شەڕی ١٩٦٧ی عەرەب و ئیسرائیل

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1014 مشاهده

وەک دەزانین لە مانگی جونی ١٩٦٧دا شەڕی ئیسرائیل و عەرەب قەوما. ئێمە کە لە شەڕدا زۆر باومان خۆش بوو، پیاوی دەوڵەت هاتن- کە شێخێکی عارەب و فەرماندەی دوو سوپای عێراقی لە هەولێر و کەرکووک بوون- داویان لە مەلا مستەفا کرد کە لەو شەڕەدا یاریدەی دەوڵەتی موسوڵمانی عێراقی بدا بە دژی جوولەکە. من لەو مەجلیسەدا حازر بووم. مەلا مستەفا گوتی: شێخ عاسی دەڵێی با شیر هەڵکێشین و بچینە جیهاد. زەمانی شیر هەڵکێشان بەسەر چووە. بڕواشم وایە عەرەب دەرەقەتی جوولەکە نایەن؛ کە ئیسرائیل دەوڵەتێکی عەسری و سەنعاتکارە و دنیاشی لاگرە. بەڵام چونکە شەڕی موسوڵمان و جوولەکەیە، من شەڕ دەوەستێنم و موسوڵمانەتی وام ئەمر پێ دەکا کە لە ڕۆژی وا تەنگانەدا نەبمە خەنجەرێک لە پشتەوە لە موسوڵمان دەم و جوولەکەش هەر بیانکوژن... من کە خۆم لام وا بوو چاکترین فرسەت هاتووە شەڕەکە گەرمتر کەین و بەغدا ناچار بکەین بەسەر چۆکدا بێ، ئەو جوابەم هیچ بە لاوە پەسند نەبوو؛ بەڵام دەسەڵات چییە؟

فەرماندەی هێزی هەولێر لە ناو قساندا گوتی: نازانم کێ فەرماندەی سوپای ئیسرائیلە؟

بە لەهجەیەکی پڕ لە گاڵتەوە گوتم: مووشی دایانی مەشهوور کە دنیا دەیناسێ چ بەڵایەکە!

سبەی ئەو ڕۆژە- کە وتووێژکەرەکان ڕۆیبون- من دەستی مستەفا و زاگرۆسی کوڕم گرتبوو، لە پشت گوندی ڕێزان دەمگێڕان؛ مەلا مستەفا ڕادەبرد؛ بانگی کردم:

- خەبەر چییە؟

گوتم: خوا شوکر عەرەب و ئیسلامەتییەکەیان زۆر کزە! چوارسەد تەیارەی میسری لەسەر فڕگە سووتاوە و جوولەکە گاڵەیان پێ دەکا.

دەنگی نەکرد و ڕۆیشت. چووبووە گەڵاڵه؛ جەوهەر هیرانی لە قاوەخانە گوتبووی: ئیشاڵڵا جوولەکە هەموو عارەبان قڕ دەکەن. گرتیان و دوو مانگیان حوکم دا!

زۆرم حەز کرد کە جوو بە سەر عەرەبدا زاڵ بوون. عەکسێکی مووشێ دایانم لە ژووەکەم بەرانبەر بە خۆم هەڵواسیبوو.

چەند ڕۆژێک ئاشپەزمان نەبوو؛ حاڵمان شڕ بوو. کوڕێکی عەرەبی پێشمەرگە هات گوتی: من ئاشپەزی چاکم؛ ئاشپەزی بۆ کردین. دوای چەند ڕۆژ گوتی: نەمکەنە گوویندەی ڕادیۆ، ئاشپەزی ناکەم! تاقیمان کردەوە، دەنگی بە کار نەدەهات. ئەویش پێی چەقاندبوو هەر دەبێ گوویندە بێ. گوتم: ئەبووتالیب! لەوەتا هاتووی جنێو بە کۆمۆنیست نادەم لەبەر خاتری تۆ، عەکسی مووشێ دایانیشم لابردووە. بڕۆ ئازادم کە و هەر نانی وشک دەخۆم!

چەند ماڵە کوردێکی تورکیایی لە عەشیرەتی «قشووری» لە دەوری بنکەکەمان بوون کە هەموویان عەولادی پیرەپیاوێک بوون؛ ئەویش ماڵی سەربەخۆی بوو. دەگەڵ ئەوەشا کە کوڕەکانی چوار کەس و پێشمەرگە بوون، شیناوەردیشیان کردبوو.

کوڕێکیان لەگەڵ خوشکێکیدا لە ژوورێک دەژیان، لاوێکی بێگانەشیان وەک ڕەنجبەر دەگەڵ بوو، شەوانە لەو ژوورە دەنووست. جاری وا هەبوو چەند ڕۆژ هەر ئەو بێگانە و کچەکە بە تەنیا شەو لە ماڵدا دەمانەوە.

دایکی کچ ڕۆژێک هاواری بۆ بنکە هێنا: کچەکەم خوێنڕێژی دەکا، ئەوە دەمرێ.