کارەساتێکی دڵتەزێن

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  856 مشاهده

کاک عەبدولخالق جیپێکی پەیدا کرد و بردیە خانێ بۆ سەر حەکیم؛ هێنایەوە. براکانی کچ لە حەکیمیان پرسیبوو، گوتبووی حامیلە بووە و بەری هاویشتووە.

شەو بە تەنیا لە ژوورەکەم دەمنووسی، پیرەمێرد و کچەکەی هاتنە ژوور. پیرە گوتی: کوڕەکانم بەزۆر ئەو کچەم دەدەن بەو ڕەنجبەرە؛ تۆ قبووڵ مەکە؛ لەپڕ چوار کوڕ بە تفەنگەوە هاتن دەنگی باوک و خوشکیان دا کە هەستن! من دەرکەوتم کە نەهێڵم بیانبەن. قایشی تفەنگی یەکیانم گرت، بە دوان ڕۆ هاتنە قایش و کێشایان؛ دەستم بریندار بوو. هەرام لە هەواڵانی مەقەڕ کرد، کەس بە دەنگمەوە نەهات. هیچ دەرفەتیان نەدا و لە دەرکەوە کچیان بە تفەنگ کوشت. پیرە مامیش هەڵات؛ قاتڵەکانیش هەڵاتن.

ژوورەکەم عەرزەکەی پڕ بوو لە خوێن. کە دیتم هەواڵەکانم تازە پەیدا دەبن و بە دەنگی تفەنگەوە هاتوون. لاشەکەمان بردە دەوری کانی؛ دایک و خوشکی بە شیوەن بردیانەوە ماڵ. بە سولەیمانم گوت بزانە ئەو شتانەی خوێناوی بوون لە سەر کانی بیانشۆرەوە. سولەیمان کە هەر دە خەیاڵاتی ئەو کارەساتەدایە و سەر دۆشەکێکی شتووە و لەسەر پلووسکی کانی داناوە و خەریکی شوتنی شتی دیکەیە، سەردۆشەک تەپ دە کانی دەکەوێ؛ جا وەرە و هەڵێ! وەیزانی مردوو هاتۆتەوە سەر کانی!

ژوورەکەم زۆر دیمەنێکی خراپی بوو: لە زەمین ئەو هەموو خوێنە، پەڵەی خوێن بە دیواران هەڵپڕژاوە، جێ گوللە لە دیواران دیارن. هەرچی گوتیان بە تەنیا لێرە مەنوو، چرام کوژاندەوە و لە سەر تەختەکەم ڕاکشام. بەڵام تا خەوم لێ دەکەوت، کچەکەم دەهاتە خەونەوە؛ دەپاڕاوە کە: زوڵمیان لێ کردووم، مەزڵوومم، خوا هەڵینەگرێ... چەند جار بەو خەونە ڕاپەڕیم و زۆری کار لێ کردبووم. کە دوایی وێ کەوتم، پیرە، گەوادێک بووە؛ قەولی بە ڕەنجبەرە داوە کچەکەی بداتێ لە باتی شەرتی ڕەنجبەری. دەنگی نەکردووە کە بۆ بە شەو لەگەڵ کچەکەیدا پێکەوە دەژین. ئێستا کە کار نەماوە، لێی پەشیمان بۆتەوە و ئەو کەتنەیان گێڕاوە. شکایەتی سووکایەتی بە سەر بنکەی پێشمەرگەم گەیاندە کوڕانی بارزانی. قاتڵەکەیان چەند ڕۆژێکی کەم حەبس کرد و بەرهەڵدا کرا و هەر بە پێشمەرگەیی مایەوە.