پیس بۆمباران کراین و بە سەلامەت دەرچووین؛ چونکە لە مانگی ٩ی ١٩٦٨دا کە بەعسی هاتبوونەوە سەر کار دیسان شەڕیان پێ فرۆشتینەوە. ڕۆژانە هەر گرمەی تەیارە و قرمەی شێستیر و زرمەی تۆپان و ناڵەی بۆمبا بوو.

شەوێک دەوروبەری ڕادیۆ بۆمباران کرا. من لە ژوورێکدا بووم، قانووسێکم لە پێش بوو، دەمنووسی. لاوێک لە ڕیزی موهەندیسەکانی ڕادیۆ خۆی بە ژووردا کرد. من خۆڵ و گڵی سەربانم لە تەوژمی بۆمباوە بە سەردا باریبوو، خۆڵەکەی مێزی نووسینم خاوێن دەکردەوە. گوتی: مام هەژار! لە بۆمبا زۆر ترسام، بە سەر سیمی خارداردا کەوتم بریندار بووم. بیکە بە خاتری خودا فێرم کە تۆ چۆن لە تەیارە ناترسی؟! گوتم: کاکە من هەر لەشم دژی تەیارەیە؛ وەک سەعات کە دژی ئاو تێچوونە!

مام هێمنم لێ دوور کەوتەوە کە لە گەرما و مێشوولە خۆی ڕزگار کا و بەرەو کوێستان چوو. منیش لەبەر چەند شتێک دڵم لە ڕادیۆ هەڵقەندرا و لە سەر داوای خۆم چوومەوە سەر چاپخانە. ڕەفیق چالاک- کە لە حکوومەتەوە پەنای پێ هێنابووین و کاری ڕادیۆی دەگەڵ دەکردین- هەر خەریکی شەیتانی کردن لە عەبدولخالق بووۆ. جاری وا بوو خەبەری لە من دەدا کە خاینم. جارێک گوزارشێکی کە لەسەر من و عەبدولخالق نووسیبوو، ڕاست بۆ منیان ناردبۆوە. «دوکتور مەحموود» لە سەری نووسیبوو «ڕەفیق گوو دەخوا خراپەی ئێوە دەڵێ!» ڕەفیق نامەکەی خوێندبۆوە و چەسپاندبوویەوە و دای بە من.

گوتم: ڕەفیق! ئەگەر عەبدولخالق نەبێ تۆ دەتوانی کاری موهەندیسیی ڕادیۆ بەڕێوە بەری؟

- ناوەڵڵا؛ ئەوە بەو نەبێ بە کێ دەکرێ؟

- ئەگەر من نەبم، تۆ زۆر قازانج دەکەی؟ قازانجەکەت کامەیە؟

- خوا نەکا تۆ بڕۆی. بە خوا بە کەس کاری تۆیان بۆ ناکرێ.

- من خراپەم دەگەڵ کردووی؟

- بە عەکسەوە، تۆ لە گیرفانی خۆت زۆرت زەرەر بۆ من کێشاوە و تۆ نەبی هەر ناتوانم دوو ڕۆژ لێرە بژیم.

- دەی برا ئەو کاغەزبازییە و شەیتانی کردنت لە چییە؟

- کاک هەژار ڕاستت پێ بڵێم: لەو ساوە بوومە جاسووسی سیڕڕی عێراق وا فێر بووم. ئەگەر ڕۆژێ دوو گوزارش لەسەر خەڵک نەنووسم شەو خەوم لێ ناکەوێ. خوووە فێری بووم؛ بۆم تەرک ناکرێ!